هۆیه‌کانی پێشنه‌که‌وتنی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری- بەشی دوهەم
Saturday, 10/08/2013, 12:00
1854 بینراوە
4- جێگا و ڕێگای ستراتژی کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد که له ناو سێ نه‌ته‌وه‌ی دواکه‌وتوتر له خۆی هه‌ڵکه‌وتوه و هه‌ریه‌که له و نه‌ته‌وانه به درێژایی مێژو نکۆڵیان له بونی نه‌ته‌وه‌ی کورد کردوه.
سێ نه‌ته‌وه‌ی تورک و عه‌ڕه‌ب و فارس به درێژایی مێژو له سه‌ر ئه‌وه‌ی که کامیان خاکی کوردستان زیاتر داگیربکات، شه‌ڕیان بوه و به‌م شێوه‌یه کوردستانیان کردۆته مه‌یدانی شه‌ڕ و ململانه‌ی خۆیان. له‌لایه‌کیتر بە درێژایی مێژو هه‌رسێکیان شه‌ڕیان به کورد فرۆشتوه و بە کۆمەڵکوژی دڕندانە تۆوی دوبه‌ره‌کی و دوژمنایه‌تیان لە کوردستان و ناوچەکە ناوه‌ته‌وه.
هۆیه‌که‌شی دیاره ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که قه‌ت له مێژودا ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێران، ئێڕاق، تورکیه و سوریه ئازادیخواز و پێشکه‌وتوخواز نه‌بونه. به‌ڵکو دهستهڵاتدارانێکی به‌رژه‌وه‌ندیخواز و دیکتاتۆڕ بونه که تامەزرۆی شه‌ڕ و ئاژاوه و خوێن ڕشتنیان کردوە.
له لایه‌کی تر نه‌ته‌وه‌کانی داگیرکه‌ری کوردستان زۆر زو هه‌ستیان به ده‌وڵه‌مه‌ندبونی خاکی کوردستان کردوه. بۆیه هه‌مویان هه‌وڵیان داوه که بەشێکی زیاتر له و خاکەیان پێ ببڕێت. چونکه هەرکام لەم داگیرکەرانە زانیویەتی چەندە خاکی کوردستان داگیربکات، ئه‌وه‌ندە له ڕکەبەرەکهی تر بەهێزتر دەبێت. ئه‌و سێ نه‌ته‌وانه ویستویانە نکۆڵی له بونی کورد و خاکی کوردستان بکه‌ن و له ناوخۆیاندا بیتوێننه‌وه و سه‌رمایه‌که‌شی بۆ خۆیان بدزن. ئه‌و سیاسه‌ته چه‌وته‌ی داگیرکەران بۆته هۆی پێشنه‌که‌وتنی نه‌ته‌وه‌کانی خۆشیان. چونکه هه‌رده‌م بانگه‌وازی شه‌ڕیان کردوه و نه‌ته‌وه‌کانی خۆشیان بۆ شه‌ڕخوازی و مرۆڤکوژی پەروەردە کردوە. ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی تری پێشکه‌وتوی جیهان ده‌یانه‌وێت بیری پێشکه‌وتویی و ته‌کنۆلۆژیا و زانست له ناخۆیاندا به‌هێزتربکه‌ن، نه‌ته‌وه‌کانی تورک، عه‌ڕه‌ب و فارس ته‌نیا بیری چه‌ک و شه‌ڕ و خوێنڕشتن ده‌که‌نه‌وه. له‌مه‌ش خه‌راپتر هه‌ر ئه‌م بیره نامرۆڤانه‌ش فێری منداڵه‌کانیان و وەچەی پێشەڕۆژیان ده‌که‌ن.
ئه‌و نه‌ته‌وانه پێویسته که ته‌نانه‌ت بۆ پێشکه‌وتنی خۆشیان بێت ئاشتی و ئارامییه‌ک له ناوچه‌که‌دا پێک بێنن. چونکه نه‌بونی ئاشتی ده‌بێته هۆی دواکه‌وتنی زیاتری ئه‌و نه‌ته‌وانه و هه‌ڵبڕانی زیاتریان له جیهانی ته‌کنۆلۆژیا و پێشکه‌وتوی ئه‌مڕۆ. له لایه‌کی تر خه‌ڵکانی ناوچه‌که و ته‌نانه‌ت به‌ڕێوبه‌رانی ده‌سته‌ڵاته‌کانیش سایکۆلۆژیەکی ئارامتر و ژیانێکی خۆشتریان له ئاشتیدا ده‌بێت تا له شه‌ڕدا. شه‌ڕ بۆته مایه‌ی ماڵوێرانی ناوچه‌که و ئاشتیش ده‌بێته هۆی ئارامی و پێشکه‌وتنی کولتوریی و زانستیی نه‌ته‌وه‌کانی ناوچه‌که.
له مسۆگه‌رکردنی ئاشتیدا گه‌لانی تورک، عه‌ڕه‌ب و فارس ده‌توانن له ناو گه‌لانی تری جیهاندا شانازی به ئازادیخوازبون و پێشکهوتنخوازبونیان بکه‌ن. ده‌توانن ببنه خاوه‌نی تازه‌ترین ته‌کنۆلۆژیای زانستی بۆ خزمه‌ت به خۆیان و گه‌لانی تری جیهان.
بۆ گه‌یشتن به‌و پێشکه‌وتن و ئارامییه، پێویسته ده‌سته‌ڵاته‌کانی ناوچه‌که توانای بوێرانه و له خۆبردوییان هه‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی ناوچه‌که به ئاشتی و دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکرێت، دەبێ هه‌نگاوی ئاشتیخوازانه باوێن و ده‌رگای دیالۆگ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی کورد بکه‌نه‌وه. ئه‌گه‌ر کێشه‌ی ناسنامه‌ی هه‌مو گه‌لانی ناوچه‌که چاره سه‌ر بکرێت و دەرفەت بۆ ئازادی و بەرابەری دروستبکرێت، ئاشتی و پێشکه‌وتوخوازی له ناوچه‌که‌دا سه‌قامگیر ده‌بێت. ئه‌م ئاشتیه ده‌بێته شانازی هه‌مو گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و به هێز بونیان له ناو گه‌لانی تری جیهان. ئه‌وکاته گه‌لانی تری جیهانیش حیسابێکی باشتر له سه‌ر گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌که‌ن و بە چاوی ڕێزەوە سەیریان دەکەن.
٥- هه‌ڵه‌ی ڕامیاری ڕێکخراوه‌کانی کوردستان و دوباره کردنه‌وه‌یان.
هێندێک ڕێکخراوی کوردستانی ئه‌وه‌نده به توانا و سه‌ربه‌خۆنین که له پێناوی ئاشتی بۆ کوردستان هه‌نگاوی بوێرانه باوێن. واته له خۆبردویان نییه و سیاسه‌تێکی دروستیان له هه‌مبه‌ر دۆزی کورد دا نییه. ته‌نیا بیر له ده‌سته‌ڵات و له سهرکاربونی خۆیان و به‌هێزتر بونی خێڵه‌کی و چه‌کداریی خۆیان ده‌که‌نه‌وه. له‌م پێناوه‌دا ئامادەن ده‌ست بۆ هه‌ر کارێكی نامرۆڤانە و بێ پڕنسیپی ڕامیاری به‌رن و ته‌نانه‌ت ئامادەن بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی خوشک و براکوژی دەستپێشخەریش بکەن. بۆ وێنە پ‌د‌ک،ینک، حدکا، حدک، هەمو کۆمەڵەکانی کۆمەنیستی و ئیسلامی.
پێویسته له هه‌نگاوی یه‌که‌مدا سه‌رکرده‌کانی ئه‌م ڕێکخراوانه باش بزانن که کوردستان ماڵی هه‌مو کوردستانیانه، ته‌نیا خاکی تاپۆکراوی چه‌ند بنه‌ماڵه و ڕێکخراوە نیه که بیکه‌نه گۆڕه‌پانی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی تاکەکەسی و ڕێکخراوەیی خۆیان. ئه‌م جۆره ڕێکخراوانە له هه‌ڵه‌دان و پێویسته که بەزویی خۆیان له‌م ڕامیاریە نادروسته دور بخه‌نه‌وه و بەخۆیاندا بێنەوە. ده‌بێت به دروستی بیر له چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد بکه‌نه‌وه و بوێرانه وئاشتیخوازانه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه هانگاو بنێن.
ئه‌رکی نیشتمانیی هەمو ڕەوتێکی ڕامیارییە که بەرژەوەندی نەتەوەیی لە سەرەوەی بەژوەندی ڕێکخراوەیی خۆی ببینێت و بە هەمو هێزیەوە بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی ناوخۆیی و چاره‌سه‌ری بنچینەیی کێشه‌ی کورد کاربکات. چونکه به‌رژه‌وه‌ندی ڕێکخراوەیی بەرژەوەندییەکی کاتیە بەڵام به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی هه‌میشه‌ییە و ده‌بێتە مایه‌ی شانازی مێژویی سەرجەم گه‌لی کوردستان.
٦- لاوازی هەستی نەتەوایەتی و نامۆبونی ناسنامەی کوردستان لای کوردستانیان.
یه‌کێک له هۆکارەکانی دانەمەزرانی دەوڵەتی کوردستان و کێشە سەرەکیەکانی تاکی کورد ئەوەیە کە هه‌ستی نه‌ته‌وەیی لاوازە و لای شەرمە بە شانازییەوە بڵێت من کوردستانیم.
زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی جیهان سه‌ربه‌خۆن و وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌یه‌وه و به نه‌ته‌وه‌ی خۆیان شانازی ده‌که‌ن. له هه‌ر شوێنێک یان هه‌ر وڵاتێک‌دا بژین، سه‌ربه‌رزانه پشتگیری نه‌ته‌وه‌ی خۆیان ده‌که‌ن. هێندێک نه‌ته‌وه‌ی بچوکی تریش هه‌ن ئه‌گه‌رچی وڵاتی خۆیان نیه به‌ڵام خودی نه‌ته‌وه‌که به ناوی نه‌ته‌وه‌ی خۆی سه‌ربه‌رزه و له سه‌رکێشه و گرفته‌کانی نه‌ته‌وەیی یه‌کگرتوه.
له مێژوی کۆن و ته‌نانه‌ت له سه‌رده‌می جیهانیگەریشدا، ئه‌و گه‌لانه‌ی که هه‌ستی نه‌ته‌وەیی خۆیان زۆر به‌رز ڕاگرتوه، توانیویانە سه‌ربه‌خۆ بونی خۆیان به‌ده‌ست بێنن و له ناو نه‌ته‌وه‌کانی تر خاوه‌ن ناسنامه‌ی خۆیان بن.
جێگای ئاماژه پێکردنه که هه‌مو کێشه کۆمەڵایەتیەکان ته‌نیا به به‌رزبونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی چاره‌سه‌رنابن، به‌ڵکو پێویسته هەر ئەندامێکی کۆمەڵگە ناونه‌ته‌وه‌یش بیر بکاتەوە و هەستی هاوپشتی و یەکسانی هەبێت و بە لە بەرچاوگرتنی مافەکانی مرۆڤ ڕێز لە هەمو نەتەوەیەک بگرێت.
بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێویست به یه‌کیه‌تی کرداریی ئه‌و نه‌ته‌وه هه‌یه. تا هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیش به‌رز نه‌بێت ئه‌و نه‌ته‌وه ناتوانێت یه‌کیه‌تی خۆی دروست بکات و بگاته ئاستی به نه‌ته‌وه‌بون. بۆ وێنه سوئێدیه‌کان، ژاپۆنیه‌کان، ئینگلیسەکان و... هه‌ر هه‌مویان سه‌ربه‌رزن به نه‌ته‌وه، ئاڵا، خاک و زمانی خۆیان. له هه‌ر تاکێکیان بپرسی خه‌ڵکی کوێی، ئه‌وه به شانازیه‌وه وه‌ڵام ده‌داته‌وه که سه‌ر به چ نه‌ته‌وه‌یه‌که و خه‌ڵکی کام وڵاته. به‌ڵام کورد هه‌ستی نهتهوەییەکهی ئه‌وه‌نده نزمه که شه‌رم به کوردستانیبونی خۆی ده‌کات. به‌شێکی هه‌ره زۆری کورده‌کان چ لە کوردستان بن و چ لە تاراوگە، خۆیان بە نەتهوهیهکی تر وه‌کو تورکیای، ئێرانی، ئێڕاقی و سوریای ده‌ناسێنن و شانازیشی پێوه ده‌که‌ن. ئه‌و کاره‌ساته، نه‌خۆشیه‌کی ده‌رونیه و هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که نه‌ته‌وه‌کانی تری جیهان بۆ خۆیان، خۆیان فێرکردوه که کێن و ده‌بێ کێبن. هه‌ر له‌منداڵیه‌وه هه‌ستی نه‌ته‌وەییان بۆته هۆی شانازیان و ئه‌و هه‌سته گه‌شه‌ی ستاندوه و بۆته ناسنامەی ئه‌و گه‌لانه. به‌ڵام کورد به درێژایی میژو هه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ر و کۆیله بوه و دوژمانی گه‌لی کورد چاک حیسابیان بۆ کردوه و زانایانه کوردیان به گوێره‌ی ویستی خۆیان ڕاهێناوه و بیر وهۆشیان تێکداوه و له ڕاست ناسنامەی خۆیدا ڕەشیان کردۆتەوە (فۆڕماتیان کردوە).
کوردستان هه‌رده‌م له چوار لاوه بۆته ئارمانجی هێرشی تاڵانکه‌ر و داگیرکه‌ران. هێرشی هه‌ره مه‌زن، هێرشی نه‌ته‌وەیی بوه بۆ سه‌ر منداڵانی کورد که له منداڵیه‌وه له کوردبونی خۆیان حاشابکهن و ته‌نانه‌ت خۆیان نه‌ناسن و له دژی کورد بونیش ده‌رکه‌ون. به‌م شێوه‌یه و به فێرکردنی وشه‌کانی ئێرانیم، ئێڕاقیم، خه‌ڵکی سوریه یان تورکیه‌م، بیر و هۆشی کوردیان شۆردۆته‌وه. ئه‌و تواندنەوە و پاکتاوکردنە نه‌ته‌وایه‌تییە (ئاسملاسیۆنە) به‌و ئه‌ندازه کاریگه‌ری خستۆته سه‌ر کوردان که له گهورەساڵیشدا ناسنامه‌ی خۆیان نه‌ناسنه‌وه و شانازی به ناسنامەی داگیرکەران بکه‌ن. ته‌نانه‌ت له ناو کۆمه‌ڵگه‌ی به ناو ئازادی ڕۆژ ئاوا‌شدا، زۆربه‌ی کورده‌کان به‌م بیروباوه‌ڕه منداڵه‌کانیان باردێنن و ئایدیۆلۆژیای داگیرکه‌رانیان فێرده‌که‌ن و به ناسنامه‌ی داگیرکه‌رانه‌وه به جیهانیان ده‌ناسێنن.
هه‌ر له وانه‌کانی فێرگه و سروده‌کانی نه‌ته‌وه‌یی ڕا بگره تا ده‌گاته به‌رنامه‌ی کارتۆن، فیلم، مۆسیقا و بۆنە کولتوریەکان، منداڵانی کوردستان بە ناسنامەی داگیرکەرانی وڵاتەکەمان مێشکشۆرکراون. بۆ وێنە پەڕتوکەکانی قوتابیان پڕن له وانەگەلێکی گەوجێنەرانە و ئەفسانەیی دور لە زانست کە قوتابی پێی خۆشبێت یان پێی ناخۆشبێت بۆ به‌رده‌وامی خوێندنه‌که‌ی و سه‌رکه‌وتن له پۆله‌که‌ی، ده‌بێ فێریبێت. ئه‌وانه ڕاسته‌وخۆ بیر و هزری ئه‌و قوتابیانە ده‌کوژن و مێشکیان پڕده‌که‌ن له پڕوپوچاتی (خوڕافاتی) ئاینی که هیچ کات بیری ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان نه‌کەن و قوتابی کاتی نەمێنێت تەنانەت بیر لە لێکۆڵینه‌وه‌ی زانسته ڕاستەقینەکان بکاتەوە. هاوکات داگیرکەران زانایانە بۆ مێشکشۆری کۆمەڵگەی کوردستان پەرە بەدامەزراندنی ڕێکخراوی ئاینی دواکەوتو وەک سەلەفیەکان، ئیخوان، مەکتەبیەکان، موجاهیدین، کۆمەڵە، بزوتنەوە، حەڕەکە و یەکیەتیە ئیسلامیەکان دەدەن.
داگیرکه‌ران، ئه‌م کارانه‌یان هه‌مو به زانابون و به به‌رنامه کردوه. بۆچی ئه‌وان هێنده گرینگ‌یان به چەمکی نه‌ته‌وایه‌تی خۆیان داوە و مێژو، جوگڕافیا و ئاینی خۆیان هێنده به گرینگ گرتوه. به‌ڵام لە سه‌ر زمان و مێژو و جوگڕافیای کوردستان مرته‌قیان نه‌کردوه و ئێستاش نایکه‌ن. نه‌یارانی کورد زانیویانه که ئه‌گه‌ر هه‌ر له منداڵیه‌وه مێشک و بیری کورد تێکبده‌ن و هه‌ستی نه‌ته‌وەیی خۆیانی بەسەردا بسەپێنن، ئه‌و کاته ده‌توانن بیری ئه‌و منداڵه که گه‌وره‌ش بو، بە بەرژەوەندی خۆیان سودی لێوه‌ربگرن. بێخود نیە کە له سه‌دا نه‌وه‌دی گه‌نجی کورد ئەوانەی خوێندنی ئاماده‌یی و تەنانەت بڕوانامەی زانکۆشیان وەرگرتوە، له سه‌ر مێژو و جوگڕافیای ڕاستەقینەی کوردستان شتێکی ئەوتۆ نازانن و به لایانەوە بێگانه‌ن.
کاریگه‌ری ئه‌م نه‌خۆشیه ده‌رونیه فراوانتریشه که ته‌نانه‌ت به‌شێکی هه‌ر زۆری کورد له و وڵاتانه‌ی که تێشیدا ئازاده، خۆی به کورد و کوردستانی ناناسێنێت، به‌ڵکو کوردستانیبونی خۆی پێ شه‌رمه و شانازی به ئێرانی، ئێڕاقی، تورکی، و سوریە بونیەوە ده‌کات. ئه‌مه ڤیروسی کورد کوژه و تهشهنهکهر و ئاوێتهکهره که له نه‌وه‌کانی پێشتره‌وه بۆ کورد ماوه‌ته‌وه. هۆش و بیری کوردی ئه‌وه‌نده وهدواخستوه که له ئەوروپاش کوردێك لە کوردستانیبونی شەرمبکات و شانازی به ناوی داگیرکه‌رانه‌وه بکات. هه‌گیز تورکێک، عه‌ڕه‌بێک، فارسێک ناڵیت من ئاڵمانیم، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ئاڵمانیاش له دایک بو بێت. واته حاشا له نه‌ته‌وه‌ی خۆی ناکات و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وڵاته‌کەی خۆشی به دیتنیش نه‌دیبێت. ئه‌و نه‌خۆشیه ده‌رونیه، "کەمی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تیه" و لە ناو گەلی کورد دا وه‌ک شێرپه‌نجه ڕه‌گی داکوتاوه. ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌کرێت، ئاوێته‌ی نه‌وەی داهاتوشمان ده‌بێت.
به شێک له خه‌ڵکی کورد به شێوەیەکی تر هیپنوتیزمی ڕه‌وانی کراوە و پێیان وایه کورد مافی هه‌ستی نه‌ته‌وەیی کوردستانی بونی نییه. چونکه ئه‌مە داخوازیه‌کی ناسیۆنالیستانه‌یه. بۆ دەبێ ئێرانی یان ئێڕاقی بون ئینتهڕناسونالیستی بێت، بەڵام کوردستانیبون ئینتەڕناسیۆنالیستی نیە؟ بۆ که ناوی کوردستان هات، مرۆڤ ده‌بێته ناسیۆنالیست به‌ڵام که ناوی نه‌ته‌وه‌کانی داگیرکه‌ری کوردستان هات، مرۆڤ ده‌بێته ئینتهڕناسیۆنالیست؟ ئەم جۆرە ڕێخراوانە، وتاریان ئینتەرناسیۆنالیستییە و ڕەفتاریان شۆڤینیستی و ته‌نیا بۆ فریودانی خه‌ڵکی ساوێلکه و نه‌زانی کورده که ئه‌و جۆرە خۆیان پێناسە دەکەن. ئەگینا ئه‌گه‌ر هێنده مرۆڤدۆستن، بۆچی بۆ گه‌لی کورد هیچ ناکه‌ن و ئینتهڕناسیۆنالیستی کوردستان پێکناهێنن؟ بۆچی بۆ سەربەخۆیی وڵات و ڕزگاری سۆسیالیستیانەی گه‌لی ژێرده‌سته‌ی خۆیان هه‌وڵ ناده‌ن؟ خۆ کورد له هه‌مو نه‌ته‌وه‌کانی فارس، عه‌ڕه‌ب و تورک هه‌ژارتر و بێ مافتره. بۆچی خۆشه‌ویستی نه‌ته‌وه‌یی کورد و خاکی کوردستان به کورد ڕه‌وا نابینن و پێیان تاوانه بەڵام بە ناوی ئینتهڕناسیۆنالیزمەوە بیروباوه‌ڕی داگیرکه‌رانه و شۆڤینیستانه له کوردستان په‌ره‌پێده‌ده‌ن؟ به‌م ناوه نوێنه‌رایه‌تی زۆردار و داگیرکه‌رانی وڵاتی کوردستان ده‌کەن و بۆ دور خستهنهوەی کورد له دۆزی نه‌ته‌وه‌یی و شێواندنی ناسنامه‌که‌ی کار ده‌کەن. بۆ وێنە کۆمەڵە و حیزبی کۆمەنیستی کرێکاری بە هەمو باڵەکانیانەوە، سۆسیالیسەتەکان و چەپەکانی هەرچوار داگیرکەرەکەکی کوردستان.
به‌شێکیش له ڕێکخراوه کوردیه‌کان و که‌سایه‌تیه‌کان له پێناوی بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌یان هاوکاریی ده‌سته‌ڵاته‌کانی داگیرکه‌ر ده‌کەن. پێویسته تێکه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ هه‌ر لایه‌نێک له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی گه‌لی کوردستاندا بێت. له‌و نزیکایهتیهدا کوردان دەبێ وشیارانه هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن و زمان و کولتور و هەستی نه‌ته‌وەیی فێری وەچەی دواڕۆژی کورد بکەن، کە دروستکەرتر، وشیارتر و کوردستان په‌روه‌رتر بێت.