شێر شێره ، چ ژن چ مێره
Sunday, 05/12/2010, 12:00
که‌مێک نین ئه‌و ژنانه‌ی که ڕۆڵی پێشه‌نگایه‌تیان بینیووه له نێو کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا و ئه‌رکه‌کانیشیان زۆر به سه‌رکه‌وتوویی ڕاپه‌ڕاندووه ، نموونه‌ی هه‌ره به‌رچاوی ئه‌و ژنانه (له ڕابردوودا) بریتییه له خانزادی میری سۆران و قه‌ده‌مخێری لوڕستان و حه‌پسه خانی نه‌قیب و له‌یلا قاسمهکهی خانه‌قین و سه‌دان و هه‌زارانی دیکه‌ش .
له ڕۆژگاری ئیمڕۆشماندا ئافره‌تانی وه‌کو له‌یلا زانا دێته پێش چاوان که کۆت و به‌ندی سه‌ر زمانی کوردی پچڕاند ، که‌سانی وه‌کو سه‌باحه‌ت تونجه‌لی و ئامینه ئه‌ینا ده‌رده‌که‌ونه مه‌یدان و شه‌ڕی ڕزگاریخوازی ده‌گوێزنه‌وه بۆ نێو په‌ڕله‌مانی تورک و ده‌ڵێن { با هیچ تورکێکی فاشست چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان لێنه‌کات که به خوشک و برا ئازادیخوازه‌کانی سه‌ری چیامان بڵێین تیرۆریست ، گه‌ریلا نه‌ک هه‌ر تیرۆریست نییه به‌ڵکو ئازادیخوازانن و دژ به تیرۆریستان ده‌جه‌نگن } ، به هه‌زاران کچه گه‌ریلای سه‌ری چیاکان دێته پێش چاومان که ئه‌وینداری ئازادی کوردستان و ده‌ست له ملانی چه‌که‌کانیانن .
ئه‌وا ئیمڕۆش چه‌ندین فریشته‌ی شۆڕشگێڕی دیکه ئازاره‌کانی به‌شێک له نه‌ته‌وه‌که‌مان له ڕێگه‌ی پێنووسه‌وه به‌یان ده‌که‌ن ، له ڕێگه‌ی شیعره‌وه و له ڕێگه‌ی نوسینه‌وه هاوار ده‌که‌ن و ده‌ڵێن به‌سیه‌تی ژن‌کوژی و سوکایه‌تیکردن به ئافره‌تان ، به‌سیه‌تی سوککردنی نه‌ته‌وه‌که‌مان له پێش چاوی گه‌لان ، که ئه‌م فریشته شۆڕشگێڕانه‌ش بریتین له " باران میلان و شه‌هلا ده‌باغی و مه‌رزه جوانمه‌رد " .
پاش ئه‌وه‌ی خانمی ئازادیخواز " باران میلان " له ڕێگه‌ی شیعری (من فاحیشهم) نه‌فره‌تی له دیارده‌ی ژن‌کوژی کرد ، نه‌فره‌تی له‌و ده‌سه‌ڵاته کرد که ئافره‌تان وه‌کو کاڵایه‌کی هه‌رزانبه‌ها به‌کار ده‌هێنن . ئه‌و کات له ڕێگه‌ی چه‌ند که‌سانێکی هێجگار گوماناویه‌وه که‌وتنه به‌ر هێرشی ناڕه‌وا ، که‌سانێکی گوماناوی که هه‌تا نکۆڵی له کوردبوونی خۆشیان ده‌که‌ن و هه‌م کورد به عه‌ره‌بزاده ناو ده‌به‌ن و هه‌م زمانی کوردیش به زمانێکی دروستکراو(جهعلکراو) ده‌زانن .
ئه‌گه‌ر به لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه گوماناویانه بێت و شیعری " من فاحیشهم " سوکایه‌تیکردن به ئافره‌تی کورد بێت !!! ئه‌ی ده‌بێت دیارده‌ی نیشتیمانفرۆشی و میلله‌تفرۆشی چ قاره‌مانیه‌تییه‌کی تێدا بێت له لایه‌ن ئه‌و پیاوانه‌ی که بوونه‌ته بازرگانی خوێن و ئه‌و که‌سه گوماناویانهش له چه‌پڵه لێدانی به‌رده‌وامدان بۆیان ؟
خانمێکی وه‌کو شیرینی عه‌له‌مهولی له کونجی زیندانه‌وه و به‌سه‌ر په‌تی سێداره‌وه به‌گژ داگیرکه‌ری دڕنده‌دا ده‌چێته‌وه و ده‌ڵێت (زوڵم و سته‌می ئێوه‌ی داگیرکه‌ر پاشگه‌زمان ناکاته‌وه له‌و په‌یامه‌ی که به نه‌ته‌وه‌ی کوردمان داوه ، که ئه‌و په‌یامه‌ش کوردستانێکی ئازاد و گه‌لێکی به‌ختیاره) . لێ به‌ڵێ که‌مێک نین ئه‌و پیاوانه‌ش که له‌ژێر ده‌مامکی کوردایه‌تیدا ماڵی دوژمن سه‌ریه‌ک ده‌خه‌نه‌وه و ده‌ڵێن (کوردستانێکی ئازاد خه‌ونی نێو هۆنراوه‌کانه) .
مۆرکی نه‌گریسی پیاوه ژنکوژه‌کان بووه به په‌ڵه‌یه‌کی شه‌رمه‌زاری و ڕوخساری نه‌ته‌وه‌که‌مانی ناشیرین کردووه له جیهاندا ، ته‌نانه‌ت کاتێک له ئه‌وروپاش ده‌ڵییت من کوردم ئه‌وا هیچ سه‌رنجێکی ناشیرین به‌دی ناکه‌ن جگه له ژنکوشتن .
به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم که ئه‌و پیاوه گوماناویانه‌ی به بیانووی ئه‌و شیعره‌ی (باران میلان)ه‌وه ده‌خوازن ویستی پیسی خۆیان به ئه‌نجام بگه‌یه‌نن جگه له فاحیشه‌یه‌ک زیاتر هیچ شتێکی دیکه نین .
بۆ بینینی شیعره‌که‌ی به‌ڕێز باران میلان کرته له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه بکه :-
http://rojhelattimes.org/read.php?id=1549 بۆ بینینی بابه‌ته‌کانی به‌ڕێزان " شه‌هلا ده‌باغی و مه‌رزه جوانمه‌رد " کرته له‌سه‌ر ئه‌م لینکانه‌ی خواره‌وه بکه :-
http://rojhelattimes.org/read.php?id=1564 http://rojhelattimes.org/read.php?id=1594 تێبینی نووسه‌ر :- سه‌ردێڕی ئه‌م بابه‌ته (شێر شێره ، چ ژن چ مێره) بریتییه له فه‌رموده‌یه‌کی به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست