میسری مورسى....
Wednesday, 28/11/2012, 12:00
سەرەتا من لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەم باهۆز و سەرهەڵدان و ووریابوونەوەیە ناوبنێم بەناوى بەهارى عەرەبیی یان بەهارى ئیسلامیى ، چونكە هێشتا فلیمەكە زۆرى ماوە ، لەوانەیە بەهارى كوردییش لە باكور بێتە كایەوە ، بەهارى ئێرانییش نزیك بووەتەوە ، ئەگەر مەسەلەى سوریا بەزوویى چارەسەر نەكرێت لەوانەیە بەهارى توركییش بەجۆرێك لە جۆرەكان رووبدات..
ئەم بەهارانە لە وڵاتانى چەوساوەى عەرەبییەوە سەرى هەڵدا ، ئەمەش حیكایەتەكەى لاى هەمووان ئاشكرایە ، كە ئیستیعمار بە جۆرێك بار و بنەى پێچایەوە ، خەڵك و بنەماڵەى واى لە جێى خۆى دانا كە پارێزگارى لە بەرژەوەندیەكانى داگیركەران بكەن زیاتر و باشتر لە خۆیان، بۆیە زلهێزە بەرژەوەندی پەرستەكان بەهەموو جۆرێك پشتیوانییان لەو كەس و بنەماڵانە كرد و دەستیان واڵا كردن ، هەر هێز و بزاڤ و تەوژمێك : میانەڕەو ، ریفۆرمیست ، ئازادیخواز یان چەكدار ، بەتوندى سەركوت بكرێن ، ناوەندە نێودەوڵەتیەكان ،بەتایبەتى نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو تەوژم و شۆڕشانە بە تیرۆریست لەقەڵەم بدەن و زۆرى تریش .. لەناو میللەتە چەوساوەكانى عەرەبیشدا زیاتر ئیسلامیەكان بە تایبەتى تریش (ئیخوان موسلمین) باجى زۆریان دا ، پشوو درێژ بوون ، هەرئەوان بوون هەشتا ساڵ تەحەمولى كەنارخستن و زیندان و ئیعدام و چەوساندنەوەیان كرد ، بەدەیان هەزاریان لە سجندا توندكران ،سەدان سەركردەیان دەیان ساڵ لە زینداندا ئەشكەنجە دران، هەزارانیان ئیعدام كران،هەزارانیشیان سەرى خۆیان هەڵگرت و ئاوارەى وڵاتان بوون ، بۆیە دەرئەنجامێكى ئاساییە كە راپەڕین لەگەلانى عەرەبیەوە دەست پێبكات و ئیسلامیەكانیش لە ریزى پێشەوەى ئەو راپەڕینانەدابن ، ئاساییە بوترێت بەهارى عەرەبى ، یان تایبەتى تر بەهارى ئیسلامیى ، ووردتر بووترێت بەهارى ئیخوانى..ئەم باسە قسەى زۆر لەسەر كراوە و قسەى زۆرتریش هەڵدەگرێت ..
لە بەهاردا گوڵ ، لە هاویندا بەر...
مەلیك حسێنى ئوردون قسەیەكى هەیە ئەڵێت (سیاسەت وەكو فەلاحەت وایە ، ئەبێت بزانیت كەى بەرهەم ئەدوریتەوە ، سەبرى ئەوێت ، سەرەتا ئەوەى رواندووتە گوڵى كردووە ، ئەبێ لێى بووەستى هەتا گوڵەكە ئەبێتە بەر ، ئینجا بیدوریتەوە ، ئەگینا رەنج بەخەسار دەبیت) ، ئەمە لەوانەیە بۆ ئەمروَِى راپەڕین و بەهارى گەلان راست بێت ، بەتایبەتى بۆ ئیسلامیەكان كە هەندێ پەلەییان پێوە دیارە و هەڵپەى گەیشتنە دەسەڵاتیانە ، لەوانەیە زۆر نەیانپێكابێت ، چونكە دێنەسەر وڵاتێكى داتەپیو ، وێران و داماو ، بۆ نموونە وڵاتێكى وەكو لیبیا ، شێتێكى وەكو قەزافى 42 ساڵە خۆى و كوڕەكانى حوكمیان كرد ، بەو جەنگە خوێناویەش كۆتایى بەدەسەڵاتى بێت ، ئیتر ئەبێت چەند وێران و داڕوخاو بێت ..لەو وڵاتێكى گەورە و برسى وەكو میێردا ، زیاتر لە 30 ساڵ بەس حوسنى موبارەك و كوڕەكانى حوكمیان كردو وڵاتیان بەو دەردە برد ، هەر خۆڵو خاشاك و زبڵ یەكێكە لە كێشەكانى ئەو وڵاتە ، ترافیك و قەرەباڵغى جادەكان و رێكخستنەوەى جادەكان پێویستى بەچەندین بەرنامەى وردو پلانى فراوان هەیە ، ئەمە جگە لە دراوسێیەتى غەززەو ئیسرائیل و ئەو هەموو موعارەزە بێویژدانەى كە تا دوێنێ پیاوى حوسنى موبارەك و عەلا و جەمال بوون ، ئەمڕۆ بوونەتە فلول و بەراست و چەپدا رەخنەى وێرانكەر دەگرن و چاویان بە هیچ دەسكەوتێكدا هەڵنایەت ، ئاخر وڵاتێك هیچ نەبێت سى ساڵە وێران دەكرێت و سەرخان و ژێرخانى دادەڕوخێنرێت ، ئەڵێن مورسى لەبەرنامەى سەد رۆژەیدا هیچى نەكردووە ؟ لە تونسەكەى زەینولهاربین و لەیلاكوافیراش وەزعەكە هەروا ئاسان نییە ، مەگەر بەحیكمەت و لێزانینى بیرمەندێكى وەكو راشید غەنووشى بتوانن زاڵ بن بەسەر ئەو هەموو كۆسپ و تەنگژانەى لەو وڵاتەدا بە میراتى بۆیان ماوەتەوە ، ئەوە شۆڕشى سوریاى خۆیناوى با بوەستێ ، كە بەداخەوە شارستانیەتى ئەمڕۆ زۆر بە خۆینساردیەوە سەیرى ئەو هەموو خۆینە گەرمە دەكات كە لەجەستەى بریندار و شەهیدەكانى ئەو وڵاتە دەتكێ ، خاڵى هاوبەش لەمانە هەموویاندا ئەوەیە نووسەرانى دەربار بەناوى ئازادیى بیروڕاوە لە ئایندە و دەستورى وڵاتەكەیان ئەترسن ..ئیتر نازانم دەستوورێك كۆمەڵێك خەڵكى هۆشیارو بیرمەندو چالاكوانى كۆمەڵگەى مەدەنى بینۆسێتەوە باشە یان كتێبە سەوزەكەى قەزافى ؟
پێویستە دەستوور بەجۆرێك بنووسرێتەوە كە هەموولایەنەكانى ژیانێكى شارستانى و هاوچەرخ و ئازادى بیرو را ، مافى ئافرەت و مافەكانى مرۆڤ زۆر بەهەند وەربگرێت ، ئاساییە كار بۆ دەوڵەتێكى مەدەنى بكرێت ، مافى تاكە كەس ، ئازادى بیرورا و رۆژنامەنووسى و هونەر و هتد ، لە ئەولەویاتى كاریاندا بێـت ..زۆر زۆر گرنگە ئیسلامییەكان خۆ بەدوو ربگرن لە دەوڵەتى كەهەنووتى دینى ، هەر ئەوەندەیان بەسە تاڵاوى ساڵانى رابوردویان بیربكەوێتەوە و ئەمەش ببێتە هاندەرى ئەوەیان كە ئیمانى تەواویان هەبێت بە پێكەوە ژیان و حوكمى مەدەنى و دەساودەسكردنى ئاشتیانەى دەسەڵات و خیتابى هاوچەرخانەیان بكەنە ئایكۆنێك لەهەموو وڵاتێكدا پێى بناسرێنەوە ..
لە قەیرانى كۆنەوە بۆ قەیرانى دروستكراو
لە میێردا د. محمد مورسى بە هەڵبژاردن بووە سەرۆك كۆمار(واتەدەسەڵاتى جێبەجێكردنى گرتە دەست كە ئەمەش مافى رەواى خۆیەتى )لە كودەتایەكى سپیدا و بە ناحەق پەرلەمانی میێریان هەڵوەشاندەوە كە 30 ملێون میێرى دەنگیان پێدابوو ، واتە دەسەڵاتى یاسادانیان هەڵوەشاندەوە ؟ مورسى ناچاربوو هەندێك ێەلاحیات بۆ خۆى دەستەبەر بكات هەتا دەستور ئەنووسرێتەوە و هەڵبژاردنى پەرلەمان دەكرێتەوە، لە ماوەى 3 مانگى داهاتوودا، دەسەڵاتى دادوەرى و داواكارى گشتى تا بینەقاقایان لە گەندەڵیدا نغرۆ بووە ، چەندین ساڵە هەڵبژاردنى پڕ لەتەزویرات دەكرێت ، فەساد و فەرهود میێرى وێران كرد، ئەوان بێدەنگ بوون ، تاوانبارانى شۆڕش و واقیعەى جەمەلیان بێ تاوان دەرخست ، مورسى ناچاربوو داواكارى گشتى، كۆنە پیاوى موبارەك تەقاعود بكات و كەسێكى تر لە جێى دابمەزرێنێت ، بە كورتى ئێستاى میێر زۆر ئاڵۆز و بێسەر و بەرەیە ،ئەمە واى كردووە مورسى دەست ببات بۆ هەندێ هەنگاوى بڤە ، لەوانە یاسایەك دەربكات كەوا بكات یاساكانى ترى قابیلى تانەلێدان نەبێت ، ئەمانە ئەو هەنگاوە نوێیانەى مورسى سەرۆك كۆمارى میێرن .. لەم مەرحەلەیەدا هەتا میێر ئەكەوێتە سەر سكەى خۆى ، جا خۆ ئاشكرایشە فلول و بەڵتەجى و میدیا و رۆژنامەنووسى ئاشوبگێڕ و شەقاوەش زۆرن كە بە پارەى دزراو و گەندەڵكاران و پاشماوەى حوكمى فاسدى موبارەك بجوڵێنرێن بۆ ئەوەى وەزعى ناوخۆى میێر ئەوەندەى تر پەشێو بكەن ، كێشەى غەززە ، هەژارى و ئابورى داتەپیو ، ئیسلامیەكانى تر و چەندین تەحەدداى تر روبەروى میێرى مورسى بووەتەوە ، كە بە شێكى زۆرى دروستكراو و هەندێكیشى لەوانەیە پەلەپەل و كەم ئەزموونى مورسیش بەشێكى بێت .. بەڵام میێر وڵاتى شارستانیەتە بە ئاسانى كۆنترۆڵ ناكرێت ، مەكانەتى خۆى هەیە لە جیهانى عەرەبى و ئیسلامی و هەرێمیدا..هیوادارم مورسى ئەوەندە بەهێز بێت بەهارى سەوزى میێر نەبێتە پایز و گەڵارێزانى شۆڕشگێڕان..
تەها سوڵەیی 25 نۆڤەمبەرى 2012
[email protected] تێبینى :
لە رۆژنامەى هاوڵاتى ژمارە 936 - 27 -11 -2012 دا بڵاوبووەتەوە
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست