وەزارەتی جانتا رەشەكە
Friday, 15/06/2012, 12:00
ساڵانێك دەیانوت: دروستكردنی حزب بۆتە كۆمپانیای بازرگانی و وەك جانتای دۆلار هەڵگر بەدەست (سكرتێر، سەرۆك، ئەمیر، ئەمیندار، رێكخەر، رێبەر)ی حزبەكەوەیە و كەسی یەكەم كون فەیەكونە و هەموو شتە و هەموو كارەی حزبە.
ساڵانێك دەیانوت: دروستكردنی رێكخراو بە ناوی قەبە و كۆمەڵی مەدەنی و ئەم چین و ئەو توێژ، باشترین جۆری كۆمپانیای بازرگانییە بۆ گیرفان پڕ كردن و خۆدەوڵەمەند كردن و خۆدەرخستن و سنگ دەرپەڕاندن.
ئێستاش ساڵانێكە دەڵێن: ئەم پەتایە حكومەتی هەرێمیشی گرتۆتەوە و لە سێ كابینەیا وەزارەتێكی جانتا رەش هەیە، جانتایەكی رەش بە دەست پیاوێكی سەر سپییەوە.
من لە ناوەرۆكا لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوت و بە خۆماڵی كردنی ئەو سامانە سروشتییەم، بەس بە مەرجێك بۆ خزمەتی هاوڵاتیان و دانیشتوانی وڵاتەكە بێت و دادپەروەرانە داهاتەكەی دابەش بكرێت و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت. چونكە ئەو سامانە سروشتییە پەیوەندیدارە تەنانەت بە داهاتووی نەوەی نەتەوەیەكەوە و موڵكی تاكەكەس و تاكەس حزب، یان فرە كەس و فرە حزبێكی كەمینە نییە.
وەزارەتێك ماوەی 7 ساڵ بێ، هەیكەلی وەزارەتەكەی رێكنەخرابێت، لەپایتەخت بینایەی تایبەت بە خۆی نەبێت و لە ژوورێكی ئەنجوومەنی وەزیراندا بێت، لە پارێزگاكانی هەرێم بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەبێت و هەمە كارە و هەموو شت پیرەمێردێك و جانتاكەی بێت!.
ئەو پیرە مێردە یاسای وەزارەتەكەی مراندبێت و هیچكام لە بڕگەكانی جێبەجێ نەكردبێت كە تایبەتە بە دامەزراندنی كۆمپانیای كوردستانی بۆ گەڕان بە دوای نەوت و دەرهێنانی نەوت. هیچ ژمارە حیسابییەكی شەفافی نەبێت بۆ داهاتی نەوەتەكە. سیاسەتی پترۆڵ دۆلار جێبەجێ نەكات و نەك میللەت، پەرلەمانیش نەزانێ چۆن گرێبەست كراوە و لەگەڵ كێ كراوە و چەند نەوت دەفرۆشێت و كام پێكهاتەی دەفرۆشێت و داهاتی چەندە و داهاتەكە بۆ كوێ دەچێت و لە چیدا خەرج دەكرێ؟ ئەرێ ئەگەر ئەمە وەزارەتی جانتا رەشەكە نەبێ ئەی چییە؟
ئاخر ئەم بەناو وەزارەتە بە من چی، یە ئێمە چی، كە ساڵانە 1 یان 2 بەرمیل نەوت بە نرخی بازاری رەش لە حكومەت وەردەگرین، ئەویش تەنیا لە چلەی گەرمای هاوین دا. ئاخر جگە لە زەرە بەو لاوە، چ سودێكی بۆ ئەم میللەتە هەبووە!!!
ترسم لەوە هەیە رۆژێك گوێی شەیتان كەڕ بێ، ئەو كابرایە خوا نەكردە لە ترۆمبێلێك، لە تەیارەیەك، دەعمێك، وەرگەڕانێك روویدا، ئەوسا ئەم حكومەت و نیشتمان و پەرلەمانە بەسزمانە و خەڵكە چی بكات؟
چۆن كۆتی ئەو جانتا رەشەی پیاوە سەر سپییەكە بكاتەوە؟
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست