کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


با بەهەموومان بیڕوخێنین ...!

Friday, 25/03/2011, 12:00




لەپێنجەمین هەینی مەیدانی ئازادیدا، كە تێیدا گەیشتین بە هەینی پێداگری، دەمانەوێ بەهەردوو حزبی خاوەن زۆرینەی حكومەت و پەرلەمان بڵێینەوە، ئێمە خۆڕاگرین لەسەر داوا ڕەواكانمان، پێداگری دوپات دەكەینەوە كە ئەگەر وەڵامی عەمەلیمان نەدەنەوە ئەوا هەینی شەشەمی مەیدانی ئازادی جیاواز دەبێت لەهەینی پێداگری.
لەم ڕۆژە پیرۆزەوە و لەم مینبەرە دەسەڵات تۆقێنەرەوە خەڵكی كوردی مسوڵمان بەبیر دێنمەوە، مەگەر ئێوە نازانن بێدەنگ بوون لە حەق و ڕاستی مرۆڤ دەگەیەنێتە پلەی شەیتانێكی بێدەنگ؟ ئایا داوای خۆپیشاندەران حەقیقەتی تەواوەتی نییە كەئێستە دەسەڵات لێی بێدەنگەو وەڵامی نییە؟ ئەی بۆچی هەمووتان ناڕژێنە سەر شەقامی شارو شارۆچكەكانتان و دەنگی خۆتان ناخەنە پاڵ ئەو حەقەی كەلەسەرتان پێویستە بەرگری لێبكەن؟
مامۆستایانی ئاینی مەگەر ئێوە لەئێمە باشتر نازانن كە بەیان كردنی ڕاستی پلەو خێری چەند گەورەیە؟ هەر ئێوە نەبوون هەزاران جار پێتان وتوین بەرامبەر ستەمكار وتنی حەق چەند گەورەیە؟ ئەی ئێوە نین پێمان دەڵێن ئێمە میراتگری پێغەمبەرانین؟ مەگەر خۆتان ناڵێن هەموو پێغەمبەران بۆ بەیانكردنی ڕاستی و پشتیوانی لەستەملێكراوان هاتوون؟ ئەی بۆ هەمووتان لەوە بەدەنگ نایەن كە لەبەرامبەر گەنجانی ئەم وڵاتە ئەنجام دراوە؟ كەی خوا ئەوەی پێ ڕەوایە خوێنی بەناهەق بڕژێنرێ؟ هەر ئێوە نین پێمان دەڵێن ڕوخاندنی كەعبە ئاسانترە لای خوا لەكوشتنی ئینسانێك بەناحەق؟ ئەی حەق و عەدالەت كە ئەوانەی خوا داوای كردووە ئەگەر كەسێكیان بەناحەق كوشت دەبێت سزای خۆیان وەربگرن؟ ئەگەر ئەوەشتان نەكرد چاوەڕوانی تێكچوونی ژیانتان بكەن چونكە دادگەری تێدا نەماوە!! خۆتان بە گوناهبار نازانن لەشارێكدا لەسەر مینبەری حەق و دادپەروەرییەوە قسە دەكەن بەڵام بەدەنگ نایەن لەوەی دەنگی ئازادیی لەشارێكدا كپ كراوە بەهەڕەشەو تۆقاندن و زەبرو زەنگ؟ هەر ئێوەن بەردەوام ئەوەمان بۆ شەرح دەكەن كە ئێمە بەئازادی لەدایك بووین و نابێت بكرێینە كۆیلەی هیچ كەسێك!
پارێزەران ئێوە ڕۆژانە لەدادگای ئەم دەسەڵات و حكومەتەدا بەرگری لەچەسپاندنی یاساو دادگەری دەكەن، لەسەر مافی خوراوی ئینسانێك چەندین هەوڵ دەدەن ڕوبەڕووی دادوەر تاكو مافە زەوتكراوەكەی بۆ بگێڕرێتەوە، بەڵام ئێمە لێرە میلەتێكین زوڵمی گەورەمان لێكراوەو ئەوە 37 ڕۆژە لەچاوەڕوانی سەندنی مافمانا بەپێوە وەستاوین، دەوەرن ئەو دادگایانە چۆڵ بكەن كە توانای جێبەجێكردنی فەرمانی دەستگیركردنی بكوژێكی ئاشكرایان نییە كەبەپێش چاوی هەزارن كەس و چەندان ڕۆژنامەنوسەوە چەندین گەنجیان شەهید كردووەو هێشتا دادوەرێك بكوژێكی نەدیوە!! ئەوە لەسەر ئێوەیە كە ڕێگە نەدەن یاسا لەوە زیاتر بێحورمەتی پێبكرێ! وەرن و دەعوای ئەم گەلە زوڵملێكراوە 20 ساڵەیە وەربگرن و ببنە پارێزەری داخوازییە ڕەواكانمان، ئامادە مەبن پارێزەری لەو دادگایانەدا بكەن كە حوكمەكانیان تەنها بەسەر كەسانی لاوازو بێدەسەڵاتدا دەچەسپێت و دەسەڵاتدار لەسەر ڕشتنی خوێن تەسلیم بەدادگا ناكرێ و پیاسە دەكات!!
پزیشكەكان، ئەی ئەوانەی كە لە 17ی شوباتەوە تەرمی 9 شەهیدی خۆپیشاندانەكانتان هاتۆتە بەردەست و لەئێمە باشتر دەزانن فیشەكی چ جۆرە چەكێك جەستەی هەڵتەكاندون تەنها لەبەر ئەوەی داوای مافی خۆیان كردووە، مەگەر خۆتان 200 برینداری خۆپیشاندانەكانتان بیمار نەكردووە كەدەزانن بە چی شێوەیەكی دڕندانە چەكدارەكانی ئەو حزب و حكومەتەی كەئێوە پزیشكی وەزارەتێكیانن گەنجانی جگەر گۆشەی ئەم وڵاتەیان خەڵتانی خوێن كردووە، تاكەی بەنیازن بێدەنگی نەشكێنن و نەیەنە مەیدانەكانی ئازادی؟ ئەی ئەوانەی كە ڕۆژانە ژیان دەگێڕنەوە بۆ چەندین ئینسانی نەخۆش، بەڵام حكومەت و حزبی دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە ئەو ژیانەیان لێدەسەنێتەوە وەرنە سەر شەقام تا ئەوكاتەی فێردەبن كە ژیانی مرۆڤەكان لەوە بەنرخترە كەئەوان بەوجۆرە سوكایەتی پێدەكەن و بەئاسانی ڕووی گەلەی ئاراستە دەكەن.
مامۆستایان ئێوە لەهەمووان زیاتر بەرپرسیارن، مەگەر ئێوە نین كە نەوەی دواڕۆژ پەروەردە دەكەن تاك ببنە خزمەتگوزار بۆ وڵات و نەتەوەی خۆیان؟ ئەی بۆچی ڕازی دەبن قوتابیەكانتان بەوێنەی ڕێژوان و گەرمیان و بیلال و سوركێوو شێرزاد بكوژن؟ ئێوە چۆن ڕازی دەبن شوێنی ئەو قوتابیانەتان چۆڵ بێت؟ ئایا ئێوە قبوڵ دەكەن نەوەكانی دواڕۆژمان لەسەر داخوازی مافی ڕەوایان حكومەت و حزبێك خوێنیان بڕێژێ كە ئێوە لەدامەزراوەیەكی ئەو حكومەتەدا موچەخۆرو مامۆستان؟ تكایە وەرنە پاڵ مەیدانەكانی ئازادی و داوا بكەن تاكو ئەم دەسەڵاتە فێر نەبێت پەروەردەی پۆلیس و ئاسایش و چەك بەدەستەكانی بكات ئەوا دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی ئەم دەسەڵاتە توندوتیژەدا دابخەن، بۆ ئەوەی چیتر ئەم كارەساتانە لەم وڵاتەدا دوبارە نەكەنەوە!
ئەوە هەر ئێوەن ئەی مامۆستایان كەئێستەش موچەی ڕەنجی شانی ماندووبونی خۆتان لەلایەن ئەم دەسەڵاتەوە خوراوە! وەرن مافی خوراوی خۆتان بسەننەوە.
كاسبكاران، ئەی ئەوانەی كە حزب و بەرپرس تەواوی كارو پیشەی بازاڕی لێ قۆرخ كردون و ژیانی ڕۆژانەتان بەناڕەحەت بۆ دەڕوات بەڕێوەو ئەوەی ئەمڕۆ پەیدای نەكەن بۆ ناتوانن بۆ سبەینێ پێی بژین! دەورەنە سەر شەقامەكان و دەنگی ناڕەزایەتیتان بخەنە پاڵ داوا ڕەواكانی خۆپیشاندەران بۆ ئەوەی چیتر بازاڕ لەلایەن هیچ بەرپرسێكەوە قۆرخ نەكرێ، تاكو ئیتر لەكرێگرتەیی ئەم بەرپرسانە دەربچین و شەرەفمەندان بژێوی ژیانمان دابین بكەین.
شۆفێرە بەڕێزەكان، ئەی ئەوانە لەوڵاتی نەوت دا دەژین بەڵام شەوانە بەدیار چەند لیتر بەنزینێكەوە لەبەردەم بەنزینخانەی بەرپرسێكدا ڕۆژ دەكەنەوە، وەرنە پاڵ خۆپیشاندەران و كۆتایی بەوە بهێنن كەئیتر نەزانین نەوت و بەنزینی ئەم وڵاتە بۆ كوێ دەبرێ و داهاتەكەی لای كێیە؟
كەسوكاری شەهیدان، ئەنفالكراوەكان، ئەی ئەوانەی كە بەخوێن و قوربانی كەسەكانی ئێوەبوو ئەم ڕۆژە بەرهەمهاتووە، بەڵام هەردوو حزبی كوردی بەرهەمەكەیان كردووە بەسەرمایەداربوونی خۆیان و موچەیەكی كەم و ژیانێكی كولەمەرگی بەئێوە ڕەوادەبینن و پەراوێزیان خستوون، وەرنە مەیدانی ئازادی و چیتر ڕێگە مەدەن بازرگانی بەخوێنی شەهیدان و قوربانیەكانتانەوە بكرێ!
قوتابیان خوێندكاران، لەبەرمبەر ئەو هەموو ناعەدالەتی و تەداخولەی حزبدا لەحەرەمی زانكۆ و پەیمانگەو خوێندنگەكانتاندا بێدەنگ مەبن و سەروەری بۆ حەرەمی خوێندن و حورمەت بۆ زانست بگێڕنەوەو خوێندنگەو زانكۆو پەیمانگەكانتان بكەنە شوێنی خۆپیشاندان تا ئەوكاتەی سەروەری بۆ خوێنكارو مامۆستاو خوێندنی باڵا دەگەڕێتەوە. حزب لەزانكۆ بكەنە دەرەوە قبوڵی مەكەن جارێكی تر ئیهانە بكرێن بەدەست ڕێكخراوی حزبێكەوە.
ئەندازیاران، ئێوە قبوڵتانە ئەم وڵاتە بۆتە شوێنی پرۆژەی پڕ لەگەندەڵی و فاشیل؟ مەگەر كەی بڕیار بوو بەمجۆرە كوردستانمان بۆ ئاوەدان بكەنەوە؟ وەرنە مەیدانی ئازادی و چیتر ڕازی مەبن بەوجۆرە حزب كۆمپانیای زەبەلاحی بیناسازی هەبێت و ئەم وڵاتە لەسەر خۆی تاپۆ بكات، ئەم وڵاتە بكات بەبینای بەرز بۆ كۆمپانیاكانی خۆی و خەڵكیش هێشتا بەدەست كرێچێتییەوە بناڵێنێ.
ئەی ئەوانەی بەناوی پێشمەرگەو زێرەڤانییەوە ناچار بەچەك هەڵگرتنیان كردوون، ئێمە دەزانین ئەگەر ئەم وڵاتە داهات و سەرمایەكەی بۆ هاوڵاتیانی بەكاربهێنرێت ئەوە ئێوە ناچار بەچەك هەڵگرتن نەدەبوون بۆ دوو حزب، بەڵكو شەرەفمەندان دەچوونە ڕیزی سوپای كوردستانەوە، بۆیە كاتی ئەوەیە فەرمانەكانیان جێبەجێ نەكەن، لولەی تفەنگەكانتان لەزەوی بچەقێنن و وەرنە بەرەی كەسوكارە ڕەش وڕوت و چەوساوەكەتان كە ژیانێكی پڕ لەكەرامەت بۆ خۆیان بۆ ئێوەش داوا دەكەن بەڵام بەدەستی ئێوە خوێنیان ڕشتوون!
دایكان باوكان، ڕێگە بەكوڕ و كچەكانتان بدەن و خۆشتان لەگەڵیان وەرنە مەیدانی ئازادی بۆ ئەوەی ئەمە دوا قۆناغی ڕوبەڕوبونەوەی ستەمكاری بێت لەوڵاتەكەماندا، خۆتان باش دەزانن ئەم دەسەڵاتە لەشاخ نانی ئێوەی دەخواردو پیری كردن بۆ ئەوەی نان و ئازادی بۆ ئێمە دابین بكات، بەڵام بەداخەوە ئێوەیان پیركردو گەنجێتی ئێمەشیان فەوتان و نان و ئازادیشیان لێ زەوتكردوین.
ئافرەتان مەگەر ئێوە قوربانییەكی دیارو بەرچاوی حوكمی ئەم حزب و دەسەڵاتە نین كە بكوژەكانتان بەپێش چاوتانەوە دەسوڕێتەوەو دادگاش لەبەرامبەریدا بێدەسەڵاتە؟ مەگەر ئەوە ئێوە نین بەردەوام داوای یەكسانی و پاراستنی مافتان دەكەن بەڵام ئەم حكومەتە گوێتان لێناگرێ و ئامارەكانی كوشتن و سوتاندنتان بەردەوامەو ڕوو لەزیاد بوون دەكات؟ وەرنە مەیدانی ئازادی و پشتیوانی لەداخوازییە ڕەواكانتان بكەن، تا چیتر ئەم سیستەمە زوڵملێكەرە بگۆڕین.
ئەی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردی بەمسوڵمان و مەسیحیەوە، بەچەپ و ڕاستەوە، كێ عەدالەت و ژیانێكی پڕ لە كەرامەتی دەوێ با بێتە سەر شەقامەكانی شارو داوای یەكسانی و دادپەروەری بكات، دژی گەندەڵی و سیستەمی حوكمی بنەماڵەو حزب و بەرپرس بوەستێتەوە، ئەمە قۆناغێكی مێژوییەو ئەگەر لەدەستی بدەین ئەو ستەم بەردەوام دەبێت، ئومێدی گۆڕانكاری زۆر لێمان دور دەكەوێتەوە و جارێكی تر نایەكسانی و نادیموكراسی و بەربەستی ئازادی و پێشێكاری مافی مرۆڤ بەرۆكمان بەرنادات.
ئەی ئەوانەی لەم حكومەتە بێ ئیرادە بێڕێزكراوەدا فەرمانبەرن وەرنە دەرەوە لەفەرمانگەكانی ئەو حكومەتەی كە ئامادە نییە هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی مافەكانمان هەڵگرێ، وەرنە دەرەوە لە دامەزراوەكانی ئەو حكومەتەی كەبۆتە داڵدەدەری پیاوكوژان و ناتوانێ ئەوانەی بكوژی گەنجانمانن، سوتێنەری بارەگاو تەلەفزیۆن و ڕادیۆمانن، شایانی ئەوە نییە ناوی حكومەت بێت و ئێوە فەرمانبەری حكومەتێكی لەوجۆرە بن!!
ئەی ئەوانەی كەسوكارتان لەلایەن دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی ئەم دوو حزبەوە بێ سەروشوێنەو پێشتان دەڵێن تیرۆریست و ڕێگەی خۆپیشاندانێكتان نادەن، وەرن بۆ یەكجاری چارەنوسی خۆتان و كەسە ئازیزە بێ سەروشوێنەكانتان دیاری بكەن لەمەیدانی ئازادییەوە.
ئەی ئەوانەی لەتێریدا هێندە داهاتی میلەتتان خواردووە سكتان ژانەكا، بزانن كەئێستە لەكوردستانەكەی كە ئێوە حوكمی دەكەن هەزاران كەس لەبرسانا سكی ژانەكا، تەنها خۆشی خۆتان هەست پێ مەكەن، هەژاری و برسێتی زۆرینەی هاونیشتمانیانی وڵاتەكەشتان هەست پێبكەن، واز لەو گەندەڵخۆرییە بهێنن و وەرنە بەرەی خۆپیشاندەران ژیان و خۆشی هەر كۆتایی دێ!
هەولێرییەكان ئێوە قبوڵتانە گەنجێكتان پێڵاوی پێ ماچ بكرێ و وێنەكەی بڵاوبكرێتەوە؟ ئەم كۆیلایەتییە بۆچی و لەپێناوی چیدا لەو دەسەڵاتە تۆتالیتارییە قبوڵ دەكەن؟ دەوەرن و ئەو ستەمە لابەرن! دڵنیابن دیكتاتۆر بەسەر گەلی خاوەن ئیرادەدا ناتوانێ زاڵ بێت!
ئەی هەر كەسێك كە لەتەمەنتا ستەمت لێكراوە بەدەستی ئەم دەسەڵاتە، وەرە پاڵ خۆپیشاندەران و تەوقی بێدەنگی بشكێنن تاكو بۆ یەكجاری ئەم وڵاتە بەرەو خۆشگوزەرانی و كەرامەتی ئینسانی بەرین.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە