کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


دادگا وەك سەرچاوەى داهات؟!

Thursday, 13/01/2011, 12:00


دادگا وەك دامەزراوەیەكى جێبەجێكارى یاسا و سیستەمى دادوەرى،ئەركى سەرەكى بەدەستهێنانەوەى مافى مادى و مەعنەوى بەشخوراوانە لەلایەك،وە سەپاندنى سزایە بەسەر سەرپێچكاراندا بە ئامانجى چاكسازى بەسەر مرۆڤە لادەرەكان و تاوانكارەكاندا لەلایەكى ترەوە،تا بەهۆى جۆرى سزاكەوە دەرفەتى دوبارە برەخسێنێت بۆ گەراندنەوەى خراپەكارو سەرپێَچكەران بۆ نێو گۆمەڵگا بۆ ئەوەى ئەوانیش مافى ژیان و بەشداریكردنیان هەبێت وە بەشداربن لە رەوتى بەرەوپێشچونى كۆمەڵگا و مومارەسەكردنى ژیاندا.
بەڵام وەختێك كۆى سیستەمى دادوەرى هەر لە داواكارى گشتیەوە تا دادگاى باڵا و تەواوى لق و پۆپەكانى ئەوسیستەمە ئەكەونە ژێر ركێف و مەیل و فشار و خواستى دەسەڵاتێكى ستەمكار یان خێڵەكیەوە ،كە تەنها مەبەستیان لە دامەزراندن و كاركردن و شەرعیەتدان بە دادگا و جێبەجێكردنى یاسا تەنها تاوانباركردنى ئەوانیترە وە بەرگرى كردن و شەرعیەتدانە بە ستەم و تاوانەكانى خۆیان. لێرەوە كارەساتێك دەست پێ ئەكات كە ئەشێت بیچوێنین بە حكومى تاعونیەت (despotism)كە ترسناكترین و بەرزترین و قێزەونترین جۆرى ستەمكاریە.
پەنابردنى دەسەڵاتى ستەمكار بۆ دادگا بۆ دەمكوتكردن و خنكاندنى ئازادى بیرورا،بەبیانوى سەروەرى یاسا ،بەیاسایى كردنەوەى تیرۆر و ترساندن و خنكاندنى ئازادیى بیرە.
تۆماركردنى سكاڵا شەرمهێن و بێناوەرۆكەكانى دەسەڵات لەسەر رەخنەى نوسەران و رۆژنامەنوسان كە پرن لە حەقیقەت و ئاشكراكارى گەندەڵى و بەهەدەردانى پارە و سەروەت و سامانى وڵات جگە نابوتكردنى یاسا بێحورمەتیكردنە بە دەسەڵاتى جێبەجێكردن و ناشرینكردنى یاسایە لەبەر چاوى نەوەكانى داهاتوو.دادگایكردنى كەسانێك لەسەر راڤەكردنى سەفەرەكانى سەرۆك و وتارە بێماناكانى سەلمێنەرى ئەوراستییەكە كە ئەوان قاتیلى ئازادین ، نەوەك بەرگرى كار لە ماف و ئازادیەكانى خەڵك،هەوڵدانى حیزب بۆ دەمكوتكردنى رەخنەگران تەنها ترس نیە لە فراوانكردنى ئازاى، بەڵكو ترسە لە ئاشكراكردنى باس وخواس و دانیشتنەنهێنیەكانی سەرۆك و دارودەستەكەى لەگەڵ سەرانى وڵاتان بۆ دانانى پلانى جەنگ و سات وسەوداى بازرگانى رەش و سەفەقاتى ژێربەژێر بە چارەنوس و سەروەتى خەڵكى ئەم هەرێمەوە.گەیاندن و وروژاندنى مەترسیەكانى دەسەڵات لەمەر تێرۆر و تۆقاندنى رۆژنامەنوسان و دەنگە ئازادیخواز و رەخنەگرەكان بە رێكخراوە و مێدیاو ناوەندە نێودەوڵەتیەكان بەجۆرێك كاریگەربووە كە دەسەڵاتى شەرمەزارو نابوتكردوە. دەرئەنجامى ئەم كارەگرنگ و پیرۆزانەش دەسەڵات تەنها رێگا چارەیەك كە تواناى بەكارهێنانى هەبێت پەنا بردنە بۆ دادگا و یاسا كۆنەپەرستەكانى بەعس و بەس،حیزب بەبۆچونى خۆى ئەتوانێت لەرێگاى سكاڵاى یاسایى و راپێچكردنى نوسەرو رۆژنامەنوسان بۆ بەردەم پیاوانى خۆفرۆشى دادگا، ئەتوانێت ئاسان سەركوت و پەلوپۆى ئەودەنگانە بكات. دەستێوەردانى حیزب لە پرۆسەى دادوەریكردنى نوسەرو رۆژنامەنوساندا و دەرچواندنى یاسا و لەكارخستن و بەكارخستنى یاسا بە مەیل و قازانجى دەسەڵات خۆى وكەڵك وەرگرتنى دەسەڵات لە دادگا وەك سەرچاوەیەكى داهات بەجۆرێك كە داهاتى مانگانەى ئەودامەزراوە یاساییە لەبەرامبەر سكاڵاكانى حیزب لەسەر جەنگاوەرانى ئازادى بیرورا ، سەد هێندە زیاربێت لە داهاتى فرۆشى نەوتى خاوى كوردستان جگە لە شەرمەزاریەكى گەورە بۆدەسەڵات، لەكەداركردنى خودى سیستەمى دادوەریە بۆ سەدان ساڵى ئایندە،وە تۆماركردنى پەڵەیەكى رەشە بەنێوچەوانى پارێزەر و دادوەرانى نەفس نزم و كۆیلەى حیزب لە دۆسیە زەردەكاندا.

[email protected]
کوردستانپۆست: وێنه‌که‌ هی ئه‌رشیفه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە