هەندێ هەڵەی ئازاد جوندیانی و شتی تریش
Monday, 30/03/2009, 12:00
ئازاد جوندیانی بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، دیارە لە بێكەسی یەكێتیدایە كە ئازاد جوندیانی ئەو پۆستە بەرێوە ئەبات، خۆی بە كەسێكی زمانەوان و بیرتیژی شۆرش و نوسەرو رۆژنامەوان و سیاسی و تەنانەت نەوەی نوێش ئەزانێت، هەر رووداوێك لەناو یەكێتی و حەوزەی سلێمانیدا تێپەری كردبێت لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا ئازاد جوندیانی لە كوردستانی نوێ یان گەلی كوردستان یان ئۆرگانێكی دیكە ووتارو قسەی لە هەمبەر كردووە، ئەیەوێت وەك ئیلنور چەڤیك و تۆماز فریدمان و رۆژنامەوانەكانی نیوزویك و واشنتن پۆست و حەیات و سەباحی توركی خۆی نیشان بدات و گوایە لەسەر رووداوەكان هەڵوەستەی ووردی هەیە، وەك چۆن ئەوان لە پێگەی دەسەڵات و دروستكردنی بریارەوە نزیكن ئەمیش لە تاڵەبانی و پێگەی دەسەڵاتەوە نزیكەو ئەتوانێ رادان بكاتە ناسنامەی ئێستای خۆی وەك گەورەترین بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن، فرسەتیان هێناوەو مەكتەب سیاسی كەسی لێنەماوەو ئەمان فركان فركانیانە !!
تازەترین ووتاری جوندیانی ووتارەكەی لاپەرە دووی كوردستانی نوێیە لە 27/3/2009 ژمارە 4829 بەناونیشانی " تاكە رێگا گەرانەوەیە بۆ یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان" ئەگەرچی ئەم ووتارە زۆر بە " إجحاف" زۆرلەخۆكردنەوە نوسراوەو پڕە لە هەڵەو پەڵەی رێزمانی و رێنوس و دەستەواژەو* خاڵییە لە هەر جۆرە فیكرێك، هەمانكات دومەڵەكەی سەردڵی جوندیانی هەست پێدەكرێت كە رۆژنامەی رۆژنامەیە كە ماوەیەكە خوێنەرانێكی باشی لەدەور كۆبۆتەوە، جوندیانی هێرشێكی ناڕەوای كردۆتە سەر رۆژنامەی رۆژنامەو لە دوا پەرەگرافیشدا وەك ئەوەی بەناوی تاڵەبانیەوە بدوێت و ئەو شەرعیەتە بە خۆی بدات كە ئامۆژگاری دۆستانەی كاك نەوشیروان و هەڤاڵانی دیكەی كۆمپانیای ووشە بكات بێنەوە بۆ ناو یەكێتی تا یەكێتی تۆكمەتر بكەین!! واتە ئەم ووتارەی جوندیانی هەڵگری ئەو خەمە گەورەیە بۆ هاڤاڵانی دەرەوەی یەكێتی كە بگەرێنەوە بۆ ناو یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و هێشتا لەو خەیاڵەدایە كە یەكێتیەكەی جاران ماوە، بڕوانن جوندیانی چۆن خۆی لێ گۆراوەو بە هەڵەداوان ووشەی ریزكردووەو تا ئێستاش پێی وایە نەوشیروان مستەفاو هەڤاڵانی لە یەكێتی هاتونەتە دەرەوەو لە خۆیانەوە لیست دروست ئەكەن و یەكێتی شەق و پەق ئەكەن و دوژمنی یەكێتین، بێ ئاگا لەوەی كە ئەوە نەوشیروان مستەفاو هەڤاڵانی باڵی ریفۆرمن كە نایانەوێت یەكێتی لەو نەخۆشی و كەساسی و شەق و پەقیەدا بمێنێتەوەو جێی بهێڵن بۆ خەڵكانی وەك جوندیانی كە دەمراست و خوێندەوارو دوكتۆری بن و ووردە ووردە پارتیش گورگانە خواردوی بكات، ئەو هەڤاڵانە گەرەكیانە ئێوەو تاڵەبانی كە تایپێكی زۆر سەقەت و خڵەفاوی ئەمرۆی یەكێتی نیشتیمانین، بگەرێنەوە بۆ ناو یەكێتی و پرەنسیپە شۆرشگێریەكانی جاران، چونكە ئێوەن یەكێتیتان دوچاری هەزاران دەردی كوشندەو پەرتەوازەیی فیكری و تەنزیمی كردو بە قۆرخكاری و مەحسوبیەتی بنەماڵەو دیكتاتۆریەت و تاكرەوی و پارەخواردن و رابواردن یەكێتیتان لە گرێژنە بردووەو لاتانداوە لە سكە و رێبازو گرێژنەی راستەقینەی خۆی، جوندیانی لێخۆش بوون بۆ نەوشیروان مستەفا دەردەكات و بە پەرۆشە كە بگەرێتەوە بۆ ناو یەكێتی، نازانێت كاك نەوشیروان لەدەرەوەو لە گردەكەوە باشتر لەجاران لەناو یەكێتیدایەو لە رۆحی یەكێتیەوە نزیكەو دڵی قرچەی دێ كە ئێوە یەكێتی بەرێوەی ئەبەن، بەڵام كاك نەوشیروان نزیكە لە یەكێتیەكەی شاخ و شەهیدان، یەكێتی ئارام و شەهیدە سەركردەكان، جوندیانی ئێستا لە هەمووكات زیاتر خۆی لەدەرەوەی یەكێتییە ئیدی بانگەشەی گەرانەوەی كێ ئەكات؟ دەبێت باش بزانێت كە ئێستا خۆی جگە لەوەی كە یەكێتی نییە وەكو رێباز، بگرە دژو دوژمنیشیەتی و خۆی پێویستە بگەرێتەوە بۆ ناو یەكێتی و رێبازو بەرنامەكەی نەك ئامۆژگاری خەڵكانی دیكە بكات، چونكە زۆر شت هەیە جوندیانی ئەبێت ئاگاداری بێت كەشف نەبێت كە چۆن پێی گەشتووەو پارەداربووەو كێ گەیاندیە ئەم پۆستەو ئێستاش كێ ئەیجوڵێنێ بۆ ئەم قسانە، جوندیانی وای دەرئەخات كە یەكێتیەكەی ئێستا بە رێبەرایەتی تاڵەبانی ترسیان نییە لە لیستی سەربەخۆو پێیان ئاساییەو ئەم لیست و لیستكاریە ناتوانێ وابكات پەیوەندی ستراتیجی یەكێتی و پارتی تێك بدات، بەڵام واش نییە و لیستی سەربەخۆ هەموویانی توشی شۆك و دودڵی و رارایی كردووە بە كاك ئازادو مەكتەب و راگەیاندنەكانیشیانەوە، هەڵە رێزمانیەكانی ووتارەكەی كاك ئازادیش ئەو پەشۆكاوی و هەڵبزركان و ترسەی باش باش پێوە دیارە.
* چەند هەڵەیەكی رێزمانی و زمانەوانی ناو ووتارەكەی كاك ئازاد لەبەر ئەوەی كە بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنە بۆی راست ئەكەینەوە.
- هەراو هۆریای بەرپراكراوی ، راستیەكەی هەراو هۆریای بەرپاكراوی.
- مەسەلەی لسیتەكەشەوە ، راستیەكەی مەسەلەی لیستەكەشەوە. " سەیركەن لیستەكە چۆن ترساندونی"
- بییەوێت، راستیەكەی گەرەكی بێت یان بیەوێت.
- بگرە ئەركێكیەتی كە بەرگری، راستیەكەی ئەركی سەرشانیەتی، چونكە ئەركێكیەتی هیچ مانای نییە؟
ئینجا ووتارەكەی پڕیەتی لە ووشەی عەرەبی وەك
"وەسیلەو بدعە و قاعیدەو زەربەو نا ممكن و تەعجیزی" كە دەرخەری ئەوەیە ووتارەكە بە پەلە نوسراوە.
تێبینی/ داوای لێبوردن لە كوردستان پۆستی بەرێز و خوێنەرەكانم ئەكەم كە لە بابەتی پێشوومدا لەسەر عیماد ئەحمەدو كورەكەی (با عیماد ئەحمەد ئاگای لە كورەكەی بێت) بە هەڵە لە بری "هۆزان عیماد ئەحمەد" من "زریان" م نوسیوە، كە فایلی ووردە سەرپێچی و فاوڵ "واتە قۆناغێك پێش گەندەڵی" زریانیشم لایە كە كوڕی مستەفا چاورەشەو هیوایەتی سەیارەی مۆدێل بەرزی رەشە كە لە بەردەرگای ماڵەكەیاندا لە بەختیاری ئێستا سێ تا چوار سەیارەی جام رەشی بەرز دەبینرێن وەك تاهو، BMx5، ڤۆڵكس واگن، كورەكەی شێخ جەعفەریش كە ناوی نۆزانە لەگەڵ كاروانی زاوایان خەریكی بازرگانیكردنن بە چەك و فیشەك و دەمانچە بۆ وەزارەتی پێشمەرگەو فەرماندەیی و ئەو بڕە پارەیەش كە 100 دەفتەرەو لەم رۆژانەدا لە بانكێكی سلێمانی دەریان هێناوە بۆ هەمان مەبەست بووە، چاوەروان بن و منیش چاوەروانی بەڵگەكانی ئێوەم...
لەگەڵ رێزی كاكە لاوە، یەكدەنگبن، بەرەو لیستی كراوە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست