کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ره‌خنه‌گرتن به‌ زمانی گۆڵ

Thursday, 03/04/2008, 12:00


''' ره‌خنه‌گرتن به‌ زمانی گۆڵ'''.. [پێشکه‌شه‌ به‌ سایتی سبه‌ی و رۆژنامه‌ی رۆژنامه‌ ]




 





(1)
من ده‌توانم ره‌خنه‌ بگرم به‌ زمانی گوڵ:
له‌ په‌پووله‌
له‌ پاساری
له‌ په‌ڕه‌سێلکه
له‌ په‌پووله‌سلێمانکه
من ده‌توانم ره‌خنه‌ بگرم به‌ زمانی گوڵ:
له‌ که‌روێشک
له‌ رێوی
له‌ ئاسکه‌کێوی
من ده‌توانم ره‌خنه‌ بگرم به‌ زمانی گوڵ:
له‌ باخ
له‌ شاخ
له‌ شه‌ماڵ و
له‌ رووباریش
له‌ پاییز و
له‌ به‌هاریش

(2)
هه‌رچه‌ند ده‌که‌م عه‌قڵم نایبا
چۆن بتوانم ره‌خنه‌بگرم به‌ زمانی گوڵ
له‌ ره‌شه‌با
له‌و به‌ردانه‌ی ده‌بارنه‌ سه‌ر
سه‌ر و سنگ و دڵی (دوعا).

(3)
ویستم دوینێ به‌ زمانی گوڵ
ره‌خنه‌ بگرم له‌ گه‌نده‌ڵێ
یه‌که‌م رسته‌م نه‌نووسیبوو
گوڵ هه‌ڵله‌رزی زریکانی:
هاوار،هاوار، چیدی مه‌ڵێ!
من حه‌په‌سام
هه‌تا وه‌ستام
هه‌ناوی گوڵه‌باخ هه‌پروون بوو
[ ڵ] ی ناو دڵی هاته‌ده‌رێ
به‌ده‌م مه‌رگه‌وه‌ پێی وتم:
ده‌فه‌رموو به‌ گوڵی بێ [ڵ]ێ
جوانترین وه‌سفی گه‌نده‌ڵ بڵێ!

(4)
ره‌خنه‌ ده‌گرم به‌ زمانی دڵ:
دز گوێ ناگرێ له‌ دادو ناڵه‌ی ماڵدزراو
پیاوکوژ گوێ ناگرێ
له‌ ئاه و هه‌ناسه‌ی کوژراو
گه‌نده‌ڵی بۆشی مشه‌خۆر
گوێ ناداته‌ کوشتنی
پاشه‌رۆژی
میلله‌تێکی ئه‌نفالکراو!

(5)
ره‌خنه‌ ده‌گرم به‌ زمانی عه‌قڵ:
ده‌سه‌ڵات تاوێ راده‌چه‌نێ
ئه‌وسا هه‌ر چوارده‌وره‌ی عه‌قڵ
به‌ په‌رژینی تیژ ده‌ته‌نێ
بۆ خۆی یاسای بۆ داده‌نێ!

(6)
ره‌خنه‌ ده‌گرم به‌ زمانی هێز
هێزی راپه‌رینی خه‌ڵک
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ڵێم یه‌ک، دوو، سێ
ده‌سه‌ڵات بو خۆی ده‌به‌زێ!

(7)
ئه‌م به‌یانییه‌
له‌ به‌رده‌م په‌رژینی عه‌قڵ، له‌ باخی دڵ، به‌ زمانی گوڵ
ره‌خنه‌م گرت له‌ په‌پوله‌یه‌
وتی (به‌ خه‌نده‌ی چرپه‌یه‌)
ئای چه‌ند سه‌یره‌
ئه‌م گوڵه‌ پاک و ناسکه‌
خۆی په‌روه‌رده‌ی پیره‌ دڕکه‌!
تۆ ده‌توانی به‌ زمانی گوڵ
ره‌خنه‌ بگری
له‌ پیره‌ دڕکی پڕ چه‌قڵ؟


(8)
به‌ تاسه‌وه‌
باخه‌وانێکی گه‌نجم دی
به‌ داسه‌وه‌.

[Genoa، Italy، 2 April 2008]



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە