بۆ/حەمەى حەمەسەعى بەرپرسى مەڵبەند و وریاى حاجى فەرەج كاندیدى لیستى كوردستانى لە هەڵەبجە
Monday, 15/02/2010, 12:00
هەڵمەتى هەڵبژاردن و بانگەواز بۆ خۆكۆكردن و گەرموگوڕى لە بانگەشەى هەڵبژاردندا چەندە گەرمتر بێت جێگەى خۆشحاڵى منە,باوەڕناكەم هیچ كەس هێندەى من دڵى بە هەڵبژاردن و گەوموگوڕى ئەو پرۆسەیە خۆش بێت. باوەڕناكەم هیچ كەسێك هێندەى من بە قیڕە قیڕو هات و هاوارى بانگەشەى هەڵبژاردن ئاسودە بێت,ئیتر ئەو بانگەشەیە لەلایەن هاوادارو لایەنگرى هەر لیست و قەوارەیەكەوە بێت بەلاى منەوە گرنگ نییە,نا لەبەر ئەوەى لیستێك دەدۆڕێت و لیستتێك دەیباتەوە,چونكە من باوەڕم وایە هاتووهاوارى سەر شەقامەكان وا دەكات جارێكیتر گوێمان لە تەقەى تفەگەكانى ناو كۆڵان و جادەكان نەبێت.بینى وێنەى كاندیدەكان كە بەسەر شەقام و كۆڵانەكاندا هەڵواسراون من شاگەشكە دەكات چونكە دەبێتە هۆى ئەوەى چیتر وێنەى كوژراوەكانى شەڕى ناوخۆ دووبارە نەبێتەوە,قیڕەى هاوادارانى لیستە ڕكەبەرەكانم پێخۆشترە چونكە دەبێتە هۆى ئەوەى جارێكیتر گوێمان لە قیڕەو گریانى دایك و خۆشكەمانمان نەبێت كە بۆ ڕۆڵە كوژراوەكانیان دەقیڕێنن كاتێك لەشەرێكى ناخۆ بۆیان دێتەوە,سەیارەیەك پڕ لە گەنجى بێچەك و بەهاتوو هاوارەوە بۆ پرۆسەى هەڵبژاردن كە بەناو كۆڵان و شەقامەكاندا دەگەڕێن بینى ئاسودەترە لەوەى سەیارەیەك پڕ لە گەنجى چەكدار كە بۆ بەرەیەكى شەڕى ناوخۆ دەنێردرێن.ئەمە تێڕوانینى منە لەسەر ململانیەى لیستەكان لە پرۆسەى هەڵبژاردن .بۆیە بەبڕواى من لیست و قەوارەكان هەتا ئەتوانن با بانگەشە گەرمتر بكەن با هەوادارانیان توندتر بقێڕێنن با پۆستەرو لافیتە ڕەنگاو ڕەنگەكانیان زۆرتر هەڵبواسن چونكە هەتا پۆستەرو لافیتەى ڕەنگاو ڕەنگى هەڵبژاردن زۆرتربێت ئەوا بێگومان ئەگەرى لافیتەى ڕەشى ماتەمینى بۆ كوژراوەكانى شەڕى نێوان هێزە چەكدارەكان كەمتر دەبێتەوە.
بەڵام بەداخەوە لە هەندێك شوێن ئیتر نازانرێت بە تەوجیه و بەرنامەى كاندید و بەرپرسەكانە یان لە نەزانى و بێ بەرنامەیى بانگەشەكارانە ئەویش ئەوەیە كە سنور حەرەمى خانوو(ماڵ)ى هاوڵاتیان دەبەزێنرێت كە هیچ یاسایە ڕێگە نادات كەسێكى بانگەشەكارى لیستێك بڕوات پۆستەرى حیزبەكەى خۆى لەناو حەرەمى ماڵێكیتردا هەڵبواسێت بە بێئاگاداركردنەوە ,تەنانەت دیوارى دەرەوەى ماڵ و سەربان موڵكى تایبەتى هاوڵاتیانن هیچ كەس بۆى نییە پۆستەرى پێدا هەڵواسێت چ جاى پێبنێیتە ناو حەوشەو سەربانى ماڵى هاوڵاتیان و بە دزیى بە بێ ئاگادارى خاوەن ماڵ پۆستەر و لافیتەى لایەنێك دابكوترێت وەك ئەوەى بنكەیەكى لیستى هاوپەیمانى لەگەڕەكى(گوڵان و یادگارى) لە هەڵبجەى شەهید پێى هەستاون كە سنورى حەرەمى ماڵان دەبەزێنن هەموو كەسێك مافى خۆیەتى نەهێڵێت پۆستەر و لافیتەى قەوارەكان بە دیوارو سەربانى ماڵ و دوكان و خانوەكەیدا هەڵبواسرێت,بەدوبارەكردنەوەشى خاوەن ماڵ مافى خۆیەتى داواى یاساى تۆمار بكات ..بۆ لێرەوە ئاگادارى بەرپرسى مەڵبەندى یەكێتى لە هەڵەبجە و كاندیدى لیستى كوردستانى كاك وریاى حاجى فەرەج دەكەمەوە سنورێك بۆ بنكەكانى بانگەشەى لیستى كوردستانى دابنێت چونكە خۆیان دەزانن پێكهاتەى كۆمەڵایەتى خەڵكى هەڵەبجە چۆنە كە ڕێگە نادرێت سنورى ماڵەكەى ببەزێنرێت.بەو ئومێدەوەى نەگاتە شكات و تۆماركردنى داواى یاساى دروست بوونى كێشە وملاملانیە كە بێگومان دەبێتە هۆى لەكەداركردن و شكاندانى كەسایەتى كاندیدەكان بەتایبەتى كاندیدى لیستى كوردستانى لە هەڵەبجەى شەهید.
-هەڵەبجەى شەهید
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست