من و به‌رنامه‌ی (به‌بوێری) و ئه‌وه‌ی له قاوه‌خانه‌ی كولتوری ڕووی دا!
Saturday, 28/01/2012, 12:00
ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك:وه‌كو زۆربه‌ی خوێنه‌ران ئاگادارن، ڕۆژی پێنج شه‌ممه (19/1/2012)، (قاوه‌خانه‌ی كولتوری) له سلێمانی بارودۆخێكی دژواری به‌سه‌ردا هات، كه بریتی بو له هوروژمی ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی ئیسلامی بۆسه‌ر قاوه‌خانه كه له ناوچه‌ی جیاوازه‌وه هێنرابون بۆ ئاماده‌بونی كۆڕێك یان مشت‌ومڕێك كه بانگخوازێكی ئیسلامی تێیدا به‌شداره كه (د. عه‌بدولواحید محه‌مه‌د ساڵح) ـه. بارودۆخه‌كه به شێوه‌یه‌ك بو كه ترس هه‌بو له ته‌قینه‌وه‌ی و ڕودانی كاره‌ساتێك كه كۆنتڕۆڵ نه‌كرێت و ئه‌گه‌ری هه‌بو هاوشێوه‌ی ڕوداوه‌كانی ڕابردوی نزیك دوباره ببێته‌وه و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و كه‌سه‌ش دروست ببێت كه ده‌بێته لایه‌نی نائیسلامی و مشت‌ومڕ له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئیسلامیه‌كه ده‌كات! و به شێوه‌یه‌ك كه ئاسایش له سلێمانی په‌یمانی پاراستنی ئاسایشی كۆڕه‌كه و قاوهخانهكهیان نه‌دا و مۆڵه‌ت به كۆڕه‌كه نه‌درا له‌به‌ر ئه‌گه‌ری ڕودانی كاره‌ساتی وا كه كۆنتڕۆڵ نه‌كرێت! ئه‌مه‌یه شێوازی مامه‌ڵه و وه‌رگرتنی مشت‌ومڕ له‌لای هێزه ئیسلامیه‌كان! كارێك ده‌كه‌ن و به شێوه‌یه‌ك گه‌له‌كۆمه ده‌كه‌ن كه هیچ مانایه‌ك و هه‌لێك بۆ گفتوگۆ ناهێڵێته‌وه.
تا ئێره؛ هه‌رچه‌ند ده‌كرێت خوێندنه‌وه‌ی زیاتری بۆ بكرێت؛ به‌ڵام به‌گشتی شتێكی سه‌یر نیه و دیارده‌یه‌كی تازه نیه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له ئیسلامیه‌كان و پێشتر له په‌یجه ئیسلامیه‌كانی فه‌یسبوك ئاماده‌كاریی بۆ كرابو.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یر بو و به‌شبه‌حاڵی خۆم سته‌مێكی گه‌وره بو؛ ئه‌وه بو ڕونكردنهوهی قاوه‌خانه‌ی كولتوری و ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و ڕونكردنه‌وه‌یه بنیات نرابون به شێوه‌یه‌ك خه‌ڵكیان تێ گه‌یاند كه پێشتر بڕیار وا بوه گفتوگۆكه له‌نێوان ئه‌م سێ كه‌سه‌دا بێت: به‌پێی ده‌قی ڕونكردنهوهكه: "بڕیار بو ئه‌مڕۆ له قاوه‌خانه‌ی كولتوری گفتوگۆیه‌كی كراوه بكرێت له نێوان به‌ڕێزان (د. عه‌بدولواحید بانگخوازی ئیسلامی، سه‌روه‌ر پێنجوێنی لێكۆڵه‌ری ئیسلامی و ئامێد سلێمان پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی به‌بوێری)".. ئه‌مه له كاتێكدا كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ڕاگه‌یاندنی ئه‌و كۆڕه به‌بێ پرس و ڕێككه‌وتن بوه له‌گه‌ڵ من! و كاتێك من به‌و بابه‌ته‌م زانیوه كه ڕاگهیاندنهكهیم خوێندوه‌ته‌وه! ئه‌وه‌ش براده‌رانی قاوه‌خانه‌ی كولتوری خۆیان دانی پێدا ده‌نێن و له كاتی خۆیدا، (25) ڕۆژ پێش ئێستا، ڕاگه‌یاندنه‌كه‌یان له په‌یجی فه‌یسبوكی خۆیان سڕیه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر سه‌یر بو به‌لامه‌وه ئه‌وه بو ڕونكردنهوهی ڕۆژی (19/1) یش هه‌ر نوسرابو بڕیار وا بوه له‌نێوان ئه‌و سێ كه‌سه‌دا بێت!
پێم باشه ڕوداوه‌كان له پێشهكیهكانیانهوه باس بكه‌م:
دوای ئه‌وه‌ی كه كاك (ئامێد سلێمان) له‌گه‌ڵ (د. عه‌بدولواحید) ئه‌ڵقه‌یه‌كی له‌سه‌ر (ئیعجازی كۆرپه‌له‌ناسی له قورئاندا) ئه‌نجام دا، له‌و ماوه‌یه‌دا كه ناوبراو ئاماده نه‌ده‌بو بۆ تۆماركردنی ئه‌ڵقه‌كانی تر له‌گه‌ڵیدا؛ من بانگهێشت كرام بۆ ئه‌و به‌رنامه‌یه و دو ئه‌ڵقه‌مان تۆمار كرد، یه‌كه‌میان له‌سه‌ر (گه‌ردونناسی له قورئاندا) و دوه‌میان له‌سه‌ر (كۆرپه‌له‌ناسی له قورئاندا). به‌ڵام به هۆی هێرشی تۆقاندن (إرهاب) و په‌ستانی مه‌لاكانی (یه‌كێتیی زانایان) و لایه‌نه ئیسلامیه‌كانی تر بۆسه‌ر به‌رنامه‌ی (به‌بوێری)؛ كه‌ناڵی NRT نه‌یتوانی ڕێگه به په‌خشكردنی ئه‌و دو ئه‌ڵقه‌یه‌ی من بدات و ئیتر به‌رنامه‌كه بو به قۆرخكراوی كه‌سێتیه ئیسلامیه‌كان. دوای ته‌واوبونی ئه‌ڵقه‌كانی (د. عه‌بدولواحید)، له‌لایه‌ن به‌رنامه‌ی (به‌بوێری) ـه‌وه بانگهێشت كرام بۆ ئه‌ڵقه‌یه‌ك كه گفتوگۆ بێت له‌نێوان من و ئه‌و بانگخواز (!) ه ئیسلامیه‌دا! منیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌م به ده‌روازه‌یه‌ك ده‌زانی بۆ خستنه‌ڕوی هه‌ندێك له ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌كانی خۆم و هێشتا ئه‌و بانگخوازه ئیسلامیهیشم به‌باشی نه‌ده‌ناسی؛ بانگهێشتهكهم قبوڵ كرد و له ڕۆژی دیاریكراودا ئاماده‌ی ستودیۆی به‌رنامه‌كه بوم. به‌ڵام (د. عه‌بدولواحید) دوای دانیشتنمان له‌سه‌ر مێزی به‌رنامه‌كه گفتوگۆكه‌ی په‌ك خسته‌وه و كشایه‌وه! حه‌ز ده‌كه‌م وه‌كو شاهیدێك چه‌ند ڕاستییه‌كی ئه‌وه‌ی ڕوی دا ڕون بكه‌مه‌وه: كه گه‌یشتمه جێ؛ (د. عه‌بدولواحید) لێی پرسیم(!): (تۆ كێیت؟)، وتم: (سه‌روه‌ر پێنجوێنیم)! جگه له‌وه‌ش چه‌ند په‌ڕه‌یه‌كی زۆرم ڕه‌ش كردبوه‌وه له تێبینی، ئه‌وه‌شی له‌دوره‌وه بینی.. ئیتر هه‌ستم كرد كه‌وتوه‌ته بیركردنهوهیهكهوه. له‌لای مێزی به‌رنامه‌كه زۆر (متوتر) دیار بو و هه‌ر بیری ده‌كرده‌وه، هه‌ستم كرد بیر له چاره‌سه‌رێك ده‌كاته‌وه بۆ ده‌ربازبون. كه دانیشتین له‌سه‌ر مێزی به‌رنامه و خه‌ریك بو ده‌ستمان پێ ده‌كرد؛ كه‌وته بیانوگرتن و وتی من ته‌نها بۆ ریكلامی به‌رنامه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ هاتوم! ئه‌مه له كاتێكدا پێشتر ڕێك كه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌كه ڕاسته‌وخۆ نیه و ئه‌ویش قبوڵی كردوه، جگه له‌وه‌ش وه‌كو جاران كتێب و لاپتۆپی هێناوه، و له نوسینگه‌ی كه‌ناڵه‌كه كتێبی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه خوێندوه‌ته‌وه و خۆی بۆ ئاماده كردوه! بیانوهكهیشی ئه‌وه بو كه قسه‌كانی هه‌موی لێ نادرێت و له‌وانه‌یه به‌رنامه‌كه قسه گرنگ و هه‌ستیاره‌كانی ببڕن! بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بیانوهیشی ببڕن؛ په‌یمانیان پێ دا كه هه‌ر ئه‌و ڕۆژه به‌رنامه تۆماركراوه‌كه له‌سه‌ر (سی. دی) ده‌ده‌نه‌وه ده‌ستی خۆی تا دڵنیا ببێت هیچی لێ نابڕدرێت. به‌ڵام هه‌ر ئاماده نه‌بو گفتوگۆكه ئه‌نجام بدات.
ئیتر دوای ئه‌وه‌ی له به‌رنامه‌ی (به‌بوێری) پهكخستنهوهی گفتوگۆكه باس كرا؛ ئه‌و بانگخوازه ئیسلامیه له په‌نای كه‌ناڵه ئیسلامیه‌كه‌ی خۆیدا كه‌وته پرۆپاگه‌ندای خراپ و هه‌ڵبه‌ستنی شتی درۆ له‌سه‌ر به‌رنامه‌كه، ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه سێ ئه‌ڵقه‌ی بێسودی ئه‌وی په‌خش كرد و یه‌ك ئه‌ڵقه‌ی منی په‌خش نه‌كرد. به شێوه‌یه‌ك قسه‌ی كرد و به ئامڕازێكی ئایینی و دۆگمایی وا پاساوی ده‌هێنایه‌وه كه خۆی لێ ببوه (مو‌سا) و ئێمه‌مانانی به (فیرعه‌ون) ناساند! خۆی لێ ببوه (ئه‌حمه‌د دیدات) و ئێمه‌ی كرده قه‌شه‌یه‌ك كه به‌رامبه‌ر بانگخوازێكی ئیسلامی مشتومڕی ئایینی ده‌كات! هه‌روه‌ها له خۆیه‌وه ئه‌وه‌ی هه‌ڵبه‌ست كه گوایه من له كۆنتڕۆڵه‌وه له‌گه‌ڵ كاك (ئامێد سلێمان) بوم و من پێم وتوه چ پرسیارێكی لێ بكات و به چی وه‌ڵامی بداته‌وه! ئه‌مه كه بوختانێكه و سوكایهتیهكییشه به كاك ئامێد و هه‌وڵێكیشه بۆ ناشیرینكردنی سومعه‌ی به‌رنامه‌كه و كه‌ناڵه‌كه؛ شتێكه هه‌ر له خه‌یاڵێكی نه‌خۆشی پڕ له پیلان و گه‌له‌كۆمه‌ی وه‌كو ئه‌وه‌ی خۆیاندا جێی ده‌بێته‌وه. (ئه‌گه‌ر من له كۆنتڕۆڵه‌وه به‌شدار بومایه؛ بێ گومان حاڵی زۆر شڕتر ده‌بو! نه‌مده‌هێشت ئه‌و هه‌ڵه پێکهنیناویانهی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕێت که دواتر باسیان دێت). له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك قسه‌وقسه‌ڵۆكی تر كه له هه‌ردو كه‌ناڵی (په‌یام) و ته‌له‌ڤیزیۆنی (كۆمه‌ڵ) ی هه‌ولێر به بایه‌خی تایبه‌تیه‌وه بۆی په‌خش كرا.. هێشتا ده‌یوت من پشتوپه‌نام نیه و ته‌نها خۆمم!
به هه‌ر حاڵ، ئه‌و شێوازه‌ی ئه‌و به‌كاری هێنا بۆ پاساودانی پاشه‌كشه‌ی خۆی له مشتومڕه‌كه؛ تێی گه‌یاندم كه ئه‌م كه‌سه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه به كه‌ڵكی گفتوگۆ نایه‌ت و كاتێك قسه‌ی خۆی ده‌كات كه بزانێت كه‌س به‌رامبه‌ری نیه و كاتێكیش كه‌سێك به‌رامبه‌ری هه‌بو و ئه‌گه‌ری هه‌بو نه‌یباته‌وه؛ قبوڵی ناكات و په‌كی ده‌خاته‌وه، ئینجا له‌پاشمله قسه ده‌كات! و تێگه‌یشتم كه ئه‌م براده‌ره شه‌ڕێكی ئایینی ده‌كات و له مانای گفتوگۆ تێ ناگات و ڕه‌وشتی شارستانیی گفتوگۆی نیهٔ جگه له‌وانه‌ش كه سه‌رنجی ئهڵقهكانیم دا؛ بینیم هه‌ڵه‌ی پێكه‌نیناویی له باره‌ی ته‌فسیر و زمانی عه‌ره‌بیه‌وه كردبو (دواتر نمونه‌ی لێ باس ده‌كه‌ین) كه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه له‌و ئاسته‌دا نیه گفتوگۆی زانستیانه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت له‌سه‌ر بابه‌تێكی ته‌فسیریی ئاڵۆز..
له هه‌مو ئه‌مانه‌وه تێگه‌یشتم كه گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵی هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه بێسوده و ئاكامی خراپی هه‌یه. ئیتر بڕیارم دا جارێكی تر هه‌ڵه‌ی وا نه‌كه‌م له‌گه‌ڵی دابنیشم و تكایشم له كاك (ئامێد سلێمان) كرد جارێكی تر هه‌وڵ نه‌دات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌دا. جگه له‌وه‌ش قسه و لێدوانی ئایینیی سه‌لبیی ئه‌و بانگخوازه ئیسلامیه كارێكی كرد له‌ناو كه‌سوكارم كێشه‌م بۆ دروست بو، به شێوه‌یه‌ك كه بوه هۆی ئه‌وه‌ی كه‌سوكاریشم ڕازی نه‌بن به گفتوگۆی له‌و شێوه‌یه.
***
لێره‌دا به‌كورتی هه‌ندێك له هه‌ڵه پێكهنیناویهكانی ئه‌و بانگخوازه ئیسلامیه، له ئه‌ڵقه‌كانی خۆیدا له به‌رنامه‌ی (به‌بوێری)، باس ده‌كه‌م، تا خۆی قه‌باره‌ی خۆی بزانێت و خه‌ڵكیش بیناسن:
بۆ نمونه:
٭ وشه‌ی قورئانیی (سلالة) ی له‌گه‌ڵ وشه‌ی (سلسلة) تێكه‌ڵ كرد! بۆ ئه‌وه‌ی بڵێت مه‌به‌ست له (سلالة) له قورئاندا زنجیره‌ی كرۆمۆسۆمه‌كانه! به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانێت فرمانی (سل) ـ بنچینه‌ی وشه‌ی (سلالة) ـ و فرمانی (سلسل) ـ بنچینه‌ی وشه‌ی (سلسلة) ـ جیاوازن! وشه‌ی (سلالة) كه ده‌قاوده‌ق به واتای (ده‌ركێشراو) ه؛ ئه‌و به زنجیره (سلسلة) لێكی دایه‌وه!! مانای وایه توانای ساده‌ترین ورده‌كاریی له زمانی عه‌ره‌بیدا نیه.
٭ هه‌روه‌ها بۆ ڕاڤه‌ی وشه‌ی (علقة) ده‌یوت "یانی: هه‌ڵواسراو، یانی: زه‌رو"! یانی له یه‌ك كاتدا دو واتای بۆ وشه‌یه‌ك داده‌نا، ئه‌مه‌ش ـ كوردهواری وته‌نی ـ ده‌كاته (خورمژ)! خورمایشی ده‌وێت و مێوژیشی ده‌وێت! ده‌یه‌وێت له یه‌ك كاتدا وشه‌یه‌ك دو واتای جیاواز بدات و ده‌یه‌وێت هه‌ردوكیشیان له یه‌ك كاتدا (ئیعجاز) یش بن! له كاتێكدا بڕیاردان له‌سه‌ر هه‌ر واتایه‌كیان؛ واتاكه‌ی تر هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.. ئه‌مه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه ساده‌ترین بنه‌مای لێكدانه‌وه‌ی ده‌ق نازانێت.. هه‌ر زۆر به ساده‌ییش ده‌یوت لێكدانه‌وه‌ی هه‌مو موفه‌سسیره‌كان بۆ وشه‌ی (علقة) ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه! كێ قسه‌ی كێ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه!
٭ هه‌روه‌ها نیوه‌ی یه‌كه‌می ئایه‌تی (قد علمنا ما تنقص الأرض منهم...) ی هێنا و لكاندی به نیوه‌ی دوه‌می حه‌دیثی (... إلا عظم واحد وهو عجب الذنب) ـه‌وه!! واته نه‌یزانی حه‌دیسه‌كه وه‌كو خۆی بخوێنێته‌وه كه ده‌ڵێت: (لیس من الإنسان شی‌ء إلا یبلی إلا عظم واحد وهو عجب الذنب، ومنه یركب الخلق یوم القیامة) و تێكه‌ڵی كرد له‌گه‌ڵ ئایه‌تێك!
٭ هه‌روه‌ها ده‌سته‌واژه‌ی "عهجبوذذهنهب" (عجب الذنب) ی به "عوجبوذذهنهب" خوێنده‌وه! جا كه نه‌زانێت بیخوێنێته‌وه؛ بێ گومان ناشزانێت یانی چی! وشه‌ی (عجب) كه به (عجم) یش ده‌وترێت؛ به واتای (كۆتایی بچوكبوهوهی هه‌ر شتێك) ـه، ئینجا وشه‌كه (العجب) ـ و به شێوه‌ی (عجب الذنب) یش ـ به (كلێنچكه) وتراوه چونكه كۆتایی بڕبڕه‌ی پشته. به‌ڵام "عوجب" (عجب) ـه‌كه‌ی بانگخوازه‌كه‌مان؛ به واتای لهخۆڕازیبون (إعجاب بالنفس) ـه! هێشتا ده‌یوت: " عوجبوذذهنهب" ناوه‌كه‌ی به خۆیه‌وه‌یه‌تی!
٭ كاتێك حه‌دیثه‌كه‌ی (منه خلق ومنه یركب) ی خوێنده‌وه؛ وشه‌ی (یركب) ی به (یركب) خوێنده‌وه! كه ئه‌مه‌ش یانی "سواری ده‌بن"!! نه‌یده‌زانی كه به (یركب) ده‌خوێنرێته‌وه كه ئه‌مه‌یان یانی "له‌سه‌ر یه‌ك داده‌نرێته‌وه و بنیات ده‌نرێته‌وه". ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی وا بكات؛ مانای وایه هیچ توانایه‌كی له زمانی عه‌ره‌بیدا نیه، و له ڕوی ئایینییشه‌وه مافی قسه‌كردنی له‌سه‌ر قورئان نیه!
٭ هه‌روه‌ها ده‌سته‌واژه‌ی (وما تغیض الأرحام) له ئایه‌تی (الله یعلم ما تحمل كل أنثی وما تغیض الأرحام وما تزداد) (الرعد: 8)، به (كرژبونی منداڵدان بۆ هه‌ڵمژینی شلاوی نێرینه) لێكدایه‌وه، واته فرمانی (تغیض) ی به (كرژبون) حاڵی ببو! كه ئه‌مه مه‌هزه‌له‌یه‌كه بۆ خۆی، چونكه فرمانی (غاض ـ یغیض) و چاوگه‌كه‌ی (غیض) به واتای (كه‌مكردن) و هه‌روه‌ها (كه‌مكردنه‌وه) یه كه زیاتر بۆ وه‌سفی كه‌مبونه‌وه و ڕۆچون و نه‌مان (یان: كه‌مكردنه‌وه) ی ئاو و شله‌مه‌نی به‌كار دێت. هه‌ر بۆیه بۆ پێچه‌وانه‌وه‌ی (تغیض) خودی ده‌قه‌كه ده‌ڵێت (تزداد) واته كه‌مبونه‌وه [یاخود: كه‌مكردنه‌وه] (غیض) پێچه‌وانه‌ی زیادبون [یاخود: زیادكردن] (ازدیاد) ه [مه‌به‌ست له‌م "كه‌مبون" یان "كه‌مكردنه‌وه" یه‌ی منداڵدان؛ یان ـ به ڕای به‌شێك له موفه‌سسیره‌كان ـ له‌بارچونه پێش ته‌واوكردنی كاتی پێویستی گه‌شه‌ی كۆرپه‌له چونكه له‌بارچو كه‌م و ناته‌واوه، یان ـ به ڕای به‌شێكی تر له موفه‌سسیره‌كان ـ كه‌مبونی ماوه‌ی سكپڕیه واته منداڵبون پێش ته‌واوكردنی 9 مانگ، یان ـ به ڕای به‌شێكی تریان ـ كه‌مكردنی خوێنی ناو منداڵدان و ده‌رچونیه‌تی كه ئه‌مه‌ش ـ ئه‌وان ده‌ڵێن ـ ده‌بێته هۆی پوكانه‌وه و ناته‌واویی كۆرپه‌له‌كه.. لێكدانه‌وه‌ی تریش هه‌بوه. جا ئه‌گه‌ر وشه‌ی (ما) له ده‌قه‌كه‌دا "مهوصوله" بێت؛ ئه‌وا فرمانی (تغیض ـ تزداد) تێپه‌ڕن به واتای (كه‌می ده‌كاته‌وه ـ زیادی ده‌كات)، ئه‌گه‌ریش "مهصدهرییه" بێت؛ ئه‌وا فرمانی (تغیض ـ تزداد) تێنه‌په‌ڕن به واتای (كه‌م ده‌بێته‌وه ـ زیاد ده‌بێت)]. به‌ڵام ئه‌م داماوه كه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی لێ ده‌زانێت كه (تغیض) به (كرژ ده‌بێت) حاڵی بوه؛ ئه‌ی ئه‌بێ (تزداد) به چی حاڵی بوبێت؟ ڕه‌نگه به (خاوبونه‌وه) لێی حاڵی ببێت چونكه پێچه‌وانه‌ی (كرژبون) ـه!! یان ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌بینیبێت! ئه‌ی ئه‌بێ (وغیض الما‌ء) (هود: 44) به چی حاڵی بوبێت؟ به (و ئاو كرژ بو)؟!! ئه‌ی ئه‌بێ ده‌سته‌واژه‌ی (غیض من فیض) به چی تێگه‌یشتبێت؟!
شتی تریش كه له ده‌رفه‌تی تردا زیاتر ڕونی ده‌كه‌ینه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌مو مههزهلهیهشدا هێشتا ده‌م له قورئان و ته‌فسیر و ئیعجاز ده‌كوتێت! و خه‌ڵكانێكیش ده‌یانه‌وێت ئه‌مه مشت‌ومڕ له‌گه‌ڵ ئێمه‌مانان بكات! كه ئه‌مه له خۆیدا وه‌كو سوكایه‌تییه‌ك وایه به من. با بڕوات عه‌ره‌بی فێر ببێت ئینجا بیر بكاته‌وه له مشت‌ومڕ له‌گه‌ڵ ئێمه.
ئه‌م بانگخوازه(!) ئیسلامیانه، كه له خۆیانه‌وه و به‌بێ شاره‌زایی قسه له قورئان و ته‌فسیر ده‌كه‌ن؛ جگه له‌وه‌ی كه سه‌ر له خه‌ڵكانێك دهشێوێنێنن و بیر و زانیاریی هه‌ڵه ده‌خه‌نه مێشكیانه‌وه؛ له ڕوی ئایینییشه‌وه به‌ر ئه‌و هه‌ڕه‌شه ئایینیه ده‌كه‌ون كه له‌سه‌ر زمانی پێغه‌مبه‌ره‌وه ده‌ڵێت: (ئه‌وه‌ی به‌بێ زانیاری قسه له قورئان بكات؛ با جێگه‌ی خۆی له ئاگردا خۆش بكات) (''من قال فی القرآ‌ن بغیر علم فلیتبوأ مقعدہ من النار'').
من هه‌ر كاتێك گوێم له قسه و لێدوانی ئه‌م بانگخوازه ئیسلامیه نه‌زانانه ده‌بێت؛ ناتوانم پێنه‌كه‌نم به هه‌ڵه و ڕمڵلێدانهكانیان، له هه‌مان كاتیش‌دا زۆر داخ له‌وه ده‌خۆم كه خه‌ڵك قسه له كێ وه‌رده‌گرێت و كێ ده‌كه‌ن به چاوساغی خۆیان! به‌ڵام له‌مه‌ودوا هه‌وڵ ده‌ده‌م لێیان بێده‌نگ نه‌بم و ئه‌گه‌ر وه‌كو نوكتهیش بێت هه‌ڵه پێكهنیناویهكانیان بۆ خه‌ڵك ئاشكرا بكه‌م تا وه‌كو خۆیان بیانناسن.
٭ هه‌روه‌ها له بواری كۆرپهلهناسییشدا هه‌ڵه‌ی وای كرد كه بێئاگاییه له زانیاریه ساده‌كانی ئه‌و بواره. بۆ نمونه: وتی ته‌حه‌ددی ده‌كه‌م یه‌ك كتێبی زانستی هه‌بێت بڵێت گۆشت پێش ئێسكه! له كاتێكدا به‌پێی سه‌رچاوه زانستیه‌كان (لە بواری كۆرپه‌له‌ناسی و سه‌رچاوه یاساییه‌كان ده‌رباره‌ی "له‌باربردن") هه‌ر له هه‌فته‌ی 5ـه‌مدا (ڕۆژانی 28 ـ 35) 40 جوت ماسولكه (ڕۆژی 28) (له بنی كه‌لـله‌ی سه‌ره‌وه هه‌تا خواره‌وه‌ی مورغهی پشت)، و ماسولكه‌كانی ناوچه‌ی سێبهندهش (ڕۆژی 31)، له كۆرپه‌له‌دا دروست ده‌بن. له ڕۆژی 36 یشدا (سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی 6ـه‌م) كۆی بارسته ماسولكه‌ییه‌كان دروست بون. دوای ئه‌وه‌ش گه‌شه‌ی ماسولكه و پێكهاتنی ماسولكه‌ی ناوچه‌كانی تر به‌رده‌وام ده‌بێت.
بۆ نمونه؛ بڕوانه:
Rugh, Roberts, & Landrum B. Shettles, Richard Einhorn, From Conception to Birth: the drama of life's beginnings. New York: Harper & Row, 1971. PP 35, 43, 46.
هه‌ر له هه‌فته‌ی 6ـهمیشدا ماسولكه ده‌ست ده‌كات به جوڵه. له‌دوای هه‌فته‌ی 7ـهمیشهوه ئیتر ماسولكه‌كان به كۆئه‌ندامی ده‌ماره‌وه په‌یوه‌ست ده‌بن و به هاوكاری كار ده‌كه‌ن. سه‌باره‌ت به كڕكڕاگه‌ش؛ هه‌ر له هه‌فته‌ی 5ـه‌مدا (دوای ڕۆژی 28 و ده‌ركه‌وتنی 40 جوته ماسولكه‌كه) بۆ یه‌كه‌م جار كڕكڕاگه دروست ده‌بێت، و له هه‌فته‌ی 6ـه‌مدا كڕكڕاگه بڵاو ده‌بێته‌وه به له‌شدا و په‌یكه‌ر (ڕاگر) ێك پێك ده‌هێنێت، تا له هه‌فته‌ی 7ـه‌مدا ئه‌و په‌یكه‌ره كڕكڕاگهییه گه‌شه‌ی ته‌واو ده‌كات. ئه‌وه‌ش واته گه‌شه‌ی ماسولكه و كڕكڕاگه هاوكاته، هه‌رچه‌ند سه‌ره‌تای ماسولكه ده‌كه‌وێته پێش سه‌ره‌تای كڕكڕاگه‌ش. سه‌باره‌ت به ئێسكیش؛ له هه‌فته‌ی 7ـه‌مدا به‌ئێسكبونی كڕكڕاگه ده‌ست پێ ده‌كات (هه‌ندێك سه‌رچاوه ده‌ڵێن هه‌فته‌ی 8ـه‌م)، واته دوای سه‌ره‌تای دروستبونی ماسولكه به 2 هه‌فته (ورده‌كاریی ئه‌م بابه‌ته و هه‌مو سه‌رچاوه‌كانی له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆدا ده‌خه‌مه ڕو). به‌ڵام ئیعجازیه‌كان ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك وا حاڵی بكه‌ن كه ماسولكه له هه‌فته‌ی 8ـه‌مدا ـ واته دوای ده‌ستپێكردنی كرداری به‌ئێسكبون ـ دروست ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی پاساو بهێننه‌وه بۆ ڕێكخستنه قورئانیه‌كه كه باسی ئێسكی پێش خستوه! كه هه‌ر ئه‌م به‌ڵگه‌یه كۆتایی به‌و مشتومڕه ده‌هێنێت، چونكه لوتكه‌ی پێكهوهنهگونجانی كۆرپهلهناسیی قورئانی و كۆرپهلهناسیی نوێ ده‌رده‌خات..
به‌گشتی زانیاریه‌كانی ئه‌م براده‌ره له‌سه‌ر كۆرپه‌له‌ناسی؛ هه‌ر ئه‌وانه بون كه ئیعجازیهكانی وه‌كو زیندانی و زه‌غلول نه‌ججار وتویانه و سازیان كردوه، له‌وه بترازێت؛ ئاگای لێ نیه و به‌دوایشیدا ناچێت.. هه‌تاكو له‌بریی ئه‌وه‌ی وه‌كو ڕاستیه‌كه‌ی بڵێت (كیث مۆر)؛ ده‌یوت (كیث مور)!! ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ده‌نگوباسه‌كه‌ی له‌و سه‌رچاوه عه‌ره‌بی ـ ئیسلامیانه‌وه وه‌رگرتوه بۆیه به‌هه‌ڵه و وه‌كو عه‌ره‌بیه‌كه‌ی ناوه‌كه‌ی ده‌خوێنده‌وه! به‌ڵكو جاری وا هه‌یه قسه‌كانی ئه‌وانیش به‌سه‌ر یه‌كدا تێكه‌ڵ ده‌كات و خراپتری ده‌كات! بۆ نمونه: ئه‌و تاقیكردنه‌وه پێكهنیناویهی كه زیندانی و (عوثمان جه‌یلان) له یه‌مه‌ن(!) كردویانه كه ـ له ماڵی مه‌لا زیندانی!! ـ ئێسكی كلێنچكه‌ی مه‌ڕیان هێناوه و به گڕی غازێك (!) سوتاندویانه هه‌تا بوه به خه‌ڵوز! هێشتا گوایه له تاقیگه ده‌بینن خانه‌كانی ئێسكه‌كه هه‌ر به‌زیندویی ماونه‌ته‌وه(!) و سوتاندنه‌كه كاری تێ نه‌كردون و ته‌نها (ماسولكه و شانه چهوریهكان و خانه‌كانی مۆخ كه خوێن دروست ده‌كه‌ن) سوتاون!! (كه پێش مه‌لاكانی ئیسلام؛ مه‌لاكانی جوله‌كه هه‌مان شتیان ده‌رباره‌ی ئه‌و ئێسكه وتوه كه گوایه ئه‌و ئێسكه به هیچ شتێك له‌ناو ناچێت و مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌وه زیندو ده‌كرێته‌وه! و ئیسلام ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی له كه‌له‌پوری یه‌هودیی حاخامیهوه وه‌رگرتوه.. كه ئه‌مه له توێژینه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی سه‌ربه‌خۆدا تیشكی ده‌خه‌مه سه‌ر).. جا ئه‌م بانگخوازه بلیمه‌ته (!) ی ئێمه هاتوه (ئه‌ڵقه‌ی 3) ئه‌م خه‌یاڵه‌ی (زیدانی) و (عوثمان جه‌یلان) ی تێكه‌ڵ كردوه به دۆزینه‌وه‌كه‌ی هه‌ردو (هانس شپهیمان) Hans Spemann [بانگخوازه‌كه‌مان ده‌یوت: هانس سپیمان!! دیاره هه‌ر له سه‌رچاوه‌ی عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی‌دا به شێوه‌ی (هانس سبیمان) بینیویه‌تی و له‌سه‌ر زمانی "زه‌غلول نه‌ججار" به (هانس سپیمان) بیستویه‌تی! بۆیه ئاوا به‌هه‌ڵه ناوه‌كه‌ی ده‌خوێنێته‌وه!] و خاتو (هیلده مانگۆلد) Hilde Mangold [بانگخوازه‌كه‌مان ده‌یوت: هیگڵ مانگۆڵد!! له‌به‌ر شتێكیشدا ده‌یخوێنده‌وه هێشتا وتی "هیگڵ" له‌بریی "هیلده"!] [ده‌رباره‌ی (ڕێكخه‌ری كۆرپه‌له‌یی) Embryonic Organizer كه مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه پێی ده‌وترێت (گرێی به‌رایی) Primitive Knot كه ده‌كه‌وێته ترۆپكی (هێڵی به‌رایی) Primitive Streak ـه‌وه، كه شپهیمان و مانگۆلد له په‌یپه‌رێكی هاوبه‌شدا باسه‌كه‌یان ساڵی (1924) بڵاو كرده‌وه، كه ـ به داخه‌وه ـ مانگۆلد هه‌ر له‌م ساڵه‌دا مرد و به‌رهه‌می كاره‌كه‌ی خۆی نه‌بینی]، و ده‌ڵێت (شپهیمان) و (مانگۆلد) یش هاتون ئه‌و مادده‌یه‌یان "كوتاوه و سوتاندویانه و ئینجا له منداڵدانێكی تر و منداڵێكی تردا چاندیان؛ منداڵی لێ دروست بو"! ئه‌مه ده‌قی قسه‌كه‌ی خۆی بو كه ده‌ڵێت شپهیمان و مانگۆلد ئه‌و مادده‌یه‌یان كوتاوه و سوتاندوه!! ئاخر ـ هه‌ی داماو! ـ مادده‌یه‌كی شلوشهوێڵی ورد (0.5 ملم) خۆی چیه تا بیكوتیت و بیسوتێنیت؟! چیی لێ ده‌مێنێته‌وه دوای كوتان و سوتاندن؟! ئه‌وه‌ی (شپهیمان ـ مانگۆلد) كردویانه (به سه‌رنج و ده‌ستوپه‌نجه‌ی وردی مانگۆلد و سه‌رپه‌رشتیی شپهیمان و به به‌كارهێنانی ده‌رزیی شوشه‌یی ورد بۆ گواستنه‌وه و چاندن) ته‌نها گواستنه‌وه‌ی لێواری پشتی (سه‌رویی) ی (دهرچهگۆپكه) Blastopore [ده‌رچه‌ی بۆشایی (بهراییهڕیخۆڵه) Archenteron] ی كۆرپه‌له‌ی وشكاوهكییهك بوه بۆ ناو كۆرپه‌له‌یه‌كی تر، كه ئه‌و (دهرچهگۆپكه) یه له ڕوی فرمانه‌وه به‌رامبه‌ری هێڵی به‌رایی Primitive Streak ـه له كۆرپه‌له‌ی مرۆڤدا (لێواره پشتیهكهیشی ـ كه ئه‌وان گواستیانه‌وه ـ به‌رامبه‌ری گرێی به‌رایی Primitive Knot ـه له كۆرپه‌له‌ی مرۆڤدا). كه له كۆرپه‌له خانهخوێكهشدا ئه‌و به‌شه‌ی (دهرچهگۆپكه) كه كۆرپه‌له‌یه‌كی تری دروست كرده‌وه واته ده‌بێته كۆرپه‌له‌یه‌كی تر كه به كۆرپه‌له‌كه‌ی تره‌وه ده‌نوسێت و ده‌بێته دوانه له جۆری دوانه‌ی پێكدالكاو (دوانه‌ی سیامی)، چونكه دوای یه‌ك كاتژمێر ده‌ستی كرد به دروستكردنی ئه‌ندامه‌كانی كۆرپه‌له‌یه‌كی تر، ئه‌مه تاقیكردنه‌وه و دۆزینه‌وه‌كه‌ی (شپهیمان ـ مانگۆلد) بو [كه له ڕاستیدا مانگۆلد بۆ خۆی یه‌كه‌م جار تاقیكردنه‌وه‌كه‌ی كرد هه‌رچه‌ند له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی شپهیماندا كاری ده‌كرد، به‌ڵام بانگخوازه‌كه‌مان ده‌ڵێت شپهیمان كردی و ئینجا هات له‌گه‌ڵ مانگۆلد كوتایان و سوتاندیان و ئینجا هێنایان له منداڵدانێكی تر و منداڵێكی تردا چاندنیان؛ منداڵێك دروست بو! دیاره به‌پێی خه‌یاڵی خۆی، یان چیی بیر ماوه له قسه‌كانی زه‌غلول نه‌ججار، حه‌كایه‌تێك ده‌گێڕێته‌وه!]، ئیتر باسی كوتان و سوتاندن؛ خۆڵكردنه چاوی خه‌ڵكه [هه‌ڵبه‌ته "زه‌غلول نه‌ججار" تۆزێك هێواشتر قسه‌كه ساز ده‌كات و له‌بریی ئه‌وه‌ی بڵێت شپهیمان كوتاندی و سوتاندی؛ ده‌ڵێت: "كوڵاندی"، كه ئه‌مه‌ش بۆ دۆزینه‌وه‌كه‌ی مانگۆلد و شپهیمان هه‌ر ڕاست نیه.. ئامانجی مانگۆلد و شپهیمان سه‌ره‌تا ته‌نها گواستنه‌وه و چاندنی بو به‌وریایی تا بزانن فرمانی چیه كه هێشتا نهزانرابو، ئیتر بۆچی ده‌یكوڵێنن یان ده‌یكوتن یان ده‌یسوتێنن؟! به‌ڵام دواتر: شپهیمان بۆ خۆی له‌گه‌ڵ فرانس [فغانس] گۆتڤالت فیشه‌ر Franz Gottwalt Fischer و ئێلسه وهیمیهر Else Wehmeier (ساڵی 1933)، هه‌روه‌ها یۆهانس هۆلتفرێتهر Johannes Holtfreter (ساڵی 1933) كه پێشتر له‌ژێر سه‌رپه‌رشتیی مانگۆلددا ئیشی كردبو، هه‌روه‌ها دۆرثی م. نیدهم Dorothy M. Needham، جۆسێف نیدهم Joseph Needham، كۆنراد وادینگتۆن Conrad Waddington، ئه‌مانیش ساڵی (1934)، سه‌رنجیان دا ڕێكخهرهكه دوای كوشتن (له‌ناوبردنی ژیان) یشی به هۆكاری وه‌كو (كوڵاندن و په‌ستان و دابه‌زاندنی پله‌ی گه‌رمی و وشككردنه‌وه و خستنه ناو مادده‌ی كیمیایی وه‌كو ئه‌سیتۆن و ترشی سركیك و زایلۆل و ئهلكهۆل) له (هاندان) Induction ی خۆی ناكه‌وێت و هه‌مان كاریگه‌ریی هه‌یه، چونكه ـ بۆیان ده‌ركه‌وت كه ـ پرۆسێسه‌كه پشت نابه‌ستێت به پێكهاته‌ی ڕێكخهرهكه به‌ڵكو پرۆسێسێكی كیمیاییه (واته ڕێكخهرهكه وه‌كو پێكهاته له‌ناو ده‌چێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی ده‌مێنێت مادده كیمیاییهكهیه، كه دواتر مادده كیمیاییه‌كه‌ش دۆزرایه‌وه)، بۆیه ئه‌گه‌ر بهزیندوییش نه‌مێنێته‌وه هه‌ر كاریگه‌ریی خۆی هه‌یه (به‌ڵام به سوتاندن ئه‌و كاره كیمیاییهیشی نامێنێت! چونكه سوتاندن ده‌توانێت ئه‌و مادده كیمیاییه بگۆڕێت یان له‌ناو ببات). ئه‌مه‌یه كه ئیعجازیه‌كان دوای شێواندنی به‌كه‌ڵكی ده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن ئه‌و شته له‌ناو ناچێت و هه‌ر زیندوه! و ئه‌مه‌ش وه‌كو نهێنییه‌كی خوایی باس ده‌كه‌ن و ئاگاییان له بابه‌ته كیمیاییه‌كه نیه! بۆ ئه‌وه‌ی بیبه‌ستنه‌وه به باسی ئێسكی كلێنچكهوه كه له حهدیثهكهدا ده‌ڵێت ناڕزێت له خاكدا و بنچینه‌ی زیندوبونه‌وه‌یه، كه پێشتریش حاخامه‌كانی جوله‌كه هه‌مان شتیان ده‌رباره‌ی ئه‌و ئێسكه وتوه. پێكهنیناوییشه "ڕێكخه‌ر" ه كه‌ی مانگۆلد ـ شپهیمان و كاریگه‌ریه‌كه‌ی به‌راورد بكرێت به ئێسكێك و نهڕزانی له خاكدا! كه بێ گومان دهشڕزێت!]. ئینجا ئه‌م بانگخوازه بلیمه‌ته ده‌ڵێت شپهیمان مادده‌كه‌ی چاندوه له (منداڵ) ێكی تردا و له (منداڵدان) ێكی تردا! واته وا تێگه‌یشتوه (شپهیمان ـ مانگۆلد) كۆرپه‌له‌ی مرۆڤیان به‌كار هێناوه و له‌ناو منداڵداندا چاندویانه! له كاتێكدا شپهیمان و مانگۆلد هێلكه‌ی گیانداری وشكاوهكیی وه‌كو (بۆقی چڕنوكاویی ئه‌فریقایی) و (سه‌له‌مه‌نده‌ری ئاوی) یان به‌كار ده‌هێنا. له تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا به‌تایبه‌تی هێلكه‌ی پیتێنراوی قۆناغی (گهدۆچكه) Gastrula ی سه‌له‌مه‌نده‌ری ئاوی بو. یانی منداڵ نه‌بو وه‌كو ئه‌و ده‌ڵێت! به‌ڵكو هێلكه‌ی پیتێنراوی وشكاوهكییهك بو! هه‌ر له بنه‌ڕه‌تیشه‌وه شپهیمان و مانگۆلد پسپۆڕی بواری (گیانه‌وه‌رناسی) Zoology بون و له‌سه‌ر كۆرپهلهناسیی گیانداران و به‌تایبه‌تی وشكاوه‌كیه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌كرد. ئینجا له منداڵدانیشدا نه‌بو وه‌كو ئه‌م به‌ناو دۆكتۆره وا ده‌ڵێت! وشكاوه‌كی منداڵدانی له‌كوێ بو؟!! به‌ڵكو ئه‌وان ئیشیان له‌سه‌ر هێلكه‌ی پیتێنراوی سه‌له‌مه‌نده‌ری ئاوی ده‌كرد له‌ناو گۆمه‌ئاوێكی بچوكدا. گریمان شپهیمان كۆرپه‌له‌ی منداڵیشی به‌كار هێنابێت؛ یانی توانیی ئه‌و شته له‌ناو كۆرپه‌له‌ی ناو منداڵداندا بچێنێت؟! ئه‌رێ ئه‌مه دۆكتۆره یان توتییه‌كه و قسه‌ی "زه‌غلول نه‌ججار" ی گه‌وره بازرگانی ئیعجاز دوباره ده‌كاته‌وه و به هه‌ڵه‌ی زیاتریشه‌وه دوباره‌ی ده‌كاته‌وه؟!!
له هه‌مویشی خۆشتر ئه‌وه‌یه وتی: شپهیمان ساڵی 1963 نۆبێڵی وه‌رگرتوه! له كاتێكدا شپهیمان خۆی 1941 مردوه! له ڕاستیدا شپهیمان ساڵی 1935 نۆبێڵی وه‌رگرتوه (كه ئه‌گه‌ر مانگۆلد بمایه؛ به‌هاوبه‌شی وه‌ریانده‌گرت)، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی ڕێكخه‌رOrganizer هكه، كه بابه‌ته‌كه به (هاندانی كۆرپه‌له‌یی) Embryonic Induction یش ئاماژه‌ی بۆ ده‌كرێت، چونكه ئه‌و ڕێكخه‌ره خانه‌كانی كۆرپه‌له هان ده‌دات بۆ دابه‌شبونی زیاتر و جیابونه‌وه و تایبهتمهندبون (له توێژینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆدا زیاتر ئه‌م بابه‌تی "ڕێكخه‌ر" ه و ڕه‌گوڕیشه‌ی باسی ئێسكی كلێنچكه ڕون ده‌كه‌مه‌وه).
ئه‌مانه ته‌نها چه‌ند نمونه‌یه‌ك بون، ئه‌گه‌رنا بۆ ده‌رخستنی هه‌مو هه‌ڵه‌كانی بابه‌تێكی بۆ ته‌رخان ده‌كه‌م.
***
ئینجا دوای ماوه‌یه‌ك، براده‌رانی قاوه‌خانه‌ی كولتوری سه‌ربه‌خۆیانه بیریان له ڕێكخستنی گفتوگۆیه‌كی كراوه كردبوه‌وه له قاوهخانهكهیان، كه له‌نێوان من و كاك (ئامێد سلێمان) و (د. عه‌بدولواحید) دا بێت، و ئیتر له خۆیانه‌وه ناوی منیشیان خستبوه لیستی گفتوگۆكه‌وه، و هیچ پرسێكیان به من نه‌كرد. كاك (ئامێد) یش به‌شبه‌حاڵی خۆی به باشی زانیبو بۆ ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن خۆیه‌وه وه‌ڵامی هێرشه ئایینیه‌كه‌ی (د. عه‌بدولواحید) ـ كه له ڕاگه‌یاندنی كۆمه‌ڵی ئیسلامیه‌وه كردی ـ بداته‌وه و له‌گه‌ڵ هه‌ڵبه‌ستن و بوختانه‌كانی ڕوبه‌ڕوی بكاته‌وه. به‌ڵام كاتێك منیان ئاگادار كرده‌وه كه هه‌واڵی گفتۆگۆكه ڕاگه‌یه‌ندرابو و به فه‌یسبوكدا بڵاو ببوه‌وه. به‌م شێوه‌یه به‌بێ پرس و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ من! زۆر سه‌یره له گفتوگۆیه‌كدا لایه‌ن بیت و به خۆت نه‌زانیت! په‌یوه‌ندیم كرد به كاك (ئیدریس عومه‌ر) ه‌وه له قاوه‌خانه‌ی كولتوری، ئه‌ویش كه زانیی من به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌و مشتومڕه ڕازی نیم و له‌گه‌ڵ كه‌سی وا دانانیشم و ئه‌وان له خۆیانه‌وه بڕیاریان داوه؛ ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی له په‌یجی قاوه‌خانه له فه‌یسبوك سڕیه‌وه، به‌ڵام دوای ئه‌وه ڕاستیان نه‌كرده‌وه و ڕاگه‌یاندنه‌كه‌یان جارێكی تر بڵاو نه‌كرده‌وه به‌و پێیه كه مشتومڕه‌كه ته‌نها له‌نێوان كاك (ئامێد سلێمان) و (د. عه‌بدولواحید) دایه، وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌ر سور بن له‌سه‌ر نه‌خشه‌كه‌ی خۆیان! ئینجا په‌یجه ئیسلامیه‌كانی فه‌یسبوك هه‌واڵی مشتومڕه‌كه‌یان ده‌ستاوده‌ست پێ ده‌كرد، و منیش وامده‌زانی براده‌رانی قاوه‌خانه هه‌واڵه‌كه‌یان لای خۆیان ڕاست كردوه‌ته‌وه و نه‌مده‌زانی كه به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ری! ئه‌و ماوه‌یه‌ش هه‌ر كه‌س پرسیاری له من كردبێت له‌و باره‌وه‌یه‌وه؛ وتومه ئه‌وه په‌یوه‌ندیی به منه‌وه نیه و ته‌نها ئه‌و دوانه داده‌نیشن بۆ گفتوگۆ. ئیتر به‌م شێوه‌یه هه‌تا كاته‌كه‌ی نزیك بوه‌وه، تا ئه‌و كاته‌ش (د. عه‌بدولواحید) زانیبوی كه من تێیدا به‌شداری ناكه‌م، بۆیه له سایتی خۆیه‌وه كردبوی به ته‌حه‌ددییه‌ك كه له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی (به‌بوێری) مشتومڕی هه‌یه، نوسیبوی (به سه‌روه‌ر پێنجوێنییشهوه)!! ئه‌وه‌ش زۆر سه‌یر بو كه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كاتی خۆی قاوه‌خانه ـ به‌بێ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ من ـ ناوی منیان داناوه و منیش هه‌ر ئه‌و كاته پێم ڕاگه‌یاندون كه له‌گه‌ڵ كه‌سی وا دانانیشم بۆ گفتوگۆ، كه‌چی هه‌ندێك له قاوه‌خانه‌وه په‌یوه‌ندییان پێوه ده‌كردم بۆ ئاماده‌بون له‌و به‌زمه‌ی سازیان كردوه بۆ خۆیان! ئه‌مه‌ش لای من جێی گومانه و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه سوربونێك له‌سه‌ر ڕێكخستنی به‌رنامه‌كه لای براده‌رانی قاوه‌خانه هه‌یه.. بۆچی؟ نازانم.. ئینجا دوای ئه‌وه‌ی كه به هۆی هوروژم و ئاماده‌كاریی ئیسلامیه‌كانه‌وه كه (مه‌لا كامه‌ران) یشیان بۆ هێنابو(!!)؛ ئاسایشی سلێمانی په‌یمانی پاراستنی ئاسایشی شوێنه‌كه‌یان نه‌دا و نه‌یانهێشت گفتوگۆكه بكرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دوای ئه‌وه‌ی هێزێكی ئاسایش كاك (ئامێد سلێمان) بۆ پاراستنی گیانی ده‌به‌ن و له‌وێ دوری ده‌خه‌نه‌وه؛ ئینجا بانگخوازه ئیسلامیه‌كه دێت و بارودۆخه‌كه به‌كه‌ڵك ده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی شتێكی تر بخاته پاڵی سوكایه‌تی و هه‌ڵبه‌ستن و دیعایه ئایینیه سه‌لبیه‌كانی خۆی دژی به‌رنامه‌ی (به‌بوێری) و كاك (ئامێد سلێمان) و هه‌روه‌ها من، و بڵێت ئه‌وه كاك (ئامێد) یش ئاماده نه‌بوه! دواتر به شێوه‌یه‌ك خه‌ڵك حاڵی ده‌كات كه گوایه من له پشتی به‌رنامه‌ی (به‌بوێری) ـهوهم! و گوایه ئیتر ئه‌وه بردنه‌وه‌ی خۆی بوه به‌رامبه‌ر هه‌مو به‌رنامه‌ی (به‌بوێری)! هه‌تاكو نه‌هێشتنی ئاسایشیشی به سیناریۆیه‌ك لێك دایه‌وه! ئه‌وی جێی داخ و گله‌ییه هه‌ندێك كه‌ناڵی ڕاگه‌یاندنی تریش، سه‌رباری (په‌یام) ـه‌كه‌ی خۆیان، ئه‌م پرۆپاگهندانهیان بڵاو كرده‌وه! به‌بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك وته و لێدوانی كه‌میش له ئێمه وه‌ربگرن.. به شێوه‌یه‌ك كه هه‌ر له پیلانێك ده‌چێت!
به‌م شێوه‌یه ده‌ركه‌وت كه ئه‌وه‌ی ناونرا گفتوگۆ؛ ته‌نها به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌و بانگخوازه ئیسلامیه و هێزه ئیسلامیه‌كه‌ی پشتی بو بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه له به‌رنامه‌ی (به‌بوێری) و ڕشتنی داخی خۆیان به‌و به‌رنامه‌یه و بۆ شاردنه‌وه و پینه‌كردنی پاشه‌كشه‌ی پێشوی ئه‌و داكۆكیكاره ئیسلامیه له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ! و ده‌ركه‌وت بابه‌ته‌كه كرابوه مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی، و هیچ دو‌ریش نه‌بو هه‌له‌كه بقۆزرێته‌وه بۆ تێكدانی ئاسایش و سازاندنی بارۆدۆخی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی پێشتر له سلێمانی و له بادینان ڕوی دا.
هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وت كه ئه‌و بانگخوازه ئیسلامیه گفتوگۆ به شه‌ڕێكی ئایینی و ململانێیه‌ك حاڵی بوه كه به هه‌ر شێوه‌یه‌ك و به هه‌ر نرخێك بێت هه‌ر ده‌بێت بیباته‌وه! ئه‌گه‌ر به دو قسه‌ش بێت له كاتی نه‌بونی به‌رامبه‌ردا، ئه‌گه‌ریش به وتنی شتی ناڕاست و هه‌ڵبه‌سراو بێت. و ئه‌وه زیاتر سایكۆلۆجیای له‌و جۆره‌ی بۆ ده‌رخستین.
به‌ڵكو زانیاریمان هه‌یه كه له‌و خه‌ڵكه ئیسلامیه‌ی هێنرابون كه‌سانێك هه‌بون كه به هیوای ئه‌وه هاتبون ئه‌گه‌ر ئێمه مشتومڕمان كرد و ئه‌نجامه‌كه‌ی به دڵی ئه‌وان نه‌بو؛ بیكه‌ن به هه‌را و تێكی بده‌ن و ئه‌وه‌ش توندوتیژیی لێ ده‌كه‌وته‌وه و ته‌شه‌نه‌ی ده‌كرد بۆ شتی تریش.
***
به‌شبه‌حاڵی خۆم، داوام له براده‌رانی قاوه‌خانه‌ی كولتوری ئه‌وه‌یه ئه‌و سته‌مه‌ی به‌رامبه‌ر من كردویانه ڕاستی بكه‌نه‌وه، و له‌لایه‌نی خۆیانه‌وه ڕونی بكه‌نه‌وه كه ڕاگه‌یاندنی ئه‌و مشتومڕه له كاتی خۆیدا به‌بێ ڕێكه‌وتن بوه له‌گه‌ڵ من و من هیچ كاتێك له‌گه‌ڵ ئه‌و دانیشتنه نه‌بوم و هه‌ر له كاتی خۆیدا ڕه‌تم كرده‌وه له‌گه‌ڵ كه‌سی له‌و شێوه‌یه و لایه‌نی له‌و شێوه‌یه و عه‌قڵیه‌تی له‌و شێوه‌یه دانیشم و مشت‌ومڕ بكه‌م.
ئینجا دوایی براده‌رانی قاوه‌خانه كه واقیعه‌كه‌یان به چاوی خۆیان بینی؛ ئینجا زانییان من باسی چی ده‌كه‌م و بۆچی ده‌ڵێم كه‌ڵكی نیه.
حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌وه‌ش بڵێم كه من هه‌ر زو خه‌می ئه‌م بابه‌ته و ئه‌م پرۆپاگه‌ندا ئیعجازیانهم خواردوه، و نزیكه‌ی ده ساڵ لهمهوپێش لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لم له‌سه‌ر نوسیوه له گۆڤاری (هه‌ژان) دا، به ناوی (ڕه‌خنه له لێكدانه‌وه‌ی زانستی بۆ قورئان)، و له كاتی خۆیدا ئیعجازیه دیاره‌كانی ئێره (ئه‌وانه‌ی سه‌ر به "ناوه‌ندی كوردستان بۆ ئیعجازی زانستی" ـن) هیچ وه‌ڵامێكیان نه‌بو جگه له‌وه‌ی گله‌ییان له سه‌رنوسه‌ری گۆڤاره‌كه كرد له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه!
و ئێسته‌ش به چه‌ند ئه‌ڵقه‌یه‌ك له‌سه‌ر (كۆرپهلهناسیی قورئانی) له ڕۆژنامه‌ی (چاو‌دێر) نوسیومه كه زۆر ڕاستیی ته‌فسیری و زمانه‌وانی و زانستی و مێژوییم تێیدا ڕون كردوه‌ته‌وه، و به‌م زوانه سه‌رجه‌می ئه‌م بابه‌تانه ده‌بنه كتێبێكی ته‌واو له‌سه‌ر پرۆپاگه‌ندای (ئیعجازی زانستی) و ساختهییهكانی ئه‌و ئاڕاسته و بیركردنه‌وه‌یه بۆ هه‌مو خه‌ڵك ڕون ده‌كاته‌وه. و ده‌بێته كتێبێكی عه‌ره‌بییش (به ناوی: نقد التفسیر العلمي للقرآن، وتهافت الإعجاز العلمي للقرآن)، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته وه‌ڵامی ئه‌و پرۆپاگهندایه هه‌ر له سه‌رچاوه‌ی خۆیه‌وه كه وڵاتانی كه‌نداو و سه‌عودییه و یه‌مه‌نه! كه له ڕاستیدا ئاوه‌كه له‌وێوه ده‌ڕێژرێت و لێره خه‌ڵكانێك پێی تێ ده‌خه‌ن!
ڕێگه‌ی ئێمه‌مانان دورودرێژه، و پشویشمان درێژتره..
http://sarwar-penjweni.blogspot.com
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست