سێناتۆرە ئیتالی مافیا و قۆڵبڕەكەی دۆستی مەسعود بارزانی گیرا
Thursday, 07/06/2012, 12:00
ئەو سێناتۆرە ئیتالیەی لە ماوەی 14 مانگ 2 جار خەلاتی ئاشتی بەخشیە مەسعود بارزانی كە بە تاوانی گەندەلی و مافیا و تاوانی رێكخراو تۆمەتباركرابوو و رۆژی 9/5/2012 لیژنەی سێنات رەزامەندی هەلگرتنی حەسانەیدابوو ئەمرۆ 6/6/212 سێنات بریاری لێسەندنەوەی حەسانەی رەكردەوە.
سێناتۆر سێرجیۆ دێگرێگۆریۆ، ئەو كەسەیە كە لە سالی 2006 بووە بە ئەندامی پەرلەمانی ئیتالی و لە 2007 چەندەها تۆمەتی گەندەلی، مافیا، شوشتنەوەی پارەی پیس و تاوانی رێكخراو لە 4 دادگای ئیتالی خراوەتە ئەستۆ.ئەوە 4 ـ 5 سالە، بە قودرەتی قادری، بۆتە دۆستی نزیك و خۆشەویستی سەرۆكی هەرێم، مەسعود بارزانی. لە كاتی خۆپیشاندانەكانی 17ی شوبات لە 22/2/2011 لە رۆمای پایتەختی ئیتالیا لە مەراسیمێكی پر لە مەهزەلەو قەشمەڕجاری، لەو كاتەی خوێنی شەهیدانی 17ی شوبات وشك نەبوو بوو، لەم كاتەی زۆربەی هەرە زۆری جەماوەری كوردستان راپەرینیان لە دژی پارتی و یەكێتی، لە دژی بنەمالەی بارزانی و تالەبانی ساز دەكرد، ئا لەم كاتە ناسكە مەسعود بارزانی بە گەشتێكی نهێنی و پڕ لە گومان، وەكو كولتورێكی مافیایی، وولاتی بەجێهێشت و روویكردە چەند ووڵاتێك، یەكێك لەوانە ئیتالیا. لەم كاتە لە 22ی شوباتی 2011 مەسعود بارزانی خەلاتێكی درۆزنانەی لە سێناتۆرێكی ئیتالی، بە ناوی سێرجیۆ دێگرێگۆریۆ، وەرگرت. ئەم مەراسیمە پڕ لە مەهزەلەو شەرمەزاریە، راستەوخۆ لەكەنالەكانی راگەیاندنی پارتی، كە بە داهات و سامانی دزراوی گەلی كوردستان كراوەنەتەوەو بەرێوەدەچن، پەخشكرا. ئەوەندە دەهۆل و زورنایان بۆ كوتا و خەریك بوو قەناعەت بە رای گشتی بهێنن كە ئەم خەلاتە، "خەلاتی ئاشتی پەیمانی ناتۆ"یە بەلام ئێمە هەر زۆر زوو دەمانزانی ئەمە تەنها چەواشەكاریە و بەس، رەوەندی كورد لە ئیتالیا بە دەیان وتارو لێكۆلینەوە راستی و دروستی ئەم ساختەكاری و درۆیەیان لە كورستانپۆست، بۆ جەماوەری كوردسانی، لە ناوەو لە دەرەوە، ئاشكراكرد. د. جاسم تۆفیق خۆشناو، لە وتارێكی ئەكادیمی تێرو تەسەل باسی ناوەرۆكی ئەم خەلاتەی درۆزنەی كرد و پەردەی لەسەر ئەوە لادا كە ئەم سێناتۆرە ئیتالیە لە زنجیرە تاوانێكی قێزەوەن تێوە گلاوە، لە پێشەوەی هەموویان تاوانی مافیا.
http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=3ce9c8c3 مەسعود بارزانی و دەوروپشتەكەی، وەكو هەمووجار، گوێیان لە وتارو ئاگاداركردنەوەكانی كوردستانپۆست نەگرت، وەكو بلێی نە بایان دیتووەو نە باران، لە مەراسیمە قەشمەڕجاریەكەی 22ی شوباتی 2011 خەلاتەكەی لە دەستی ئەم سێناتۆرە وەرگرت كە بە تێوەگلان لە تاوانی مافیا تۆمەتباركراوە.
دۆسیەی تۆمەتەكانی سێناتۆری ئیتالی رۆژ دوای رۆژ گەورەتر دەبوو كەچی لای سەرۆكی هەرێم زۆرتر گرنگی پێئەدراو رێزی لێئەگیرا، بە پێی زانیاریەكان لە 2010 تاكو ئێستا مەسعود بارزانی زیاد لە 10 جار ئەو سێناتۆرەی داوەتی كوردستانكردووە و كۆمەلێك ئیمتیازیشی بەم كۆمپانیانەداوە كە لەم پیاوە نزیك، بەخشینی زەوی بە خۆڕایی و گرێبەستی وەهمی بۆ دزینی سەروەت و سامانی كوردستان تا دەگاتە گرێبەستی پشكنین، گەران، دەرهێنان و بازرگانی نەوتی هەرێم. لە بریتی ئەم چاكەیەش سێناتۆری ئیتالی یارمەتی مەسعودی داوە پارە دزراوەكان لە ئیتالیا بشارێتەوەو بخاتەكار. هەر بۆ ئەم مەبەستەش سالێكی تەواو نەكرد لە 17/3/2012 لە هەولێر دووبارە سێناتۆر دێگرێگۆریۆ، دۆست و راوێژكاری بارزانی، لە یادی كارەساتی هەلبەجە و كۆنفرانسی بە جیهانی ناساندنی جینۆسایدی كورد خەلاتێكی تری بەناوی "خەلاتی ئاشتی" بەخشیە سەرۆكی هەرێم. پارەیەكی زۆریش بۆ ئەم كۆنفرانسە تەرخانكرابوو، جلەوی كۆنفرانسەكە درابووە دەستی كەسێكی دز، قۆلبر و ساختەكارو مافیا، ئەمە گەورەترین بێرێزیە بە گیانی ئەنفالكراوەكان و كەسوكارەكانیان، بێ رێزیە بەرامبەر بە مێژووی گەلی كوردستان.
15/4/2012 دادگای شاری ناپۆلی ـ ئیتالیا، بریاری دەستگیركردنی سێناتۆر دێگرێگۆریۆ دەركرد بەلام لەبەر حەسانەی پەرلەمان بریارەكە هەلپەساردرا.
لە ئیتالیا و ولاتانی دیموكراسی ئەوروپا زۆر زەحمەت و بەدەگمەن رێَك دەكەوێ پەرلەمان، بۆ خۆی حەسانە لە ئەندامێكی خۆی بسێنێتەوە.
دادگای ناپۆلی لە 15/4/2012 داواكاری گرتن و پَشكنینی نوسینگەی سێناتۆر دێگرێگۆریۆ رەوانەی سەرۆكایەتی سێناتی ئیتالیكرد، هەموو بەلگەكانی تاوانكاری خرابوونە روو.
سەرۆكایەتی سێنات داواكارینامەو بەلگەكانی خستە بەردەم "لیژنەی لێسەندنەوەی حەسانە، ئەمەش دوای لێكۆلینەوەیەكی وورد و لەسەر خۆ رۆژی 9/5/2012 بریاری لێسەندنەوەی حەسانەیدا و،لە 30/05/2012 دۆسیەكەی، گفتۆگۆ و بۆچوون و بەلگەی نوێی بەدەستهاتوو و ووتاری دیفاع لەخۆكردنی سێناتۆر دێگرێگۆریۆی خستەوە بەردەم سەرۆكایەتی سێنات (315 ئەندام) كە پە پێی دەستور دوا بریار دەدات.
پاشنیوەرۆی ئەمرۆ، 06/06/2012 دوای دانیشتنێكی درێژ كە زیاتر لە 4 سەعاتی خایاند، حیزبەكەی بێرلوسكۆنی كە سێناتۆر دێگرێگۆریۆ ئەندامی فراكسۆنەكەیە داوایەكی بە ئیمزای 20 سێناتۆر خستە بەردەست سەرۆكایەتی سێنات تا دەنگدانەكە بە نهێنی بێت. 5/6/2012 هەموو فراكسیۆنەكان، بە ئاشكرا، رایانگەیاند كە دەنگ بۆ سەندنەوەی حەسانەو گرتنی سێناتۆر دێگرێگۆریۆ دەدەن. كەچی لە دەنگدانەكە موفاجەیەكی گەورە روویدا، 169 دەنگی نا، 109 ئا و 16 بێدەنگ بریاری لێسەندنەوەی حەسانەی 9/5/2012 هەلوەشایەوە. ئەم بریارە وەكو بومەلەرزەیەكی سیاسی بەهێز رای گشتی ئیتالی هەژاند. یەكەمجارە لە مێژووی ئیتالی كە سێناتۆرێك لە لایەن لیژنەی تایبەتی سێنات حەسانەی لێوەربگیرێتەوە و رەزامەندی لەسەر دەستگیركردنی بدرێت. تۆمەتەكان ئەوەندە زۆر و قێزەوەنن ئاماژەیان بەوە دەدا كە لە دانیشتنی سێنات بریارەكە پەسەند بكرێت كەچی وا دەرنەچوو. تەنانەت سێناتۆر دێگرێگۆریۆ بە خۆی باوەری نەدەكرد ئەنجامی دەنگدانەكە بەم شێوەیە بێت و رایگەیاند "مەترسی ئەوە نیە را بكەم یان ئەو تاوانانە دووبارە بكەمەوە كە خراونەتە ئەستۆم، ژنەك و 3 مندالم هەیەو خۆشیانم دەوێت ..... ئەم بریارە بەهێزەی سێنات رێگەم پێ دەدات ئاورێك لە رابردوو بدەمەوە و لەسەرخۆ لە سالی 2013 لە بەرامبەر دادگا دیفاع لە خۆم بكەم وەكو كەسێك ئازاد و بێ ئیلتیزام، واتە واز لە سیاسەت دەهێنم و جارێكیتر خۆم كاندید ناكەمەوە ...هتد".
لە راستیدا یەكسەر لە دوای ئەنجامی دەنگدانەكە هەموو لایەنەكان و گروپەكانی سێنات یەكتریان تاواتبار كرد بەوەی دەنگیان بۆ لێسەندنەوەی حەسانەو گرتنی كەسێكی گەندەل و گزناهباركراو بە مافیا نەداوە، تەنها گروپەكەی بەرلوسكۆنی، كە 127 ئەندامی لە سێنات هەیە، بە ئاشكرا دەلێن لە دژی گرتنی دێگرێگۆریۆ دەنگمانداوە، ئەوانیتر هەموویان دەلێن دەنگمان بە ئا داوە بەلام ئاشكرایە لەبەر ئەوەی دەنگدانەكە بە نهێنی بووە كەس ناتوانێ راسیتەكان بسەلمێنێت.
ئەوەی مسۆگەرە بریتیە لەوەی كە سێناتۆر دێگرێكۆریۆ كەسێكی گەندەل، قۆلبر، دز، تێوەگلاو لە تاوانی مافیا، شوشتنەوەی پارەی پیس، تاوانی رێكخراو و كرین و فرۆشتنی كۆمپانیای وەهمی. هەموو لایەك ئەم راستە دەزانن و هیچ لایەنێك جورەتی ئەوەی نیە لە هەلبژاردنی داهاتوو كاندیدی بكاتەوە و، خۆشی ئاماژەی بەوەداوە هەلەی كردووەو واز لە سیاسەت دەهێنێ.
ئەم وازهێنانەش نەك لەبەر هەست بە بەرپرسیارەت و بە نیەتێكی پاك بێت بەلكو دلنیایە لەم كاتەی حەسانەی پەرلەمانی نامێنێت ئەوە یەكسەر دەرگای زیندانی بۆ ئاوەلەدەكرێت.
هەموو كۆمێنتە گەرماو گەرمەكان دەلێن "ئەم دەنگدانەی سێنات پەلەیەكی رەشە لە مێژووی ئیتالیا، مانای وایە هەموو هاولاتیان لە بەردەم یاسا وەكو یەك نین، ئەم بریارە هاندانێكە بۆ لە یاسا لادان و كاری گەندەلی، رای گشتی زیاتر رقی لە حیزبە تەقلیدیەكان دەبێتەوەو دەنگیان پێ نادەن ... هتد".
لەم ماوەیەش سێناتۆر دێگرێگۆری خەریكی شاردنەوەو ناردنە دەرەوەی ئەم ئەوراق و بەلگانەبوو كە ترسی ئەوەی هەیە لە دژی خودی خۆی بەكار بێن، بۆ ئەم مەبەستەش ئێستا بە بریاری دادگا 8 سندوقی گەورە (كۆنتێینەر)ی پڕ لە ئەوراق، لە بەندەری ناپۆلی، دەستیان بەسەرگیراوە و گومانی ئەوەیان لێدەكرێت بەلگەی كۆمەلێك تاوانبن.
ئێمە لە كوردستان پۆست گومانی ئەوەمان هەیە ئەم ئەوراق و كەلوپەلانەی بەندەری ناپۆلی بە نیازی رەوانەكردن بۆ بارەگای مەسعود بارزانی دانرابن چونكە "سەری رەش" ئێستا لە دەست و چاودێری ئینتەرپول دوورە. بۆیە پێویستە مەسعود بارزانی، بە فەرمی و ئاشكرا، داوای لێبوردن لە خەلكی كوردستان بكات چونكە لە هەردوو مەراسیمە گالتەجاریەكە بە ناوی گەلی كورد ئەم خەلات و مەدالیانەی وەرگرت. ئەگەر ئەم جوامێریەشی نەبێت وەكو ئێمە بیری لێئەكەینەوە ئەوە داواكار و پێشنیار دەكەین بۆ ئەو پەرلەمەنتارانەی لە خەمی سەروەری یاسا و سامان و ناوبانگی كوردستانن هەلەمەتێكی راگەیاندنی چڕو پڕ بۆ لێپرسینەوە لە دۆسیەی دۆستایەتی بارزانی و دێگرێگۆریۆ و مەدالیا وخەلاتەكانی ئاشتی بكەن.
تێبینی:
1 ـ بۆ دەقی تۆمەت و بەلگەكانی دادگای ئیتالی لە دژی سێناتۆر دێگرێگۆریۆ و راپۆرتی لیژنەی لێسەندنەوەی حەسانە، بە زمانی ئیتالی، بنوارە ئەم بەلگانەی خوارەوە:
حەقە سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان یان ئۆپۆزیسیۆن ئەم بەلگانە بكەنە كوردی تاكو بزانن مەسعود بارزانی لەگەل چ كەسایەتیەكی ساختەچی و قۆلبڕ و گەندەل و مافیا پە یوەندی هەبووەو هەیە و، بە درێژایی دوو سال شانازی بەم مەدالیانە كردووەو كۆمەلانی خەلكی پێ چەواشە كردووە. ئەمەش گومانی ئەوەمان لا دروست ئەكات كە مەسعود بارزانی، لە سەردانەكانی دەرەوەی وولات، لەگەل كەسانی گەندەل و بێ مۆرالی وەكو خۆی كۆ ئەبێتەوەو سەودای بازرگانی ئەكات.
ماوەتەوە ئەمەش بلێین كە لە ئیتالیا سەیوان بارزانی، برازای مەسعود، سەفیری عێراقە و نوێنەری حكومەتی هەرێمیش، رێزان قادرە و هەردووكیان سەر بە پارتین. لەبەر دزین و شاردنەوەی قوتوی خەلكی كوردستان یان ئاگایان لە هیچ نیە یانیش لەبەر نەزانین و هەستنەكردن بەرامبەر بە بەرپرسیارێتی مێژووی كوردستان چاویان لەم سكاندەلە گەورانە دەپۆشن.
بەراستی مایەی شەرمەزاریە، بۆ مەسعود بارزانی و بنامالەو حیزبەكەی دۆستایەتی كەسایەتی مافیاوی بكات، داوا لە هەموو چین و توێژەكانی هەرێم ئەكەین، بە تایبەت لاوان و رۆشنبیران، هەموو هەولەكانیان یەكبخەن تا ئایندەو چارەنوسیان لەدەستی بنەمالە مافیاكان رزگار بكەن.
ئێمە وەكو كوردستانپۆست لە هەر شوێنی گەندەلی، نا عەدالەتی و زولم و دزی ببینین دێنە دەنگ و لە دژی دەوەستینەوە.
کلیکی ئەو دوو لینکەی خوارەوە بکە، بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەکان بە زمانی ئیتالی:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/bellge/barzani/italya_Dadga/Raport1https://www.kurdistanpost.nu/biz/bellge/barzani/italya_Dadga/Raport2
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست