کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئایا یه‌كگرتوو له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ ...؟

Saturday, 03/04/2010, 12:00


ئه‌م راپۆرته‌ شیكاریه‌ وه‌لاَمه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى بۆچونیان وایه‌ كه‌ ته‌ییارى ئیسلامى و به‌تایبه‌ت یه‌كگرتوو ئیسلامى كوردستان له‌ روى بنكه‌ى جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌ ، ته‌نانه‌ت هه‌ندێ كه‌س پاش ئاشكرابونى ئه‌نجامى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش هه‌ر هه‌مان بۆچونى هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7 یان هه‌یه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌یرى (رِه‌وش و ئالیه‌ت و ئه‌نجامى) هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین ئه‌وا پێچه‌وانه‌ى بۆچونى ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ بۆچونیان وایه‌ كه‌ یه‌كگرتوو ئیسلامى كوردستان له‌ پاشه‌كشه‌دابێت .

جیاوازى ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌و هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى پێشو

وه‌ك هه‌موو مان ده‌زانین هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشو واته‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى (15/12/2005) به‌ ئالیه‌تى لیستى داخراو ئه‌نجامدرا و وه‌ هه‌موو عیراقیش یه‌ك بازنه‌ بوو .

شێوه‌ى دابه‌ش كردنى كورسی پارێزگاكانیش تا راده‌یه‌ك گونجاوبون به‌نسبه‌ت كورده‌وه‌ ، هه‌روه‌ها 45 كورسى دانرا بوو بۆ (ته‌عویزى) ئه‌ویش یه‌ كێكى تر بوو له‌ جیاوازیه‌كان ، به‌ڵام پاش چوار ساڵ وله‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى(7/3)دا و هێنانه‌ ئاراى چه‌ند ئالیه‌تێكى نوێ له‌ لایه‌ن لیسته‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ دژ به‌ لیسته‌ بچوكه‌كان وه‌ك گۆرینى ئالیه‌تى یه‌ك بازنه‌ى بۆ هه‌ژده‌ بازنه‌ واته‌ هه‌ر پارێزگایه‌ك بازنه‌یه‌ك بوو بۆخۆى ، یه‌كێكى تریش له‌ گۆرانكاریه‌كان گۆرینى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بو به‌ شێوه‌ى نیمچه‌ كراوه‌ و هه‌روه‌ها كه‌م كردنه‌وه‌ى كورسیه‌كانى ته‌عویزیش بۆ حه‌وت كورسى ئه‌مه‌ش وه‌ك بینیمان ته‌نها بۆ لیسته‌ گه‌وره‌كان خۆیان بوو ، له‌ كۆى هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ دابه‌ش كردنى كورسی پارێزگاكاندا نایه‌كسانیه‌كى گه‌وره‌ به‌دیكرا ، له‌ پرۆژه‌ یاساى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌و نایه‌كسانیه‌مان بینى كه‌ له‌به‌رامبه‌ر پارێزگا كوردیه‌كاندا كردیان (به‌ (ره‌زامه‌ندى لیستى هاوپه‌یمانى و به‌واژوى سه‌رۆك كۆمار) ، وه‌ك بینیمان ڤیتۆكه‌ى هاشمى فریامان كه‌وت و چه‌ندكورسیه‌ك بۆ پارێزگا كوردیه‌كان زیادكرا ، ئه‌مه‌ هه‌ندێك له‌ و هۆكاره‌ یاساییانه‌ بوو له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى كورسیه‌كانى كورد له‌ به‌غدا له‌ پاش زیادكردنى (50 كورسى) بۆ ئه‌م خوله‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رنى به‌غدا ، هه‌روه‌ها زیاد نه‌كردنى كورسیه‌كانى یه‌كگرتوو ، وه‌ك ده‌زانن یه‌كێك له‌ و پێنج كورسیه‌ خولى پێشوى په‌رله‌مانى به‌غداى یه‌كگرتوو كورسى ته‌عویزیى بوو ئه‌گینا خۆى خاوه‌نى ته‌نها چوار كورسى بوو، ئیتر ئه‌وه‌ باسى ناكارایى كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان و ته‌زویرات و ساخته‌كارى و خروقاته‌كانى لیستى هاوپه‌یمانى له‌ سنورى پارێزگا كوردیه‌كاندا چه‌ند هۆكارێكى ترى نا یاسایى بون كه‌ ئه‌م راپۆرته‌ جێگاى باسكردنیان نیه‌ چونكه‌ زۆر كه‌س و لایه‌نى تر به‌درێژى تیشكیان خستۆته‌ سه‌ر ئه‌و باسه‌ .

یه‌كگرتوو هه‌ڵوێسته‌ى كرد

له‌ پاش ئاشكرابوونى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 25/7/2009 ى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌و ئه‌نجامه‌ ناباشه‌ى لیستى چوار حیزبه‌كه‌ به‌ ده‌ستیان هێنا ، هه‌ندێك له‌چاودێران وزۆرێكیش له‌ ناحه‌زانى یه‌كگرتو پێیان وابوو كه‌ته‌ییارى ئیسلامى و به‌تایبه‌ت یه‌كگرتوو له‌ پاشه‌ كشه‌یه‌ى به‌رچاودایه‌، به‌بێئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌یه‌كى واقیعیانه‌ بكه‌ن بۆ چۆنیه‌تى به‌شدارى یه‌كگرتوو له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا و یان باسیان له‌و هه‌ڵه‌ ستراتیژیه‌ نه‌كردكه‌ یه‌كگرتوو ئیسلامى كوردستانى تێكه‌وت له‌ چۆنیه‌تى به‌شداریكردن له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ، چونكه‌ ده‌ركه‌وت هۆكاره‌كان زیاتر بابه‌تى بو نه‌ك هۆكارى زاتى .

به‌ڵام له‌ پاش گوێگرتن له‌ هه‌موو ئه‌و گله‌یى و راپۆرت و ره‌خنه‌ و تێبینیانه‌ى كه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتوو ئیسلامى كوردستان گه‌یشت له‌لایه‌ن ئه‌ندامان و دۆستان و رۆشنبیرانه‌وه‌ ، پاش هه‌ڵوێسته‌كردن و به‌خۆداچونه‌وه‌ وگۆرِینى ئالیه‌ت و خوێندنه‌وه‌ى واقیعه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ شه‌قام و جه‌ماوه‌رى یه‌كگرتوو ده‌یانوسیت ، هه‌روه‌ها كاركردن به‌ گور و حه‌ماسه‌ تێكى تره‌وه‌ له‌ ناو گشت چین و توێژه‌كانى یه‌كگرتوو دا له‌خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌م جاره‌ ، ئه‌وا بینیمان چه‌ند ئه‌نجامێكى ئیجابى دابه‌ده‌سته‌وه‌ ، رێژه‌ى ده‌نگه‌كانى یه‌كگرتوو شتێكمان پێده‌ڵێت و رێژه‌ى ده‌نگى چوارحیزبه‌كه‌ش شتێكیترى پێوتین، وه‌كبینیمان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا یه‌كگرتو به‌ته‌نها به‌هێنده‌ى چوار حیزبه‌كه‌ ده‌نگى هێنا جیاوازیه‌كه‌ لێره‌دایه‌ ، خۆ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ته‌نها نزیكه‌ى حه‌وت مانگیان نێوان بوو ئه‌ى ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ى جیاوازى ده‌نگ بۆ... ؟ چونكه‌ ئه‌وه‌ى پێشو خواسى شه‌قام و جه‌ماوه‌رى یه‌كگرتوو نه‌بوو ئه‌مه‌ى ئه‌مرِۆ خواستى ئه‌وه‌ بۆ یه‌ جیاوازیه‌كى زۆر له‌ رێژه‌كاندا ده‌بینین .

با ژماره‌كان خۆیان بدوێن

ئاخرهه‌ڵكشان و داكشان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ده‌ر له‌ هۆكارى بابه‌تى ته‌نها ژماره‌ و داتاكان ده‌توانن لایه‌نى سه‌ركه‌وت و سه‌رنه‌كه‌وتو یان هه‌ڵكشان و داكشانه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن ، خۆناكرێت هه‌ر له‌خۆوه‌ به‌بێ داتا و ژماره‌ باس له‌و لایه‌نه‌ بكرێت ، بۆیه‌ لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ به‌ژماره‌ و داتا رێژه‌ى سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌و پێش چونى یه‌كگرتوی ئیسلامى له‌نێوان هه‌ردو هه‌ڵبژاردنى (2005و2010)ده‌ستنیشان بكه‌م به‌پێى ئه‌و ئه‌نجامانه‌ى كه‌كۆمسیۆنى بالاَى هه‌ڵبژاردنه‌كان رایان گه‌یاندبو له‌هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا .

- یه‌كگرتو له‌شارى هه‌ولێر له‌ساڵى 2005دا(21404)هه‌زار ده‌نگی هێنابوو به‌لاَم له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2010دا (51085)هه‌زار ده‌نگی هێناوه‌ .

- له‌شارى سلێمانى هه‌ڵبژاردنى پێشو (85145)هه‌زار ده‌نگى هێنابوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بوه‌به‌(103188) هه‌زار ده‌نگ .

- له‌شارى دهۆك له‌هه‌ڵبژاردنى پێشو (28957) هه‌زار ده‌نگ بوو له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌رز بۆته‌وه‌ بۆ (59969) هه‌زار ده‌نگ.

- له‌شارى كه‌ركوك هه‌ڵبژاردنى پێشو (5143) هه‌زار ده‌نگ بوو وله‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا گۆرِاوه‌ بۆ (24247)هه‌زار ده‌نگ .

- له‌شارى به‌غدا هه‌ڵبژاردنى پێشو ته‌نها (327)ده‌نگ بوو به‌لاَم له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌رز بۆته‌وه‌ بۆ (1113)ده‌نگ .

- له‌شارى موسل هه‌ڵبژاردنى پێشو ته‌نها(2088) ده‌نگى هێنابوو ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بوبه‌ (5472)ده‌نگ .

- له‌شارى دیاله‌ هه‌ڵبژاردنى پێشو ته‌نها (245)ده‌نگى هێنابو ئه‌مجاره‌ به‌رز بۆته‌وه‌ بۆ (2310)ده‌نگ .

به‌تێكرِا له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2005دا یه‌كگرتوى ئیسلامى ده‌وروبه‌رى (146050)ده‌نگى هێنابوو ، به‌لاَم له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌م ساڵدا ده‌وروبه‌رى (247384)ده‌نگى به‌ده‌ست هێناوه‌ ، ئه‌مه‌و وێرِاى ئه‌وه‌ى كه‌یه‌كگرتو له‌پارێزگاى (ێلاح دین) كاندیدى نه‌بو ئه‌گینا له‌وێش چه‌ند هه‌زار ده‌نگێكى ده‌هێنا چونكه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى (2005)دا نزیكه‌ى (300)ده‌نگى له‌و پارێزگایه‌ هێنابو .

به‌جیاوازى رِێژه‌ى ده‌نگ له‌نێوان ئه‌م هه‌ڵبژادنه‌و ئه‌وه‌ى پێشو یه‌كگرتوى ئیسلامى نزیكه‌ى (101133)هه‌زار ده‌نگى زیاتر هێناوه‌ ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌و پێشچون و هه‌ڵكشان نیه‌ ئه‌ى ئاخو ده‌بێت چ ناوێكى ترى لێبنرێت .

یه‌كگرتو تاكه‌حیزبه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان كه‌به‌ ئاسۆى له‌هه‌مو ناوچه‌و شارو شارۆچكه‌كان له‌هه‌ڵكشانى به‌رده‌وامدایه‌ بارِێژه‌ى هه‌ڵكشانه‌كه‌ش له‌هه‌ندێك له‌ پارێزگاكان نه‌گه‌یشتبێته‌ رِاده‌ى به‌ده‌ستهێنانى كورسى ، له‌وانه‌یه‌ لیسته‌كانیتر له‌هه‌ندێ شارو ناوچه‌ له‌پێش یه‌كگرتووه‌بن ، به‌لاَم به‌ره‌و پێشچونه‌كانى ئه‌وان ناوچه‌ییه‌ واته‌ سه‌رتا سه‌رى نیه‌ چ حیزبه‌كانى ناو لیستى ده‌سه‌لاَت و چ لیسته‌كانى ئۆپۆزسیۆن ، ئه‌وه‌ش من واناڵێم ئه‌وه‌ ژماره‌ و ده‌نگ و كورسیه‌كانن خۆیان واده‌ڵێن .

نازانین ئێوه‌ رِاستده‌كه‌ن یان ده‌نگه‌كان...!

له‌كۆتابه‌شى رِاپۆرته‌كه‌دا حه‌ز ده‌كه‌م چه‌ند وته‌و مانشێتێكى له‌رِۆژنامه‌و گۆڤاره‌كان ده‌ر بهێنم كه‌زۆر سه‌لبینه‌ باسیان له‌یه‌گرتوویى ئیسلامى و ئیسلامیه‌كانى كوردستانكردوبو چ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و چ پاش هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ ، ئه‌وكه‌سانه‌ى كه‌ئه‌و لێدوانانه‌یان داوه‌ چونكه‌ برِیاریان داوه‌ كورد واته‌نى (ئه‌گه‌ر بشفرِێت هه‌ر بزنه‌) بۆیه‌ ئه‌و به‌ره‌و پێش چونانه‌ى یه‌كگرتو به‌داكشان و پاشه‌كشه‌و كۆتایى ناو ده‌به‌ن .

سه‌ره‌تا گۆڤارى (كۆنترِۆڵ)ى سه‌نگینى (ژماره‌ى 8) له‌بابه‌ تێكی چه‌واشه‌كارانه‌دا كه‌له‌ئاماده‌كردنى گۆڤاره‌كه‌بو ده‌نوسێت (دۆرِانێكى گه‌وره‌ له‌چاوه‌روانى یه‌كگرتودا)(له‌هه‌ڵبژاردنى داهاتودا جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى یه‌كگرتو ماڵئاوایی له‌یه‌كگرتوى ئیسلامى ده‌كات) جانازانم هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ چه‌ندێك قسه‌ى ئه‌و مامۆستا به‌رِێزه‌ى سه‌لماند و چه‌ند پێچه‌وانه‌كه‌ى راست بو، ئه‌وه‌باخوێنه‌ران خۆیان وه‌لاَم بده‌نه‌وه‌ .

به‌ رِێزێكیتر به‌ناوى دكتۆر عه‌ره‌فات ئه‌كره‌م كه‌ سكرتێرى كۆرِبه‌ندى هزرى ئیسلامییه‌ له‌ كوردستان ده‌ڵێت

(ئێستا رۆژى كۆتایی ئیسلامیزمه‌) جانازانم ئه‌و دكتۆره‌ به‌رِێزه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ى یه‌كگرتو به‌كۆتایی ده‌زانێت ئه‌ى به‌رێزیان بۆ له‌ كورتیدانى كورسیه‌كانى كورد له‌به‌غدا چى ده‌ڵێن ؟ ئاخۆ پێویست به‌ فاتیحا بۆ خوێندن ناكات ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵكشان كۆتاییهاتن بێت ئه‌ى ئاخۆ پاشه‌كشه‌ چى بێت ؟ هیوادارم ئه‌و به‌رێزه‌ش به‌ چاویلكه‌ى ره‌ش سه‌یرى واقیعه‌كه‌ نه‌كات .

به‌رِێزێكیتریش به‌ناوى شوان ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت (هێزه‌ ئیسلامیه‌كانى كوردستان له‌ هه‌ڵكشاندانیین به‌ڵكو له‌ پاشه‌ كشه‌یه‌كى به‌رده‌وامدان) ده‌پرسین ئاخۆ پێوه‌رى هه‌ڵكشان و داكشان لاى ئه‌و به‌رێزه‌ چییه‌ ؟ به‌چ پێوه‌رێك ئه‌نجامه‌كان ده‌پێوێت ، داتا و ژماره‌كان پێوه‌ر و سه‌نگى محه‌كن یان ره‌خنه‌ و بۆچون و ورِێنه‌كانى ئه‌و ، ئه‌و به‌رێزانه‌ بۆ لایه‌ك به‌لاى حیزب و لیسته‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ى خۆیاندا ناكه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كانى ئه‌و سێزده‌ حیزبه‌ى هاوپه‌یمانى لێك جیابكه‌یته‌وه‌ ئه‌وكاته‌ داكشانه‌كانیان زۆر جوان و رون خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن ، هه‌روه‌ك چۆن رێژه‌ى كورسیه‌كان راستیه‌كانیان سه‌لماند .

له‌كۆتایدا داوا له‌ دژه‌ (ئیسلامیه‌ راسته‌قینه‌كان) ده‌كه‌م ئیتر به‌چاویلكه‌ى ته‌ڵخه‌وه‌ سه‌یرى واقیعه‌كه‌مه‌كه‌ن چه‌نكه‌ وه‌ك وتم واقیعه‌كه‌ شتێكیتر ده‌ڵێت و ئه‌وانیش پێچه‌وانه‌كه‌ى ، ئیتر كاتى خۆشتا به‌دژایه‌تى ئه‌ولایه‌نانه‌وه‌ مه‌كوژن ، چه‌نكه‌ له‌ كۆتایدا ته‌نها ناراستگۆیى و ماندووبونتان بۆ دومێنێته‌وه.
هه‌ولیر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە