کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پاش 12 ساڵ لە "شەهید"كردنى رەنج تۆمەتبارەكان هێشتا ئازادن!.

Monday, 02/02/2009, 12:00


بەدواداچوون:
هەولێر
دواى ئەوەى لە 21/3/1997 رەنجى تەمەن 15 ساڵ لە سەیران بە گوللە لێى دەدرێت و "شەهید" دەكرێت، تۆمەتبارەكان بەرلەوەى رەوانەى "دادگاى كەتنى سلێمانى بكرێن، ماددە یاساییەكان لە 406/31 بۆ 431 و لە 406/31 بۆ 411 دەگۆڕدرێن و تۆمەتبارەكان بەبێ غەرامە كردن ئیفراج دەكرێن". ئەگەرچى تاوەكو ئێستا لە دادگاكانى شارى سلێمانى زۆر كێشە چارەسەركراون و تاوانباران بە سزاى خۆیان گەیشتوون، بەڵام پاش 12 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ئەنجامدانى "تاوانەكە" تۆمەتباران و "بكوژەكە"ى رەنج بە ئازادى دەسوڕێنەوە و ئێستا كێشەكە لە دەستەى دادوەرییە.
وشیارى باوكى "شەهید" بە (میدیا)ى راگەیاند بە هۆى دەستتێوەردانى هەندێك كەس و لایەنەكان توانراوە چارەسەركردنى ئەم كێشەیە دوا بخرێت و "تاوانباران" بە سزاى خۆیان نەگەن.
بە پێى راپۆرتى داواكارى گشتى لە سلێمانى كە كۆپییەكى دەست (میدیا) كەوتووە، تیایدا هاتووە "ئەم كێشەیە زۆر دەست تێوەردانى پێوە دیارە، بۆیە بە راى ئێمە مافى كەسى و گشتى لەم كێشەیەدا ون بووە".
برینداركردنى رەنج لە ناوچەى پیرە مەگرووندا روویداوە، رائید جەزا بەرپرسى بنكەى پۆلیسى پیرە مەگروون بە (میدیا)ى گوت لەو كاتەى كە لە ساڵى 2006 وەكو بەڕێوەبەرى ئەو بنكەیە دەست بەكار بووە هیچ ئەولەویاتێكى ئەو كێشەیە لەو بنكەیە نەماوە.
بەڵام مامۆستا سەیفەدین بەڕێوەبەرى ئاسایشى گشتى لە سلێمانى لە لێدوانێكى بۆ (میدیا)، ئەوەى رەتكردەوە لایەنێك و خەڵكێك دەستیان لە كارەكە وەردابێت.



رەنج كێیە؟
رەنج وشیار كەریم كە بەهۆى "شەهید"كردنی تەنیا 15 ساڵ ژیا، بە پێى گوتەكانى دایك و باوكى نەجەوانێكى زیرەك و كۆمەڵایەتى بووە. باوكى رەنج كە لەگەڵ باسكردنى كێشەكەدا فرمێسك لە چاوەكانى دەهاتە خوار گوتى "لەو دەمەى كە دەبینم هاوڕێكانى رەنج ئێستا هەموو پزیشك و ئەندازیارن و زانكۆیان تەواوكرد، هەست بە بۆشایى و نەبوونى رەنج دەكەم، چونكە ئەگەر بمایە ئێستا وەكو ئەوان دەبوو".
خێزانەكەى رەنج لە دوو خوشكى بە ناوەكانى ئاڤان و چرا و دایك و باوكى پێكهاتبوو، بەڵام بەهۆى ئەوەى باوكى لە ساڵى 1992 "لەبەر هۆكارى بژێوى ژیان كوردستان"ى جێهێشتووە، هەریەك لە رەنج و دایكى و خوشكەكانى لە ماڵى باوكى گوڵنار بەناوى حاكم حەسەن دەژین. بەڵام "لە كۆتایى ساڵى 1996 باوكى گوڵنار مرد" بۆیە منداڵەكان و خێزانەكە هەر لەو خانووەدا واتا لە ماڵى باپیریان دەمێننەوە. بە پێى گوتەكانى باوكى رەنج، لەو دەمەدا خێزانەكەى بەو هۆكارە لەگەڵى نەچۆتە دەرەوەى كوردستان، چونكە "گوڵنار كچى بچوكى حاكم حەسەن بوو و بۆ خزمەتكردنى ئەو لەگەڵ منداڵەكان مانەوە"، لەگەڵ ئەوەشدا خێزانەكەى لەگەڵ بنەماڵەكەى خۆیدا پەیوەندییەكى پتەویان دەبێت و "رەنجیش لەبەر ئەوەى كوڕەبووە زۆر لەگەڵ ئامۆزاكانى تێكەڵ دەبێت".


سەیران مەرگ لەگەڵ خۆى دەهێنێت
لە رێككەوتى 21/3/1997 خێزانەكەى رەنج لەگەڵ هەریەك لە (ن) و شوان غازى كوڕە مامى رەنج، بڕیارى سەیران كردن لە ناوچەى دووكان دەدەن، بەڵام بەپێى قسەكانى دایكى رەنج كە شایتحاڵێكى راستەوخۆى ئەو رووداوە بووە و بەپێى راپۆرتێكى داواكارى گشتى لە سلێمانى، لەو دەمەى كە رەنج و خێزانەكەى و هاوڕێكانى لە سەیران گەڕاونەتەوە "بە سەیارەیەكى ئۆزمۆبیل، كە تۆمەتبار (ن.ع) لێى خوڕیوە و رەنج و كوڕى مامى شوان غازى لە پێشەوە دانیشتوون و دایكى رەنج و دوو خوشكى لە پشتەوە، لە نزیك پیرمەگروون سەیارەیەك كە تۆمەتبار (س) لێى دەخوڕى هەر یەك لە تۆمەتباران (ف) كە ناسراوە بە (ئا)، كە خزمى وشیار كەریمە لەگەڵ تالیب كەوتنە دوایان و رەماشیان بۆ لێدەدەن، تۆمەتبار (ن) بە خێرایى خۆى دەگەیەنێتە بازگەى پیرەمەگروون و دادەبەزێ و تەقە دەكات بە كڵاشنكۆفەكەى بە هەوادا و بازگەكە ئاگادار دەكات، كاتێك تۆمەتباران (ف) و (س) و (ت) دەگەنە سەریان دەست دەكەن بە لێدانى (ن) بە كڵاشنكۆفەكەى (ف) سەرى بریندار دەكەن، (ت)یش دەمانچە دەردەهێنێت، (س) هەر لە سەیارەكە دەمێنێتەوە، بازگەكە و ئاسایش شەڕەكە كۆتایى پێدەهێنن و (ف) چەكەكەى لێ دەستێندرێت و (ن) سوارى سەیارەكەى خۆى دەبێتەوە. لەم كاتەدا (ف) جارێكى تر سەر دەخاتە سەیارەكەى (ن) و كڵاشنكۆفەكەى (ن) رادەكێشێ و ئەویش بەرگرى لە خۆى دەكات و هەردووكیان چەكەكە رادەكێشن و دەسڕێژێك دەكرێت و رەنج دەپێكرێت و گوللەكان لەوەوە دەردەچێت بۆ شوان". بەپێى قسەكانى باوكى رەنج لە كۆى كوڕەكان تەنیا رەنج نەوجەوان دەبێت و تەمەنى لە خوار 18 ساڵییەوە دەبێت، بەڵام "ئەو كوڕانە كێشەى نێوان خۆیان هەبووە و لەو نێوانە رەنج بووە قوربانى و هەمووى بەرامبەر ئێمە وەستانەوە".
پاش ئەوە شوان چاك دەبێتەوە. بەپێى راپۆرتى پزیشكى دادوەرى كە لەو دەمەدا بۆ رەنج كراوە و كۆپییەكى دەست (میدیا) كەوتووە، "حاڵەتى زۆر خەتەرناك" بووە، هەر بەم هۆكارە رەنج پاش مانەوەى بە 20 رۆژ لە نەخۆشخانەى كوردستانى تایبەت لە شەوى 16/5/1997 گیان لە دەست دەدات و "شەهید" دەبێت.
بە پێى گوتەكانى گوڵنار بۆ (میدیا)، لەو دەمەى كە رەنج لە نەخۆشخانە بووە باوكى (ن) بڕى 21000 دینارى ئەوكاتى وەكو مەسرەفى نەخۆشخانە پێداوە. پاش ئەوەى دایكى رەنج رێگاى یاسا دەگرێتە بەر بۆ دەسگیر كردنى تۆمەتبارەكان، وەك خۆى ئاماژى پێكرد یەكێك لە دادوەرەكانى ئەو سەردەمە پێى گوتووە "وەرە ماڵەوە لە ماڵەوە كێشەكان چارەسەر دەكەین"، گوڵنار كە ئەم رووداوەى دەگێڕایەوە گریان قوڕگى گرتبوو و گوتى "من داواى لێكۆڵینەوەم لە چارەنووسى كوڕەكەم كردووە، بۆچى بچمە ماڵى دادوەر، ئەو دەیویست من كارى ترى لەگەڵ بكەم و بەو جۆرە كێشەكە چارەسەر بكەن".
وەك لە راپۆرتى داواكارى گشتیدا هاتووە ئەو "21000دینارە لە لایەن باوكى (ن)ەوە بۆ مەسرەفى نەخۆشخانە دراوەتە دایكى رەنج كە لەو كاتەدا ماوەى سێ هەفتە لە نەخۆشخانەیەكى ئەهلى ماوەتەوە، نەك وەك سوڵح كە ئێستا باسى لێوە دەكرێت".
پاش ئەوەى كێشەكە روودەدات راستەوخۆ باوكى رەنج لە رێگاى كەس و كارییەوە ئاگادار دەكرێتەوە و وشیاریش حكومەتى هۆڵەندا لەو كێشەیە ئاگادار دەكاتەوە، تاوكو رەنج ببەنە یەكێك لە نەخۆشخانەكانى ئەوێ و لەوێ چارەسەرى بەكەن، بەڵام "تا ئەو كاتەى مامەڵەكان و ئیجرائاتەكان لە ماوەى 15 رۆژ لە لایەن حكومەتى هۆڵەنداوە تەواوبوو و نەخۆشخانە و فڕۆكەیان بۆ ئامادە كرد، گوتیان ئێوە تەنیا بیگەیەننە زاخۆ و لەوێوە بیگوازنەوە" لەو دەمە بەهۆكارى هەبوونى شەڕى ناوخۆ و گرتنى رێگاكانەوە كارى گواستنەوەى رەنج دوا دەكەوێت "لەو كاتەشدا رەنج قاچێكى دەبڕێتەوە و 120 بوتڵ خوێنى تێدەكرێت، بە هۆى سەختى برینەكانیشى گیانى لە دەستدا، بەڵام هەوڵمدا خێزانەكەم لە مەترسى رزگار بكەم، بۆیە بە هاوكارى حكومەتى هۆڵەندا بە فڕۆكە دواى شەهید بوونى رەنج خێزانەكەم گواستەوە ئەو وڵاتە".
وشیار ئاماژەى بەوە كرد لەو دەمەى ئەو كێشەیە روویداوە چەندین تۆمەتى ئەخلاقییان ئاراستەى خێزانەكەى كردووە و ویستوویانە بیانوو بۆ شەهیدكردنى رەنج بهێننەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دادوەر داواى ئەوەى لێكردبوو "بۆ تەماشاكردنى ئەوراقەكانى بچێتە ماڵەوە، بۆیە گوڵنار لەبەر پاراستنى ناوبانگ و منداڵەكانى تر لە كێشەكە دوور كەوتبۆوە، كەچى تاوەكو 2007 كێشەكە هەر بەكراوەیى مابۆوە و بەناوى گوڵنارەوە تەنازولیان لە داواكارییەكەى بۆ كردبوو"، بۆیە گوڵنار لە بارەى تەنازولكردنەكەى بەخەتى خۆى، ئەوەى ئاشكراكرد كە ئەو خوێندەوارى نییە و لە توانیایدا نییە دێڕێكیش بنووسێت.



لایەنەكان هەوڵى شوێن بزركردنى مامەڵە یاساییەكان دەدەن
پاش ئەوەى دوو كچەكەى و هاوسەرەكەى وشیار دەگەنە وڵاتى هۆڵەندا لە لایەن حكومەتى هۆڵندییەوە هەوڵى چارەسەر كردنیان بۆ دەدرێت، چونكە بە هۆكارى "شەهیدی"كردنى رەنج لەبەر چاوى ئەوان دووچارى بارێكى دەروونى سەخت و دژوار دەبنەوە، كە بەگوتەى گوڵنار و وشیار تا ئەم كاتەش لە لایەن پزیشكى تایبەت لەو وڵاتە لە ژێر چارەسەرى دەروونى ئەو رووداوە سەختەدان.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەم خێزانە بڕیار دەدەن لە رێگەى دادگاوە لە كوردستان ئەم رووداوە زیندوو بكەنەوە و "تۆمەتبارەكان و تاوانبارەكان" بە سزاى خۆیان بگەن. بەڵام لەو دەمەى باوكى رەنج لە ساڵى 2007 دەگەڕێتەوە كوردستان ئەولەویات و مامەڵە یاساییەكانى ئەو رووداوە لە بنكەى پۆلیسى پیرەمەگروون نەماوە. بۆیە "لە دواى رۆیشتنى ئێمە ساحەكەیان بۆ تەخت بووە و بەكەیفى خۆیان ئەولەویات و مامەڵە یاساییەكانیان نەهێشتووە".
رائید جەزا كە لە مانگى 8/2006وە بەرپرسى بنكەى پۆلیسى پیرە مەگروونە، ئەو قسانەى وشیارى بۆ (میدیا) پشت راستكردەوە و ئاماژەى بەوە كرد كە لەو دەمەى لە ساڵى 2007 باوكى رەنج چۆتە لاى و داواى ئەولەویات و مامەڵە یاساییەكانى لێكردووە "دواى گەڕان و پشكنین بەنێو سجل و ئەوراقەكاندا هیچ ئاسەوارێك بۆ تۆماركردن و هەبوونى كێشەیەكى لەو چەشنە لە بنكەكەى ئێمە نەمابوو، بەڵام وشیار بە ئیستنساخ و بە مۆرى تەسدیق كراو وەكو بنەماڵەى داواكار كۆپییەكى ئەو ئەولەویاتەیان لە لاى خۆیان هەڵگرتبوو، بۆیە لە رێگاى داواكردن لە دادوەر توانیمان جارێكى تر لە دادگاوە مامەڵەكان دەستەبەر بكەینەوە" و "ئەو تۆمەتبارانەى كە ئەمر قەبزیان هەبوو لە سلێمانى دەسگیر كران". دواى ئەوە باوكى رەنج دەخوازێ كێشەكە لە بنكەى پۆلیس نەمێنێت و بچێتە ئاسایشى گشتى، رائید جەزا گوتى "تۆمەتبارەكانیان بە سجنى بۆ ئێمە نارد و ئێمە لەوێ كەوتینە ئیفادە لێوەرگرتنیان، ئەوان هێشتا لە سجن بوون وشیار عەریزەیەكى پێشكەشكردبوو بەوەى كێشەكە بچێتە ئاسایشى گشتى و لەوێ ئیجرائاتیان بەرامبەر بكرێت"، بۆیە ئێستا "ئەو كێشەیە پەیوەندى بە ئێمەوە نەماوە".


ئاسایشى گشتى سلێمانى و گۆڕینى ماددە یاساییەكان
لە ساڵى 2004دا بۆ یەكەم جار باوكى رەنج بۆ بەدواداچوونى ئەم كێشەیە دەگەڕێتەوە كوردستان، لەو دەمەدا پارێزەرێك بۆ كێشەكە دەگرێت، بەڵام پاش تێپەڕبوونى 15 رۆژ پارێزەرەكە پێى دەڵێت "بەدواى ئەو كێشەدا مەڕۆ چونكە خراپتر دەبێت" لەگەڵ ئەوەشدا ئەو لە مەبەستى پارێزەرەكە تێنگات، بەڵام وەك خۆى گوتى "لە ساڵى 2007 تێگەیشتم پارێزەر سۆران بۆ واى وت".
پاش ئەوەى لەو رێگایەوە ناگاتە ئەنجامێك وشیار لە رێگاى تۆڕى ئینتەرنێتەوە هەوڵدەدات كێشەكەى بگەیەنێتە چەند لایەنێك، هەر لەم رێگایەوە دەتوانێ گفتوگۆ لەگەڵ عەدنان موفتى سەرۆكى پەرلەمانى كوردستان بكات و كێشەكەى خۆى بۆ باس بكات، بەم هۆكارەش "عەدنان موفتى كەسێكى پێناساندم تا رێگاى یاساییم پێ پیشان بدرێت"، پاش ئەوە مامۆستا سەیفەدینى بەڕێوەبەرى ئاسایشى گشتى سلێمانى پێدەناسێنێت و وەك خۆى گوتى "لەو دەمەى كە بینم تا ئەنجامدانى ئیجرائاتەكانیش رێزێكى زۆرى لێگرتم و داواى لە جێگرى داواكارى گشتى ئەمیرە خان كرد كە بەدواداچوون بۆ ئەو رووداوە بكات".
بۆیە ئەوان لە یەكەم شوێنى رووداوەكە دەست بە لێكۆڵینەوە دەكەن تا ئەو كاتەى بڕیارى دەسگیركردن بۆ تۆمەتبارەكان دەدەن، بەڵام وەك وشیار گوتى "هەر یەك لە (س.ئە.ك) و (ن.ع.ق) كە ماوەى دوو مانگ بوو ئەمر قەبزیان هەبوو پۆلیس نەدەچوو دەسگیریان بكات، بۆیە لەسەر داواكارى مامۆستا سەیفەدین كێشەكەم گواستەوە ئاسایشى گشتى و دواى ئەو دوومانگە تۆمەتبارەكانیان گرت".
بۆیە (ن) و (س) لە ئاسایشى گشتى دەسگیر دەكرێن، بەڵام بە پێى قسەكانى باوكى رەنج "هەر لەو یەكەم ئێوارەیەى كە دەسگیركران، مامۆستا سەیفەدین لە ژوورەكەى بانگى كردم و وتى تاوانبارەكە گیراوە، كە جێگرى داواكارى گشتى و پارێزەرەكەى من و موقەدەمێك و براكەى (ن) و كوڕەكەى داناى ئەحمەد مەجید لەوێ بوون، لەوێ كوڕەكەى دانا و براكەى (ن) چاوەكانیان هەڕەشەى تێدابوو، تا ئەو كاتەى مامۆستا سەیفەدین پێى وتن ئاگاداربن ئەو پیاوە پەنجەیەكى لە خوێن بێت ئێوە لێى بەرپرسیارن"، ئەوان كە بە تەلەفۆنەكانیانەوە لەو ژوورەوە ئامادە ببوون ویستبوویان ئەوان ئازاد بكەن "تەنانەت مامۆستا سەیفەدینیش ئەو وەزعەى پێناخۆشبوو" بۆیە "پاش ئەوە چوون نووسراوێكیان بۆ (ن) كرد گوایە ئەمە نەقیبى دژە تیرۆرە، مامۆستا سەیفەدینیش لەسەر ئەمە دابوویەوە دەستیان، ئەمەش بەو پێیەى كە لە لاى ئەوان دەست بەسەر بێت، بەڵام پاش ماوەیەكى تر دەبینن ئەو لە بازاڕدا دەسوڕێتەوە، بۆیە جارێكى تر مامۆستا سەیفەدین دەسگیرى دەكاتەوە"، "لە دواى ئەوە بیستم كە كوڕەكەى كاك دانا بە ناوى موحەققەوە چووە بۆ ئاسایش و لەگەڵ (س) دانیشتووە" بۆیە "باوكى (س) لە سلێمانى لەگەڵ من و پارێزەرەكەم دانیشت و پێم گوت من هیچ شتێكم لەگەڵ ئێوەدا نییە تەنیا دەمەوێ لە رووى یاساییەوە مامەڵەى لەگەڵ بكەم، بەڵام ئەو گوتى (ن) دەڵێت لێى گەڕێن من خۆم بەریدەدەم، بەراستیش وابوو و بەریاندا".
مامۆستا سەیفەدین بەڕێوەبەرى ئاسایشى گشتى سلێمانى ئەوەى پشتڕاست كردەوە كە پێشتر ئەو تۆمەتبارانە لە لایەن ئەوانەوە گیراون، بەڵام ئەوەى بە ناڕاست وەسف كرد كە دەژە تیرۆر ویستبێتى دەست لەو كارە وەربدات و گوتى "لە لایەن هیچ كەسێك لە دەزگاى دژە تیرۆرەوە هەوڵى بۆ نەدراوە و تەداخول نەكراوە، زاناى كوڕى كاك داناش پەیوەندییەكى بە دژە تیرۆر و ئەم باسەوە نەبووە".
لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەرى ئاسایشى گشتى ئاماژەى بەوە كرد مامەڵە یاساییەكان چەند ساڵێك بەر لە ئێستا دیار نەمابوون، بۆیە ئەوان لە رێگاى داواكارى گشتییەوە ئەمیرە خانیان بۆ ئەم كێشەیە راسپاردووە و گوتیشى "ناكرێت لە پشتەوەى یاسا ببینە بەدیلى یاسا، دەمانویست ئەو كێشەیە رێڕەوى خۆى وەربگرێت. ئەوەبوو ئەو كێشەیەمان دایە دادگا بە شئون قانونى مەسەلەكان بڕوانەتەوە، جا عەدالەت لە قانوونەكە كراوە یان نەكراوە، ئەو پیاوە دەتوانێ تەمییزى بكاتەوە". ئەو ئاماژەى بەوە كرد "كاتى خۆى بە پارە سوڵحیش كرابوو"، بەڵام دایكى رەنج سوڵحكردنى ئەو كێشەیەى بە پارە بە دوور لە راستى زانى، چونكە "ئەو پارەیەى كە كاتى خۆى باوكى (ن) داى بە ئێمە تەنیا بۆ خەرجییەكانى نەخۆشخانە بوو نەك سوڵح".
بەپێى راپۆرتى داواكارى گشتى لە "1/10/2007 ئەم كێشەیە ئیحالە كراوە بۆ دادگاى كەتنى سلێمانى پاش ئەوەى ماددەى یاسایى گۆڕاوە بۆ هەر یەك لە (ن) 406/31 وە بۆ 431 و ئفراج كاون، وە بۆ (ف) لە 406/31 بۆ 411.س وە ئیفراج كراوە تەنانەت غەرامەش نەكراوە".
لەم بارەیەوە (میدیا) پەیوەندى بە ئەمیرە خان جێگرى داواكارى گشتى كرد، بەڵام ئەو سەبارەت بەم كێشەیە نەیتوانى بەشێوەیەكى فەرمى هیچ لێدوانێك بدات چونكە "ئەو كارێكى فەرمییە و كاریشمان تێدا كردووە، تا ئێستا لێكۆڵینەوە بەردەوامە و ئێستا بووە بە قەزییە و لە مەجلیسى قەزایە و وەزارەتى ناوخۆش بەدواداچوونى بۆ كردووە"، ئەو كێشەیە لە كاتێكدا بووە كە ئەو فەرمانبەر بووە و كێشەكە هاتۆتە بەر دەستى.
ئومێد جەلال حەسەن پارێزەرى كێشەى بنەماڵەى وشیار، سەبارەت بەم كێشەیە ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك بدات، چونكە وەك خۆى گوتى "ئێستا كێشەكە لە بەردەم دادگایە و بابەتەكە لە كاتى لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوە دایە، لە رووى یاساییەوە ناتوانم هیچ لێدوانێك بدەم، بەڵام كێشەكە پێشتر لە دادگاى لێكۆڵینەوەى ئاسایشى گشتى سلێمانی بوو و ئێستا بە بڕیارى دادگا تەمییز كراوەتەوە و لە دەستەى دادوەرییە لە شارى هەولێر".



مرۆڤ دۆستەكان هەوڵ بۆ چەسپاندنى یاسا دەدەن
سەرەڕاى ئەو هەوڵانەى بنەماڵەى رەنج ئەنجامى دەدەن بۆ ئەنجامدانى دادگایى كردنى "تۆمەتبارەكان و تاوانباران"، بەڵام وشیار هەوڵى داوە گفتوگۆ لەگەڵ چەند كەسێكى مرۆڤ دۆستدا بكات، بەم هۆكارە لە مانگى 10/2008 لەگەڵ هەر یەك لە مەهاباد قەرەداغى و ئەمیرە خان دەچێتە لاى وەزیرى داد.
لەم بارەیەوە مەهاباد قەرەداغى وەك مرۆڤ دۆستێك هەوڵى خۆى خستۆتە كار و ئاماژەى بەوە كرد، پاش ئەوەى لە لایەن باوكى رەنجەوە دیكۆمێنتەكانى بینیوە پێشلكارى مافى مرۆڤى لەو بابەتەدا بینیوە "پێشلكارى مافى منداڵێك كە كوژراوە و حەقیشى ونكراوە، پێشلكارى لە مافى ئەو ئافرەتە كە ناچار كراوە دەست لە داواكەى خۆى هەڵگرێ، چونكە بە هەندێ تۆمەت بوختانیان بۆى كردووە"، بۆیە "هەوڵمدا پەیوەندى بە وەزارەتى ناوەخۆى سلێمانى بكەم تا بزانم ئایا كەموكوڕى لە كوێیە و بۆچى ئەولەویاتى ئەو رووداوە ونكراوە"، "ئەوەم بۆ دەركەوت كە كەموڕى هەبووە لە بنكەى پۆلیس، بەڵام نازانم ئەوان چ جۆرە سزایەكیان هەبووە بۆ ئەو كەسەنانەى كە سەرپێچى یاسایان كردووە یان لە ونبوونى ئەولەویاتى ئەو بابەتە"، تەنانەت وەزیرى داد فاروق جەمیل "ئەویش پێى وا بوو كەموكوڕى لەو بابەتەدا هەیە".
وەزیرى داد سەبارەت بەم كێشەیە ئەوەى بۆ (میدیا) روونكردەوە ئەو هیچ زانیارییەكى لەو بارەیەوە نییە سەرەڕاى ئەوەى كە ئەوانیش چوون بۆلاى، بەڵام "ساڵێك زیاترە دادگا سەر بە ئەنجومەنى قەزایە و ئەوان بەرپرسیارن".
لە ماوەى مانگى 10/2008 وشیار هەوڵیدا لە رێگاى وەزارەتى ناوخۆ و بەشى یاسایى ئەو وەزارەتە بە دواداچوونەكانى دەست پێبكاتەوە، بەم هۆكارە چاوى بە وەزیرى ناوخۆى سلێمانى دەكەوێت و ئەوانیش بڕیاردەدەن لیوا ئاسۆ لە بەشى یاسایى وەزارەت بۆ بە دواداچوونەكان سەرپشك بكەن، لەم بارەیەوە بریكارى وەزیرى ناوخۆى سلێمانى ئەحمەد موسا بۆ (میدیا) گوتى "ئێمە داوامان كرد لیژنەیەكى لێكۆڵینەوە ئەنجامەكەمان بۆ ساغ بكاتەوە، ئەگەر خەتابارێك هەبێت لەم كێشەیەدا سزاى خۆى وەربگرێ". بۆیە ئەوەى رەتكردەوە لیوا ئاسۆ بە هۆكارى كەم و كورتى لە بەدواداچوونەكەیدا لەسەر ئەم باسە لە وەزارەتى ناوخۆ دەركرابێت، بەڵام گوتى "ئێستا عەقید بەرهەم لە بەشى یاسایى هەمان كار جێ بەجێ دەكات"، بۆیە "كەمتەرخەمى هەبێت ئێمە لەگەڵ كەسەكانى خۆمان ئیجرائاتى یاسایى دەكەین، هەرچەند من گوێبیست بووم لە عەقید بەرهەم ئەگەر كەمتەرخەمییەك هەبووبێ ئەو لێبوردنە گشتییە كە پێش چەند ماوەیەك دەرچوو دەیگرێتەوە"، لەگەڵ ئەوەشدا "بەڕاى تایبەتى خۆم هەندێ كەمتەرخەمى هەبووە، پارێزەرەكەشم ناردووە بۆ لاى بەڕێوەبەرى فەرمانگەى یاسا، بۆئەوەى پێكەوە بەدواداچوون بكەن و زوو كۆتایى پێ بهێنن".

تێبینى: ئەم بەدواداچوونە لە ژمارە (373)ى رۆژنامەى (میدیا) لە لاپەڕە (10) بڵاوكراوەتەوە.

وێنەکه‌ ،وێنه‌ی "رەنج"ه‌ لە كاتى مانەوەى بە بریندارى لە نەخۆشخانە، لە ساڵى 1997
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە