سەردەشت عوسمانم !!!
Thursday, 13/05/2010, 12:00
سەردەشت عوسمانم !!!
پێش شەهید كردنت هاوڕێ من هەر نەبووم . پێش شكانى قەڵەمەكەت من قەڵەمم هەر نەدیبوو , پێش هاوارى ئازادى تۆ من ئازادیم دۆڕاندبوو , پێش خەیاڵى بوون بەزاواى سەرۆكەكەم من نەسەرۆك نەناوى كچەكەیم زانى بوو ,پێش ئەوەى كە بتفڕێنن ڕیسوایى ئەم بنەماڵەو ئەم نەخوێندەوارانەم نەدیتبوو , پێش ڕشتنى خوێنى ئاڵت هەولێر پایتەختى ئاشتى بوو , بەڵام كاتێك شەهید كراى من لەنەبوونەوە هاتم قەڵەمێكى مرەكەب سور هاتە دەستم ئازادى هاوارى هێناو گڕ لە دەست ویژدانمەوە كڵپەى ئەسەند قەڵەمەكەم تواناى نەبوو هەستە گڕگرتووەكانم تۆماركا , بنەماڵە و سەرۆكەكەى مل شۆڕ كچى سەرۆك خۆزگەى بەبینینى تۆوە ئەخواست واى دەزانى كەتۆ ئەوت خۆش ویستووە !!
هاوڕێى شەهید ئێستا هەولێر پەشیمانە دەڵێ خۆزگە پەنجەكانم بشكانایەو دەنگم بەم شەمشەمە كوێرانە نەدابایە , سلێمانى هەرزوو هاوارى لێ هەستا ووتى نەمووت هەولێرەكەم ئەمانە تەنها شتێك كەبیزانن ڕاكردن و دزى و دوژمن هێنان و كوشتنە ووتى نەمووت دواى سۆرانى مامە حەمە قەڵەم دواى قەڵەم دەشكێنن هەتا وایان لێ دێ لەجێى قەڵەم جامانەى سورمان دەدەنێ ئەى من نەمووت ئەمانە مرۆڤى چاخى كۆنن لەناو بازنەیەكدا خول دەخۆن , هەولێرەكەم من زۆر هاوارم بۆكردى دەنگەكانت بسوتێنە نەك بیكەیتە هێزێك بۆكوشتنى ڕۆڵەكانت .
هاوڕێ گیان تەنها داخێك كەلەدواى تۆ بەجێ مابێ مانەوەى ئەم باندە مافیایەى دەسەڵاتە لەهەمووشى ناخۆشتر بێ دەنگى كەسانێكە كە ویژدانیان لە پارەو مەسڵەحەتەوە بەستووەو ناهێڵن بێتە دەنگ , داخەكەى ئێمە دهۆكە كەتا ئێستا مت و سڕەو لەترسا بێت یان هەرچى یەك دەنگى نایە وادەزانێ كەبێدەنگ بێت جامانە سورەكان وازیان لێ دێنن و چى تر تەعدایان لێ ناكەن نازانن هەركاتى ئەم خوێن خۆرانە برسییان بوو تینوویان بوو دەبێت خوێنى و گۆشتى میللەت بخۆن نازانن هەركاتێ هەوەسیان بوو ڕۆڵەكانیان لەت لەت دەكەن , دهۆك بەسە بێدەنگى كاتى ئەوە هاتووە بڵێى بنەماڵە من تۆم دروست كردو هەرمنیشم دەتپارێزم یاخود لەناوت دەبەم بەسە خوێنى ڕۆڵەكانم مەخۆرەوە بەسە بەجامانەى سور چاوم مەبەستە دەمەوێ هەتاوى ئازادى ببینم ...........!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست