کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


خه‌ڵکی کوردستانیش وه‌کو باوکی رۆژوان خاوه‌نی خوێنی رۆژوانه‌‌..

Saturday, 19/02/2011, 12:00


راسته‌ بۆ خانه‌واده‌ی به‌ڕێزی کۆستکه‌وتووی شه‌هید رۆژوان کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه‌، که‌ هه‌رگیز جوبران ناکرێته‌وه‌.. مێرمنداڵێک له‌ تافی لاویتیدا له‌ گه‌رمی خۆشه‌ویستی ژیانی خانه‌واده‌یی داببڕینرێت، کارێکی ناخۆشه‌.
خوێنی به‌ناهه‌ق رێژراوی رۆژوان، ئه‌رکێک له‌سه‌ر خه‌لکی کوردستان و خانه‌واده‌که‌ی وه‌ک یه‌ک دورستده‌کات، به‌مانا کرده‌ی شه‌هیدکردنی رۆژوان چه‌نده‌ خانه‌واده‌که‌ی به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر هه‌یه‌، دیاره‌ خه‌ڵکی کوردستانیش ئه‌وه‌نده‌.
باوکی رۆژوان نابێت که‌یسی شه‌هیدبوونی بچووک بکاته‌وه‌ و بیخاته‌ قاڵبیکی کاره‌ساتێکی ساده‌ و ساکار، به‌ڵکو ئه‌م که‌یسه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌، که‌ هی ته‌واویی خه‌ڵکی کوردستانه‌ . خاوه‌ن ده‌رکه‌وتن له‌م که‌یسه‌ خاوه‌ن ده‌رکه‌وتنه‌ به‌ ئاینده‌ی هه‌موو هاوته‌مه‌ن و هاوشێوه‌کانی رۆژوان، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌موو به‌قه‌ده‌ر باوک و خانه‌واده‌که‌ی به‌رپرس و خاوه‌نین و له‌سه‌رمانه‌ داکۆکی له‌ که‌یسه‌که‌‌ بکه‌ین، چونکه‌ که‌یسه‌که‌‌ له‌ چوارچیوه‌ی خانه‌واده‌یه‌ک هاتۆته‌ده‌ره‌وه‌ و بۆته‌ که‌یسی گشتی.
ده‌سه‌ڵات وه‌ک له‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ش به‌ده‌رده‌که‌وێت، ده‌یه‌وێت که‌یسه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ بچووک بکاته‌وه‌ بیخاته‌ چوارچیوه‌ی رووداوێکی ساده‌ و ساکار، که‌ شایه‌نی ئه‌وه‌ی نییه‌ که‌سانی دیکه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکات. ئه‌وه‌تا ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود بارزانی هه‌ول ده‌دا کێسه‌که‌، که‌ خۆی بکه‌ری بووه‌ ئیستغلالی بکات بۆ دامرکاندنه‌وه‌ی توره‌یی خه‌ڵکی، باوکی شه‌هید وا له‌ قوڕنه‌یه‌کدا جێگیر ده‌که‌ن، که‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی داوای بکوژان بکات و دادگایی عادیلانه‌یان بکرێت، دێت و ده‌ڵێت: خوینی کوڕه‌که‌م به‌کار مه‌به‌ن و ئارامی بنوینن.
بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود، تاوانه‌کان ده‌که‌ن و دواتریش له‌ چوارچێوه‌ی خێڵ، خێڵیکی زاڵ په‌نا بۆ سوڵح ده‌به‌ن، من دوو نمونه‌ ده‌هێنمه‌وه‌، که‌ بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود چۆن دوژمنه‌کانیان ده‌کوژن و تیرۆریان ده‌که‌ن ، دواتر به‌ پاره‌ سوڵحیان له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ن:

نموونه‌ی یه‌که‌م:
سوڵح له‌گه‌ل خانه‌واده‌ی فاخیر مێرگه‌سووری، پاش کوشتنی فاخیر له‌ دڕنده‌ترین سیناریۆدا، بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود پاش ده‌یان سال دوای ئه‌م تیرۆره‌،  ملیۆنه‌ها دۆلار له‌ گیرفانی خه‌ڵکی کوردستان ده‌دزن و ده‌یده‌ن به‌ بنه‌ماڵه‌ی فاخیر مێرگه‌سووریی.

نمونه‌ی دووه‌م:
کوشتن و تیرۆرکردنی چه‌ند کادیرێکی یه‌کگرتوو له‌ دهۆک دوای ئه‌تککردنی یه‌کگرتوو له‌ دهۆک ، دێن به‌ 25 ده‌فته‌ر دۆلار هه‌ر خانه‌واده‌ی کوژراویک رازی ده‌که‌ن.
ئه‌م لۆژیکه‌، که‌ لۆژیکی خێڵه و دژی هه‌موو پرینسیپه‌کانی مافی مرۆڤه‌ و نایه‌ته‌وه‌ هه‌رگیز له‌گه‌ڵ یاسا و رێساکان و ساده‌ترین مافی قوربانییه‌کان، بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود بارزانی دێ و به‌ پاره‌ی دزراوی بوودجه‌ی خه‌ڵکی کوردستان سوڵح ده‌کات و گه‌وره‌ترین پێشێلکاری ده‌رهه‌ق به‌ دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی تۆمار ده‌کات.
نێچیر له ‌سووتانی باره‌گاکانی KNN دیسان به‌هه‌مان لۆژیک، ده‌یه‌وێت سوڵح له‌گه‌ڵ قوربانی بکات و له‌و کۆنفراسه‌ رۆژنامه‌وانیی چه‌ند رۆژێک پێش ئێستا،‌ ووتی: بیناکانیان بۆ چاک ده‌که‌ینه‌وه‌!

له‌ کۆتاییدا ده‌مانه‌وێت بڵێین:
به‌رێز وه‌ستا عه‌لی تۆ به‌ته‌نیا خاوه‌نی رۆژوانی کوڕت نییه‌، به‌ڵکو هه‌موومان خاوه‌نی رۆژوانیین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت کاری له‌م جۆره‌ روونه‌داته‌وه‌ و خوێنی هاوتکانی رۆژوانه‌کان چیدیکه‌ نه‌رژێت، ده‌بێ بڵێیت: بکوژان بدرێنه‌ دادگایه‌کی عادیلانه‌..ده‌بێ یاسا جێگه‌ی خۆی بگرێت.. ده‌بێ پاره‌تان لا قه‌بول نه‌بێت.. ئێمه‌ دڵنیاین بنه‌ماڵه‌ی تیرۆریستی مه‌سعود دێنه ‌لاتان، بۆ ئه‌وه‌ی خوێنی کوڕه‌که‌تان به‌ هه‌رزان لێ بکڕن.

تکات لێده‌که‌ین شه‌رمه‌زارمان مه‌که‌ به‌رامبه‌ر رۆژوانی شه‌هید ..
تکات لێده‌که‌ین.

http://83.169.12.202/K_Direje.aspx?Jimare=3223&Besh=Hewal&Cor=1

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە