کوردستان نیشتمانی کورد
Friday, 23/08/2013, 12:00
یاکەشتی کورد ئەبەمە ساحیلی نەجات
یاڕوحی خۆم و ئالی پێغەمبەر بەپرد ئەکەم
(شێخی نەمر)
لە دوی نیشتمانێ وێڵم، بۆنی ئەکەم و هەستی ناکەم
هەستی ئەکەم و نایبینم، ئەیبینم و نایناسمەوە
(مامۆستا پشکۆ)
کوردستان خاکی نەتەوەیی و نیشتمانی هەموو کوردێکە. ئەمە بەو مانایە نیە کە تەنها پێوستە جگە لەکورد کەسی تر لەخۆ نەگرێ و بەداخراوی دەرگاکانی لە نەتەوەو گروپ و ئەتنیکەکان دابخا و ڕێگری لە تێکەڵاوی گەلانی نێو خۆی بکا. بەڵکە کوردستان پێوستە واڵا بکرێ بەپێی چەند مەرجێکی وا کە بگونجێ لەگەڵ باروو دۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوەی کورد.
هەنووکە لێشاوی لێقەوماوانی جەنگی ناوخۆی سوریا تەنگی بە کوردانی ڕۆژئاوا گرتوەو لەبارو دوخێکی ناهەموار و ئاکارێکی دەروونی نالەبار ژیان ئەگوزەرێنن. کوردانی ڕۆژئاوا ئەوەندەی لەژێر مەترسی مەرگ و نەماندان، زیاتریش لەژێر مەترسی ئەو ئەزموون و تاقی کردنەوەیەن کە ڕۆژانی دواتر بۆمان دەرئەکەوێ کەوا چەند ئەتوانن بەرگری لەو نیشتمانە بکەن کەوا لە مێژە سڕابۆوە لە جوگرافیای کوردستانی گەورە. ئەم پارچەیەیەی کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی سوپای سوریا لەلایەك و سوپای هێزە ئیسلامیە توند ڕەوکانی سەر بەتورکیا بەرەیان هەیە. ڕەنگە سوپای سوریا ئەوەندە نەیپەرژابێتە سەر هێزەکانی کورد، لێ ئەو وەرچەرخانەی بەناو سوپای ئازاد و هێزەکانی نوسرە ، کوردی ڕۆژئاوای لەهاوکێشەی مان و نەماندا ڕاگرتوە ، کەدواتر کوردی ئەوێ خۆیان ئەبێ ئەو چارەنووسە هەڵبژێرن کەئایا بەرگری لەبەشێکی نیشتمان گرنگترە وەیان هەڵهاتن لەزێدی دایك و باوك.
ئەزموونی (کۆڕەو) کە هیچی لە ئەزموونی (ئاشبەتاڵ) کەمتر نیە، سەرانی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی بەسەر کوردی باشووریان هێنا و جۆرێکی تر لە کەلتووری هەڵهاتن، سڵەمینە لەدوژمن،ترس و دڵە ڕاوکێ لە ماڵ و مناڵ، خاك چۆڵکردن و وازهێنان لەخاکی دایکیان کردە سیمبول و مەشخەڵی بەناو شۆڕشەکانیان. هەروەك چۆن بەناو شۆڕشی ئەیلول دوای ٣١ ساڵ لەخەباتی چەکداریانە(ئاشبەتاڵ)ی کرد و ئەو ١٠٠ هەزار پێشمەرگەیەی بەبێ تەقە تەسلیم بەدوژمنی بەعسی تێکشاو لەجەنگەکەدا کرد، ئاوهاش شۆڕشی نوێی گەلەکەمان کە یەکێتی مەشخەڵی هەڵگرتبوو(کۆڕەو)ی کردە دیاری و زیاتر لە ٣ ملیۆن خەڵکی کوردستانی باشووری ڕەوانەی سنوورەکان کرد و فێری کردین کەوا ئاساییە خاك بەجێبێڵین و واز لە کوردستان بێنین.
ئەو جەنگەی ئەوڕۆ کوردی ڕۆژئاوا دژ بەبەرەی نوسرەو هێزەکانی تر ئەیکەن هەرگیز شایەنی ئەوە نیە کەوا کورد ئاوا بەسانایی خاکەکەی خۆی جێبهێڵێ و خۆی بداتە دەست چارەنووسی کەسانی وەك مەسعود و جەلال. هەر نەبێ ، ئەبوو ئەزموونیان لە ڕابردووی ئێمە وەرگرتبێ و ئاوا بە ئاسانی کوردستان چۆڵ نەکەن. ئەشێ هەندێکی وەك مناڵ و پیرو پەککەوتە و بێ دەرتان لەڕێگای UNHCR و هەندێ ڕێکخراوی کوردی بۆ مافی ئاوارە و لێقەوماوان هاوکاری بکرێن و ژیانیان بۆ مسۆگەر بکرێ، لێ ناکرێ هەموو کوردی ڕۆژئاوا خۆیان لەوە بدزنەوە کەوا نەتوانن دژ بەبەرەی نوسرەو هێزەکانی تر جەنگ نەکەن. پێوستە هەرچی لەگەنجەکان بەبێ جیاوازی ڕەگەز، نەك هەر هی کوردستانی ڕۆژئاوا، بەڵکە هی هەموو پارچەکانی تر، بچنە ژێر چەتری (پەیەدە) و(پەکەکە)و ئەو هێزە ڕزگاریانەی تر کە داکۆکی لە کوردستانی ڕۆژئاوا ئەکەن.
ئەوەی لە ڕۆژئاوا ڕووئەدا هەڵهاتنە لە کوردبوون، ڕاکردنە لەبەرپرسیاری مێژوویی ، گۆڕینی کەلتووری بەرخودان و بەرگریە کە کورد لەوەو پێش شانازی پێوە کردوە و بە کەلتوورێکی نامۆو ناشارستانی و نانەتەوەیی. پێوستە لەسەر هەر کوردیك پشتگیری تەواو لە کوردستانی ڕۆژئاوا بکاو نەیەڵن و لەژێر هیچ پاساوێکدا کەوا ئەوێ چۆڵبکرێ و نیشتمانمان زیاتر و زیاتر بچووك بکرێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست