پەیامێك لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە بۆ خوشك وبرا ئازادیخوازەكانی باشوری كوردستانم"
Sunday, 01/05/2011, 12:00
1135 بینراوە
براكانم،ماموستایان،رووناكبیران،لاوانی هاوتەمەنم،دایكی شەهیدانم كە هێشتازامێكتان سارێژ نەبوەتەوە جارێكی دیكە دڵتان بریندار كرایەوە. باوكی كوڵنەدەرم زور دەمێكە بێوچان بەرێوەیو هەردەم دەیانەوێ چوكت بشكێنن، خوشكانی شورشگێرم زور دەمێكە وەك كاڵا سەیر دەكرێن،منداڵە چاو گەشەكان ئێوەش زۆر دەمێكە چاوەرێی سیستەمێكی دێموكراتومنداڵپارێزن تا بتوانن ژیانێكی بەختەوەرتان هەبێ بەڵام چاویان بە ئێوە هەڵا نایەو بێبەشن لە هەموو مافێك! سڵاوی موختارتان لێ بێ!
خوشكوبراكانم دەبینمودەبیسمودەخوێنمەوە هەموو چركەیەك كە چۆن هەڵسوكەوتتان لە گەڵدا دەكرێ لە سەرای ئازادیو هەموو سلێمانیو دەوروبەری، ئەو هەڵسوكەوتانە كە لە گەڵ ئێوە دەكرێ بێگومان هەڵسوكەوتێكن دورە لە هەموو خۆ ورەوشتێكی مروڤایەتیو هەروەها پێشێل كردنی هەموو پرنسیپێكی ئیخلاقیوشارستانیو دێموكراسی یە.
ئەوانە كە ئەم كارە دەكەن هەر ئەو فكریەتەی بەعسیزمە كە لە مێشكی حیزبە كوردییە كاندا چەكەرەی كردووە، و ئەمە چەند ساڵێكە بە ناوی ماڤی مروڤو مروڤ سالارییەوە بە نەهێنی تیرۆری رووناكبیرو رۆژنامەوانوماموستاو هەروەها هەر دەنگێكی جیاواز لە رای خۆیان و...دەكەن.
بەڵام بە خوشییەوەهەر ئەو كۆمەڵگا رووناكبیرو تێگەشتووە بوو كە توانی ئەو پەردەیە لە سەر روومەتیان لابدات كە وێنەی راستەقینەی ئەوان كە هیمای دیكتاتۆری و دژە ئازادیخوازانەیە بوو بۆ هەموو كەس ئاشكرا بكات دیارە زور كارەیان بۆ فریو دانی رای گشتی كرد كە بە داخەوە زۆر كەس چ لە نێوخۆ چ لە ئوروپا فریوی ئەو سیاسەتەی ئەوانیان خواردو ئەو هەموو تیرۆرو ئەشكەنجەیانە كرد و دەیاندایە پاڵ دوژمنانی گەلی كورد هەرچەند كە دوژمنانیشمان لەم بارەیەوە بێگوناح نەبوون و نیین! ماڵی هەژارو دەست كورتی ئەم وڵاتەیان تاپۆ كردو سەدان بنەماڵەشیان لە ئیدارەكاندا بە هۆی رای جیاوازەوە چونكە ئەوان لە گەڵ ئەو عەقڵیەتە كونەپەرەستانەیە نەبوون نان براو كرد.
هەموو گەنجولاوەكانیان دەربەدەری هەندەران كردو دەیانهەوێ هەر خۆیان دەسەڵات بە دەست بنورێگا بە هیچ جیا بیرێك نادەن كە بێتە نێو حكوومەتەوە، چونكە لەوەدەترسن ئەگەر كەسێكی جیا بیری خۆیان بێتە ناو حكوومەتەوە ئەوا چی دیكە دەسیان ئاوەڵا نابێ بۆ تیرۆرو تاڵانو گەندەڵیو ناتوانن لەوە زیاتر ویلاو كۆمپانی دروست بكەن لە وڵاتانی بیانی !
ماموستایان ئێوە لە سەردەمی بەعسەوە تا هەنووكە بەردەوام لە بەندیخانە دەكرێنو دەیانهەوێ قوتابخانەو زانكۆ بێ ماموستا بكەن و رۆڵەكانی ئەو گەلە وەك خۆیان هەر لە تاریكیو نەزانیدا بمێننەوە هەر وەك ئێستا كە دەبینین بەر بوونەتە گیانو ماڵی ئەو گەلە ئازادیخوازە، با ئەو دەسەڵاتدارانە باش بزانن ئەگەر زانكۆش بێ ماموستا بكەن قەت ناتوانن وانەكانی ماموستایان لە قوتابی تاپۆ بكەن!
رووناكبیران زۆر لە مێژە بە قەڵەم لە گەڵ تاریكیدا شەڕ دەكەن، ئێستاش كە دوژمنانی رووناكی دەزانن تیشكی خۆر وا خەریكە هەڵدێت وەك شەمشەمە كوێرە هەموو شەقاموكوچەو كوڵانەكانیان بە هێزی سەربازی تەنیوە تا پێش بە هەڵاتنی خۆر بگرن بەڵام تیشكی خۆر كە هەڵبێت هیچ دیوارێكی جاڵجاڵۆكەیی ناتوانێ پێش بە هەڵاتنی تیشك بگرێ ئەمەی كە ێستا دەیبینین هەر ئەو تروسكەو تیشكەی خۆرە كە وا ئێوەی پێ تارومار كردووە،بەعس بە تۆپو تەیارەو كیمیابارانكردنو ئەشكەنجەو,,.كۆمەڵێك لە رووناكبیرانوقەڵەم بە دەستانی كوردی بە جەستە لێمان ستاند بەڵام قەت نەیتوانی بیرو ئەندیشەوقەڵەم ووانەكانیان لێ بستێنێ ئێستاش هەروانەكانی ئەوانە بۆنەتە چرای رێگای خەبات بۆ ئێمە، وئێوەش بە هەموو هێزتانەوە ناتوانن ئەو كارە بكەن.
دەتانەوێ بە ئەشكەنجەو لە بەندیخانە كردنی رێبین هەردیو رێبین هەردییەكان چی بسەلمێنن لەوە زیاتر لە دیكتاتورییەتی خۆتان كە وا تا ئێستا نەتانسەلماندووە؟
دوای دراندنی ئەو پەردەیە بە سەر رومەتتانەوە ئەوەی كە لە ئێوە چاوەڕوان دەكرێ ئەنفالو جینوساید كردنی جیا بیرانتانە بە هەموو توێژێكەوە! رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر فكریەتو سیاسەتی خۆتان بە كردەوە نیشان دەدەن من لەو بڕوایەدام ئەگەر ئێوەش وەك برا گەورە دیكتاتورەكانتان چەكی كیمیاییو چەكی قورستان هەبایە بێجگە لە قەڵاچوالانو سەری رەشو چەند شوێنێكی دیكە هەموو شارو شارۆچكەیەكی ئەو كوردستانەتان لە گەڵ خۆڵ یەكسان دەكردو كیمیابارانتان دەكرد.
لاوانی هاوتەمەنم هەمومان لە دەستی دیكتاتۆرییەت ئاوارەی هەندەران بووینەو دەسەڵاتدارانی كوردستان چاویان پێمان هەڵنایە ئێوە بە دەس كوردەوە هەڵ دێن ئێمە بە دەس كۆماری سێدارەوە هەڵدێین ئەو هەڵاتنەش بەو مانایە نیە كە ئێمە لە هەموو ئەو خەڵكە تۆرابین و قەت نەگەرێینەوە بەڵكو ئێمە خەباگێڕێكین هەر دەم دەمانهەوێ بیری ئازادیخوازیو مرۆڤدوستی لە نێو كومەڵگاكەماندا گەشە پێ بدەینو خوازیاری دامەزاندنی سیستەمێكی دێموكراتیكو سكۆلارین كە هەموومان لە ژێر سێبەری ئەو سیستەمەدا خزمەت بە خاكو نیشتمان بكەین.
دایكی شەهیدانم زۆر دەمێكە رۆڵەو براو خوشكەكانت ئەنفال كراوە و بە دوای ناوونیشانو ئێسكەكانیدا دەگەرێیو هەر جارە لە شوێنێكەوە گۆڕە بە كۆمەڵەكانیان دەدۆزنەوە وزامی دڵتان نوێ دەكەنەوە، زامێكتان سارێژ نابێ تیرێكی دیكە دەنێن بە دڵتانەوە و ئەم جارەش لە بەر دەركی سەرای ئازادیو مەڵبەندو زانكۆیە رۆڵەكانتان بێ سەروشوێن دەكەن یان تیری تاریكیان پێوە دەنێن. ئەمانە كە رۆڵەی كورد بە كورد دەكوژن خۆ قەت نازانن رۆڵە كۆژرانو جەرگ سووتان چەند بە ژانە ئەوە نییە رۆڵەكانی خۆیان لە خۆشترین شوێنی دونیانو دورن لە هەموو ناخۆشیەكانی ژیان.
باوكی كۆڵنەدەرم زۆر دەمێكە بێ وچان بەرێوەی بەرەو لوتكەی ئازادی، هەدەم دەیانهەوێ چۆكت پێ دابدەن، بەڵام تۆ ئەو شورشگێرەی كە هەواڵی سەركەوتنەكانت لە گەرمیانەوە بە پێی پەتیو لە نیو دركو مارو دووپشك دا، دەهێنا بۆ لاوەكان، تۆ بەعسو ئەو رێگا پڕ هەورازونشیوانە نەیانتوانی چۆكت پێ دابدەن دڵنیام هەر بێوچان خۆت دەگەیەنیتە لوتكەی سەركەوتنو ئەمجارە لە گەڵ تیشك دەبیتە میوان!
خوشكانی شۆرشگێڕم ئێوەش زۆر لە مێژە وەك كالا سەیر دەكرێنو بێبەشتانیان كردووە لە هەموو مافەئینسانییەكان، زۆر ئاواتمان دەخواست كە پارلمانێكی كوردیمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێ هەموو كێشە كۆمەڵایەتییەكانی ژنانو...چارەسەر بكا چونكە دەزانین هەر لە دێر زەمانەوە كێشە هەیەو هەر دەچەوسێنەوەو نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ شانبەشانی براوهاوسەرو رۆڵەكانتان دژی رێژیمی دیكتاتۆرو خوێنرێژی بەعس لە بەرەكانی شەڕدا بەرخۆدانتان دەكرد، بەڵام بینیمان هەر ئەو پەرلەمانە كوردییە بڕیاری كۆتوزنجیری خەڵاتتان كرد ئەو خەڵاتە رێزلێنانی ئەو هەموو فیداكاریو بەرخۆدانو قەڵەمو روناكبیرییەتان بوو! بڕیاری فرە ژنی كە لە لایەن پارلمانی كوردستانەوە پەسەندكرا بەو مانایەیە كە هەر پیاوێك بەرابەرە لە گەڵ3 ژنو4 ژن دا لە هەموو بوارێكەوە لە مافی سەرەتاییەوە بگرە هەتا دوایی...ئەو پێشێل كارییانەی مافی ئێوە هەر درێژەی كێشاوەو بەوەش نەوەستاون ئێستا كە دەبینین لە بەر دەركی سەراومەڵبەند دەزگیرانە خۆشەویستەكانتان بەر گوولە دەدەنو ئازارو ئەشكەنجەی نامرۆڤانەیان بە سەردا دەسەپێنن، ئەمانە هەموو بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كە ئێوە لەگەڵ ئەو بڕیارە دژی ئینسانییانەدا نەبوونە و بە هیچ یاساگەلێكی دیكتاتۆرانە نەیانتوانیوە روانگەی خۆیان بە سەر ئێوەدا بسەپێنن بۆیە دڵنیام بە ئەشكەنجەو ئازارو بەندیخانەو گوللەبارانكردنیش قەت ناتوانن ئەو روانگانە بە سەرتاندا بسەپێنن.
منداڵە چاو گەشەكان ئێوە لە هەموو خۆشیونازو نیعمەتێكی ئەو دونیایە بێ بەشن بە راستی! ئەمن هەرچی منداڵانی ئوروپا دەبینم كە چەندە بە خۆشەویستیو ئاسایشو دوور لە هەموو ترساندنو تۆقاندنو توندوتیژییەك دەژین، بە راستی دەكەومە بیری ئێوە وپڕ بە دڵ دەگریم بۆتان كە چەندە مافتان پێشێل كراوەو دورن لە هەموو خۆشیەكو دەبینم كە خەندە لە سەر لێوەكانتان نییەو توراندویانە لێتان، بە راستی دڵم دەهەژێنێتو جەرگمی رەش كردوەتەوە!
خوشكو برا ئازادیخوازەكانی باشورم، ئەو حكوومەتە كە ئێستا نارەزایەتی ئێوە لە گەلێدا گەیشتوەتە لوتكە بۆ من ساڵانێكی دوورودرێژە نارەزایەتیم گەیشتووەتە لوتكە، ئەو نارەزایەتییەی من لەوێوە سەریان هەڵدا كە دەمبینی لە شاری سلێمانی ئازادیخوازانی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانیان تیرۆر دەكردو كۆماری ئیسلامی ئێران بە رۆژی رووناك بە هاوكاری یەكێتی نیشتمانی كوردستانو تەنانەت بۆمبارانكردنی بنكەو بارەگاكانی ئازادیخوازانی رۆژهەڵاتی كوردستانیان كرد ئەمن لەو كاتەوە دڵم ئێشاوە لەو حكوومەتە، ئەوكات دەمانگوت لەوانەیە بۆ ئەوە بێت وا دەستی تیرۆر ئاوەڵا دەكەن بۆ كۆماری ئێسلامی ئێران، بۆ سەودایەكی ئابوورییە چوون ئەو خەڵكە بارودۆخی ژیانیان خراپە وا ئەم ئازادیخوازانە دەكەنە قوربانیان بەڵام لەم دوایانەشدا واتە2008,2009تا دوایی كە نێچیرڤان بارزانی لە ساڵرۆژی هاتنە سەر كاری خومەینی جەلادو دیكتاتۆردا لە هۆڵی "پێشەوا"لە هەولێر دا بینیمان چۆن بە باڵای خومەینیودەسكەوتەكانی دوای هاتنە سەركاری ئەو دیكتاتۆرە هەڵی دەداو وەسفی دەكردو شانازیشی پێوە دەكردو خۆی بە بەشدار دەزانی لەو دەسكەوتانەی كۆماری ئیسلامی دیارە ئەمانیش لەو برا گەورە جەلادو خوێنرێژەیانەوە فێر بوونە كە بەم شێوە حكوومەت بكەنو خوێنی رۆڵەی كورد برێژن .
دیارە ئەمن ئەو كاتە وتارێكم نووسی لە سەر ئەو قسانەی نێچیرڤان بارزانی باسی ئەوەم كردبوو دەبێ روونكردنەوەیەك پێشكەش بكات بۆ كوردی رۆژهەڵات تا بزانین ئەو دەسكەوتانەی خومەینی چی بوونە وا ئێمە ئەمە بە سێ دەیەیە نەمانزانیوە، تەنیا دەسكەوتێك كە هەیبووە پێم وابێ هەر بۆ كاك نێچیرڤان بارزانیو برادەرانی بووە بەڵام بۆ كوردی رۆژهەڵات لە سێدارەو بەندیخانەو ئێعدامو ئەشكەنجەو دەربەدەری زیاتر هیچی تر نەبووە!!!؟
بەڵام بە داخەوە ئەو وتارەمیان بڵاو نەكردەوە، هێندیك لە رۆژنامەكان كە تەنیا بۆ ئەوانیشم ناردبوو لە وڵامێكدا ئەوەیان نوسیبوو بۆم"ببورە بەرێز ئێمە ناتوانین ئەو وتارە بڵاو بكەینەوە" ئیتر باسی هیچ شتێكی تر نەكرابوو تێیدا.
هیوادارم لەمەودا رۆژنامەو گۆڤارەكان گەر شتێك بە بەڵگەوە لە سەر ئەو حكوومەتە هەبوو بڵاوی بكەنەوە، تا تەواوی خەڵك بەهەموو كەمووكۆریەكانیان باشتر ئاشنا بن.
با لە باسەكە دەر نەچین، ئەم هەڵسوكەوتو وتار خوێندنەوانەو چەندها وتارگەلی لەم چەشنە كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانی زۆر بێ هیوا كرد لە دەسەڵاتی كوردی كە چەندها ساڵ بوو خەونمان بە دەسەڵاتێكی كوردییەوە دەبینیو دەمانگوت ئەگەر پارچەیەكی كوردستان رزگار بێت دەبێتە پشتیوانی ئەو پارچەكانی دیكە بەڵام سەد مەخابن بینیمان پشتمان تێكراو رەوایەتیان دا بە قەتڵو عامو جنایەتەكانی خومەینی جەلاددا! بەرانبەر بەكوردی رۆژهەڵات .و
ئێستاش دەبینین بەوەش نەوەستاون ودەیانهەوێ ئەو پەنابەرانەی كە لە زڕگوێزەڵە ساڵانێكە نیشتەجێن بە بیانووی داگیر كردنی ماڵو مڵكی ئەو خەڵكە دەریان بكەن.لە كۆتاییدا دەڵێم كوردانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئەو حكوومەتە ئەوا ئەمڕۆ دەبینین كە هیچ پێگەیەكی نەماوەو وا خەریكە هەرەس دێنێ چوون هیچ دیكتاتۆرێك تا سەر سەرۆكایەتی نەكردووە.ئەمانە هیچ بە خەمی میلەتی كورد نەبوونە تەنانەت ئەو پارچەیەی باشوری كوردستانیش، هەر بە فیكری گیرفان پڕ كردنو لێدانو تیرۆر كردنی جیابیرانو رۆژنامەوانانو رووناكبیرانو قەڵەم بە دەستان بوونە، كەوابوو چ چاوەروانییەكتان لێیان ماوە هەرچەندە زۆر لە مێژە چاوەروانییەكان لاواز بوونە، بە بینینی ئەو هەڵسووكەوتانەو لەم ئاخرانەشدا كە پەردەكەیان بە سەر رومەتیانەوە لابردووەبە تەواوی ئاشكرا بوونەو كەوتونەتە گیانی رۆژنامەوانانو قوتابیانی زانكۆو رووناكبیرانو قەڵەم بە دەستانو جیا بیران وبەردەوام هەوڵ دەدەن هەر دەنگێك كە جیا بیری خۆیانە بیخنكێننو هەروەها خوشكوبراكانی باشورم ئاواتم ئەوەیە هەمووتان بە یەك دەنگوبە یەك هەڵویست بتوانن سیستەمێكی دێموكراتیكوسكۆلار دابمەزرێنن و لە ژێر سایەی ئەو سیستەمە دێموكراتیكو سكۆلارەدا بتوانن تاوانبارانی ئەم دوو دەیە كە دەستیان لە تیرۆرو گەندەڵیو رفاندنوتۆقاندنودەركردنی لاوان لە كۆمەڵگای كوردیو چەوسانەوەی ژنان بە تایبەتو دەركردنی جیا بیران لە ئیدارەكانو بەتایبەتیتر ئەم دواییانە كە دەیانهەوێ نووسەرو رووناكبیرەگەورەكانی نەتەوەكەمان لێ بستێننوهەروەها كە چیاكانیان بۆ هەمیشە بێ هەردی هێشتەوەو...لە دادگایەكی عادڵانەو بێ لایەن دا دادگاییان بكەن!!!
و هیوادارم ببنە پشتیوانێكی باش بۆ رۆڵە ئازادیخوازەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان كە ئەوانیش لە گەڵ حكوومەتێكی دیكتاتۆرو جەلاد دا خەبات دەكەن.
لە گەڵ رێزو خۆشەویستی موختار بۆ تەواوی خوشكو برا ئازادیخوازەكانی باشوری كودستان.