مەلا و دزەیى ،من ژێر زەمینى پارەكان پێدەزانم
Wednesday, 20/03/2013, 12:00
لەپاش بیست ودووساڵ لە بەهەدەردان و خواردن و تەماعبازى و، بەفیڕۆدانى موڵكى میللەت و،هاوڵاتیان . تازەبەتازە مەلا بەختیار و سەفین دزەیى ،بەخۆكەوتون و لەسەر مەسەلەى كەڵەكە كردنى پارەو سەروەت و سامان، كەوتونەتە رەخنەو گلەیى وگازندە و بیریان كەوتۆتەوە كە میللەتیش هەیە ،خەڵكیش نەدارو بێ پارەو پوولە.
ئەگەر یەكێك نابەڵەد بێت ، یان ئەو سیاسیانە نەناسێت، پێى وایە كە ئەمانە لەهەرە دڵسۆز و خەمخۆر و مامە خەمەكانى كوردن، ئەوەتا لەسەر دواكەوتنى موچەى فەرمانبەران و ،سستى وپەككەوتنى پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان ،وەلانانى خەڵك و میللەت و،زەنگى ئاگادار كردنەوە بۆ حكومەت و دەسەڵات لێ دەدەن. بەئاگایان دێننەوە كە خۆیان لەو كارە ببوێرن.
ئەوەى رۆژێك لەكوردستان ژیابێت و، تۆزێك شارەزایى لە هەڵسوكەوت و،رەفتار و ئاكارى ئەو بەناوسیاسیانە هەبێت،هەموشتێك تێدەگات و، دەزانێت كێ یە دەستى خستۆتە بینە قاقاى میللەت، كێ یە بازاڕى قۆرخ كردوە، كێ یە لەپاسێكى خەتى ناوشارەو بگرە، پشكى هەیە تادەگاتە دەیان كۆمپانیاى زل و زەبەلاحى، وەكو ئاسیا وسێڵ و كۆرەك و چەندین كارگە، كێ یە ئەو هەموو سەروەت و سامانە كەڵەكە دەكات؟ لەكوێ و بۆچ مەبەستێكیش كەلەَكەى دەكات.؟ زاتێكى وەكو مەلابەختیار ،كە فرمێسگى تیمساحى بۆ فەرمانبەران وموچەخۆران ئەڕێژێت و،باسى قەیرانى بانكەكانى سلێمانى دەكات. خۆى بەر لەهەموو كەس بەرپرس و تاوانبار و هۆكارى ئەو قەیرانەیە، ئەوبۆخۆى بەحوكمى پلە و مەكانەى و،نزیكایەتى لە تاڵەبانى ،بۆتە هۆكارێكى گەورە بۆ ئەوەى ئەو قەیرانە سەرهەڵبدات، پێویست ناكات باسى پاشینەو سەروەت و سامانى ئەو، یان هەربەرپرسێكى دیكە بكەم،چونكە گشتمان دەزانین كە پاش راپەرینى جەماوەر و، هاتنەوەى ئەمان بۆكوردستان،چى بون و چیان پێ بوو؟ چەندە ترومبێل و پارە و موڵك و ماڵیان هەبوو؟ ئەدى ئێستا چیان نیە؟ ئەوەندەى من بزانم و ئاگادارم كەسێكى وەكو مەلا بەختیار ، تەنها پارەى فرۆشى خانویەكى لەسلێمانى یەك ملیۆن دۆلار بووە، ئەى باشە ئەو پارەیەى چى لێكردوە؟ لەكام بانك ویان ژێر زەمین دایناوە؟ئاخۆ دەبێت خاوەنى چەند ملیۆن دۆلارى دیكە بێت؟ پێتان سەیر نەبێت ،ئەمە قسەى یەكێك لەشوفێرەكانیەتى، دەڵێت تەنها خەرجى رۆژانەى بەنزینى ترومبێلەكانى مەلا پتر لە 1000 دۆلارە.لەوەش زیاتر لەم رۆژانەدا بەڕێزى بۆ بانگەشەى هەڵَبژاردن و، خەڵك كرین سەردانى خانەقینى كردوە ،لەوێ بە دەیان دەفتەر دۆلار و دەمانچە و، شتومەكى گران بەهاى تەخشان وپەخشان كردوە؟ تۆ بڵێت ئەمانە هەمویان موڵكى سرفى خۆى بن، یان بەمیراتى بۆى مابێتەوە،وا بێ منەت و بێ عارەق ئەیبەخشێت؟ ئەى جەنابى ئەوخەرجیانە لەچ ژێرزەمینێك دەردەهێنێت؟؟
كاك سەفین دەزیش كە وتەبێژى حكومەتە، بەو نوسینەى مەلا تێكچوە و ،پێى وایە وردە وردە خەریكە، راستى و ناهەقى و زوڵم و،پارە خواردنەكان دەردەكەون ،پەردەیان لەسەر هەڵدەماڵرێت، پارەوخۆر و گەندەڵەكانى هاوشیوەى مەلا بەختیار، خەریكە ویژدان و هەستیان دەبزوێت ، لەهەمبەر ئەو ناهەقیەدا دێنە دەنگ،تەواو شپرزە و نارەحەت بوە، بۆدیزە بە دەرخۆنەكردنى ئەو پرسەش وەكو رابواردن و قەشمەریات،دەڵێت(خۆزگە ئەدرەسى یەك دوو لەو ژێرزەمینانەمان دەزانى).
من وەكو بابایەكى قوڕبەسەر و موچەخۆرێك كە مانگى واهەیە بە 40 رۆژ ئەوجا موچەیەك وەردەگرم، پێم خۆشە بە ئاغاى دزەیى بڵێم، زانین و ئاشكرا كردنى ئەو ژێر زەمینانە خۆزگە وبریاى ناوێت، ئەگەر خۆمان گێل نەكەین ، و خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین ،سەرجەم ئەو بانك و ژێرزەمین و حەشارگە و گۆرەبەكۆمەڵەى دۆلارەكان دەزانین.
ئەرێ باشە كاكە سەفین، سەرجەم داهاتى گۆمرگى برایم خەلیل دەچێتە كام شوێنەوە؟ كێ دەزانێت چەندەو چى لێدێت و كێ دەیخوات؟ خۆ ئەگەر باسیشى بكەیت ئەوە بەدەردى سەید ئەكرەم دەچیت! جوداى ئەوە ئەى داهاتى نەوت وغاز و چى وچى، كەجگە لەخواو ئاشتى هەورامى بەشەرى خوا نازانێت، چەندەو دەچێتە كام بانكى وڵاتانى دەرەوە.؟!باسى داهاتەكانى دیكەى وەكو باخ وپارەى ئاو كارەباو سەرانە ناكەم، كەئەوانیش بۆخۆیان نەك ژێرزەمینێك دەیان بانكى گەورەو گران پڕدەكەنەوە.
من خوانە خواسە ناڵێم حكومەت و بەرپرس و ئەندامانى هەردوو حیزب دەستیان پیسە وئیف خۆرن، بەس هێندە دەڵێم ، پارەى بیرە نەوتە تایبەتەكانى بنەماڵەى تاڵەبانى و كۆسرەت و مەحمود سەنگاوى، عیماد ئەحمەد و، قومارخانەكانى فازل میرانى و كۆمپانیاكانى (جیهان)ى نێچیر و (نۆكان) ى هێرو، چۆن دەستەبەركراون ؟ بەچى پێكەوەیان ناوە؟داهاتەكانیان چى لێدێت؟
ئاغاى دزەیى، ئەگەر نەشارەزایت یان بێ خەبەریت لەو حەشارگە و، شوێنى پارە مۆڵانە، بەئەركى مەزانە،رۆژێك لە ئەنجومەنى وەزیران مۆڵەت وەربگرە. دووبەدوو پێكەوە دەچین بۆ زیارەتى ئەو حەشارگە و ژێرزەمینانە، سەرەتا لە ماڵى سەرۆكى هەرێم و، پاشان ماڵى سەرۆكى حكومەتەكەت ، دەست پێ دەكەین و، پاشان دەچینە كەناڵى ئاسمانى روداو و كۆرەك و كوردستان تیڤى و دەزگاى ئاراس، دواتر بۆدەزگاى خێر خوازى بارزانى و رێكخراوى برایم ئەحمەد و رێكخراوەكەى مەلا بەختیار و كەناڵى كوردسات و گەلى كوردستان،پاش ئەوەش قائیمەى بودجەى زل و زەبەلاحى ،پاراستن و دەزگاى ئاساشى نەتەوەیى ئەم دیواو دیو دەكەین، لەیەكێكیان دەپرسین كەمانگانە لەكام ژێرزەمینى سەرى رەش و سەلاحەدین موچە و بودجەیان بۆدێت، خۆ ئەگەر تاقەتیشت هەیە، بێیت بۆ سلێمانى ئەواخێر عەلا خێر، سەرى مانگان تەشریف بێنە با پێكەوە بچینە مەیدانى كرێكاران و لاى مزگەوتى گەورە، بەچاوى خۆت ببینە كە چەند ترومبێلى مۆنیكاو وەنەوشە ،كرێكاران بەكرێ دەگرن وسەریان دەخەن، بۆ باركردن و داگرتنى فەردە پارە ،لە بانكەوە بۆ قەلاچوالان وئەومەكتەب سیاسى یەىكە مەلا بەختیار كارگێریەتى.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست