سویدییەکان نۆ ساڵەیەک دەکەنە رابەری خۆیان، کوردیش ئەو پیرە سەرکردانە رابەریی دەکات
Friday, 23/12/2011, 12:00
پەیامی میللە بولەر 9 ساڵ دژ بە پەیامی قوتابخانەی بارزانی و تاڵەبانیە .
یان چیڕۆکی قارەمانبونی ئەومناڵە 9 سالیە سوێدیە بخوێنەوە ....
کەخێزانەکەم لە کار هاتەوە و دوای پشوودانی، وەک ئەوەی شتێکی لەیاد چوبێت، بەپەلە، بەکورەکەمی ووت ئاگات لەچیرۆکی میللە هەیە، ووتی نەخێر، بۆیە لەگەڵ گێرانەوەی سەرەتای چیرۆکەکەی، منیش خۆم پێ نەگیرا و لەتەک کورەکەم دانیشتم و لەمام گوگل بەدوای بەدەست هێنانی زانیاری گەڕاین، یەکەم وێب سیدەمان لەرۆژنامەی ئافتون بلادێتی سوێدی لەسەر بینی و ڕاپٶرتی یەکەممان خوێندەوە لەتەک فلیمێکی ڤیدیۆی کەناڵی 4 ی سوێدی کە لەهەمان ڕۆژنامە بڵاو کرابۆوە . بەدەستە خۆم نەبوو لەگەڵ خوێندنەوەی هەردێرێک لەدێرەکانی و گوێبیستنی هەر وتەیەکی لەو ڤیدیۆ دیدارەدا، هەستم بە شادومانی، کەمرۆڤایەتی چەندە خەون و خەباتی جوانی تیایە، لەهەمان کاتدا هەستی ئازاربونیش دەستی پێ کرد، کەئێمە چ بەڵایەکی ئیلاهی سەرپەرشتی کۆمەڵگای کوردی لەباشور دەکات . بۆیە بەگرنگم زانی بە خوێنەرانی کوردی بناسینێم و تێک هەڵکێشی بکەم بە سیستەمی سیاسی و بەرپرسە سیاسیەکانی کورد میللە مناڵێکی سوێدیە و تەمەن 9 ساڵە، لەیەکێک لەڕۆژەکانی تەمەنی و لەکەناڵێکی تێڤێ دا، وێنەی مناڵێکی ئەفریقی دەبینێت، کە نانیان نیە بیخٶن و مێشولەش بەسەر دەم و چاوی دەنیشێت و دەسوڕێتەوە . وێنەی مناڵە ئەفریقیەکە و ژیانی پڕ لەبرسێتی دەبێتە ئازارێکی زۆر بۆ میللە، بۆیە خەوی چەند شەوەی لێ دەزڕێنیت و بەردەوام وێنەی مناڵەکە لەنیو هزری دەخولێتەوە چۆن هاریکاریان بکات
سەرەتا بیردەکاتەوە هاریکاریەکی مادیان بکات بەلام دوایی بۆی دەردەکەوێت، کەئەو کارناکات و ناتوانێ هاریکاریان بکات بۆیە لەگەڵ دایکی قسە دەکات ڕێک دەکەون، دوای تەواوبونی قوتابخانەی بولەر (جۆرە کێکێکە) دروست بکەن و لەشوێنە گشتیەکان بیفرۆشیت و ئەو پارە ی کۆی دەکاتەوە بۆمناڵانی ئەفریقا بینرێت . دوای ماوەیەک هەستی کردبوو، ئەو پارەی کۆدەکرێتەوە نابێتە هۆی ساڕێژ کردنی ئازارەکانی میللە . بۆیە بڕیار دەدات لەدوکانە گەورەکان بولەر بەکارتۆن بکرێت و بفرۆشێت، بەتایبەتی کەلە هەنگاوەکانی هەر لەسەرەتاوە براکەی و چەند هاوڕێیەکی هاریکاری دەکەن ... دوای سەرکەوتنیان لەم هەنگاوەش، بڕیار دەدەن بولەر کارگەیەکی بەهەزاران بکڕن و بەمەش توانیویانە تا 12ی دێسێمبەری ئەمساڵ نزیک بە 200 هەزار کڕۆنی سویدی کۆبکەنەوە (320 وەرەقە دۆلار زیاتر دەکات).
http://www.aftonbladet.se/svenskahjaltar/article14093032.ab
ئەم هەنگاوەی میللە بووە هۆکاری ئەوەی بەسەدان مناڵی هاوشێوەی وەک ئەو پەیوەست بن بە وکەمپینە مەیدانیەی میللە و هاوڕێکانی، بۆیە ئەمڕۆ لەسەرجەم شارەکانی سوێد بەناوی بۆلاگی میللە، منالانی سوید لەشوێنە گشتیەکان کێکی بولەر دەفرۆشن وپارەکەی بۆ مناڵانی هەژاری ئەفریقا دەنێرن . ئەم هەنگاوە مەزنەی میللە و هاوڕێکانی بووە هۆکاری ئەوەی میدیای سویدی بەدوایدا بچێت، بۆیە کەناڵی تەلەفزیۆنی ٤ی سوێدی بەناوبانگ بەدواچون بۆ ژیان و هەوڵە مرۆڤ دۆستیەکەی کرد و ریپۆڕتاژو دیدارێکدا لەگەڵ سازدا و بەگەلی سوێدیان ناساند و دواتر لەلایەن لیژنەیەکە لەپای ئەو هەولە مرۆڤ دۆستەی شەرەفی قارەمانی 2011 ولاتی سوێدی پێدرا و ئەمڕۆ میللە یەکێک لە شانازیە گەورەکانی ولاتی سوێدە.
مرۆڤ کاتێک وێنە و خەونی ئەو مناڵە دەبینێ و لەو تەمەنە 9 ساڵییەی و هاوکات لەدوای گەڕانەوەی بۆ مەکتەب لەبڕی یاریکردن و پشودان و بەدەستهێنانی هاوسۆزی و باوەشی دایکی و بە و سەرماو سٶڵە لەبەر دوکان و شوێنە گشتیەکان کێک بۆ مناڵانی هەزاران کیلۆمەتر دور لە نەتەوەکەی دەفرۆشێت تا لە مەرگ ڕزگاریان بکات بێ کٶڵ نەدان بەو تەمەنە بچوکەوە توانی ئەو سەرکەوتنە مەزنە بەدەست بهێنێ و ببێتە قوتابخانەیەک بۆ سەدان و هەزاران مناڵی سوێدی، ئیتر چۆن لە ناخی خۆیدا هەست بە شەرم و هەوڵدان بۆ درێژە دان بەو پەیامە مرۆڤ دۆستیەی وەک میللە نادات لەدژایەتی تاڵانچی و خزمەتی هەژاران دا.
هاوکات مرۆڤ کەهەوڵی میللەی 9 ساڵ دەبینێ، لەبەرامبەردا لەنیشتمانە بریندارەکەی خۆمان، بەڕێبەرایەتی بارزانی و تاڵەبانی، 20 سالە تاکی کورد لەدەیان هەزار، دایکی ڕەش پۆش و مناڵی هەژار وگەنجی پڕ لەخەونی رەنگاو رەنگی بێ هیواو لەجێبەجێکردن و باوک و برایە پڕ لەئازارەکانمان دەبینێ، لەتەک بوونی 12 ملیاردۆلاری لەبودجەی ئەم گەلە، کەچی تەنیا 15 هەزار مناڵی سەرشەقامی هەیە ؟ ئیتر نازانم چٶن شەرم ناکات لەگەڵ ئەو دووپارتەدا کار دەکات ؟ بەڵێ قوتابخانەی بارزانی و تاڵەبانی، 20 دانە ساڵە هەوڵ دەدەن، تاکی کوردی لەکەسیتیەکی شۆڕشگێرەوە بەرەو کەسێتیەکەی تێکشکاو و لاواز ببات، تا کڕنۆش بۆ هەزاران چەتە و دزی سەردەم ببەن ؟ لەم قوتابخانە فەسادە. چی دەکەی ئازادی لە دزیی، تاڵانی، ناپاکی، بێ یاسایی، لوت بەرزی و هەرەشە، ژیان خۆشگوزەرانی لەسەر داهاتی مناڵە هەژار و ئەنفالکراوەکان ...شورەیی نیە . ئەوەی ئەمڕۆ لەو کۆمەڵگایە بەرەو شورەیی و نامۆ دەڕوات کوردایەتی و خەبات و دەست پاکیە.
ئای چەندە ئازارم بەوە خوارد کە خەڵکی هەولێر بۆ شاری وان کەمترین کۆمەکیان کۆکردبۆوە . ئاخر هەر ئەو هەولێریانە لە ساڵی 1988، ژیانی ئابوریان گەلێک خراپیش بوو، کەچی کەخەڵکی کیمیاباران کراوی هەڵەبجە و دەوروبەری هێنرابونە نزیک شارەکەیان، سەرباری ئەوەی بەعس لەو ساڵدا ئەو هەموو زەبروزنگ و تۆقێنەرەی هەیبوو، بەڵام ئەم خەڵکە بەشەهامەتە، بەئاشکرا لەگەرەکەکان دەگەڕان و کۆمەکیان بۆ کۆدەکردنەوە لە کەمتر 48 کاتژمێر بە سەدان ئۆتۆمۆبیل جل و خواردنییان بۆ کۆ کردنەوە . بیرمە چۆن خەڵک بەدوای ئۆتۆمۆبیل ڕای دەکرد تا ویژدانی بەرامبەر برا و خوشکەکانی ئاسۆدە بکات!
بۆیە ئەوەی وایکردووە مرۆڤ دۆستی و کەسێتیەکی تێکشکاو و لاواز و هەڵپەرست و مادی لەناو کۆمەڵگای کوردان لەباشوری نیشتمانەوە سەرهەڵبدات ئەوە قوتابخانەی بازرانی و تاڵەبانیە.
لەکۆتایش دەڵێین قارەمانی نەتەوەیی هەر گەلێک. زادەی روداوێکی مێژویی و هەڵویستێکی سیاسی وکۆمەڵایەتی و مرۆڤ دۆستیە نەوەک میزاج و بڕیاری حزبەکەی بارزانی و تاڵەبانی. بۆیە هەموو ئەو مێژووەی ئێوە لەمینبەرەکان خۆتان کردۆتە "گیڤارا و هۆشی منە" ئەو پەیکەرانەی لەشارەکان چەقاندۆتەوە، ئەو قوتابخانە و شەقامانەی بەناوی دەرویشە حزبیەکان ناوتانە، ڕۆژگارێک وەک مێژوو و پەیکەرەکانی سەدام لەشوێنیان قارەمانەکانی نەتەوەیی دادەنرێت.
http://www.aftonbladet.se/webbtv/nyheter/samhalleochpolitik/
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست