ئەفسانەی بارزانی وەهمێكە و هیچی تر

Tuesday, 08/03/2011, 12:00



لەم شارە زیندوەی هەڵوێست و هوشیاری چەند رۆژێك لەمەوبەر هەمو بینیمان جەماوەری گۆران سەرەرای گلەیی زۆریشیان لە هەڵوێستی سەركردایەتی بزوتنەوەكەیان چۆن بۆ بەرگری بزوتنەوەكەیان لە گردەكە كۆبونەوە، هەمو كەسیش دەبینێت جەماوەری نارازی بەر سەرای ئازادی سەرەرای ئاستەنگەكانی دەسەڵات، لە دەسترێژی بی كەی سی و تەقینەوە هەتا سوتاندنی خێمەكان، سێ هەفتەیە لە خۆپسشاندان بەردەوامە، دوێنێش بینیمان یەكێتی لە یادی راپەرینی 7-3-1991 دا سەرەرای پوكانەوەی تەواو هەستپێكراوی كەتەنانەت قەبارەی كاتی هەڵبژاردنەكانی پار وپێراریشی نەماوە كەچی هەرچۆنێك بێت خۆنیشاندانی ئاڵای سەوزی نوشتەیی سازدا و سەلماندی كە هێشتا لەم شارەدا كەسانێكی ماوە، بەڵام پارتی و سەرۆكەكەی كە لافی پارتی پێشرەو لێ دەدەن لەم شارە گەورەو سەرەكیەی كوردستاندا لە رۆژێكی گرنگی وەك یادی راپەریندا تەنانەت یەك ئاڵای رو زەردیشیان پێ نەبرایە سەر شەقام!! كە زۆر بەسادەیی نیشانەی ئەوەیە پارتی لەم شارە سیاسیەدا لە دوای ئاشبەتاڵەوە هیچ رۆڵێكی نەبوە تا یادی بكاتەوە ونیشانەی ئەوەیە كە ئەوەندەی لایەنگر نەماوە كە بوێرێت یان لە روی بێت نمایشیان بكات گەرچی لە هەڵبژاردنی پێشودا بەهەر شێوازێك بێت لە كۆی یەك ملیۆن دانیشتوانی ئەم شارە 25000 دەنگێكی هێنابو.
هۆی ئەمە چیە؟
ساڵانێكی دورو درێژ پارتی هۆی شكستی هەمیشەیی خۆی لە سلێمانی دەگێرایەوە بۆ رێگری و فشاری "جەلالیەكان" ، بەڵام ئێستا جەماوەر لە مێژە لە"جەلالیەكان" جیا بۆتەوە و یەكێتی تواناو شەهامەتی ئەوەی نەماوە بەربەرەكانی نفوزی بنەماڵە خۆسەپێنەكەی مەلا مستەفا بكات، كەچی جەماوەر بەیەك جاری و بۆ هەمیشە چۆتە سەنگەری بەرەو روبونەوەی دزی و تاڵانی و كوشت وبری ئەو بنەماڵە تاوانبارەی خۆی ناو ناوە پارتی، واتە لە كاتێكدا مام جەلال وەكو كەسی یەكەمی جەلالیزم لە پارتی مەلایی ترە جەماوەر لە مەیدانی رەتكردنەوەی دیكتاتۆریەتی مەلا مستەفاو نەوەكانیدا هەتا سەر ئێسقان "جەلالی"یە . ئێستا بەهۆی ئەو خەباتە سیاسی و راگەیاندنە ی باڵی مەكتەبی سیاسی لە شەستەكانداو یەكێتی لە حەفتاكان و شەری ناوخۆدا دژی بنەماڵە دەیكرد لەلایەك و لەلایەكی ترەوە بینینی راستەوخۆی جەماوەر بۆ تاوانەكانی پارتی لە دوای راپەرینەوە هەر لە دزینی داهاتی گومرگی برایم خەلیل و نەوت و هێنانەوەی بەعس لە 31 ی ئلب و هێنانی توركیا و تا نەبونی هیچ ئازادیەكی بیرورای جیاواز لە ناوچەكانی ژێردەستیدا هیچ رێز و ئابرویەكی بۆ ئەو بنەماڵە تاوانبارە لە پارێزگای سلێمانی نەهێشتۆتەوە و هەتا هەڵگرتنی جیناتی مەلا مستەفا تەزكیەی بون بە سەرۆكی پارتی بێت و بیانەوێت بەپاساوی هەبونی ئەوجیناتە لە خوێنی مەسروری حەوتەم و سودادی هەشتەمدا (ئەم ناوە سەیروسەمەرانەی بنەماڵەی كوردایەتی)... دو سەدەی تریش حوكمرانی بێ لێ پرسینەوەی كوردستان بكەن ئەوا خەڵكی كوردستان و ناوچەی سلێمانی ئەو بنەماڵە بەناو حیزبە بە دوژمنی سەرەكی خۆیان دەزانن.
ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە بڵاو كردنەوەی لێكۆڵینەوەی مێژویی بێ شەرم وبێ موجامەلەی درۆ و رەخنەی رۆژنامەوانی بەڵگەدار كاری راستەوخۆ دەكات لە سەر بەرچاورونكردنەوەی جەماوەر و یارمەتی دانیان بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی دروست بەرامبەر ئەو بابەتانەی كاریگەری راستەوخۆیان هەیە لەسەر نان و ئازادی و چارەنوسی خەڵكی كوردستان، هەربۆیە سەرانی بنەماڵە لە ساڵی 1964 وە هەتا ئێستا سڵیان نەكردوە لە تێرۆری هەر رۆشنبیرێك و سیاسیەك كە هەوڵێكی دابێت بۆ ئاشكراكردنی سروشتی تاڵانكاری و جەردەیی بنەماڵەی مەلامستەفا.
ئیتر پێویستە لەسەر نوسەران و لێكۆڵەران و رۆشنبیران ژیانی سیاسی و رۆشنبیری رزگاركەن لە تەزویرێكی گەورە كەماوەی 70 ساڵە بنەماڵەی مەلامستەفا وەك تێكۆشەری سیاسی و كوردپەروەر وێنا دەكات، ئەو بنەماڵەیەی كە لە بارودۆخێكی مێژویی تایبەتدا وەك هەر سەرۆك خێڵێكی رۆژهەڵاتی توانیان بەحوكمی نفوزی ئایینی و شێخایەتیان رۆڵە جەنگاوەرەكانی ناوچەی بارزان بەتەماعی پشكێك لە دەستكەوتەكان بكەن بە ئەندامی بزوتنەوە چەكداریەكانیان لەناوچە شاخاویەكانی خۆیان دژ بە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق و جارێك بە شەكروچاو سێوو پرتەقاڵ و جارێك بە برینەوەی معاش و جارێك بە وەرگرتنی پارەی مۆڵ وەیا دەستبەسەرا گرتن و فرۆشتنی چەكی بنكەكانی پۆلیسی ناوچەكەیان كۆتاییان بە بزوتنەوەكانیان دەهێناو ئەوە كارێك بو زۆر خێڵی تر لە عێراقی ئەوسا وەك خێڵی شەمەر، بەسەرۆكایەتی عەجیل یاوەر، مومارەسەی دەكرد، بەڵام نەگبەتی كورد لەوە دابو كە پێشەنگە سیاسیەكانی ئەوسای كورد وایان بەباش زانی مەلامستەفاو چەكدارە گوێ لەمستەكانی بكەن بە سیمبولی بەرەنگاربونەوەی چەكدارانەی كورد دژ بە جەورو ستەمی حوكمی تازە دامەزراوی عەرەبی عێراق، ئەو نەگبەتیە لەوێوە سەرچاوەی گرت سەرۆك خێڵێكی یاخی نەخوێندەواریان خستە سەر كورسی رابەرایەتی كردنی شۆرشی رزگاریخوازی گەلی كوردستان و چەندین ناوی قەبەی بێ مانای وەك كاوەی سەدەی بیستەم و باوكی كوردایەتی و شتیوایان بەسەردا بری و بە جۆرێك پروپاگەندەیان بۆ دەكرد كە باڵی مەكتەبی سیاسی پارتی لێی جیابوەوە زۆر درەنگ توانی سروشتی راستەقینەی ئەوبنەماڵە خێڵەكیە بۆ گەلی كوردستان رون بكاتەوە، بۆیە پێویستە لەسەر نوسەران و لێكۆڵەران كەمپینێكی زانستی فراوان بەرێخەن بۆ ئەوەی بەگوێرەی بەڵگەمێژوییەكان روی راستەقینەی بنەماڵە تاوانبارەكان بۆ خەڵكو بۆ مێژو ئاشكرا بكەن، ئاخر ناكرێت رێگە بدرێت ئەو بنەماڵەیە بەهەمو دزی و كوشت و برو گەندەڵیەكانیانەوە لە هەمو هەڵبژاردنێكدا نیوەی دەنگەكانی كوردستان بە دەست بهێنن بەس لەبەر ئەوەی نەوەی پیاوێكن لەوانەیە زەمانێك بە برنەوی دوربر لە شاخێكەوە چەند فیشەكێكی نابێت بە رەبایەكانی شاخەكەی بەرامبەریەوە. ئەگەر ئازایەتی شەخسی و شەرەتفەنگ ئەو مافە دەدات بەمرۆڤ هەتاهەتایە بەروبومی كوردستان پاوان بكات بۆ خۆی و نەوەكانی، ئەوا پێویستە رونبكرێتەوە كە خەبات و ئازایەتی ئەو بەناو مەلایە نەگەیشتوە بە خەبات و ئازایەتی سادەترین پێشمەرگەی پارتیزانی یەكێتی لە حەفتاكان و هەشتاكانی سەدەی رابوردودا، وناگات بە ئازایەتی و رۆڵی نوسەرە لاوەكانی رەهەند و رۆژنامە ئەهلیەكان كە بەرامبەر پیاوكوژانی دەستگاكانی پاراستن و زانیاری و دژەتیرۆری بنەماڵە تەنیا چەكی دەستیان قەڵەمەكانیانە و ناگات بە ئازایەتی ئەو گەنجانەی 17ی شوباتی ئەمساڵ و رۆژانی دواتر كە لە بەرامبەر هێرشی بی كەی سیدا لەبریتی راكردن دەگەران بۆ بەردی بەرەنگاری، ناكرێت كورد هەتاهەتایە نرخی هەڵەكانی برایم ئەحمەدو مامجەلال بدات لە فو تێكردنی كەسایەتی مەلا مستەفادا، چونكە ئەو بنەماڵەیە بە پشت بەستن بەو ئەفسانە وەهمیەی باوكیان نە لە خەباتی شاخدا هیچ رۆڵێكیان گێرا نە لە سەردەمی دەسەڵاتدا هێشتیان ئیدارەیەكی دیموكراسی هاوچەرخ لەكوردستان دامەزرێت.
ئەمە بە ومانایە نا قوربانی و رۆڵی هیچ چالاكوانێكی بزوتنەوەی كوردایەتی بەكەم بنرخێنرێت، بەڵكو ئێمەش وەك هەمو میللەتانی سەرزەوی پێویستە رێزی زۆری رەمزو سەركردەو پێشمەرگە و رۆشنبیر و هونەرمەندانمان بگرین، بەڵام پێویستە لێكۆڵینەوەی زانستی لەسەر كەسایەتی و كارنامە و رۆڵی هەركەسێك بكرێت كە وەكو رەمزێك یان سەركردەیەكی مێژویی دەناسێنرێت ئینجا بریاری لێ بدرێت و هەمو شانازی پێوە بكەین، دەبێت رۆشنبیرانی كورد سەرنجی ئەوە بدەن كە ئەو شۆرشە مەزنەی ئەمساڵی میسر رویدا چوار رەسمی جەمال عەبدولناسر مان تیا نەبینی، چونكە رۆشنبیرانی ئەو وڵاتە دەمێكە دیكتاتۆریەت و ناشایستەیی ئەویان بۆ گەلی میسرو هەمو عەرەب ئاشكرا كردوە.
لای ئێمەش پێویستە روی راستەقینەی ئەو بنەماڵە كوردستان دزە وەها ئاشكرا كرێت هەولێرو دهۆك و هەمو كوردستان وەكو سلێمانی شاربەدەریان بكەن. گەرچی خەڵكی بەشەرەفی هەولێری جوامێر باش ناسیویانن، نەك ئێستا تەنانەت لە سەردەمی شاخیشدا پێشمەرگە هەولێریەكان پەیوەست بون بە یەكێتی و حسكەوە نەك بەناو شۆرشی گوڵان لەكەرەج، پێویستە كوردستان لەو وەهمە تەزویرە رزگار كرێت كە پارتی و بنەماڵە بە حیزبێكی كوردایەتی لەقەڵەم دەدات. ئەگەر رۆشنبیرانی میسرو تونس و لیبیا بەناوی بەرژەوەندی باڵای وڵات و "رێزگرتنی هەمولایەنەكان" رەخنەیان لە ئەفسانەی وەهمی فسفس پاڵەوانەكانی خۆیان نەگرتایە هەرگیز ئەم شۆرشە مەزنەی رۆژهەڵاتی ناوەراستمان نەدەبینی.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە