Monday, 13/02/2012, 12:00
کورته‌ی ره‌وشی بوونی به‌یاننامه‌که: له شیکردنه‌وه‌ی ئاخاوتنگهریی به‌یاننامه‌که بۆمان ده‌رده‌که‌وێ:
1. گوازتنههوهی کاتی {ئه‌و ی دی) ، کاتی شۆڕشه‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بی یه بۆ کوردستان، له کاتێکدا ئه‌و شۆڕشانه له سه‌ره‌تادا بوون، پرۆسه‌و ئاکام و ره‌وشه‌کان ئاشکرا نه‌بوون.
2. ههولیکه بۆ ده‌ستپێشخه‌ری و خۆکردن به خاوه‌نی هه‌ر ئه‌گه‌رێکی ئه‌و ئالوگۆرانه.
3. به‌کارهێنانی وتاری شۆڕشگێری جیهانییه بۆ تهحهدداکرنی ده‌سه‌لات و سه‌پاندنی مه‌رجه‌کانی خۆی.
4. ره‌وشی وتاره‌که زمانیكی به‌رهه‌ڵستکاری کوده‌تایی شۆڕشگێریی یه.
5- سه‌لماندنی ده‌ورو هێزی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ه وه‌ک سه‌نته‌رو سه‌نگه‌ری پێشه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن.
دوای ساڵیک
ساڵیک به پێوانه‌ی گۆڕانکاریه‌کان کاتێكی زۆره به تایبه‌تی که ئه‌و ساڵه وه‌رزی شۆڕش و راپهریهرینهکان بێ. به پێوانه‌کانی زانست و ته‌کنۆلۆجی سه‌رده‌م و گۆرانه ئابووری و قه‌یرانه داراییه‌کانی جیهانیش، هه‌موو هه‌فته‌و مانگێک له رۆژنامه‌ی کاتدا گرنگی ستراتیج و خه‌ته‌رناکی هه‌یه.
بۆ کورد کات حیکایه‌تێکی تره. به‌هه‌رحاڵ کورد کاتی خۆی نییه له په‌راوێز وخه‌ون و فانتازیای کاتی ئه‌وانی تردا شه‌وو رۆژ ده‌کاته‌وه. به‌یاننامه‌که‌ی گۆران قهرزکرنی یان فڕاندنی کاتی ئه‌وی تره بۆ دروستکردنی کاتیک بۆ خۆی.
له‌و ساله‌دا چاره‌نوسی زۆر له ولاتان گۆڕدرا، دنیاش که‌وته قه‌یران و شه‌رێکی ئابووری دیپلۆماسی ساردی تره‌وه. له ژێره‌وه‌ش گۆڕانی گه‌رمتر له ئارادایه. سوریا سه‌نته‌ری خڕبوونه‌وه‌ی رووداوه گه‌رمه‌کان و شه‌ره سارده‌کانه. کوردستانیش دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا کوردستانێکی تره. تورکیا که‌مترین شت به ده‌سکه‌وتنی ته‌کنۆلۆجی جه‌نگی نوێ (درۆنه‌کان و سه‌ته‌لایتی جاسووسی و پشتگیری ناتۆ) بۆته سوودمه‌ندی سه‌ره‌کی له کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا و سوریاش ده‌رفه‌تێکی گه‌وره‌تری داوه‌تێ. ئه‌مه‌ش هه‌مووی دژی کورد به‌کاردێنی و ده‌سه‌لاتی کوردی باشوور ئامرازه ئامادهکهیهتی دژی ماف و خه‌ونه‌کانی هه‌موو مرۆڤێکی کورد.
ناشێ چاره‌نووسی به‌یاننامه‌که‌ی گۆڕان به‌ده‌ر له‌و گۆرانانه‌ی جیهان و چهقبهستنانهی کوردستان لێک بده‌ینه‌وه. وتاری راگه‌یاندنه‌که خۆی وه‌ک سه‌رنجمان دا له کاتوساتی ئه‌و گۆرانکارییهنهوه هه‌لومه‌رجی بهرتوانایی و بهرحالی خۆی وه‌رگرتووه.
ئایا به‌یاننامه‌که پێویست بوو؟ دیمۆکراسی یانی پلورالیزم و یانی ئازادی هه‌لبژاردن. که‌س ناتوانێ رێگه له که‌سێک یان هیزێک بگرێ چۆن بیرده‌کاته‌وه و بڕیار ده‌دا. ههلهکردنیش له ئه‌نجامی ههلبژاردهکانمان دیسانه‌وه شتێکی ئاسایی یه. میژووی هه‌ر مرۆڤێک و دامه‌زراوه‌یه‌ک و مێژووی مرۆڤایه‌تی به گشتی ، له روویه‌که‌وه، مێژووی هه‌له‌و ده‌رس و فێربوونهکانه. ئه‌مه وه‌ک پرینسیپێکی گشتی، دیاره بکه‌ری هه‌لبژارده‌و کات و ئامانج و له هه‌مووی گرنگتر ئه‌نجام و مامه‌له‌کردن له‌گه‌ڵ ئهنجامهکیشدا، ئه‌و فاکته‌رانه‌ن که حوکمه‌کانی دوایی دیاری ده‌که‌ن.
گه‌ر ئه‌م وتاره شۆرشگێرییهی گۆران به‌رهه‌مێکی سروشتی ستراتیج و په‌ره‌سه‌ندنی ئۆرگانی و هه‌لكشانی سیاسی و جه‌ماوه‌ری خۆی بایه له 25/7 و گه‌رموگوڕی جادده‌ی سههۆلهکهوه تا ئه‌و ساته‌وه‌خته، ئه‌وه به‌یانه‌که به شتێکی سروشتی و به قۆناغیکی تر له پرۆسه‌ی په‌ڕه‌سه‌ندنی به‌رده‌وام و هه‌ڵکشاوی گۆران دهژمێردراو چ گله‌یی و ره‌خنه‌یه‌ک له خودی به‌یاننامه‌که نه‌ده‌بوو گه‌ر له ئه‌نجامه‌کانیشی هه‌بایه.
به‌لام به‌رای من ره‌نگه پێچه‌وانه‌که‌ش راست بێ. گۆڕان نه‌یتوانیبوو گه‌رموگوڕی پرسه شۆڕشگێرییهکهو تێوه‌گلانی جه‌ماوه‌ریی کارکردن بۆ ئامانجه دیاریکراوه‌کانی بپاریزێ: بۆشایی، ناکۆکی، بهراوهژووکردنهوه، سه‌لماندنه‌وه‌ی عه‌قلی شاخ، شکست و ته‌نانه‌ت پاشه‌کشێ و بێهیوایی و ناره‌زایی جه‌ماوه‌ریش له خودی گۆران هه‌بوو.
بۆیه په‌نابردنی به‌په‌له بۆ قۆستنه‌وه‌ی کاتی خه‌لکی تر، به‌رهه‌لستی گه‌لانی تر، کڵپه‌ی له‌ش و قوربانی نه‌وه‌کانی خه‌لکی تر، به به‌یانێک بۆ کوردستان تا تۆڵه‌ی(کاتی نه‌بوو و ونبووی) خۆی بکاته‌وه، ئه‌مه چی ده‌گه‌یه‌نێ؟ ئه‌گه‌ر ستراتیج نه‌بێ، وه‌ک براده‌رێکی دهسترۆیشتوویان ستراتیجی بێ فشه‌یه، ئه‌وه له فانتازیا یان له ته‌کتیکێکی ئینتیهازییانه زیاتر نییه.
من ئه‌مانه ته‌نیا وه‌ک ئه‌گه‌ری لێکدانه‌وه، که ئاخاوتنه‌که خۆی به‌ده‌ستییه‌وه ده‌دا، ده‌ڵێم. ئه‌م ته‌کتیک و ئه‌م فانتازیایهش گه‌ر وابووبێ، دیاره ئێستا لێکدانه‌وه‌یه‌کی تری بۆ ده‌کرا گه‌ر سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێنابا، گه‌ر سیناریۆی سه‌رکه‌وتنه‌کانی هه‌نده‌ران، له سه‌ر سینییه‌کی زیوین، له کوردستان دووباره بوونابایهوه، گه‌ر وه‌ک گۆڕان ، چه‌نده جاره وه‌ک خه‌ڕه‌ک ده‌یڵیته‌وه، ده‌سه‌لات ئه‌وه‌نده عاقڵ بووبایه خۆی، هه‌ر نه‌بێ بۆ خاتری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی، گۆڕانی بکردایه!
به‌ڵی، گه‌ر ئه‌م فانتازیایه بوو بایه به وابوو (واقیع)، ئه‌م ته‌کتیکه هه‌لپه‌رستییه بووبایه به ستراتیجی سهرکهوتنخوازی، ئه‌م له‌باربردنه ناره‌واو ناشیرینه‌ی به‌هاری کوردی و (ئیهمالییان که) بووبایه به ده‌ستکه‌وتێک بۆ خه‌لک، هه‌ر نه‌بێ گه‌ر خوێنه‌که به فیڕۆ نهرۆیشتایهو قاره‌مانێکی وه‌ک ئیبراهیمی کاکه ئه‌حه ئاوا به زه‌لیلی له زیندان نه‌بایه،و بکوژو جه‌للاده‌کان سه‌مایان گه‌رمترو ده‌نگیان زولالترو سامانیان هاوساوتر نه‌بایه، ئه‌وسا گه‌ر ئه‌م لێکدانه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ش راست‌و دروست بان، خوێندنه‌وه‌یه‌کی تر بۆ به‌یاننامه‌که‌ی گۆڕان و خودی گۆڕان ده‌کرا.
مێژوو سه‌رکه‌وتووه‌کان ده‌ینووسنه‌وه. گه‌ر له قادسیه فارسه‌کان له جه‌نگدا سه‌رکه‌وتبان، ئێستا رۆژهه‌لاتی ناوه‌راست جوغرافیاو مێژوویه‌کی تری ده‌بوو، گه‌ر هیتله‌ر سه‌رکه‌وتبا، نازانین چ جۆره ئه‌وروپاو دنیایه‌کمان ده‌بوو.
ئێستاش ناشێ لێگه‌رێین ئه‌م روودوه گرنگه‌ی به‌یاننامه‌که‌ش وه‌ک هه‌زاران رووداو‌و راستی مێژووی کورد، وه‌ک بڵقێکی بریناوی کوێربێته‌وه. رووداوه‌که یان سه‌رکه‌وتن بوو یان کاره‌سات؟
مادام سه‌رکه‌وتن نه‌بوو، کارهساتییهکهی له کوێدایه؟ له کاتێکدا ئه‌و هه‌قه به هه‌موو هێزو حیزبێک ده‌ده‌ین وه‌ک دیمۆکراسی و پراکتیسی هه‌لبژاردنی ئازاد هه‌ر بڕیارێک بدا گه‌رچی هه‌ڵه‌ش بێ، ده‌بی به تایبه‌تی بۆ ئه‌و هێزانه‌ی، له جیاتی خه‌لک، به ناوی خهلکهوهو له پێناوی خه‌لک ، بیرده‌که‌نه‌وه‌و بریار ده‌ده‌ن، بشتوانین ره‌خنه له کاره‌کان و هه‌له‌کانیان بگرین و راستییان که‌ینه‌وه..
له به‌شی یه‌که‌مدا چوار پرینسیپم بۆ لیکدانه‌وه و ههلسهنگنادنی دروستی هه‌ر بریارو کارێک ده‌ستنیشان کردن: زانست، دیمۆکراسی، یاسا، له‌گه‌ڵ به‌های ئه‌خلاقیی خۆبه‌ستنه‌وه به به‌رژه‌وه‌ندی خه‌لک. به کورتی ئاماژه‌م به‌وه کرد که به‌یاننامه‌که له سێ مه‌رجی یه‌که‌مدا کورتی هێنا.
ئایا له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌لک بوو؟ ئایا به‌راستی بۆ دهرفهتوهرگرتن و گواستنه‌وه‌ی رۆحی شۆڕشگێڕی به‌هاری عه‌ره‌بی له پێناوی متوربه‌کردنی به‌هارێکی کوردی بوو؟
متوربهکردنیش زانسته، ده‌بێ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی متوربهکهرو متوربه‌کراو و ههلو مه‌رج و پرۆسه‌کان بزانی تا تێێدا سه‌رکه‌وتوو بیت. ده‌بی خاسێتی که‌ژ و خاک و زه‌مینه‌که به وردی شاره‌زابیت.
كێ خاوه‌نی راپه‌ڕینی شه‌قامه: خه‌لک یان حیزب؟ ئه‌مساڵ گۆڤاری (تایمز)ی ئه‌مریکی [پرۆتێستهر) واته خۆنیشانده‌ر یان (نارهزاییدهربڕ)ی به که‌سێتی ساڵی 2011 دانا. رۆژنامه‌ی (تایمز)ی به‌ریتانیش [ موحه‌ممه‌د بوعه‌زیز] ی به که‌سێتی ساڵ دانا: ئه‌و گه‌نجه تونسییه 26 ساڵه‌ی ئاگری له خۆی به‌رداو بڵێسه‌ی راپه‌رینه‌کانی تونس و میسر‌و لیبیا و یه‌مه‌ن و سوریای ده‌ستپێکرد.
ئه‌مه چ ده‌گه‌یه‌نێ؟ پاله‌وانی بێ ناو قاره‌مانی ساڵ بێ؟ گه‌نجێکی نه‌ناسراو پێشره‌وی شۆرشێکی جیهانیی فراوان بێ؟
شۆڕشه‌کان خۆرسک بوون، ته‌قینه‌وه‌ی ئازاری خه‌لک بوون، شۆرشی شه‌قام دژی هه‌موو دامه‌زراوه‌و ده‌سه‌لاته‌کان بوون، شۆرشێ خه‌لک دژی هه‌موو ره‌مزه و دیارده‌و بنه‌ما ستراکتوورهکانی سته‌مگه‌ری و تاوان و دزی و داگیرکاری مافیاکانی ده‌سه‌لات بوون.
ته‌قینه‌وه‌ی کۆمه‌لایه‌تی بوون به رێبه‌ری گه‌نجانی شۆرشگێر، نه‌وه‌یه‌کی بێ هیوا که ده‌سه‌لات باکی به کوشتن و مردن و بێنانکردن و بێکارکردن و بیپاشهرۆژکردنیان نییه.
شۆرشێک بوو بێ بهیانننامه، بێ به‌رنامه، بێ ئایدیۆلۆجی، بێ ره‌مز، بێ سه‌کردایه‌تی، بێ فهلهسهفهلێدان و شیڕه‌شیڕی رۆشنبیران، شۆرشێک بوو یه‌ک دروشم، یه‌ک داوا ، سه‌دان، هه‌زاران، ملیۆنانی کۆکرده‌وه: روخاندنی ده‌سه‌لاتی بنه‌ماله‌یی و مافیایی!
نه دانیشتنی ژووره تاریکه‌کان، نه دیماگۆگی ته‌له‌فزیۆن و میدیا حیزبییه‌کان، نه پاڕانه‌وه و سه‌رشۆرکردن بۆ ده‌سه‌لات، نه دانوستاندنی نهێنی بودجه‌و مووجه، نا، نا، نا!
یه‌ک ئامانج: ته‌نیا یه‌ک ئامانج، هیچی تر نا یه‌ک ئامانچ که هه‌مووان کۆ ده‌کاته‌وه: رووخاندنی ده‌سه‌لاتی ستهمکهرو تاوانکار، ارحل، ارحل، ارحل. بی سڵکردنه‌وه، بێ شلکردنه‌وه، بێ چه‌مینه‌وه، بێ ترسان وتۆقان له دیمه‌نه‌کانی گرتن و کوشتن و گه‌مارۆدان. . بی وتاری حه‌ماسی دینی و بێ وتار‌و نوکته‌و شانۆگه‌ری رۆشنبیران.
گه‌ر گۆڕان ئه‌وه‌نده به په‌له بوو، ئه‌وه‌نده حه‌ماسی بوو، ئه‌وه‌نده شۆڕشگێر بوو ئه‌زموونی بلێسه‌ی له‌شی موحه‌مه‌د بوعه‌زیز بگوێزێته‌وه ، بۆ هاوارو دروشمی (ارحل) ی بنه‌ماله ستهمگهرهکانیشی له‌گه‌ل نهدهگواستهوهو به‌رز نه‌ده‌کرده‌وه؟
ئه‌ی بۆ دواییش بۆ کڵپه‌ی له‌شی (به‌ناز جه‌واد) ی خۆمان جووڵه‌ی نه‌کرد و ته‌خت له‌و کاته‌دا پێشوازی له جه‌للاده‌کانی کرد؟
گه‌لی ئێمه‌ش له خه‌لکی تر که‌متر نییه. به وردی سه‌رنجی ڤیدیۆکانی خۆپیشاندانه‌که‌ی رۆژی یه‌که‌می پێش لقی چوار بده‌ن: لاوه‌کانمان له تووڕه‌یی و ئیراده‌و ئازایی دا چیان له لاوانی تونس و میسر که‌متر بوو؟ که‌چی به ئاژاوه‌گێر ناوبردران.
به‌یاننامه‌که‌ی گۆڕان به‌ر له‌وه‌ی هیچ له کوردستان بجووڵێ خۆی کرده خاوه‌نی هه‌موو شتێک، به میدیای حیزبیی خۆی شالاوی دیماگۆگییهتێکی ىێوێنهی به‌رپا کرد، ئه‌وپه‌ڕی وره‌ی به به‌ر خه‌لک دا ده‌کرد له کاتێکدا ئاماده نه‌بوو که‌مترین زیان به‌رخۆی بکه‌وێ یان که‌سانی پله دوو-و سێشیان بێنه ناو خۆپیشانده‌رانه‌وه.
گۆڕان به به‌یانه حه‌وت خاڵییه بێ به‌رنامه‌که‌ی ده‌رفه‌تی مێژووی به‌هاری کوردی بارگاوی و حیزباوی کردوو خستییه ناو قالبی به‌ربه‌ره‌کانی شاخیی و حیزبی و شه‌خسیی کۆن و نوێ- وه، ده‌رفه‌تی به ده‌سه‌لاتی گه‌نده‌ڵ دا که‌ژو هه‌وا و وتاری شه‌ری براکوژی بژێنێته‌وه، خه‌لک بترسێنێ، خۆنیشانده‌رانی خۆرسکی مه‌ده‌نی دووربخاته‌وه.
گه‌ر سه‌رنجی قسه‌و وتاره‌کانی ڤیدێۆی خۆپێشاندانی رۆژی یه‌که‌می 17 ی شوبات به‌رله توند‌و تیژییه‌که‌ی لقی چوار بکه‌ین ده‌بینین دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌کی له خۆ گرتووه: داواکاری ره‌وای خه‌لک به شیوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی بێلایه‌ن و دیاریکردنی دروشم و داواکان له‌لایه خه‌لک خۆیه‌وه‌و دووه‌م: ترسی شه‌ڕی ناوخۆیی و کردنی جهماوهور به قوربانی.
به ئیدانه‌کردنی خۆپیشاندانی خه‌لک له 17 ی شوبات و ناونانیان به ئاژاوه‌گێرو ئاماده‌یی بۆ هاوکاری ئه‌منی له‌گه‌ڵ ده‌زگا سه‌رکوتکه‌ره‌کانی ده‌سه‌لات دژی خۆنیشانده‌ران، گۆڕان زه‌برێکی گه‌وره‌ی له خۆپێیشاندانه سه‌ربه‌خۆکانی کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی وهشاندو پاڵی به ده‌سته‌یه‌کی باشی تێکۆشه‌رو چالاکی شه‌قامی ناره‌زایی کوردییه‌وه نا، له چه‌په‌کان و هی تریش، که بکشێنه‌وه یان موساوه‌مه له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات بکه‌ن، ڕێگای له‌وه گرت خۆپیشاندانیكی جه‌ماوه‌ری گشتگری ناحیزبی دروست بێ، رێگه‌ی له‌وه گرت شه‌قام به هه‌موو جیاوازی و رهنگاورهنگییهکانییهوه خۆی ببێته خاوه‌نی دروشم و داخوازیی ناحیزبیی خۆی، رێگه‌ی له‌وه گرت راپه‌رین وه‌ک هه‌موو ولاتێکی تری دنیا له پایته‌خته‌وه، له هه‌ولێره‌وه ده‌ستپێبکا، که خۆی له‌وێ هیچی پێنه‌کرا یان نه‌یکرد، یان راستی هه‌ر نه‌یویست بیکا، هه‌ر وه‌ک چۆن له وه‌تی دروستبوونیه‌وه هیچ چالاکییه‌کی له ناوچه‌ی زه‌ردا نه‌کردووه، ده‌رفه‌ت و ماوه‌و بیانووی به‌ده‌سه‌لات دا هه‌ر زوو خۆ ئاماده بکاو نه‌خشه‌ی سه‌رکوتکردنی سه‌ربازیی هه‌ر رووداوێكی شیوه‌ی تونس دابنێ، که کردیشی نه گۆڕان نه ئۆپۆزیسیۆن پلان ئه‌ی، پلان بی، پلان، سی، پلان سفریان بۆ به‌ره‌ورووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌لات جگه له ته‌سلیمبوون و ته‌سلیمبوون و ته‌سلیمبونی زیاتر و هاوارو داد‌و په‌نابردن بۆ سه‌رۆکی زه‌روره‌ت بۆ گه‌راندنه‌وه‌ی نانی نانبراوان وبودجه‌ی بڕاو، نه‌بوو.
هیچ ستراتیچ یان کام ستراتیچ؟ دیسانه‌وه جه‌خت له‌وه ده‌که‌مه‌وه هیچ عه‌یب و ناته‌واوی و هه‌له‌یه‌ک له‌وه‌دا نییه که بزوتنه‌وه‌یه‌ک سوود له که‌ژی شۆڕشگێڕیی دۆخی دنیا بۆ پێشخستنی ئه‌جندای خۆی وه‌ربگرێ. یان هه‌له بکاو سوود له هه‌ڵه‌کانی وه‌ربگرێ.
کاره‌ساته‌که ئه‌وه‌یه ئه‌مه بی ستراتیج و له سه‌ر حیسابی خه‌لک و له ده‌ستدانی ده‌رفه‌ته مه‌زنه‌کان بێ و هێچ به‌خۆداچوونه‌وه‌و فێربوونێکیشی له‌گه‌ڵ نه‌بێ.
ستراتیجی عه‌قڵانی راستگۆیانه ئه‌وه بوو: که گۆڕان له دوور‌و نزیکه‌وه خۆی نه‌کا به خاوه‌نی شه‌قام و راپه‌رینه خۆرسکییهکانی خه‌لک.
راستی ده‌بوو له ماوه‌ی ئه‌و دوو ساله‌ی ته‌مه‌نی گۆڕان کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی سهربهخۆو شه‌قامی کوردی باوه‌ڕبه‌خۆ بوو ئه‌وه‌نده به هێز بووایه، گۆڕان خۆی هه‌ر بوونیشی وه‌ک حیزب پێویست نهبایهو بووبایه به پاڵپشتی کۆمه‌لێکی تاکی ئازاد‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر.
ده‌بوو گه‌نجه‌کان له هه‌موو شار‌و شه‌قامێکی کوردستاندا رێکخراوی ناحیزبیی سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌بایه.ده‌بوو ژنان له ریزی پێشه‌وه‌ی بڕیاردان بوونایه، ده‌بوو که‌لتوریکی سیاسی نوێ ئێستا له ئارادا بایه له سه‌ر بنه‌مای راستگۆیی و روونکاری و ئه‌خلاق و به‌رپرسیارێتی ویژدانی و نه‌ته‌وه‌یی.
گه‌ر گۆڕان ئاوا چالاکانه چاوه‌دێری راپه‌رینه‌کانی به‌هاری عه‌ره‌بی ده‌کرد، عاقلانه تر‌و سیاسیانهترو ستراتیجییانهتر بوو، که رێگه بدا شه‌قام بجووڵێ و له پشته‌وه پاڵپشتی راستگۆیانه‌و کۆنترۆلنهخوازانهی کردبا و، وه‌ک هه‌موو دنیا، نه‌خشه‌ی خۆی بۆ جوولاندنی شه‌قام و خه‌لک له پایته‌خت له هه‌ولێر، دانابایه نه‌ک ئۆپۆزیسیۆن ته‌نیا له به‌رده‌رکی سه‌را ده‌سته ده‌سته خه‌لک بۆ شانۆگه‌رییه‌کی بێهووده خڕ بکه‌نه‌وه.
نازانم بۆ ئێمه له دنیا فێر نابین؟ له چ ولاتێكدا حیزبی ئۆپۆزیسیۆن به‌یان بۆ ده‌سه‌لات دهردهکاو ده‌لێ: خێرا بڕوخێ، نهرووخێیی ده‌تڕوخێنم ، ئه‌گه‌ر ئازاشی وه‌ره سه‌رم؟ ئه‌مه بکا به بی ئه‌وه‌ی یه‌ک پلانی به‌ره‌نگاری هه‌بێ و دواییش خه‌لک و جه‌ماوه‌ر بکا به قوربانی و به‌هاری ئازادبوونیان له بار به‌رێ و خۆشی وه‌ک نه بای دیبێ و نه باران، به‌لکو له جاران زیاتر خۆی به شۆڕشگێرو سه‌رکه‌وتوو-و بێ هه‌ڵه بزانێ؟ و ده‌سه‌لاتیش وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن هێشتا هه‌ر خه‌به‌ریشی نه‌بووبێته‌وه؟
وه‌لامه‌که ئاشکرایه: وا دیاره پێوانه‌ی گۆڕان ئه‌وه نییه ئه‌و چ ده‌کا بۆ به‌هێزکردنی خه‌لک و شه‌قامی خه‌لک و میدیای ئازاد‌و کۆمه‌لگای مه‌ده‌نی ئازاد‌و تاکی ئازاد و جیاوازی و ره‌نگاوره‌نگی بیر‌و بۆچوون و گۆڕینی سیستم، به‌لکو ئه‌وه‌یه خه‌لک و شه‌قام چ ده‌که‌ن یان چۆن به رهواو ناره‌وایی به‌کاریان دێنێ بۆ ئه‌جندای حیزبی ده‌سه‌لاتخوازی خۆی؟ ئه‌جندایه‌ک هه‌موو هه‌ولی بۆ به‌هێزکردنی حیزب و سه‌رانی حیزبه نه‌ک خه‌لک، و له سه‌دان سه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌جندای ده‌سه‌لات یه‌ک ده‌گرێته‌وه له ته‌مای موساوه‌مه‌و شه‌ریکایه‌تی له ده‌سه‌لات و میراتگرتنی ئه‌و ئیمپراتۆریه‌ته گه‌نده‌ڵه‌ی که مافیاکانی پارتی و یه‌کێتی به خوێن و خیانه‌ت و دزی و له سه‌ر حیسابی داگیرکردنی خاک‌و زهویوزارو ملکی گشتی و تایبه‌تی و قوتابخانه‌و باخ و شاخ و بودجه‌و سه‌رچاوه‌و سامان پیکیانهوه ناوه.
گۆڕان نایه‌وێ هیچ له‌مانه هه‌لوه‌شێنێته‌وه، نایه‌وێ سیستمی ئه‌ماره‌تی مه‌له‌کی بنه‌ماله‌یی هه‌ڵوه‌شینێته‌وه، بارزانی به مه‌رجه‌ع و موقه‌دده‌س ده‌زانێ. نێچیروان به نوێخوازو ریفۆرمخواز ده‌زانێ. تاله‌بانی به ره‌مزی کورد‌و یه‌کیتی کورد ده‌زانێ، به‌رامبه‌ر هاتوچۆی سه‌دان تانکه‌ری نه‌وتی قاچاغفرۆش و سه‌دان لۆری که حه‌فتانه هه‌زاران ته‌ن خۆراکی به‌سه‌رچوو-و ژه‌هراوی دێنن قه‌ت جووڵهویهکی نه‌کردووه، به‌رامبه‌ر کوشتن و سوتاندنی هه‌زاران ژن ناڵه‌یه‌کی نه‌هاتووه، به‌رامبه‌ر قڕانی هه‌زاران له سه‌ر جادده‌کانی مه‌رگ و به حیزبیکردن و بازرگانیکردنی که‌رتی ته‌ندروستی و مافی ژیانی خه‌لک مووچرکێکی پێدا نه‌هاتووه.
له کاتی خۆپیشاندانه‌کان و له گه‌رمه‌ی سه‌رکوتکاریی خه‌لک و دواتر، کۆبوونه‌وه‌ی ژووره تاریکه‌کان له‌گه‌ڵ ره‌مزه هه‌ره گه‌نده‌ڵه‌کانی ده‌سه‌لاتی کوردکوژو خیانه‌تکارو گه‌نده‌ڵ ده‌کا. گاڵته به فراکسیۆنی په‌رله‌مانه‌که‌ی خۆی ده‌کا و له گه‌رمه‌ی خۆپیشاندانه‌کان و ده‌ستپێکی گرتن و تێههڵداندا، له په‌رله‌ماندا کۆبوونه‌وه‌ی حیزبی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌لات له پشت ئه‌وانه‌وه ده‌کا، هه‌موو ئه‌مانه‌ش ، هه‌ر وه‌ک بڕیاری ئاشبهتاڵییهکهی بارزانی، ده‌بێ به حیکمه‌ت دابنرێ و شایانی رای جیاواز‌و دیبات و ره‌خنه نه‌بێ.
گۆران چونکه خۆی هیچ ستراتیج و به‌رنامه‌و ئه‌جندایه‌کی بۆ خۆپیشاندانه‌کان نه‌بوو، ورده ورده خۆیان له پشت وتاری دینیی شارده‌وه، که‌چی ئه‌مه‌شیان هه‌ر له سڵێمانی به‌کارهێنا. له هه‌ولیر و بادینان ، هه‌موو ئۆپۆزیسیۆن، له به‌رخاتری بنه‌ماڵه نه‌یانویست هیچ بکه‌ن، ئه‌گینا به‌کارهێنانی وتاری حه‌ماسی ئه‌و مه‌لا ئازایانه ته‌نیا له جومعه‌ی یه‌ک مزگه‌وتی هه‌ولیر یان دهۆک به‌س بوو تا خۆنیشاندان له‌وێش بته‌قێته‌وه.
له به‌یاننامه‌که‌وه بۆ نامه‌که‌ی کاک نه‌وشیروان به‌یاننامه‌که وه‌ک له سه‌ره‌تاوه وتم شایانی ئه‌وه بوو که گۆڕان خۆی ده‌سته‌یه‌کی پسپۆری سه‌ربه‌خۆ بۆ پێداچوونه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی دوای ساڵیک دابنێ. ئه‌مه رێکاری هه‌موو حیزب و کیانێکی سیاسی یان ئیداری و ئابوورییشه له‌م سه‌رده‌مه‌دا.
تۆ ناتوانی هه‌ر بڕۆی و ئاوڕ نه‌ده‌یته‌وه. تا ماوه‌یه‌کی زۆریش قسه‌که‌ری گۆڕان حه‌وت خاڵه‌که‌ی وا سه‌یر ده‌کرد و جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌کردن هه‌ر وه‌ک به‌یاننامه‌ی شۆڕشی فه‌ره‌نسی بێ، نه‌ک هه‌ر نه‌بوونی که‌مترین هه‌ست به هه‌ڵه‌و گومان، به‌ڵکو سووربوون له سه‌ر داواکانیان به تایبه‌تی داوای سه‌ره‌کی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی وسیستمی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی!
نا ببوورن لابردنی سیستمی پادشایی له به‌یاننامه‌که‌ی شۆرشی فه‌ره‌نسیدا نه‌بوو، مه‌به‌ست هه‌لوه‌شاندنه‌وه‌ی دوکانه‌ی د.به‌رهه‌م بوو که به ناهه‌ق پێیان ده‌گوت حکومه‌ت و (فه‌قیره خۆشی دوو ساڵ وه‌ک کرێچی تێێدا بوو- هه‌وڵیشی دا تا له ده‌ستی هات تۆزێ دوکانه‌که بۆیاغ بکاته‌وه‌و یه‌ک دوو کون و که‌لێنی به قوڕی سه‌وز پڕ بکاته‌وه) تا ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی دوکانه‌که به خاوه‌نه سه‌ره‌کییه‌که‌ی که نێچیروان بارزانی یه‌و، که ئه‌و ئیمپراتۆریه‌تی خۆی هه‌یه‌و وه‌ک میرانی ده‌فه‌رموێ زۆر له‌وه مه‌زنتره خۆی به دوکانێکی ئاوا چووک و سووک و چروکهوه خه‌ریک بکا گه‌ر هه‌موو ئۆپۆزیسیۆن له‌و کۆمپانیا بچوکهیدا نه‌بنه شه‌ریک.
دیاره رێکه‌وت نییه کتومت له کاتی سالیادی به‌یاننامه‌که‌دا نیوه‌ی وشه‌که له شێوه‌ی (نامه) یه‌کدا خۆی ده‌رخسته‌وه. ئه‌مه هه‌ولێکه بۆ له‌بیربردنه‌وه‌ی هه‌ر نه‌بێ نیوه‌ی به‌یان-نامه‌که له نامه‌که دا. له شیکردنه‌وه ئاخاوتنکارییهدا وتم مه‌ودای زۆر فراوانتر بۆ لێکۆلینه‌وه‌ی به‌یاننامه‌که وه‌ک ئاخاوتن (دیسکۆرس) هه‌یه یه‌کێک له مانه پێوه‌ندی ده‌قه‌که به‌و دهقانهوهیه که له دوای خۆی له دایک ده‌بن. تۆن و داواکاری و سێبه‌ری به‌یاننامه‌که ده‌بێ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قه تازانه‌دا به‌راورد بکرێت تا راده‌ی مان و کاریگرییهکهو ئاماژه‌کانی بۆ گۆڕانه‌کانی گۆڕان خۆی لێک بدرێنه‌وه.
لێره‌وه پێوه‌ندییه‌کی سیمانتیکی و ئایدیۆلۆجی توند له نێوان سالیادی به‌یان-نامه‌که‌و بلاوکردنه‌وه‌ی نامه‌که‌دا هه‌یه. نامه‌که مه‌به‌سته‌که‌ی هه‌رچه‌ند دروست ىێ، ناوه‌رۆکه‌که‌ی پره له ئاخاوتنی سه‌یر که پێوه‌ندییان به ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌که‌وه نییه.
ئامراز و ئامانج جگه له‌مه‌ش ئامانج و ئامراز لێک جیا ناکرێنه‌وه. تۆ ناتوانی ئامرازێکی نادروست بۆ به‌دیهێنانی ئامانجێکی باش و دروست به‌کاربێنی.
بۆ حیزبێک خۆی به نوێخوازو سه‌رده‌میی و موئه‌سسه‌ساتی بزانێ چۆن ده‌بێ ته‌نانه‌ت فراکسیۆنه‌که‌شی که که‌سانی رووناک‌بیر و ئازا‌و زانای باشی تێدا هه‌ن، پێرهوێکی یان رێکارێکی ناوخۆیی خۆیان نه‌بێ بتوانن وه‌ک فراکسیۆن هه‌لوێست یه‌کخه‌ن یان مامه‌له‌ی یاسایی و دیمۆکراتی و ئه‌خلاقی دروست له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه بکه‌ن که له ڕێنماییه‌کانی خۆیان وه‌ک فراکسیۆن ده‌رده‌چن؟
له به‌ریتانیا [ستانداردی مۆرالی) بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و حکومه‌ت هه‌یه‌و کۆمیسیۆنێکی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه که ئه‌م ستاندارادنه چاوه‌دێری ده‌کاو به‌جێیان ده‌گه‌یه‌نێ. هه‌ر لادانی ده‌بێته هۆی سزا، لادانی گه‌وره وه‌ک گه‌نده‌لی ده‌بێته هۆکاری سزای یاسایی و دادگا یه‌کلایی ده‌کاته‌وه.
سه‌رۆکی به دیمۆکراتی هه‌ڵبژێردراوی حیزب که ئه‌ندامی هه‌لبژێردراوی په‌رله‌مانیشه هچ ناڵێ تا دادگا قسه نه‌کا، که له دادگا گه‌نده‌لی له سه‌ر پهرلهمناتارێک ساغ بۆوه ئه‌مجار به پێی گه‌وره‌یی سزاکه حیزبه‌که‌ی یان ده‌ری ده‌کا یان زۆرجار ده‌نگده‌ران خۆیان داوا ده‌که‌ن ئه‌و په‌رله‌مانتاره دهستبکێشێتهوهو ناچاری ده‌که‌ن بڕوا.
به‌لام به چ هه‌قێک و پێرهوێک گۆران وه‌ک حیزب موحاسه‌به‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مان ده‌کا؟ هیچ ستراکتورێکی دیمۆکراتی و رێکارێکی یاسایی نییه که گۆڕان ی حیزب بتوانێ گۆڕان ی فراکسیۆن له ده‌ره‌وه‌ڕا سزا بدات.
گۆڕان خۆی وه‌ک حیزب تا ئێستا هێچ پرۆسه‌یه‌کی دیمۆکراتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجام نه‌داوه‌و کۆنفرانسی بۆ بریاری ده‌ستوورو ستراکتورهکهی نه‌به‌ستووه. له سه‌ر چ بنه‌مایه‌کی یاسایی گۆران پۆسته بالاکانی خۆی دیاری کردووه‌و ده‌سه‌لاتی داونێ نامه‌ی عاقڵکردن بۆ فراکسیۆنی په‌رله‌مانی یان بنووسن یان که‌سێ بتوانێ ئاوا سه‌رپێیانه بڵێ: 'من رام وا بوو یه‌کسه‌ر ده‌ریان بکه‌ین" .
ده‌بێ بڵێم من نازانم. ئایا کۆنتراکتێ له نێوان گۆڕان و کاندیده‌کانیدا هه‌یه که ئه‌م خاڵ و مه‌به‌ستانه‌ی تێدا بێ؟
جگه له‌مه‌ش پرینسیپی عه‌داله‌ت بۆ هه‌موو که‌س له هه‌موو کاتێکدا ده‌بێ هه‌بێ. بۆ گه‌وره‌ترین تاوان که‌سێتی و رابردووی باش یان خراپی تومهتبارکراو ده‌خرێته به‌رچاوو هه‌لومه‌رجی هه‌له‌و به سههوداچوون بۆ هه‌ڵه‌ی یه‌که‌م حیسابی بۆ ده‌کرێ.
له لایه‌کی تریشه‌وه گه‌ر هه‌موو راستییه‌کان و واقیعه دیار‌و نادیاره‌کان به‌راورد بکه‌ین، شتێکی سه‌یر ده‌رده‌که‌وێ که گۆڕانی حیزب ئامۆژگاری گۆڕانی په‌رله‌مانیی بکات. هه‌ر نه‌بێ ئه‌وه‌ی دووه‌میان شه‌رعییه‌تی هه‌ڵبژارن و هه‌ڵه‌کردنیان بۆ ماوه‌ی ههڵبژاردنکهی خۆیان هه‌یه. یان هه‌ڵه‌یه‌ک یان تهماعیکی لامسه‌رلایی کڕینی شوقه‌یه‌کی په‌رله‌مان ئه‌وه‌نده گه‌وره بکا که کۆدیتایه‌کی دیسیپلینی حیزبیی و ئه‌خلاقیی به‌سه‌ر هه‌موو فراکسیۆنه‌که‌یدا به‌رپا بکات.
به‌راورده‌که وه‌ک ئه‌وه وایه لایه‌ک که گردێک و قاسهپارهیهکی داگیرکردبێ موحاسه‌به‌ی لایه‌کی تر بکا که چوار به‌ردو مستهخۆڵی خستبێته گیرفانییه‌وه.
نامه‌که‌ش وه‌ک به‌یاننامه‌که کاره‌ساته. ئه‌ویش بێبه‌رییه له بنه‌ماکانی زانست، دیمۆکراسی ، یاسا.
ته‌نیا ئه‌وه‌نده ده‌لێم: ئه‌گه‌ر ئۆباما نامه‌یه‌کی وا بۆ ئه‌ندامانی کۆنگرێسی حیزبه‌که‌ی خۆی بنێرێ یان ئێد مالیباند بۆ فراکسیۆنی حیزبه‌که‌ی له په‌رله‌مانی به‌ریتانی بنێرێ، میدیا‌و رای گشتی و چاودێران چیان پێ ده‌که‌ن؟ گومان نییه ته‌مه‌نی سه‌رکردایه‌تی و سیاسی‌یان له حه‌فته‌یه‌ک زیاتر نابێ.
ئیدی بۆ ده‌بێ له‌م سه‌رده‌می گلۆبالیبوون و ته‌کنۆلۆجیای زانستیدا سه‌رکرده‌یه‌کی نوێخوازی کورد ئۆباما‌و سه‌رکرده‌ی ولاته دیمۆکراتییه‌کان نه‌کا به مۆدێل بۆ خۆی؟ به وه‌عی یان لاوهعی یه‌وه، وێنه‌ی مودێلی سه‌رکرده شه‌رقییه‌کان به‌رهه‌م بێنێته‌وه؟ ئاخر ئه‌م نامانه ته‌رجه‌مه ده‌کرێن و دنیاش ده‌یانخوێنێته‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست