سەیروسەمەرەكانى كوردستان KNN و NRT
Monday, 20/02/2012, 12:00
نەمرین و لەم وڵاتەدا بمێنینەوە رۆژ لە دوای رۆژ سەیر و سەمەرەی زیاتر ئەبینین، بەداخەوە بەبێ ئەوەی كتێبی گینس تۆماری بكات، ئەمڕۆ حاڵەتێكی ناوازە لەم هەرێمە بچوكەدا روویدا، هاوڵاتیان شاهیدحاڵی شاشەی كەناڵێك بوون كە بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بە دوو لۆگۆی جیاوازەوە پەخشی دەكرد، كەی ئێن ئێن، ئێن ئاڕتی. ئەم دوانە لۆگۆكانی ئەو كەناڵە سەیر و سەمەرەیە بوون.
ئاخۆ ئەو هۆكارە چی بوبێت كە بەڕێوەبەر و بەرپرسانی كەناڵی كەی ئێن ئێنی ناچار كردبێت بێ گوێدانە پەرەنسیپە جیهانیەكانی كاری میدیای بینراو لۆگۆی كەناڵێكیتر (ئێن ئاڕ تی) بداتە كۆڵی خۆیدا؟ ئاخۆ تەنها ساڵیادی سوتاندنی ئێن ئاڕ تی هۆكارە بۆ ئەوەی ئەم داهێنانە سەیر و سەمەرەیە بخرێتە بەر چاوی بینەری كوردیی، یان بەرژەوەندی تایبەتی چەند كەسێك هۆكاری ئەمەیە؟
بەندە وەكو كەسێكی نزیك لە میدیاكانی بزوتنەوەی گۆڕان، چەندینجار شاهێدحاڵی ئەوە بووم، جەنابی بەڕێوەبەری ئێستای كەناڵی كەی ئێن ئێن كە هاوكات خاوەنی ئەم داهێنانەشە، لە دانیشتنى تایبەتدا ئێن ئاڕتی و خاوەنی كۆمپانیای نالیای تۆمەتبار كردووە بەوەی، كە پیاوی بەرهەم ساڵەحە و كارەكانیشی هەر بۆ خزمەتی ئەوە.
ئەی كەواتە ئەبێت ئەو بەرژەوەندیە چی بێت شەو رۆژێك لە كەناڵەكەی خۆیەوە ریكڵام بۆ كەناڵێكی دیكە بكات لەم سەردەمی فرە كەناڵیەدا كە هەموو لایەك شەڕ لەسەر كێشكردنی ژمارەیەكی بینەری زیاتر بۆ خۆی دەكات؟
هێندە ئاگاداربین ماوەیەكە بەڕێوەبەری كەناڵی كەی ئێن ئێن سەر سەختانە بەرگریی لە نالیا و بەڕێوەبەرەكەی دەكات، تا ئەو رادەیەی لە سەر هەواڵێك سەبارەت بە یەكە نیشتە جێبوونەكانی كۆمپانیای نالیا بێگوێدانە بەرژەوەندییەكانی خەڵك شەڕی كرد رێگای نەدا لە شاشەی كەی ئێن ئێنەوە راوبۆچونی هاوڵاتیان سەبارەت بە كارەكانی ئەو كۆمپانیایە دابەزێت.
ئەز سەربارى ستایش و ریزم بۆ هاورێیانم لە ئین ئار تى و دەستخۆشیم بۆ كارەكانى ئەو كەناڵە، بەڵام ئیمەومانان و بەرێوەرى ئین ئار یى و رۆژنامەنوسە جدیەكانیش ئەو راستییە دەزانین كە هۆكارى سوتانى ئەو كەناڵە تەنها پەیوەندیدار نەبوو بە روماڵكردنى روداوەكانى 17 شوباتى ساڵی پارەوە، بەڵكو هەندێك بابەتى دیكەى بازرگانى تیكەڵ بە رووداوەكە بوو، زۆر کەس ئەم گەمە بازرگانییە دەزانێت.
باشە ئەم هەنگاوەى كەى ئین ئین تەنها هاوخەمیە وەك خۆیان دەڵێن یان ئەو راستییەیە كە ماوەیەكە دەبینین و دەبیستین كە بەرپرس و ژمارەیەك لە كارمەندانى ئەو كەناڵە بە سود وەرگرتن لە كارەكە و ناوبانگى كەى ئین ئێن بوون بە خاوەنى یەكەى نیشتەجێبون ؟
ئەگەر نا ئاخۆ دەركردنى بەیاننامەیەك بەس نەبوو بۆ نیشاندانى هاوخەمى و نیگەرانى بۆ ساڵرۆژى سوتاندنى كەناڵى نالیاى خۆشەویست كە هەموو لایەك بەو سوتانە نیگەران بووین؟
ئاخۆ جەنابى بەڕێوەبەر بیرى چووە ئێستا كەناڵى نالیا ركابەرى سەرەكى كەناڵەكەى ئەوە لە پەخشى هەواڵ و بەرنامە و كێشكردنى بینەران یان هەر خۆى بەمەبەستى تایبەت دەیەوێت هێندەى تر كەناڵەكە خۆى دوچارى داخوران بكات وەك ئەوەى بەشاهیدى هەموو لایەك دووچارى كردووە؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست