چەند دێڕێک بۆ ئەوانەی لە بۆنەکاندا تەقە ئەکەن
Monday, 20/05/2013, 12:00
نەوەکانی هەشتا و بەرەو خوار لە بیریانە کاتێک منداڵ بوون گەر لەگەڵ ماڵەوەدا سەرپێچییەکی نامۆ و لە ڕادە بەدەرهەڵەیان بکردایە ، لە توڕەییدا وشەیەک دەهات بەسەر زاری دایکەکانیاندا دەیانوت (ئای ڕۆڵە بەر گولەی وێڵ کەویت)! هەرچەندە ئەم ڕستەیە زۆر ناشرین و نەشیاوە لای من جێگای بە بەبیر هێنانەوە نیە؛ بەڵام فکرەو ئایدۆلۆژیای ئەم ڕاپۆرتە ناچاری کردم وەک دەستپێکێک بۆ چوونە ناوەوەی بابەتەکە بەکاری بێنم. با بەزمانی خۆیان پێناسیەکی کورتیان بکەین
گولەی وێڵ چیە؟! ئەو گولەیەیە کە کەسی بەرکەوتوو بە لائیرادی یاخود ناڕاستەوخۆ لە لایەن تەقە کەر ێکەوە پێی دەپێکرێت؛ لە وڵاتی ئێمەشدا ئەو تەقە کەرانە زۆرن!
تەقەکەر کێیە؟! تەقەکەر یان تەقەچی بریتییە لە زەلامێکی فیسقەگول ئەگەرچی چوارشانەش بێت، لە بۆنەیەکی ناپێویست و نا گرنگدا ڕا ئەکاتە سەربان یان حەوشە بە چەکێکی سەردەمی جاشێتییەوە فیشەک ئەکات بە عاسماندا! دواتر گولەکە ئەکەوێتە خوارەوە و ئەیدات بە سەری تاکێکی نەگبەتدا؛
تاکی نەگبەت کامانەن؟! بریتین لە تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی، ئەو تاکانەی دەبنە قوربانی کۆمەڵگایەک کە هەڵگری عەقڵیەتێکی مێگەلی شوێنکەوتەن لە بۆنە لاوازە نەشیاوەکاندا دەچنە سەهۆڵەکە و بەرگردەکە و بەر کۆمیتەکان...
بەهەرحاڵ با سەرپێناسەکان درێژ نەکەینەوە، خوێنەر دەتوانێت خۆی چەندین پێناسەی تر بخولقێنێت کە هەرچۆنێک دەرچێت ناتوانین بڵێین هەڵەیە، هەڵە ئەو کەسەیە کە گوێقوڵاخ دانیشتووە بەدیار ڕووداوەکانی ڕۆژەوە و هەڵوێستی نیە، وەک چۆن نابینایەک دانیشێت بە دیار دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشەوە.
کۆشتنی چەندین کەسی بێتاوان بە گوللەی وێڵ بەبۆنەی زیندووبونەوەی تەنها کەسێکەوە وەک ئەوە وایە لەشەوێکی تاریکدا دوسەدوپەنجا دیناریەکت لێبکەوێت و هەڵسیت بە سوتاندنی بیستوپێنج هەزاریەک بۆ دۆزینەوەی! ئەمەیە ئیبداع و داهێنانی کۆمەڵگای نەزان، ئەوانەی کە لە بۆنەکاندا تەقە ئەکەن بە ئاسماندا وەک گوێرێژێک وان لە کاتی بینینی شەیتاندا ئەزەڕن، چونکە بینینی شەیتان لەلایەن گوێرێژەوە هیچ سودێکی نیە بۆ مرۆڤ بەڵام زەڕە زەڕەکە شیرازەو زنجیری هزری مرۆڤەکە دەبچڕێنێت.
ویستم زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بنووسم بەڵام کە پێنووسەکەم گەیشتە ئێرە وتم تەواو! ئەمە بەسە بۆ کەسانێک ئەگەر هێندەی نوکە دەرزیەک ئەخلاق و هەست لە دەروون و دەماغیاندا هەبێت. پێم حەیفیشە ڕوون کردنەوەی زیاتر بەم لەسەر دەستەواژەکان، چونکە ماستاوچیەکان کە ئەم هەڵوێستە دەنوێنن هیچ جیاوازی ناکەن لە نێوان وتەی بەنرخ و جنێوی سیاسیدا!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست