پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان پارتێكی یاسایی و رەوایە
Thursday, 04/06/2009, 12:00
رۆژی 31-5-2009 كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ژمارەی لیستە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی لەرێگەی راكێشانەوە ئاشكرا كرد. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ژمارەی لیستی هیوایان رانەگەیاند. دوای ئەوەی لەرووی یاساییەوە نوێنەرانی لیستی هیوا بەدواداچوونییان بۆ هۆكاری ئاشكرا نەكردنی ژمارەی لیستی هیوا كرد، لەلایەن كۆمیسیۆنەوە پێیان راگەیەندرا كەبەنووسراوی ژمارەی أ. ق/10/استسنائی 35 لەبەرواری 28-5-2009دا مۆڵەتی لیستی هیوا هەڵوەشێندراوەتەوە. ئێوەش دەتوانن لەماوەی سێ رۆژدا سەردانی دەستەی دادوەری بكەن، بۆ پێداچوونەوە بەبڕیارەكەدا، ئەگەر لەم دۆسێیەدا ئێوە سەركەوتن ئەوا دەتوانن بەژمارە (63) بەشداری هەڵبژاردن بكەن، بەپێچەوانەوە ئەگەر سەركەوتوو نەبوون ئەوا ئیتر مافی بەشداریكردنتان نابێت لەهەڵبژاردندا. ئەوەی جێگەی سەرنج وتێڕامانە ئەوەیە كە لەناوەڕۆكی بڕیارەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەم لیستە ئەوەیە كە بەشێكی كاندیدەكانی ئەم لیستە كادیرانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانن وپارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانیش یەكێكە لەروخسارەكانی پەكەكە لەئێراقدا. هەر لەو بڕیارەدا ئاماژە بەبڕگەی (أ. ب)ی ماددەی سێ لەبەشی چوارەمی فەرمانی دەسەڵاتی هاوپەیمانان ژمارە 97ی ساڵی 2004 دەكات. هەروەها باس لەماددەی 15ی یاسای پارتە سیاسییەكانی ژمارەی 17ی ساڵی 1993(كە هەموار كراوە) وبڕگەكانی (أ، ب، ج) لەماددەی 9ی بەشی سێیەم لەیاسای پەسەندكردنی قەوارە سیاسیەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی ژمارە دووی ساڵی 2009 دەكات.
ئێمە لەكاتێكدا بڕیارێكی بەو رەنگە شەرمەزار دەكەین و بەبڕیارێكی نایاسایی ونادیموكراتی دەبینین وداوا دەكەین كە بەزووترین كات كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بەو بڕیارەدا بچێتەوەو هەڵیبوەشێێتەوە. بە پێویستی دەبینین لەرووی یاساییەوە، ئەو بڕیارە و هەڵوێستی كۆمیسیۆن ودام ودەزگا پەیوندیدارەكان بخەینە ژێر پرسیارەوە وهەتا راستیەكان بۆ راگەیاندنەكان ورای گشتیش ئاشكرا ببن.
یەكەم: ئێمە كارێكی شاراوەمان نەكردووە هەتا وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی وكۆمیسیۆنی ئاشكرایان كردبێت وەكو لەسكاڵای وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی وبڕیارەكەی كۆمیسیۆندا هەیەو دەڵێن ئێمە دوای لێكۆڵینەو زانیمان كە زۆربەی پاڵێوراوانی لیستی هیوا ئەندامانی سەركردایەتی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانن وپارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بەشدارە لەلیستی هیوادا. سەرجەم راگەیاندنەكان ئاگادارن كە ئێمە لە 22-7-2009دا لەكۆنفرانسێكی چاپەمەنیدا رامانگەیاند كە لەگەڵ كۆمەڵێك رێكخراوی مەدەنی وكەسایەتی بەشداری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دەكەین و لیستەكەشمان ناوی هیوایە. ئەمەشمان بە مافێكی رەوای خۆمان زانییوە. كاندیداكانی ئێمە كەسیان بەكرێگیراوی دەرەوە نین و بەشداریان لەهێرش و پەلامارەكانی رژێمی رابردوودا نەكردووە، كەسیشیان بەتاوانی دزی و ناموس لەلایەنی دادگاوە سزا نەدراون و فایلداریش نین. هەركەسێكیش دەزانێت پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان پارتیەكی نەتەوەیی دیموكراتەو لەروانگەی دیموكراتی و خزمەتكردن بەگەل سەیر بكرێت ئەوا هەڵوێستەكانی پێویستە رێزی لێبگیردرێت نەك ببێتە هۆكاری رێگەگرتن لەبەشداریكردنی لەهەڵبژاردنەكاندا.
دووەم: ئەو سێ یاسایەو بڕگەكانیان كە ئاماژەی پێ دراوە هەمووی باس لەوە دەكات كە پارتێك یاخود قەوارەیەك رێگەی پێ نادرێت بەشداری كاری سیاسی وهەڵبژاردن بكات كەهێزی چەكداری هەبێت یاخود پەیوەندی رێكخستنی بەهێزێكی چەكدارەوە هەبێت. یاخود سەرچاوەی دارایی لەهێزێكی چەكدارەوە بێت، هەروەها یەكێك لەبڕگەكانی یاسای پارتە سیاسیەكانی هەرێم دەڵێت پێویستە دژی یاساكانی هەرێمی كوردستان نەبێت و پەنا بۆ توندوتیژی نەبات لەبەرنامەی كاری خۆیدا. بەپێی ئەم بڕگەو ماددە یاساییانە دەبێت كۆمیسیۆن یاخود ئەولایەنەی كە سكاڵای لەسەر ئێمە تۆمار كردووە بیسەلمێنێ كە ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان هێزی چەكدارمان هەیە یان پەیوەندی رێكخستنیمان هەیە لەگەڵ هێزێكی چەكداردا یاخود سەرچاوەی دارایمان لەو هێزەوەیە. یان ئێمە لەبەرنامەی كارماندا توندوتیژی بەبنەما دەگرین. ئەمەش لەزەمینەیەكی یاساییدا پێویستە بسەلمێندرێ، ئەگەر نا كۆمیسیۆن بۆی نییە لەسەر بنەمای هەندێك تۆمەتی هەڵبەستراو بڕیار لەسەر ئێمەو لیستێك بدات كە ئێمەی تێداین و مافی چالاكی سیاسیمان لێ زەوت بكەن. ئەگەر كۆمیسیۆن یاخود هەر دەزگایەكی تر بەمڕەنگەی ئێستا هەڵسەوكەوت بكات ئەوا سەردەمی یاسا و بنەماكانی دیموكراتی لەدەست دەچێت و یاسای دارستان باڵادەست دەبێت وئەوەی بەهێزو دەسەڵاتدار بێت بڕیار لەسەر لایەنەكانی تر دەدات و بەناوی یاساوە سنووری ئازادییەكانیان تەسك دەكاتەوە. ئێمە داوا لەكۆمیسیۆن و وەزارەتی ئاسایشی نیشتمان ودادگای پێداچوونەوەش دەكەین كە بەم بڕیارو هەڵوێستەدا بچنەوە وراستی بكەنەوە. چونكە ئەو لایەنانە بۆ خۆشیان دەزانن ئێمە تاكە پارتێكین كە نەلەهەرێمی كوردستان ونەلەئێراقدا یەك چەكدارمان نییەو لەتێكۆشانی خۆماندا هەمیشە لەچوارچێوەی یاسا ورێسا دیموكراتی وحقوقییەكاندا هەڵسەوكەوتمان كردووە. لەگەڵ پەكەكەشدا لەچوارچێوەی نەتەوەییبوون و پێشخستنی تێكۆشانی دیموكراتیدا پەیوەندی دۆستانەمان هەیەو ئەمەش بەپێویستیەكی نەتەوەیی و دیموكراتی دەبینین. ئێمە پەكەكە بە تەڤگەڕێكی ئازادیخواز دەبینین نەك وەكو دەسەڵاتی توركیا و ئێراق سەیری دەكەن. ئەگەر ئەم تێڕوانین و هەڵوێستەی ئێمە هۆكار بێت بۆ ئەوەی كە رێگە بەئێمە نەدرێت بەشداری پرۆسەی سیاسی بكەین ئەوا پێویستە زۆربەی لایەنە ئێراقیەكان بەشداری پرۆسەی سیاسی ئێراق نەكەن چونكە قاعدە و زۆر گروپی تر هەیە كە ئەمریكا و ئێراق بە تیرۆریستیان دەزانن بەڵام ئەوان وەكو هێزی بەرەنگاربوونەوەی داگیركەر ناوزەدیان دەكەن، لەلایەكی ترەوە ئەو بانگەشانەی كە دەكرێت بۆ پەكەكە و داوای لێدەكرێت دەست لە چەك بەربدات، دەتوانرێت تەنیا وەكو پلانێك بۆ پاكتاوكردن ناوزەد بكرێت.
سێیەم:
ئێمە چەند بارەی دەكەینەوە و بەپێی ئەو یاسایانەی ئاماژەیان پێ كراوە هەڵسەوكەوت بكرێـت ئەوا ئێمە یەكەم پارت دەبین كە یاسا مافمان پێ دەدات وڕەوا بین، چونكە ئێمە نەهێزی چەكدارو پێشمەرگەمان هەیە وەكو پارت ورێكخستنەكانی تر نەدەزگای زانیاری وپاراستنمان هەیە بۆ چاوترساندن و تۆقاندنی جەماوەر. ئەگەر ئەو یاسایانە پەیڕەو بكرێت پێویستە پارتەكانی دەسەڵات لەبەشدراریكردنی هەڵبژاردن بێ بەش بكرێن نەك پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان. دەبێت كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان وئەو لایەنانەی لەپشتی ئەم بڕیارەوەن ئەو راستیە بزانن كە بڕیاری بەمڕەنگە زەمینەی دیموكراتی دروست ناكات، بەڵكو لایەنەكان هان دەدات بۆ رەواییدان بەخۆیان پەنا بۆ هێزو چەك ببەن لەم كاتەشدا دەسەڵات و ئەوانەی زەمینەی دیموكراتی بەرتەسك دەكەنەوە بەرپرسن، نەك ئەوانەی پەنا بۆ چەك وهێز دەبەن، چونكە دەسەڵات وئەوانەی بڕیاری بەمڕەنگە دەدەن بەپێی یاسا مامەڵە ناكەن و ناجوڵێنەوە، بەڵكو بەپشت بەستن بەهێزو دەسەڵاتی خۆیان دەجوڵێنەوە ودەرفەت نادەنە لایەن وكەسانی تر، ئەمەش هاندەر دەبێت بۆ ئەو لایەنانەی بێ هێزن پەنا ببەنە بەرخۆ بەهێزكردن. ئێمە هەتا ئێستا هەوڵمانداوە، خۆمان و ئەندامان ولایەنگرانمان كۆنترۆڵ بكەین و بەكاردانەوە هەڵسەوكەوت نەكەین. بەڵام لێرە بەدواوە ئیتر ئێمە ناتوانین ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرین وهەرچی رووبدات دەسەڵات وئەوانەی لەپشتی ئەو بڕیارە سیاسییەوەن بەرپرسن.
چوارەم:
ئێمە لەم بڕیارەدا تەنیا وەزراەتی ئاسایشی نیشتمان بەرپرس نابینین، بەڵكو كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان(كۆمیسیۆنی گشتی ودەستەی هەرێمیش) ودەسەڵاتی هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی وەزارەتی ناوخۆ (چونكە كەریم سنجاری كە وەزیری ناوخۆیە ئەندامە لەكۆمیتەی چوارقۆڵی نێوان(ئەمریكا، توركیا ، ئێراق ـ هەریم))دا ودەسەڵاتی ئەمریكا لەئێراق بەرپرس دەبینین.
پێمان وایە ئەو بڕیارە دژی ئەو بانگەشانەیە كە ئەمریكا لەئێراق و رۆژهەڵاتی ناویندا دەیكات وباس لەوە دەكات كەئەوان دەخوازن زەمینەیەكی سیاسی دروست بكەن وگروپە چەكدارەكانیش چەك دابنێن وبەشداری پرۆسەی سیاسی بكەن. ئەمریكا رۆژانە بانگەوازی دەكات كە پەكەكە چەك دابنێ ولەتوركیا خەباتی سیاسی بكات، بانگەوازی بۆ گروپە چەكدارەكانی ئێراق دەكات كە چەك دابنێنن و بەشداری پرۆسەی سیاسی بكەن. بەپێچەوانەوە پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان چەكی نییە، بەڵام رێگەی پێ نادرێت بەشداری پرۆسەی سیاسی بكات، هەر بۆیە پێویستە ئەمریكا خاوەن لە بانگەشەكانی دەربكەوێت، ئەگەر نا ئەوا هیچ هێزو لایەنێك ئامادە نابێت خۆیان رادەستی ئەمریكا وهێزە دەسەڵاتدارەكان بكەن، بە پێچەوانەوە ئەوا هێزو لایەنە چەكدارەكان دەرفەتی مەزنبوونیان بۆ دەرخسێ. هەروەها دەسەڵاتی ئێراق بەگشتی ودەسەڵاتی هەرێم بەتایبەتی پێویستە ئەو حەقیقەتە بزانن كە خۆیان بەرهەمی كاردانەوە بوون لەبەرامبەر دەسەڵاتە دیكتاتۆریەكانی رابردوودا. ئەگەر دەست لەوكەلتوورە بەرنەدەن وبەمیزاجی سیاسی خۆیان هەڵسەوكەوت بكەن ئەوا تەمەنیان لەرژێمی بەعس درێژتر نابێت و چارەنووسیشیان باشتر نابێت. هەر بۆیە ئەركێكی یاسایی ودیموكراتیانە كەبەم بڕیارەدا بچنەوەو ئیتر رێگە بەخۆیان نەدەن بەبڕیاری سیاسی رێگە لەپارت ورێكخستنی سیاسی و چالاكی سیاسی ومەدەنی بگرن، چونكە هەموو كارێك كاردانەوە دەخوڵقێنێ. ئێمە لێرەدا بەئاشكرا دەڵێین دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بەفاكتەری سەرەكی دەبینین لەم بڕیاردانەدا. هەر دەسەڵاتی هەرێمیشە كۆمیسیۆنی خستۆتە ژێر كاریگەری خۆیەوە. تەنیا هەڵوێستێك كەدەسەڵاتی هەرێم پاك بكاتەوە هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارەیە وهیچی تر. هەرچی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیشە دەبێت ئەو راستییە بزانن كە سەربەخۆیی خۆیان بەم بڕیارە بەتەواوی لەدەستداوە، ئەگەر بەو ڕەنگە بەردەوام بن پێویستە (سەربەخۆ) لەناوەكەیان بكەنەوە، چونكە لەكاتێكدا بە پێی یاساكانی خۆی مۆڵەت دەدات بەقەوارەیەك كەچی لەسەر داخوازی دەسەڵات ئەو مۆڵەتە هەڵدەوەشێنێتەوە، بەبێ ئەوەی كە پەنا بباتە بەر یاسا. ئەمە هیچ واتا بۆ سەربەخۆیی ناهێڵێتەوە، هەروەك چۆن حكومەتی هەرێم بە بێ پەنا بردنەبەر یاسا بارەگاكانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستانی داخست. كۆمیسیۆنیش بەهەمان شێوەورەفتار مۆڵەتی لەلیستی هیوا وەرگرتەوە. ئێمە ئەم هەڵوێستە بەشەرمەزاری دەبینین بۆ كۆمیسیۆن و بۆ بەرپرسانی كۆمیسیۆن كە كوردن. دەبێت ئەو راستیە بدركێنێنن كە كاتێك عبدالمحسن هینداوی سەرۆكی كۆمیسیۆن بوو زۆر جەسوورانە لەبەرامبەر دەستێوەردانی توركیا، حكومەتی ئێراق وهەرێمی كوردستان هەڵوێستی نیشاندەدا وتەئكیدی لەوە دەكردەوە كەئەوان بەپێی یاساكانی خۆیان كار دەكەن وگرنگی بەداخوازی لایەنە سیاسییەكان ودەسەڵاتی سیاسی ولایەنە دەرەكیەكان نادات. بەڵام ئەوەی لای كۆمیسیۆنی ئەمڕۆ گرنگە دڵی دەسەڵاتی سیاسی كوردستان وئێراق وتوركیایە نەك پێوانە یاسایی و دیموكراتی و نەتەوەییەكان. هەر بۆیە كۆمیسیۆن بەهچ رەنگێك ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتییەكی بەمڕەنگە بدزێتەوە.
پێنجەم:
ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان جارێكی تر داوا لەو لایەنانە دەكەین كە رۆڵی خۆیان ببینن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە، داوا لە دەستەی دادوەری دەكەین كە بێلایەنی خۆیان بسەلمێنن و بڕیارەكە هەڵبوەشێننەوە. بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو بڕیارە هەڵنەوەشێـتەوە ئەوا بەهەموو شێوەیەك كاردەكەین بۆبایكۆتكردنی هەڵبژاردن وئاگادار كردنەوەی لایەنە نێودەوڵەتیەكان وهەڵماڵینی پەردە لەسەر راستیەكان. ئەو كاتەش ڕەوابوونی هەڵبژاردن نامێنێت.
شەشەم:
ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەڕژێكی وەكو ئەمڕۆدا كە حەڤدەهەمین ساڵیادی یەكەمین دانیشتنی پەرلەمان كوردستانە داوا لەسەرجەم لایەنی سیاسی، ریكخراوی مەدەنی، لیستە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن و راگەیاندنەكان و رۆشنبیران دەكەین كە لەبەرامبەر ئەم ڕەفتارە نادیموكراتی و نایاساییەدا بێدەنگ نەبن، بێدەنگ بوون لەبەرامبەر ئەم جۆرە ڕەفتارەدا لەلایەك بەواتای پەسندكردن دێت، لەلایەكی تر دەرفەت بۆ دەسەڵات دروست دەكات كە یەكەیەكە لایەنەكانی دەرەوەی خۆی بەبیانووی جۆراوجۆر پەراوێز بخات و بچوكترین پەراوێز بۆ دیموكراتی و ئازادی بیرورا و رێكخراوبوون نەهێلێتەوە. گومانی تێدا نییە ئەمە وەكو پاراستنێكی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان ناڵێین بەڵكو وەكو ئەركێك و داكۆكیكردن لەراستی دەڵێین، ئەمەش تاقیكردنەوەیەكی مێژووییە بۆ هەموو ئەوانەی بانگەشەی گۆڕان و چاكسازی و عەدالەت دەكەن.
حەوتەم:
سەبارەت بەهەر ئەگەرێك داوا لەسەرجەم ئەندام ودۆست و لایەنگرانی خۆمان وئەوانەی پشتیوانی لیستی هیوا دەكەن. دەكەین كە گۆڕ بەتێكۆشانی خۆیان بدەن وهیچ جۆرە ئاستەنگییەك نەبێتە رێگر لەبەردەم ئێرادەی تێكۆشانی دیموكراتیانەماندا. چونكە ئێمە تەڤگەڕێكی تێكۆشەرین و تەڤگەڕێك نین تەنیا بۆ هەڵبژاردن دروست بووبین، ئێمە پێش بەشداریكردنیشمان شیمانەی بەمڕەنگەمان دانا بوو كە دەسەڵات بەشداریكردنی ئێمەی پێ هەرس نەكرێت، بەڵام گومانی تێدا نییە كە پەردە لادان لەسەر هەر راستیەك فیداكاری و قوربانی پێویستە. ئەگەر لیستی هیوا نەبوایە ئەوا راستی دیموكراتیەتی ئەم دەسەڵاتە بۆ زۆر كەس و لایەن ئاشكرا نەدەبوو. كۆمیسیۆن لەیەكێك لە كۆنفرانسە چاپەمەنیەكانی خۆیدا رایدەگەیاند دەرفەت بۆ هەموو لایەك هەیەو تەنیا شەیتانیش دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بكات، گومانی تێدا نییە ئەمەیان بۆ رازیكردنی راگەیاندنەكان دەگوت، بەڵام دەركەوت ئەندامانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان بۆیان نییە بەشداری هەڵبژاردن بكەن. هەر بۆیە پێویستە ئێمە دەستخۆشی لەخۆمان و ئەو تێكۆشەرانە بكەین كە لەناو لیستی (هیوا) و ڕووی ئەم پرۆسەیەیان هەڵماڵی.
لەكۆتایدا دەڵێین سەركەوتن هەر بۆ تێكۆشەرانی ئاشتی و ئازادی و دیموكراتیە، شەرمەزاریش بۆ ئەوانەیە لە ئازادی و یەكسانی و دیموكراتی دەترسن.
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
4-6-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست