کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


پەیامەکەی کوردستانپۆست - بۆ ده‌نگدان مه‌چۆ، ئه‌و ده‌نگه‌ی تۆ! ره‌وادانه‌ به‌ خیانه‌ت و فه‌سادیی و ناپاکیی - بەشی دووەم

Sunday, 28/04/2013, 12:00










(پاشخانی هەڵبژاردن لە کوردستانی باشوور)؛ هەریەك لە بوونی گەندەڵیی و نەگەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان. بەتاڵانبردنی نەوت و سامانە سروشتییەکان. قۆرخکردنی دەسەڵات و بازار. هاوردەکردنی خۆراك و دەرمانی بەسەرچوو. زەوتکردنی مافە بنەڕەتییەکان. نەبوونی ئازادیی ڕەها و چەندین تەوەرەی گرنگی تر، کە کاندید لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەتوانێ کامپینی خۆی لەسەر بنیات بنێ. لێ لە ڕاستیدا هیچ لەم تەوەرانە نابنە هۆی ئەوەی دەنگدەر سەری خۆی پێوە بیەشێنێ و گرنگی پێبدا، نەك لەبەرئەوه‌ی ئەوانە گرنگ و پەیوەست نین بە ژیانی هاوڵاتی و داهاتوویەوە، هه‌روه‌ها نەك لەبەرئەوەی ئەمانە نیین و بوونیشان نییە. بەڵکو لەبەرئەوەی هۆکاری سەرەکی ئەو تەوەر و باس و خواستانە، هۆکاری بنەڕەتی ئەو قەیرانانەن، که‌ خودی سەرەکی و ڕۆڵی کاریگەریان لەلایەن سەرکردەکانی ئەو دوو پارتەوە هاتۆتە کایەوە و خۆیان نایەنەوێ بنەبڕی بکەن، یان چارەەسەری بۆ بدۆزنەوە.
کارەکتەرەکانی هەردوو پارت، تا ڕادەیەك سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش پشکی سەرەکیان هەبووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەیانە. بۆیە چیتر دەنگدەر ئۆمیدیان لەسەر ئەو تەوەر و گیروگرفتانە هەڵناچنێت و لە مێژە دەستی لێیان شۆریوه‌. لەبەر ئەوەیە ئەم جارە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بۆ تەوەرێک و خاڵێکی تر دەگەڕێن، کەبتوانن وا لە دەنگدەر بکات لێیان کۆبێتەوە و سەرقاڵی ئەوەی بکەن ڕاپێچی یارییەکی نوێی هەڵبژاردنی بکەن، کە دواتر تەنها خۆی بە مایە پووچ لێی دەرئەچێ و دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنیش بەدەسکەوتێکی باشەوە لێی دێنە دەرێ.

تا ئێستا لە کوردستان 2 هەڵبژاردن کراوە.
یەکەمین هەڵبژاردن لە ساڵی 1992 بەڕێوە چوو، کۆتاییەکەی بە ئەنجامی پەنجا بە پەنجا ناسراوە، هەریەك لە یەکێتی و پارتی بەجیا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان لەبەرژەوەندی خۆیان هەژمار کرد، دواتر لەسەر ئەوە ڕێکەوتن حکومەت و پەرلەمان نیوە و نیو دابەش بکەن، بەشێوەك بۆ هەر پۆستێك ئه‌گەر پارتییەك سەرۆکی بوایە، ئەوا جێگرەکەی بە یەکێكی یەکێتی پڕ ئەکرایە، تا وای لێهات ئەم جۆرە دابەشکردنە پەڕییه‌وە بۆ هەموو ئاست و پلە جیاجییاکان. هەروەك چۆن لەم هەڵبژاردنەدا دەبوو خاڵێکی بنەڕەتی هەبێ بۆ ئەوەی دەنگدەر شێت و شەیدا و عەوداڵی بێ و سەرەی بۆ بگرێ، تا دەنگ بدات، هه‌ر ئاواش لەم هەڵبژادنەدا دەنگۆی دروست کردنی پەرلەمان و حکومەت بووە نوقڵی ترش و شیرین، کە بۆ هاوڵاتیان له‌و کاتەدا شتێکی نوێ بوو، چونکه‌ وایان لە خەڵکی گەیاند کەوا بەدروست بوونی ئەم (پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران)ه‌، ئیتر کورد هەنگاوێك ئەچێتە پێشەوە و زۆربەری زۆری کێشە و قەیرانەکان چارەسەر دەکرێن. ئەم خەیاڵە وای لە هاوڵاتیی کورد کرد، کە بەشێوەیەك بەشداری لەو هاوبه‌شی هەڵبژاردنەکه‌ بکات، ئه‌مه‌ بووه‌ مایەی ئەوەی، کە ڕێژەی لە 100%  بۆ خۆی تۆمار بکات! کێ هەیە وێنە و نیگای ئەو بەشداریەی لەیاد کردبێ، کە نەخۆش بە قەڕەوێڵەی خەستەخانەوە ئەهێنرا و دەنگی دەدا. بوك و زاوا بەجلی ئاهەنگ و شادیەوە ئەهاتن و پەنجە مۆریان نیشانی کامیراکان ئەدا. ژنی بەساڵاچوو لەتەك مێرده‌که‌یدا بەسواری عەرەبانەوە ئەهێنران و بۆ یەکەمین جار لەژیانیاندا دەنگیان ئەدا، بریندار و قوربانیانی کیمیایی و ئەنفال بەجۆش و خۆرشەوە دەنگیان ئەدا و وایان ئەزانێ ئەوە هەموو خەونەکانیان تیا دێتە دی و لە ڕێگای دەنگی ئەوانەوە نیشتمانێکی یەکسان و دادپەروەری باڵ بەسەر کوردستاندا ئەکێشێ.
بەڵام بەداخەوە تەنها ساڵیکی بەسەر ئەو هەڵبژاردنەدا نەخایاند، تا لە قەڵادزێ و پشدەر شەڕی ناوخۆیان بەرپاکرد و هەموو خەون و ئاواتی گەلی کوردیان زیندە بەچاڵ کرد.

لەدوای ساڵی 1992 ئێتر هەڵبژاردن لەبیر خەڵکی برایە و بۆ جارێکی تریش لە ساڵی 2009 هەڵبژاردنێکی تر سازدرا، بۆ ئەمەش دیارە دەبوو درۆیه‌ک و شتێکی تر بهێننە بەر باس و خواستی هاوڵاتیان، تا ئەوەی 1992یان لەیاد بچێ، ئەم جارەش بەجۆش و گەرم و گوڕییەکی ترەوە بەرەو سندووقی دەنگدان بچن و بەختی خۆیان لەسەر تەوەرێکی تر چڕ بکەنەوە، ئەم جارەش وا لە دەنگدەر بکەن بەهانایانەوە بێن و زۆرترین دەنگدەر و قەرەباڵغی دروست بکەن، تا ڕەوا بۆ هەڵبژاردنەکان مسۆگەر بکەن. بۆ ئەمەش تەوەری دەرکەوتنی یەکەمجاری دەنگی ناڕەزایی و ئۆپۆزیسیۆنی گشتگیر ئەو خاڵە بوو کە وای لەخەڵکی کرد بەڕێژەیەکی بەرچاو بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بکەن و پشتگیریی ناوخۆیی و جیهانی پێ مسۆگەر بکەن.
بۆ یەکەمین جار بوو لەمێژووی باشووری کوردستاندا کەوا هێزێکی جەماوەوری بێچەك خۆی لە (بزووتنەوەی گۆڕان)دا نمایش کرد، توانی هەموو توڕەیی و ناڕەزایی دەنگدەر بقۆزێتەوە و داوای لێکردن بەشێوەی شارستانی ڕووبکەنە بنەکەکانی دەنگدان و لەڕێگای دەنگەکانیانەوە گۆڕانکاریی دروست بکەن. ئا بەم شێوەیە توانرا هەڵبژاردن بکرێ کە لە ڕاستیدا بە بەراورد لەوه‌ی ١٩٩٢ هیچ جیاوازیەکی نەهێنایە گۆڕێ، لە بەرئەوەی یەکێتی و پارتی توانیان درێژە بە سیاسەتی 50 بە 50 بدەن و بۆ ماوەی 4  ساڵی تریش حوکمڕانی ئەم بەشەی کوردستان بکەن.
ئەم هەڵبژاردنەی 2009 ش بەداخەوە هیچی وای بۆ دەنگدەر و هاوڵاتی کورد نەچنینەوە جگە لە پەلکێشکردن و هێنانی چەندین کێشە و قەیرانی گەورەتر، کە زیاتر ئۆمێد و ئاواتی هاوڵاتیانی کوردی بێکەس و هەتیو کرد.
بەڵی ڕاستە شەڕی ناوخۆ ڕوونەداوە، لێ لەوەش خراپتر یەك تۆپەڵ دەردەسەریی و کێشەی سیاسی ئاڵۆزاویی بەدوای خۆیدا هێنا هەروەك لەسەرەوە ئاماژەم پێدابوون و کە دەبوو ڕووی نەدایە.

ماویەتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە