کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)

  • Su
  • Mo
  • Tu
  • We
  • Th
  • Fr
  • Sa
  •  
  •  
  •  
  •  
  •  
  • 1
  • 2
  • 24
  • 25
  • 26
  • 27
  • 28
  • 29
  • 30

ڕیکلام

وشە: لە ڕۆژی: تا ڕۆژی:


به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ حیزبی‌، داوای كاری‌ سێكسی‌ له‌ خزمه‌تكاری‌ ماڵه‌كه‌ی‌ ده‌كات

Saturday, 28/02/2009, 12:00

2010 بینراوە


شنۆ ئافره‌تێكی‌ ته‌مه‌ن 35ساڵه‌‌و ماوه‌یه‌كی‌ زۆر، خزمه‌تكاری‌ ماڵی‌ به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ حیزبی‌ بووه‌، ئه‌و هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ به‌شمه‌ینه‌تی‌ بۆماوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌سۆزی‌ دایك بێبه‌ش بووه‌‌و باوه‌ژندار بووه‌ هه‌موو ژیانم هه‌ر نه‌هامه‌تی‌ بوو.
له‌ یه‌كێك له‌و رۆژانه‌ی‌ كه‌ له‌ ماڵی‌ به‌رپرسه‌كه‌ خه‌ریكی‌ كاركردن ده‌بێت، به‌رپرسه‌كه‌ داوای‌ لێده‌كات كاری‌ سێكسی‌ له‌گه‌ڵ بكات، به‌ڵام ئه‌و به‌و داوایه‌ رازی‌ نابێت، به‌په‌له‌ ماڵه‌كه‌ به‌جێده‌هێڵێت هه‌رچه‌نده‌ دوای‌ ئه‌وه‌، حیمایه‌كانی‌ نارد به‌دوامدا، به‌ڵام نه‌چومه‌وه‌‌و نه‌شم وێرا راستی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بدركێنم، ناچار وتم ئیشی‌ تازه‌م دۆزیوه‌ته‌وه‌‌و نایه‌مه‌وه‌.
گه‌ر له‌ده‌می‌ خۆیه‌وه‌ گوێبیستی‌ به‌سه‌رهاته‌كانی‌ ژیانی‌ ئه‌م ژنه‌ نه‌بیت، ئه‌ستمه‌ بڕوا به‌وه‌ بكه‌ی‌ كه‌ كه‌سێك هه‌بێت به‌وجۆره‌ ژیابێ‌و به‌رگه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو ئازاره‌ی‌ گرتبێت، ئه‌و ده‌ڵێت به‌ڕاستی‌ خۆشم سه‌رم سوڕماوه‌، چۆن به‌رگه‌ی‌ ئه‌و هه‌موو ئازاره‌م گرتوه‌.
شنۆ له‌ ساڵی‌ 1974 له‌ شاری‌ بۆكانی‌ كوردستانی‌ رۆژهه‌ڵات له‌دایك بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ دایكی‌ به‌سه‌ر منداڵه‌وه‌ مردوه‌، روخساری‌ دایكی‌ نه‌بینیوه‌، له‌پاش ئه‌وه‌ خێزانه‌كه‌ی‌ شنۆ رووده‌كاته‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و له‌ یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی‌ ئه‌‌و شاره‌دا نیشته‌جێ‌ ده‌بن.
سه‌ره‌تای‌ مه‌ینه‌تییه‌كانی‌ ئه‌م كیژۆڵه‌یه‌ له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، كه‌ باوكی‌ بڕیارده‌دات بێوه‌ژنێك، كه‌ دوو كچی‌ هه‌یه‌، بخوازێت.
ئه‌و ته‌مه‌نی‌ چوار ساڵان ده‌بێت كه‌ ئه‌و بێوه‌ژنه‌ ده‌بێته‌ باوه‌ژنی‌، ئه‌‌و باوه‌ژنه‌ نه‌ك هه‌ر جێگای‌ دایكی‌ بۆ ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ر وه‌ك شنۆ ده‌ڵێت ئافره‌تێك بوو هه‌موو گیانی‌ رق‌و كینه‌بوو، ویژدانی‌ هه‌رنه‌بوو، گه‌ر بیشی‌ كوشتمایه‌ له‌لای‌ ئاسایی‌ بوو.
به‌ وته‌ی‌ شنۆ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ باوه‌ژنه‌كه‌ی‌ كه‌وتۆته‌ دژایه‌تی‌ كردنی‌، سپێده‌ی‌ هه‌موو به‌یانییه‌ك شنۆ ناچار ده‌كرێت، زوو بڕوات نانی‌ گه‌رم بۆ باوه‌ژنه‌كه‌ی‌‌و دوو كچه‌كه‌ی‌ بێنێ‌. له‌ یه‌كێك له‌ به‌یانییه‌كانی‌ سه‌ره‌تای‌ وه‌رزی‌ به‌هاردا، كه‌ هێشتا دنیا به‌ته‌واوه‌تی‌ رووناك نه‌بۆته‌وه‌، باوه‌ژنه‌كه‌ی‌ به‌ ده‌نگێكی‌ گڕ، به‌ڵام هێواش، ئه‌و كیژۆڵه‌یه‌ به‌خه‌به‌ردێنێ‌ شنۆ، چه‌تیو هه‌سته‌ بڕۆ بۆ نان، دوایی‌ نۆره‌ت به‌رناكه‌وێت. ئه‌و به‌ناچاری‌ له‌خه‌و هه‌ڵده‌ستێت‌و به‌چاوێكی‌ خه‌واڵوه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌رگای‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌ڕوا، به‌ڵام له‌ناو باخێكی‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌یاندا خه‌و زۆری‌ بۆ دێنێ‌‌و ناچار له‌ناو چیمه‌نی‌ سه‌وزی‌ باخه‌كه‌دا‌و له‌ژێر شنه‌ شنی‌ داره‌كاندا چاوه‌كانی‌ دووباره‌ ده‌چێته‌وه‌ خه‌وێكی‌ قوڵ، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك باوكی‌ به‌ سۆنده‌وه‌ ده‌گاته‌ سه‌ری‌ له‌تاو ئازاری‌ سۆنده‌كانی‌ باوكم خه‌به‌رم بوه‌وه‌، زۆر بێ‌ ره‌حمانه‌ لێیده‌دام، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش دوو رۆژ له‌ ماڵه‌وه‌ سجنی‌ كردم.
ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ ئه‌و كیژه‌، له‌لایه‌ن باوكی‌‌و باوه‌ژنه‌كه‌یه‌وه‌، به‌ به‌رده‌وام بوونی‌ هه‌بووه‌ جا هه‌رجاره‌ به‌بیانویه‌كه‌وه‌ بوو. رۆژێك باوه‌ژنه‌كه‌ی‌ خه‌ریكی‌ ماڵ شتن ده‌بێت، سۆنده‌ی‌ ئاوه‌كه‌ی‌ له‌ سه‌ماوه‌ری‌ ناو حه‌وشه‌كه‌یان گیرده‌بێت‌و قۆریه‌كی‌ شوشه‌ی‌ جوان، كه‌ باوكی‌ شنۆ هه‌میشه‌ حه‌زی‌ كردوه‌ چای‌ تێدا بخواته‌وه‌، له‌سه‌ر سه‌ماوه‌ره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خواره‌وه‌و ده‌شكێ‌، بۆ ئێواره‌ كه‌ باوكی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، باوه‌ژنه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێت پیاوه‌كه‌ ئه‌مڕۆ شنۆ ماڵی‌ ده‌شوشت، سۆنده‌كه‌ی‌ له‌ سه‌ماوه‌ره‌كه‌ گیركرد‌و قۆریه‌ جوانه‌كه‌ی‌ شكاند، هه‌رچه‌ند له‌وه‌‌و پێش تكام تیاكرد، سه‌ماوه‌ره‌كه‌ لابدات، به‌ڵام به‌قسه‌ی‌ نه‌كردم. ئه‌م چه‌ند وشه‌یه‌ی‌ باوه‌ژنه‌كه‌ی‌ به‌س ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی‌ دووباره‌ شنۆ بكه‌وێته‌وه‌ ژێر چه‌پۆكی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی‌ باوكی‌ گورگێكی‌ برسی‌ چۆن په‌لاماری‌ ئاسكه‌ كێویه‌ك ده‌دا، به‌وجۆره‌ كه‌وته‌ گیانم، چه‌نده‌ هاوارم كرد به‌خوا من نه‌م شكاندوه‌، به‌ڵام ئه‌و نه‌یده‌بیست، كه‌ وازیشی‌ هێنا وتی‌ ئێستا ماندوم، به‌ڵام خۆم ده‌زانم به‌یانی‌ چیت به‌سه‌ر دێنم، ئه‌و شه‌وه‌ تا به‌یانی‌ له‌ ترسی‌ ئه‌و قسه‌یه‌ خه‌و نه‌چوه‌ چاوم.
شنۆ وه‌ك زۆربه‌ی‌ منداڵان، له‌ ته‌مه‌نی‌ شه‌ش ساڵاندا ده‌چێته‌ به‌ر خوێندن، به‌ڵام جیاواز له‌ قوتابییه‌ هاوپۆله‌كانی‌، هه‌میشه‌ به‌ قژێكی‌ ئاڵۆسكا‌و‌و به‌رگێكی‌ كۆنی‌ شڕۆڵه‌وه‌ به‌ره‌و خوێندنگا به‌ڕێ‌ ده‌كه‌وێ‌. ته‌نانه‌ت رۆژێك مامۆستایه‌كیان پێیده‌ڵێت ئه‌رێ‌ كچم ئێوه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ شانه‌تان نییه‌، بۆ به‌دایكت ناڵێیت ئه‌و قژه‌ درێژه‌ت بۆ پرچ بكات. وه‌ڵامی‌ شنۆ جگه‌ له‌ سه‌رداخستن‌و دڵ پڕبوون شتێكی‌ تر نابێت، چونكه‌ باوه‌ژنه‌كه‌ی‌ پێشتر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ئه‌وه‌ لێكردوه‌ كه‌ هه‌رگیز نابێت له‌ ده‌ره‌وه‌ بڵێت باوه‌ژنم هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت كچێكی‌ براده‌رم هه‌بوو زۆرم خۆشده‌ویست، ئه‌ویش دایكی‌ نه‌مابوو، به‌ڵام باوكی‌ ژنی‌ نه‌هێنابوه‌وه‌، به‌ به‌رده‌وامی‌ باسی‌ ئازاره‌كانی‌ خۆمم بۆ ده‌كرد، نه‌یده‌هێشت له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا بگه‌ڕێم‌و هه‌رئه‌ویش نه‌یهێشت له‌ خوێندن به‌رده‌وام بم، بۆیه‌ تا شه‌شم خوێند.
تاقه‌ خۆشییه‌ك، كه‌ هه‌ندێجار خه‌م‌و ئازاره‌كانی‌ ئه‌‌و كیژۆڵه‌ بێ‌ دایكه‌ی‌ كه‌م كردۆته‌وه‌، سه‌یركردنی‌ ته‌له‌فیزیۆنێكی‌ ره‌ش‌وسپی‌ بووه‌ له‌ شه‌واندا به‌ تایبه‌ت دراما كوردییه‌كان، كه‌ له‌و ده‌مه‌دا بینه‌رێكی‌ زۆریان هه‌بوو.
شه‌وێك درامای‌ (باوه‌ژن خوابناسه‌) له‌ ته‌له‌فیزیۆنه‌وه‌ لێده‌درێت، شنۆش هه‌رچه‌نده‌ پێشوتر ئه‌و درامایه‌ی‌ بینیوه‌، به‌ڵام زۆر حه‌ز به‌بینینه‌وه‌ی‌ ده‌كات، باوه‌ژنه‌كه‌ی‌ كه‌ ده‌زانێ‌ ئه‌و درامایه‌یه‌، خێرا ته‌له‌فیزیۆنه‌كه‌ ده‌كوژێنێته‌وه‌، به‌ توڕه‌بونه‌وه‌ روو له‌ باوكی‌ شنۆ ده‌كات‌و ده‌ڵێت ئه‌مانه‌ هه‌مووی‌ درۆ‌و ده‌له‌سه‌‌و دروستكراون.
جه‌ژن‌و بۆنه‌ خۆشه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش، جگه‌ له‌ بیره‌وه‌رییه‌كی‌ تاڵ، شتێكی‌ تریان له‌ یاده‌وه‌ری‌ شنۆدا جێنه‌هێشتوه‌، له‌جه‌ژنه‌كاندا باوه‌ژنه‌كه‌ی‌ جلی‌ نوێ‌ بۆ كچه‌كانی‌ خۆی‌ ده‌كڕێت، كراسێكی‌ كۆنی‌ بریسكه‌داری‌ خۆشی‌ بۆ شنۆ كورت ده‌كاته‌وه‌‌و پێیده‌ڵێت تۆ ئه‌م جه‌ژنه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌ركه‌، بۆ جه‌ژنی‌ داهاتو خۆم جلی‌ جوانت بۆ ده‌كڕم. به‌ڵام ئه‌و به‌و داوایه‌ رازی‌ نابێت، ته‌نانه‌ت به‌یانی‌ جه‌ژن كه‌ باوه‌ژنه‌كه‌ی‌، شنۆ ده‌شوات، دووباره‌ پێیده‌ڵێته‌وه‌، شنۆ هه‌ر رازی‌ نابێت، له‌‌وكاته‌دا، پارچه‌یه‌ك له‌و خه‌ڵوزه‌ كه‌ باوه‌ژنه‌كه‌ی‌ ئاوی‌ پێ گه‌رم كردوه‌، به‌ر كراسه‌كه‌ ده‌كه‌وێ‌و ده‌سوتێ‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش زۆری‌ لێدام، هه‌رچه‌نده‌ دوایی‌ بۆی‌ پینه‌كردم‌و به‌ زۆر پێی‌ له‌به‌ركردم، به‌ڵام رووم نه‌هات به‌و جله‌ پینه‌كراوه‌وه‌ بڕۆمه‌ ده‌ره‌وه‌.
ژیانی‌ رۆژانه‌ی‌ ئه‌و كیژه‌ به‌وجۆره‌ به‌رده‌وام ده‌بێت تا ته‌مه‌نی‌ ده‌گاته‌، چوارده‌ ساڵان. كوڕێكی‌ گه‌ڕه‌كی‌ خۆیان كه‌ كاری‌ به‌قاڵی‌ ده‌كات، زۆرجار له‌ دووره‌وه‌ سه‌رنجی‌ شنۆ ده‌دات، ئه‌م حاڵه‌ته‌ چه‌ند جارێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، خه‌نده‌ خه‌ماوییه‌كانی‌ شنۆش گه‌واهی‌ رازیبونی‌ خۆشه‌ویستی‌ بۆ ئه‌و كوڕه‌ ده‌سه‌لمێنێ‌، شنۆ به‌ هیوایه‌كی‌ زۆره‌وه‌ چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ رۆژه‌ ده‌كات كه‌ كوڕه‌ بێته‌ خوازبێنی‌، ئه‌و رۆژه‌ دێت‌و شنۆ شاگه‌شكه‌ ده‌بێت له‌ خۆشیدا نه‌مده‌زانی‌ چی‌ بكه‌م، به‌ڵام ئه‌م ئاسوده‌ بونه‌ی‌ شنۆ زۆر ناخایه‌نێ‌‌و هه‌ر ئه‌وكاته‌ كۆتایی‌ دێت، كه‌ باوه‌ژنه‌كه‌ی‌ به‌ دایكی‌ كوڕه‌كه‌ ده‌ڵێت بۆ خزمێكی‌ خۆمانم داناوه‌. ئه‌و به‌ قوڕگێكی‌ پڕ گریانه‌وه‌ ده‌ڵێت كچه‌كانی‌ خۆی‌ داواكاریان نه‌بوو، پێی‌ ناخۆش بوو منیش شووبكه‌م، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش رازی‌ نه‌بوو.
مه‌ینه‌تییه‌كی‌ تری‌ شنۆ ئه‌وكاته‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌ به‌ زۆر ده‌یده‌نه‌ پیاوێكی‌ به‌ته‌مه‌نی‌ نه‌خۆش كه‌ خزمی‌ باوه‌ژنه‌كه‌یه‌تی‌ ماوه‌یه‌ك باش بوو، به‌ڵام له‌دوای‌ چه‌ند ساڵێك له‌سه‌ر جێگا كه‌وت، ئێستا چوار منداڵم لێی‌ هه‌یه‌، ماوه‌ی‌ ده‌ ساڵێكیش ده‌بێت ته‌نانه‌ت ناتوانێ‌ واجبی‌ ژن‌و مێردایه‌تیش به‌جێبێنێ‌، به‌ڵام له‌پێناو خۆشبه‌ختی‌ منداڵه‌كانم، من هه‌موو ده‌رده‌سه‌رییه‌كم قبوڵ كردوه‌.
به‌شێكی‌ تر له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ شنۆ، له‌كاتی‌ گرانییه‌كه‌ی ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ نه‌وه‌ده‌كان بووه‌، خێزانه‌كه‌ی‌ شنۆ به‌جۆرێك كه‌م ده‌رامه‌ت بوون، زۆرجار له‌ماڵه‌ هاوسێكانیانه‌وه‌ خواردنی‌ ژه‌مه‌كانیان بۆ براوه‌، شنۆ خه‌نده‌یه‌ك كه‌وته‌ سه‌ر لێوه‌كانی‌‌و وتی‌ رۆژێك خۆم ساوه‌رم لێنابوو، ماڵه‌ دراوسێیه‌كیشمان مه‌نجه‌ڵێك خواردنی‌ بۆ هێناین، منداڵه‌كان هه‌موو له‌ ده‌وری‌ مه‌نجه‌ڵه‌كه‌ كۆبونه‌وه‌، وتیان مادام برنج هات، ئێمه‌ ساوه‌ر ناخۆین، به‌ڵام كه‌ سه‌ره‌كه‌یمان لابرد ئه‌ویش ساوه‌ربوو، منداڵه‌كان پێكه‌نین‌و وتیان قه‌ینا دایه‌گیان هی‌ ئه‌وان ده‌خۆین رۆنی‌ زۆره‌.
شنۆ ماوه‌یه‌ك كارگوزاری‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ك ده‌بێت‌و پاش ئه‌وه‌ش به‌ واسته‌ی‌ كه‌سێكه‌وه‌ له‌ماڵی‌ به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ حیزبی‌ ده‌بێته‌ خزمه‌تكار. له‌ماوه‌ی‌ كاركردنیدا هه‌روه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت، زۆرجار له‌لایه‌ن منداڵه‌كانی‌ به‌رپرسه‌كه‌وه‌ سوكایه‌تی‌ پێكراوه‌‌و به‌چاوێكی‌ نزم لێیان ڕوانیوه‌ رۆژێك ئه‌وان له‌سه‌ر مێز نانیان ده‌خوارد، ژنی‌ به‌رپرسه‌كه‌ بانگی‌ كردم نانیان له‌گه‌ڵ بخۆم، به‌ڵام یه‌كێك له‌ منداڵه‌كانی‌ وتی‌ با نه‌یه‌ت پیسه‌، ئه‌و بێت من نان ناخۆم، باوكیشی‌ پێده‌كه‌نی‌، به‌ڵام دایكی‌ لێی‌ توڕه‌بوو، منیش به‌ گریانه‌وه‌ وتم له‌سه‌ر سینییه‌ك خواردنه‌كه‌ بۆ من دانێن.
رۆژێك منداڵه‌كانی‌ به‌رپرسه‌كه‌ له‌ قوتابخانه‌ ده‌بن، دایكیشیان له‌گه‌ڵ حمایه‌كاندا ده‌چێت بۆ شت كڕین. به‌رپرسه‌كه‌ به‌ته‌نها له‌ماڵ ده‌بێ‌‌و شنۆ خه‌ریكی‌ جل شتن ده‌بێت، به‌رپرسه‌كه‌ له‌ شنۆ نزیك ده‌بێته‌وه‌‌و پێیده‌ڵێت تۆ له‌ ژنه‌كه‌م زۆر جوانتری‌، گه‌ر به‌قسه‌م بكه‌یت‌و له‌گه‌ڵم رابوێری‌، ناهێڵم ئه‌وه‌نده‌ هیلاك بیت، به‌قسه‌م بكه‌ ده‌تحه‌سێنمه‌وه‌. شنۆ به‌و داوایه‌ رازی‌ نابێت، هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ش ماڵه‌كه‌ به‌جێده‌هێڵێت هه‌رچه‌نده‌ دوای‌ ئه‌وه‌ حیمایه‌كانی‌ نارد به‌دوامدا تابچمه‌وه‌، به‌ڵام نه‌موێرا راستی‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بدركێنم، ناچار وتم ئیشی‌ تازه‌م دۆزیوه‌ته‌وه‌‌و نایه‌مه‌وه‌.
له‌پاش ئه‌وه‌‌و بۆ دابینكردنی‌ بژێوی‌ خێزانه‌كه‌ی‌، شنۆ ناچار ده‌بێت له‌ ده‌زگایه‌كدا ببێته‌ چه‌كدار‌و تائێستاش به‌رده‌وامه‌، ئه‌و له‌ئێستادا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی‌، له‌ یه‌كێك له‌شارۆچكه‌كانی‌ ده‌ره‌وی‌ سنوری‌ سلێمانی‌، له‌ خانویه‌كی‌ كرێدا ژیان ده‌گوزه‌رێنێ‌ نیوه‌ی‌ موچه‌كه‌م ده‌ده‌مه‌ كرێ‌، ئه‌وی‌ تریش بۆ منداڵه‌كان‌و نه‌خۆشیی‌ مێرده‌كه‌م خه‌رج ده‌كه‌م، تازه‌ خۆم هیچ خۆشییه‌كم له‌ ژیان نه‌بینی‌، ته‌نها ئاواتیشم ئه‌وه‌یه‌ به‌سه‌ربه‌رزی‌ منداڵه‌كانم به‌خێوبكه‌م، ناچاری‌ به‌رده‌رگای‌ هیچ ناپاكێك نه‌بم.
تێبینی‌: شنۆ ناوێكی‌ خوازراوه‌
ئا:ئاسۆ سه‌راوی‌


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 0)