سوتاندنی ووشەی نابەرپرس وەک ڕادەربڕینێکی مەدەنیی
Friday, 19/07/2013, 12:00
1902 بینراوە
من چوار ساڵ بەر لە ئێستا قسەم لەسەر ئەو ڕووداوە کرد کە کتێبەکانی کاک فەرهاد پیرباڵ سووتێنران و, داکۆکییم لەوە کرد کە ئەو کارە ئازادیی ڕادەربڕینە، بۆیە ئێمە دەبێت قبوڵی بکەین و دروست نییە کەس ڕێگە بە خۆی بدات ئیدانەی بکات.
ئەمڕۆ زەرورەت دەبینمەوە زۆرێک لەو قسانەی کە ئەو کاتە لەو دۆزەدا کردمن، دیسانەوە لەبەرامبەر ئەو ئیدانەکردنانەدا دووبارەیان بکەمەوە کە ئەمڕۆژانە جگە لە تاکەکەسەکان، چەندین ڕێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنییش ڕووبەڕووی سوتینەرانی کتێبەکانی کاک جەمال غەمباری دەکەنەوە.
٭ ٭ ٭
سوتاندنی کتێب و ئازادیی بیروڕا
من دەمەوێت بپرسمەوە: کێ ده‌ڵێت نابێت کتێب بسوتێنرێت؟!
گرنگه ئێمه کرداری سووتاندنی کتێب و کرداری هێرش بۆ سه‌ر ئازادیی بیروڕا له‌یه‌کتر جیا بکه‌ینه‌وه و ئه‌م دوانه بەیه‌ک تێنه‌گه‌ین. مه‌رج نییه هه‌موو کتێبسووتاندنێک هێرش بێت بۆ سه‌ر ئازادیی بیروڕا، به‌ڵکو ده‌کرێت هه‌ڵوێستنواندنێک بێت له‌ئاست هه‌ست به به‌رپرسیارێتیینه‌کردن و دووقسەیی نووسه‌رێک له قسه‌کردندا. سووتاندنی کتێب و وێنەی کاک جەمال غەمباریش له‌لایه‌ن خوێنه‌رانێکه‌وه هه‌ڵوێستگیرییه‌کی له‌م چه‌شنه‌یه و دروست نییه ئێمه ئه‌و هه‌موو ئیدانه‌یه‌یان ڕووبه‌ڕوو بکه‌ینه‌وه که ئه‌م ڕۆژانه له میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووبه‌ڕوویان ده‌کرێته‌وه.
ئه‌وه لێتێنه‌گه‌یشتن و ته‌عمیمکردنێکی نادروسته ئێمه بێین ئه‌و قسه به‌ناوبانگه‌ی شاعیری ئه‌ڵمانیی هاینریش هاینه که ده‌ڵێت له هه‌ر کوێیه‌ک کتێب سووتێندرا، له‌درێژماوه‌دا له‌وێ مرۆڤیش ده‌سووتێنرێت وا لێکبده‌ینه‌وه که هه‌موو حاڵه‌تێکی کتێبسووتاندن ده‌گرێته‌وه. هاینه کاتێک ده‌ڵێت کتێبسووتاندن، مه‌به‌ستی فیعلی کتێبسووتاندن نییه به‌ڵکو مه‌به‌ستی ئه‌و هێرشانه‌یه که ده‌کرێنه سه‌ر ئازادیی بیروڕا. به مانایه‌کی تر، هاینه کرداری کتێبسووتاندن وه‌ک نموونه‌یه‌ک و وه‌ک مێتافۆرێک بۆ کرداری کۆتوبه‌ندکردنی ئازادیی بیروڕا به‌کار ده‌هێنێت و له ئاکامه ترسناکه‌کانی ئه‌و کۆتوبه‌ندکردنه ئاگادارمان ده‌کاته‌وه، نه‌ک ئه‌وه‌ی به‌حه‌سریی له خه‌ته‌رناکیی سوتاندنی فیزیکیی کتێب ئاگادارمان بکاته‌وه. بەم مانایەیە کەسێک دەتوانێت بڵێت کە هاینە لەو قسەیەیدا نەک هەر ڕووی دەمی لەو ڕۆشنبیرانەی کەلار نییە کە کتێبەکانی کاک جەمال غەمباریان سوتاندووە، بەڵکو ڕووی دەمی ڕێک لەو کەس و ڕێکخراوانەیە کە لەسەر سوتاندنی ئەو کتیبانە پەیتا پەیتا ئیدانەی ئەو ڕۆشنبیرانە دەکەن.
٭ ٭ ٭
نەبوونی تۆڵێڕانس بۆ جووتمۆڕاڵیی نەک بۆ ئازادیی بیروڕا
خاڵێک هەیە گرنگە ئێمە بیبینین: ئه‌و کتێبسووتاندنه‌ی که‌لار به مه‌به‌ستی سانسۆر و بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و کتێبانه ئه‌نجام نه‌دراوه به‌ڵکو ئه‌وه ئیقدامێکی ڕه‌مزییه که مه‌به‌ست لێی پیشاندانی ناڕه‌زایەتییه له‌ئاست دیارده‌ی ''جووتمۆڕاڵیی'' و هه‌ست بە به‌رپرسیارێتیینه‌کردنی نووسه‌ران و شاعیرانی ئێمه.
ئه‌و ڕۆشنبیرانە به‌و کتێبسووتاندنه‌یان به نووسه‌ره‌که‌یان نه‌ووتووه که تۆ حه‌قی ئه‌وه‌ت نییه ڕایه‌کی جیاواز له ڕای ئێمه‌ت هه‌بێت، به‌ڵکو ئه‌وان ده‌ڵێن تۆ حه‌قی ئه‌وه‌ت نییه هه‌ر ڕۆژه‌و قسه‌یه‌کی جیاواز له‌وه‌ی دوێنێت بکه‌یت و هاوکات داواش بکه‌یت ڕێز بۆ نووسینه‌کانت دابنێین و وه‌ک نووسینی بێکه‌ڵک سه‌یریان نه‌که‌ین.
ئه‌و ڕۆشنبیرانە له‌ئاکامی ئه‌وه دەستیان بۆ سوتاندنی کتێبەکانی کاک جەمال بردووە که تۆڵیڕانسیان نییه بۆ کۆکردنەوەی ئیدیعای شاعیربوون لەگەڵ پشتگیریی بۆ پارتێکی بەحەق بێزراوی وەک یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. ئەم نەبوونی تۆڵێڕانسە لای ئەو خوێنەرانە تەواو بەرحەقە و دەبێت قبوڵی بکەین چونکە تەواو جیاوازە لە نەبوونی تۆڵێڕانس بۆ ڕای جیاواز. لێکدانەوەی ئەو کردارە وەک نەبوونی تۆڵێڕانس بۆ ڕای جیاواز لێکدانەوەیەکی تەواو هەڵەیە کە نەک هەر تاکەکەسەکان، بەڵکو بەداخەوە ئەو ڕێکخراوانەش تێیکەوتوون کە بڕیارە داکۆکییکاری ئازادیی ڕادەبڕین بن، یان هەر هیچ نا چالاکییەکانی ئەو توێژەی ئەوان داکۆکیی لێدەکەن بۆ نموونە ڕۆژنامەنووسان تەنها هەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین مومکینی دەکات.
٭ ٭ ٭
کردارێکی ناپەسەند؟
به‌ڕای من دڵخۆشکه‌ره خوێنه‌ری کورد گه‌یشتووبێته ئه‌و ئاستی هوشیارییه‌ی که چیتر ئه‌و قسه و هه‌ڵوێسته پڕ له نیفاق و ڕیاکارییانه قبوڵ نه‌که‌ن که ڕۆشنبیران و نووسه‌رانی کورد، بێ هه‌ستکردن به به‌رپرسیارێتیی و ترس له سومعه‌تی ڕۆشنبیریی خۆیان، لێره‌وله‌وێ دەستی بۆ دەبەن. جارێ پشتچۆڵکردنی خه‌ڵکیی له‌لایه‌ن ڕۆشنبیرانه‌وه و چوونه‌وه‌یان بۆ ناو باوه‌شی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵانه‌ی پارتیی و یه‌کێتیی و ئیغرابوونیان به ئیمتیازات و مووچە و کەفائەی بەرز، دیارده‌یه‌کی وا خه‌ته‌رناکە بۆ دۆزی دیموکراتیی و مافەکانی مرۆڤ لەم هەرێمەی ئێمەدا که گرنگه ڕووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستگیریی توندی خوێنەران ببێته‌وه.
ڕۆشنبیران توێژێکن کە قسەیان لەناو خەڵکدا ئەوەندە شەرعییەتی زۆری هەیە کە دەتوانن ڕووی سیاسەتی ڕەش لەناو کۆمەڵگادا سپی بکەنەوە. ئەم خزمەتگوزارییەیە کە هەندێک لە ڕۆشنبیران دەچن دەیفرۆشن بە دەسەڵات و پارەی چاکیشیان بۆ دەکات. بۆیە پێداگریی خوێنەر لەسەر ئەوەی کە ڕۆشنبیران و نووسەران و شاعیران دەبێت هەست بە بەرپرسیارێتیی بکەن، گرنگیی گەورەی هەیە لەم سەردەمەدا، بەتایبەت چونکە لەمڕۆژانەی ئێستای هەرێمی کوردستاندا وەرزێکی بەو ئەندازەیە کوشندە بۆ گەڕانەوەی ڕۆشنبیران بۆ لای حیزبەکانی ناو دەسەڵات دەستی پێکردووە کە ئەمڕۆژانە نووسەرێکی بەرچاو دەوێرێت بەناوی ''باسی فیکرییەوە'' داکۆکیی لەوە بکات کە ئاساییە ''ڕۆشنبیری سیاسەتنەکەر'' لەناو ئەو حیزبانەدا بێت و لەوێدا خەریکی ''کاری ڕۆشنبیریی'' خۆی بێت.
گرنگە ئێمە فەزایەکی گشتیی زیندوومان هەبێت کە ڕێزی خۆی بۆ ڕۆشنبیران بخاتە مەرجی ئیغرانەبوون بە ئیمتیازاتی حیزبە دژەدیموکراتییەکانەوە. فەزایەکی گشتیی زیندوو کە ڕێزی خۆی لەوانە وەرگرێتەوە کە ڕێزی خوێنەرانی خۆیان دەبەنە سەر مێزی دانوستان لەسەر نرخ و پلەوپایە لەگەڵ ئەم حیزب و ئەو حیزب‌دا.
له‌ئاست نووسه‌ر یان شاعیرێکدا که لەبەر ئاکاری شاعیرانەی ڕێزی خوێنەر دەباتەوە، کەچی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا زوو ئەو ڕێزەی خەڵک دەبات بۆ لای حیزبێکی سه‌رتاپا گه‌نده‌ڵ و دەڵێت چیم دەدەنێ ئەگەر ڕێزی ئەم ژمارە زۆرەی خوێنەران بێنمە پشت لیستەکەتان، لەئاست ئەمەدا دروستترین کار ئەوەیە ئێمە بە کردارێکی ڕەمزیی پیشانی ئەو شاعیرە و ئەو حیزبەشی بدەین کە ئێمە ئەو ڕێزەی خۆمان لەو شاعیرە وەردەگرینەوە و ناهێڵین ساتوسەودایەکی پێوە بکات بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی خۆی لەگەڵ حیزبێکدا کە سیاسەتەکانی ڕێک دژ بەو بەهایانەیە کە ڕێزی ئێمەی بۆ ئەو شاعیرە پەیدا کردووە.
بۆیە لەبەرامبەر شاعیرێکدا کە ئامادەیە کار بۆ هێزگرتنی حیزبێك بکات کە هەر ساڵی پار ڕێک ئەم کاتە فەلاقەخانەی لەناو شاردا بۆ ئەوانەمان دانابوو کە دەمانویست لە بەردەرکی سەرا بیروڕای خۆمان ئازادانە دەربڕین، کردارێکی تیژ و ناحه‌قانه نییه گه‌ر که‌سانێک بێن و بڵێن ئیتر ئه‌م نیفاقه‌مان به‌سه‌ردا تێناپه‌ڕێت و ئه‌م کتێبانه‌ت به‌جیددی لێ وه‌رناگرین و شایان به سووتانیان ده‌زانین.
٭ ٭ ٭
کتێبسوتاندن، جورئەتێک کە شایان بە ڕێزلێگرتنە
به‌ڵێ ڕه‌نگه سووتاندنی ئه‌و کتێبانه‌ی که خوێنه‌ر بۆی ده‌رده‌که‌وێت قسه‌ی ناجیددیانه‌یان تیایه کردارێکی دراماتیکییانه بێت، به‌ڵام کردارێکی توندوتیژانه نییه، وه‌ک چۆن زۆرێک ده‌یانه‌وێت وا وێنای بکه‌ن. به‌لای منه‌وه جیاوازییه‌ک نییه له‌نێوان فڕێدانی کتێبێک بۆ ناو ته‌نه‌که‌یه‌کی خۆڵ و فرێدانی بۆ ناو ئاگرێک.
کتێبسووتاندن و کتێبسووتاندن هه‌یه. گرنگه هه‌ڵوێستی ته‌واو توندمان هه‌بێت به‌رامبه‌ر به‌و جۆره له کتێبسووتاندنه که بۆ هێرشکردنه‌سه‌ر پره‌نسیپی ئازادیی بیروڕا یان ئازادیی ڕادەربڕین ده‌ستی بۆ ده‌برێت. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا گرنگه هێرش نه‌که‌ینه سه‌ر ئازادیی ڕادەربڕینی ئه‌و که‌سانه‌ی که بۆ ده‌ربڕینی ڕای خۆیان ده‌ست بۆ هه‌ڵوێستی توند (نه‌ک توندوتیژانه) ده‌به‌ن. ئه‌م جۆره‌ی دووه‌میان، وێڕای شێوازه تونده‌که‌ی، چالاکییەکی ناتوندوتیژە کە ده‌کرێت وه‌ک به‌شدارییه‌کی دراماتیکییانه‌ی بکه‌رانی له دێباتی سیاسیی ناو کۆمه‌ڵگادا و، لێره‌شه‌وه وه‌ک موماره‌سه‌یه‌کی دیموکراتیی سه‌یری بکه‌ین نه‌ک دژایه‌تییکردنی دیموکراتیی. من پێموایە لە زەمەنێکدا کە دەگمەن ڕۆژنامە و میدیا هەیە قۆرخ نەکرابێت یان سیاسەت نەکات، وە لە زەمەنێکدا کە ڕای جیاواز لە ڕای حیزب و ڕای نوخبەی ڕۆشنبیریی و ڕای کوتلە ڕۆشنبیرییەکان بەختێکی نییە بڵاو بێتەوە یان گوێی لێ‌بگیردرێت، دەستبردن بۆ ئامرازێکی ناتوندوتیژی ئیستتفزازکەرانە زەرورەتێکە کە تەنها ئەوانە جورئەت دەکەن دەستی بۆ بەرن کە وەک ئەو ڕۆشنبیرانەی کەلار ئامادەن ڕووبەڕووی ئیدانەی ئەو هەموو ناوەندانە بوەستنەوە و تووڕەیی ئەو هەموو هێزە ئەوەندە نایانترسێنێت کە بیر لە مومارەسە-نەکردنی دەربڕینی ڕای خۆی بەو شێوەیە بکەنەوە. لێرەوەیە ئەو جورئەت و چاونەترسییەی ئەو ڕۆشنبیرانە لەم سەردەمی چاوترساوییەدا نواندویانە دەبێت جێگەی ڕێزی گەورە بێت. بۆیە من لێرەوە ڕێزی گەورەی خۆمیان بۆ ڕادەگەیەنم.
ڕێزی ئێمە بۆ کاک جەمال غەمبار نابێت ڕۆڵی هەبێت لە هەڵوێستگیرییماندا لەئاست ئەو ئیقدامەی ئەو ڕۆشنبیرانەدا، چونکە ڕیز بۆ ئازادیی دەربڕین دەبێت ئەولەوییەتی هەبێت بەسەر هەموو ئیعتیباراتێکی ڕەفاقەت و دۆستایەتییدا. ئەمە دەڵێم چونکە من ئینتیباعێکی وام هەیە کە هەڵوێستی زۆر کەس و تەرەف لەئاست ئەو کتێبسوتاندنەدا دۆستایەتیی لەگەڵ کاک جەمالدا سەهمێکی تیا هەیە. من پێموایە مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەو دۆزەدا ئەوەیە کە بڵێین کاک جەمال دەبێت تەحەمولی ئەوە بکات ئاوا کتێبەکانی بسووتێنرێن و لەئاست ئازادیی ڕادەربڕینێکی وادا نەک هەر دروست نییە ئیدانەی بکات، بەڵکو من ئێستاش چاوەڕوانییم هەیە کاک جەمال وەک هەستکردن بە بەرپرسیارییەتێک و وەک ڕاستگۆییەک لەئاست ئازادیی ڕادەربڕیندا، تۆڵێڕانسی خۆی بۆ ئەو کتێبسوتاندنە ڕابگەیەنەێت و وەک مافێکی بێئەملاوئەولای ئەو ڕۆشنبیرانە دانی پێدا بنێت.
٭ ٭ ٭
کتێب سوتاندن وەک ڕادەربڕینێکی مەدەنیی
دیارده‌ی جۆلانه‌کردنی ڕۆشنبیران له‌نێوان ناڕه‌زاییده‌ربڕین به‌رامبه‌ر به سته‌مکاریی ده‌سه‌ڵات و له‌پڕ چوونه‌وه باوه‌شی ده‌سه‌ڵات دیارده‌یه‌کی باو و کوشنده‌ی ناو ڕۆشنبیریی ئێمه‌یه. دیارده‌یه‌کی وا باو و وا کوشنده‌یه که ڕه‌نگه هه‌ندێک له‌وانه ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌لار - گه‌یشتووبێتنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که ته‌نها به ڕه‌خنه‌ی نووسراو چاره‌سه‌ر ناکرێت.
من سوتاندنی کتێب، بە حوکمی ناتوندوتیژییەکەی، بە چالاکییەکی مەدەنیی دەزانم. بۆیە به گرفتێکی نازانم ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری ڕه‌خنه‌گر هه‌ر جاره‌و دوای به‌یانکردنی هۆکاره‌که‌ی هه‌ڵوێست له ته‌نها نوسخه‌یه‌کی هه‌ندێک کتێبی ناجیددی وه‌ربگرن و به‌شێوازێک بێ‌حیسابی بکه‌ن، چونکه ئه‌وه حه‌قیقه‌تێکه که هه‌ر ئێستا له کتێبخانه‌ی کوردییدا چه‌ندین کتێبی نووسه‌ری گه‌ڕاوه بۆ لای ده‌سه‌ڵات و یان نووسەری خاوه‌ن و ووشه‌ی نابه‌رپرسمان هه‌یه که شایان به‌وه‌ن له سزای ناجیدییه‌تی قسه‌کانی ناویاندا هه‌ڵوێستیان لێ وه‌بگیردرێت و له ڕێوڕه‌سمێکی گشتیی‌دا ئه‌و کتێبانه ده‌رخواردی ئاگر بدرێن.
[email protected] 19.07.2013