به نیازی یارمەتیدانی قوتابیەك، قوتابیەكە دەعوەتی ماڵی خۆیان دەكات
Wednesday, 10/08/2011, 12:00
لە كاتی ئەنجامدانی ئەزموونەكانی كۆتایی ساڵ بۆ پۆلی دوانزەیەم بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر بە ناوی (احمد قادر رمەزان) بە نیازی یارمەتیدانی قوتابیەك بە ناوی (هیوا ماوەرانی) بۆ ئەوەی لە ناو هۆڵی تاقیكردنەوەكان لە لایەن سەرپەرشتیاری هۆڵەكە یارمەتی بدرێت، سەرپەرشتیاری هۆڵەكە و یاریدەدەری هۆڵەكە و قوتابیەكە دەعوەتی ماڵی خۆیان دەكات، بۆ ئەوەی لەوێ بە یەكتریان بناسێنێ، سەرپەرشتیارەكەش ناوی (بهمن عبدالله)یە، كە بێئاگایە لەوەی ئەم دەعوەتە بە چ بۆنەیەكە، یاریدەدەری هۆڵەكەش ناوی (پشتیوان خالد)ـە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكی سەرەتاییە لە (گرد مەلا) لە دارەتوو، هۆڵی تاقیكردنەوەكەش بە ناوی (هۆڵی شێروانە)یە لە دارەتوو، ئەم سیناریۆیە لەكاتی خوانی نیوەڕۆ لەلایەن سەرپەرشتیارەكە ئاشكرا دەبێت، كە دەبێتە جێی نیگەرانی و روو لە بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر دەكات كە چۆن دەبێ شتی وا بكرێت. دواتر سەرپەرشتیارەكە وەزارەتی پەروەردە لەم هەڵوێستەی بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر ئاگادار دەكاتەوە و وەزارەتی پەروەردەش بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەك بۆ بەدواداچوون پێك دەهێنێ، ئەم لیژنەیە هەفتەیەكە دەست بەكار بووە، لەلایەك بەڕێوەبەری پەروەردەی دەشتی هەولێر لە هەوڵی ئەوە دایە كە سەرپەرشتیارەكە رازی بكات بۆ ئەوەی پاشگەز ببێتەوە لەو زانیاریانەی كە داویەتی، هەروەها لە چەندین لاوە لە هەوڵی واستەكردن دایە بە لایەنی حزبی و كەسایەتیەكان بۆ ئەوەی چاوپۆشی لێ بكرێت، تا ئێستاش لیژنەكەی وەزارەتی پەروەردە هیچ دەرئەنجامێكی نەبووە، بۆیە بە چاكم زانی هەرچی زووە ئەم زانیارە بگاتە لای بەرپرسانی حكومی و وڵات بۆ ئەوەی وڵاتمان لەكەسانی وەك ئەم بەڕێوەبەرە پاك ببێتەوە و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن، كە ئەمە هەڵسوكەوتی بەڕێوەبەرێك بێت، چاوەڕێی چ لە نەوەكانی دواڕۆژمان بكەین كە لەژێر سایەی كەسانی ئاوا پەروەردە بكرێت.
باوكی كاروان مامۆستا لە پەروەردەی دەشتی هەولێر/
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست