جەنابی سەرۆك و بۆ ئوپوزیسیۆن ...مەسەلەیەكی پشتگوێخراوو غەدرێكی ئاشكرا
Wednesday, 16/03/2011, 12:00
با بەویژانەوە سەیرێكی ئەم كوردستانە بكەین كە بۆ كەمینەیەكی تازە پەیدا بوو بەهەشت ئاسای سەردنیایە و نیعمەتە بەڵام دوورو نزیكمان دەزانین كە بیچداییەكی گەورە لە ئارا دایە. ئەگەر ئێوە بۆ كورد دڵسۆزن، ئەمە گەزو ئەمە ئەرز ،عەیبەكان وەكو رۆژی رووناك دیارە و نەعرەتەی گەل لەمەیانە پێتان دەڵێ بتانەوێ یان نەتانەوێ زەمانی هەیمەنە نەماوە و خەڵك زۆر بەئاگایەو كە كار گەیشتە سەر ئیرادەی گەل نە هەڕەشە نە سیناریۆكانی ژێر پەردە نە قسە خۆش و خۆ پەڕاندنەوە نە بەین و بالۆرەو پیتومەتەلۆكی كاك عەبدەلواحیدو كاك جرتۆ و كاك پرتۆ وكاك فەرعۆ ، وە نە وەعزی واعیزانی كاسەلێس و تێنەگەیشتوو لە دین و فەرموودەكانی پیغەمبەر(د.خ) یان ئەواتانێ تێدەگەن بەڵام ئەوانە وەععازی سەڵاتینن و مجامەلەی سوڵتانی زەمانە كەڕ و كوێرو ویژدانبەتاڵی كردوون و نازانن لەبەرامبەر سولًتانی دنیاو ئاخیرەت چەند رووڕەشن و ئەو نامەلا و بێدینانە هەربەوە بزانن كە دەبنە داردەست چەندە بێنموودو بێسومعە و بێئیحتیرام دەبن. بۆیە تكایە ئیتر بەسە با چیدی ئەم گەلە ستەمدیدە و مەغدوورە ژێرپێ و فلیقاوە نەبیِ و تۆزێك بەزەییتان بێ بە حاڵمان و بە هیوای ئەوەی كە ماددە و حیسابی بانكی دڵتانی نەكردبێتە بەرد. بۆیە ئەگەر خوا دەناسن لەڕێی خوا و لە سۆنگەی دڵسۆزییەوە رجاتان لێدەكەم واز بێنن لە سیناریۆهاتی ژێر پەردە و ناردنی دەست و ئیستیخبارات و دابەستی و ویژانفرۆشان ، وە بەرەڵڵا ی ناوخەڵكیان مەكەن وببینن میللەت زویرە میللەت . بۆ ئەوەی ئیدارە بكەن ئیدارە پاك بكەنەوە كەسانی قامچی بەدەست و بەڵتەجی و ساختەچی و كلاوچی و كۆنە بەعسی .تەنانەت مامەڵەتان لەگەڵ دەرچووی زانكۆكانیش لەسە ئەساسی وەلائی شەخسی و حیزبیە ئەو ئەوانەی كاتی خۆی بەعسی و نۆكەر بوونە لەباشترین مەوقیع گۆشە داتن ناون كەچی ئەوانەی كە سالِی ساڵان مزاهەرەیان بۆتان دەكرد و سینگیان لەبەرامبەر گوللەی بەعس بوو و كە خوێندن دابڕێنران ، ئوانە وەكو كاتی خۆی بە مەغدووری و قوربەسەری ماونەتەوە و تەنانەت بەشێكیان لە ڕبردووی خۆی زۆر پەشیمانەو دەڵین لەبەرئەوەی ئێمە بەعسی نەبووین و ڕیزی گەلمان هەڵبژارد ئەوسا ژیانمان لە مەترسی دابوو ئیستایش بە قوڕبەسەری دەژین. ئایا ویژان و مرۆڤایەتی وشەرعی حەزرەتی محەمەدی مستەفا (د.خ) و كوردایەتی و مەردایەتی ئیجابی ئەوە ناكات پاڵێك بەم بۆكەن وكۆنە بەعسی و نۆكەر ومشەخۆرو ئالیكخۆرانەوە بنریّت لە ئیدارە چونكە ئەمانە قەت وقەت چاكەخواز نەبەەن و نابن ئەمانە خوا بیانگرێ غەیری ماستاوچیاتی ودووڕوویی و دەستەمۆیی و داوێنپیسی و دزی و لەبەچاوخستنی ئەزموونی كوردستان و بەرهەمی خوێنی شەهیدان هیچی تریان لەبارنیە
بۆیە پێویستە ئەمە بخرێتە بەرنامە لیژنەیەكی تایبەت پێك بهێنرێت بۆ ئەوەی حیسابێك بكرێت بۆ هەموو ئەو قوتابیە بەعیززەتانەی كە لە ساڵانی سەختی خەبات لە مزاهەرە بەشداربوونە و هەندێكیان زیندانیش كراون كە زۆربەیان باش ناسراون .تكایە تكایە وەكو هەر نەگوترێ خەلًك هەمووی بەعسی بوو . ئەمە بە هیچ جۆرێك وانیە و قسەی كۆنە بەعسی و بێئایایانە لە راستی چونكە زۆربەی قوتابی دەرچووی زانكۆكان بەتایبەت هی هەولێرو سلێمانی كەمیكی ئیرادە زەعیف نەبێ دەنا زۆربەیان بەعسی نەبوون و لەبەرامبەر حەملەی بەبەعسی كردن زور خۆراگرو بوێران رەفتاریان كردووە، زۆربەی ئەم خاوەن ویژدانانەو چاوساغانەی گەل دوای ڕاپەرین حیزبایەتیان نەكردووە و ئەگەر كردبێتیشیان لە تەنكایی یان كاتی بووە وبە پاكی ماونەتەوە . كاتی خۆی هەندیكیان برینداركراون و ئەسەری برینیان ماوە ودەستنیشان كردنی قوتابیە لەخوێندن دابڕاوەكان(فەسڵ كراوەكان) زۆر ئاسانە چونكە بەڵگەی وڕەسمی حاشا هەڵنەگر هەیە. ئایا حەق نیە بۆ ئەو ئینسانە موزەحییانە و زیان لێكەوتووانە ئەولەویەت هەبێ لە هەلی كار هەرچەندە زۆر درەنگە بەڵام ئەمە مەسەلەیەكی زۆر گرنگە و پێویستە بخرێتە ئاجیّندای چاكسازی و كاری لە سەر بكرێ
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست