کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی عەلمانی، یان ئیسلامی سیاسی؟

Sunday, 24/11/2013, 12:00


بە سەیرکردنێکی خێرای ڕێکخراوە سیاسی یەکانی ناڕازی بەدەسەڵات لە ناو وڵاتانی ئاسیا و ئەفریکا، دەم ژەندن لە تیۆری ئیسلام و قورئان و سونەتەکان، خۆی لە خۆیدا جێگای باس کردنە، کوردستانیش وەک ئەڵقەیەکی دانەپچڕاو لەو بزوتنەوانە، بێبەش نیە لە بیروبۆچوونی ئیسلام و قورئانیش وەک سەرچاوەی ئایدیۆلۆژیا وتیۆری سیاسی بۆ هەڵخراندنی خەڵکی لەبەرانبەر زوڵم و زۆر و ناعەدالەتیدا، ئەم بیروباوەڕە ئاینیە ڕۆچوەتە ناو ڕیشەیی ترین پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانەوە، وە عەقڵیەتی کۆمەڵگەی هاوچەرخی کۆنترۆڵ کردوە ئەمەش لای من بە مانای شکستی گەورەی بزوتنەوەی عەلمانیەت و سکولاریستەکانە، کە پێشتر ئەم بزوتنەوانە بە ئایدۆلۆژیەتی ناسیونالیست - سکولاریست و کوردایەتی و عروبە ڕتوش کرابون، سەرلێشێواوی و بە بن بەست گەیشتنی فیکری ناسیونالیزم بۆشاییەکی گەورەی بۆ ئیسلامی سیاسی دروست کرد، بە بن بەست گەیشتنی فیکری ناسیونالیزم وکوردایەتی و نەبونی ڕابەرانێکی جیدی بۆ پڕ کردنەوەی ئەم بۆشاییە، کارێکی وای کرد مەلاو ئاخوند و کۆنەپەرەستانی مەزهەبی بێنە ناو مەیدان و جڵەوی ڕابەرایەتیەکەی خەڵک بگرنە دەست. پەنا بردن بۆ سازدان و ڕێکخستنی خەڵکی لە بەرانبەر زوڵم و ستەمی ڕژێم و دیکتاتۆرەکان دا بۆ ئاینی ئیسلام و خوێندەنەوەکانیان بۆ ئاستی هوشیاری کۆمەڵگە و دەرک و بۆچونەکانیان، بۆیە لە ئاکام دا بەو ئاکامە گەیشتون کە هەر ڕێکخراوێکی سیاسی چ ناو دەسەڵات و چ ئۆپۆزیسیۆن ئەگەر ئاینی ئیسلام نەکەنە سەرچاوەی فیکریان وەک شوناسنامەیەکی حیزبی لەو ڕێگەیەوە خۆیان بە خەڵکی نەناسێنن ئەوا ناتوانن لە ناو کۆمەڵانی خەڵک دا دۆست و لایەنگر دروست بکەن و ناتوانن ببنە حیزبێکی جەماوەری، ئەگەر نا ئەوا ڕێکخراوێکی لاواز و بێ قاعیدە دەردەچێت. تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ گژاچونەوە ئەگەر لەم هاوکێشەیە خۆی بە دور بگرێت، ئەوا لە ئاکام دا دەبێتە ڕێکخراوێکی نا کامڵ و تەریک لە خەڵک، ئەویش بە خاتری بە بن بەستنی فیکری ناسیۆنالیزم و کوردایەتیەکەیان تەنانەت عەلمانیەتەکەشیان، وەک فیکری ڕابەر و پێشڕەو، یان بیروباوەڕی چەپگەرایی و مارکسیزم، چونکە زەمەن و قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی و خەباتی نەتەوایەتی مێژوی خۆی تێپەڕاند، چونکە سەرجەم ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی لە ژێر ناوی عروبە و نەتەوایەتیدا خەباتیان دەکرد بونە هۆی ون کردنی ناسنامەی نەتەوایەتی و پاشان وێڵی بیروباوەڕێک بون کە ختوکەی عاتیفەی دینی زوربەی ئینسانەکان بدات وەک بیروباوەڕی مەزهەب گەرایی سونی و شیعە مەزهەب. ڕەوتی ڕوداوەکان بە ئاراستەیەکدا هەنگاویان نا کە تەنانەت زۆرێک لە ڕێکخراوە چەپەکانیش نەیان توانی پڕکێشانە پەنا بەرنە بەر فیکری مۆدێرنە و سکولاریزم، چونکە گەشە و باڵای بیروباوەڕی غەیرە مەزهەبی لە ناو کۆمەڵگای ئیسلامیدا هەنگاوی کیسەڵانە دەنێت، نمونە لە کوردستان دا حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عیراق کە وا 20 ساڵە خاوەنی حیزبی سیاسی خۆیەتی بەڵام بە پێی پێویست نەیتوانیوە ئەسڵەن خۆی بە خەڵکی بناسێنێت و بیروباوەڕەکەشیان لە ناو خەڵک دا هەر بە نامۆیی ماوەتەوە، یان ئەوەی لەدەستوری کاریدا بوە وەک بەرنامەی لانی کەم، نەیتوانیوە خەڵکی لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام
ژمارەی لە بن نەهاتوی کچان و ژنانی حیجاب پۆش بۆتە دیاردەی باو و سونەتی کۆمەڵگە، کە بە بەراورد کردن لەگەڵ خەباتی ڕێکخراوە مەدەنیەکان ئەسڵەن وەکو ئەوە وایە ئەم کۆمەڵگەیە هێشتا لە سیەکان و چلەکان دابێت، ئەمەش دەستکەوتێکی مەزنە بۆ ئیسلامی سیاسی دەسەڵاتیش بە قەدەر پێویست ئاوی خۆی بەو ئاشەدا کردوە. بەڵام خۆش بەختانە ئەم دیاردەی بڵاوبونەوەی فەزای ئیسلامی سیاسی دەرسێکی گەورەی بە کۆمەڵگە دا تا بە واقیعی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ ڕەوتی بەرەوەپێش چونی کۆمەڵگەدا بە عەمەلی بەراورد بکەن
ئەوەی بە بابەتەکەمان پەیوەستە مەسەلەی ڕۆچونی بزوتنەوەی گۆڕانە بۆ ناو ئیسلامی سیاسی، وە
بە عینوانی وەک سەنتەرێکی بەرگری لە موسوڵمانان و کۆمەڵگە و پاراستنی ئادابی گشتی و پیرۆزی ئاینەکان و سیمای باوباپیرانمان لە ڕێگەی پەرلەمانەوە، بەوەی کە پەرلەمانیش گوزارشت لە فیکری باوی ناو کۆمەڵگە دەکات، ئەمە و چەند هۆکارێکی تر لە کاردانەوەی بە بن بەست گەیشتنی بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی ناسیونالیست، بۆیە بەدوای نوێبونەوەی فیکری خۆیدا دەگەڕێ، چونکە لەم ڕێگەیەوە بە بیری خۆیان دەتوانن ژمارەیەکی زۆرتری خەڵک بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، بەڵام ئەم هەڵوێستە لێپرسراویەتێکی مێژویی دەخاتە ئەستۆی بزوتنەوەی گۆڕان.
دەنا خەڵک ئەوە دەزانن کە ئایین مایەی کوێرەوەری و بەش مەینەتی و کۆت و پێوەندی ئینسانەکان و تەسلیم بونیانە بە بەڵایەک کە دیاری دەستی خودایەو ئەوەش کارێکی ئەزەلی و ئەبەدی یە وە ڕێگەی دەرباز بونیش لەو مەینەتیانە تەنها لای خودا خۆیەتی.
ئەوەی بە بابەتەکەمانەوە پەیوەستە مەسەلەی هەڵوێستگیریەکانی گۆڕانە سەبارەت بە دۆزی ژن و ئاینی ئیسلام و ئادابە گشتیەکان، کە بزوتنەوەی گۆڕان و ڕابەرەکانی هەنوکە زمانی کار و چالاکیەکانیان بۆ خەڵک تەبلیغ دەکەن.
بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی چەند پەرلەمانتارێکەوە بە دوای بە یاسایی کردنەوەی بەندێکی یاسایین دژ بە ئازادیە شەخسیەکان و ئاتیئیستەکانی کوردستان.
خۆ ساغ نەکردنەوەی بزوتنەوەی وەک هێزێکی ئیسلامی یان عەلمانی نیشانەیەکی عەوامفریویانەیە لە سیاسەت دا وە ئیزدیواجیەتی بەرنامەیییانە لە خەبات دا بەوەی دڵی هەموان ڕازی بکەن، کە بتوانن لەو ڕێگەیەوە توێژێکی فراوان تری خەڵک لە دەوری بزوتنەوەکەیان هەڵخرێنن، ئەم جۆرە سیاسەتە دوبارەکردنەوەی هەمان تاکتیکی ساڵانی دوای نسکۆی 75 لە پێک هێنانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لە ناو سێ باڵ دا (کۆمەڵە، شۆڕشگێڕان، بزوتنەوە) کە لە پاشان دا جگە لە ململانێی فیکری و شەڕی دەستەویەخە لە ناو یەکتردا شتێکی تر نەبو، کە کۆمەڵەی ڕەنجدەران خۆیان بە خاوەنی کێشەی کوردایەتی و ڕابەر دەزانی و بزوتنەوە و شۆڕشگێڕانیش بە هەمان شێوە بزوتنەوەی سوسیالیستیش کە شەڕی خوێناوی لە نێوانیان دا بەرپا کرا، من پێم وایە نەبونی یەکیەتیەتێکی ئایدۆلۆژی ڕێکخراوەیی و نەبونی یەکیەتیەکی فیکری بۆ ڕابەرایەتی کردنی ڕێکخراوی بزوتنەوەی گۆڕان، نەک تێکەڵەیەکی فیکری و ئاینی وە لە ژێر ناوی کوردایەتیدا ئاکامەکەی جگە لە پارچە پارچە بون زیاتر شتێکی تر نابێت.
زاڵ بونی فیکری ئیسلامی سیاسی لە ناو سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان دا وە لە ناوەندی بڕیارداندا، قسە کردن بەناوی گۆڕانەوە کە بزوتنەوەیەکە خەبات بۆ بە یاسایی کردنی پیرۆزیەکانی ئیسلام و پاراستنی ئادابی گشتی مەبەست سروتەکان و سونەتەکانی ئیسلامە، وە بێدەنگی کەسانی عەلمانی ناو بزوتنەوەکە خۆی لە خۆیدا بە هەدەردانی کات و ساتێکە کە ڕێگای کردەوە بۆ کەسانی ئسوڵی ناو بزوتنەوەکە بۆ گرتنە دەستی جڵەوی سیاسی و دیاری کردنی ڕەوتی خەبات و ئیستیراتیجیەتی ڕێکخراو، ئەم دەورانە دەورانی چارەنوسسازە هەم بۆ ڕێکخراو و هەم بۆ چارەنوسی خەڵکی کوردستان، بۆیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دەورانە دەبێت مامەڵەیەکی مەدەنیانە لەگەڵ ڕوداوەکان بکرێت نەک ئەوەی هیچ ڕێزێک بۆ خەڵک و ماندویی جەماوەری کوردستان نەگیرێت، چونکە خەڵکی کوردستان کە لە هەڵبژاردن دا بە لێشاو چونە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان نە لەبەرخاتری پیرۆزیەکانی ئاین و کەسانی ناو ڕێکخراوەکە بون، بەڵکە لەبەرخاتری ئەوەی کە بەرەو دنیایەکی باشتر و ژیانێکی باشتر هەنگاو دەنێن، زۆربەی دەنگ دەرانیش توێژی ڕۆشنبیر و لاوانی مەدەنی بون، یان ژنان بون، کەچی بە داخەوە هێندەی نەخایاند دوای دەنگدان پارێزرەانی فیکری ئیسلامی سیاسی دەستەکەی خۆیان بۆ خەڵک خستە ڕوو بەوەی کە وەکو ئیسلامیەکی سیاسی وێنەی ئیخوانەکان دەچنە ناو پەرلەمان.
وەفا و بەڵێنەکانی ئیخوانەکانیان بە خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند بەوەی ئەو یاسایەی لە دەورانی پێشوی پەرلەمان کە بڕیار بو یاسایەک دژ بە خەڵکانی نامەزهەبی و ڕەخنەگرانی ئاین بچەسپێنن، ئەمان لە هەوڵی ئەوە دابن بە یاسایی بکەن، وە ئەمان ڕێگیری بکەن لەهەر یاسایەک کە دژ بە پیرۆزیەکانی ئاینی ئیسلام بێت، لە دەورانی پێشوی پەرلەمان دا هەوڵێکی لەوجۆرە کرا کە هەروەک دەستوری عێراقی دژ بە هەر جۆرە ڕەخنەیەکە لە ئاینی ئیسلام، بۆیە خۆش بەختانە ئەم هەوڵەی هەندێک پەرلەمانتاری کوردستان، لە ژێر فشاری خەڵکانی سکولاریست و پێشکەوتوخوازدا بە بن بەست گەیشت، ئەم پەرلەمانتارە نوێیانەی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانهەویت بە یاسا لەناو دەستوردا بیچەسپێنن، لە کاتێکدا ئادابی گشتی نەک پاراستنی سونەت و کلتوری ئیسلامیە، بەڵکە ئادابی گشتی خەڵکی کوردستان مل نانە بە مەدەنیەت و دەست واڵابون بۆ وەرگرتنی داب ونەریتی مۆدێرن و ڕێز گرتن لە هەمو ئادابەکان نەک فەرز کردنی ئادابی ئیسلامی و بە ڕەشپۆش کردنی باقی ژنانی کوردستان و داپۆشینی بە پەردەیەکی ئیسلامی پێش هەزاران ساڵ، کارەساتە جەرگبڕەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە لایەن هۆزێک لە ئیسلامی سیاسی و دەستەو تاقمی مەزهەبی دەرهەق بە خەڵکی کوردستان کەیسێکە بۆ ئێمە کە جارێکی تر ڕێگە نەدەین بەم خێڵە ئینسان کوژە لەمەولا بە یاسا بمان کوژن نەک بە نهێنی ببنە زەوت کردنی مافە مەدەنیەکان.
نائومێد بونی بزوتنەوەی گۆڕان بە بیروباوەڕی کوردایەتی و ناسیونالیستی و سکولاریزم و کاڵ بونەوەی خەباتی کوردایەتی و بە بن بەست گەیشتنی ئایدۆلۆژیاکەی و بەکارهێنانی تاکتیک گەلێک بۆ مەرامە سیاسیەکان و خودی جەماوەریش قوربانیدەر و سوتەمەنی ئامانج و تاکتیکەکانی گۆڕان دەبێت. هێنانە مەیدانی دەستەواژەی خەبات بۆ ئازادی ئینسانەکان بوەتە میتۆدی کۆمەڵگە نەک میتۆدی بزوتنەوەی گۆڕان کە لە ژێر ناوی نەتەوە و ئاین دا پەرچەم بڵند دەکەن، بەڵکە بە ئینسانی بونی خەبات و ڕاپەڕینەکان دژ بە زوڵم و ستەم و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتییەکان ویردی سەرزمانی هەر کەسێکە، بەڵام گۆڕان لێرەوە دێتە ناو کایە سیاسیەکانەوە.
بزوتنەوەی گۆڕان نەیتوانیوە و ناتوانێت وەکو بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و سوسیالیستی درێژە بە خەبات بدات، بەڵکە درێژە پێدەری بزوتنەوە ناسیۆنالیستەکانی ناو بزوتنەوەی کوردایەتی پێش خۆیەتی، ئەوەی ئەمان لەوانەی پێشتر جیا دەکاتەوە تەنها دەم ژەنین لە مەسائیلی گەندەڵیەو هیچی تر، ئەوەی خاڵی جیاکەرەوە بێت لە مەسائیلە ئایدیۆلۆژیەکان دا بونی نیە، چ وەک مەسەلە ئەساسیەکانی وەک مافی چارەی خۆنوسین و مەسەلەی بەدەوڵەت کردنی کوردستان و مەسەڵە کرێکاریەکان و هەڵتەکاندنی کاری کرێ گرتە و مڵکایەتی تایبەتی، وەدەرنانی مەسەلەی مەزهەب لە دەوڵەت و نە پاراستنی سەوابیتەکان، حورمەت بۆ ئینسانەکان لای گۆڕان لەمەسەلەی پاراستنی پیرۆزی ئاینی ئیسلام و بە یاسا فشار هێنانە سەر ڕەخنەگرانی مەزهەبیە، کە بە یاسایی کردنی پاراستنی پیرۆزی ئاین و سەوابتی گشتی بە خۆی بە مانای درێژە پێدانی بێحورمەتیەکی بێ وێنەیە بەرانبەر بە ئینسانەکان، بەوەی خەڵکانی بێ دین ناتوانرێت ڕێزو حورمەتیان لێ بگیرێت، ئەمەیە درێژە پێدەری سیاسەتی یەک خێزانی و ئەمیش وەک ئەندامێکی خێزانی لەگەڵ باقی ئەحزابی سیاسی ئیسلامی لە جیهان دا، بەمەش بە دوای نوێکردنەوە و درێژە پێدەری تەمەنی دەسەڵاتی مەزهەبیە، واتە خەباتی گۆڕان لەم مەیدانەدا تەنها هێنانی ڕیفۆرمێکە لە دەم و چاوەکان دا.
بەم شێوە خەباتە مرۆڤی کورد ناتوانێت دنیایەکی باشتری هەبێت و ژیانێکی باشتری بۆ فەراهەم بێت، بەڵکە درێژەی دەورانی جمهوری ئیسلامی ئێران و ئەفغانستان و میسرە لە کوردستان، پرسیارێک لە گۆڕان بکەین بەوەی
لە کوێی بەرنامە سیاسی و تیۆریەکانی عەلمانیەکان دا هاتوە کە سکولاریزم و دین لە خەبات دا هاوشانی یەکترن ؟ وەک ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان ئێستا ئیدیعای بۆ دەکات کە سەرجەم ئەندامان و ڕابەرانی گۆڕان بە بێ جیاوازی ئایدیۆلۆژی و رەنگەکان خەبات دەکەن، بزوتنەوە عەلمانیەکان و مەزهەبیەکان هیچ کاتێک ناتوانن لە ناو یەک گروپی سیاسیدا پێکەوە خەبات بکەن، عەلمانیەکان رێزیان بۆ مەزهەبیەکان هەیە و هیچ فشارێک ناخەنە سەر یان لە ژێر ناوی ئازادی بیرکردنەوە، بەڵام مەزهەبیەکان هیچ ڕێزێکیان بۆ عەلمانیەکان و مرۆڤی بێ ئیمان نیە و لە سایەی ئەم دەسەڵاتی مەزهەبیەدا کەس بۆی نیە بێ ئیمان بونی خۆی ئیعلان بکات، بەڵام لە جێگایەک دا عەلمانیەکان دەسەڵاتیان هەبێت دیندارەکان ئازادن لەوەی کە مومارەسەی سروتە ئاینیەکانی خۆیان بکە ن، ئازادانە خۆیان خوا پەرەستی خۆیان ئەنجام بدەن
عەقڵی ئیلاهی قبوڵی عەقڵی ئینسانی ناکات بەسەر دیاردەکان دا
لای ئیسلامیەکان ئەو عەقڵەی لە خوداوە هاتوە هەمو شتێکە، وە عەقڵی ئینسانەکان شتێکی پڕوپوچ و بێ مانایە، واتە مەعریفەی ئینسانەکان لای ئیسلامیستەکانی ناو گۆڕان سەبارەی بە گۆڕینی ژیانیان و فەراهەم کردنی ئازادیەکان دەبێت لە ژێر ڕێنماییەکانی تایبەت بە دەق و سونە بێت، واتە مەرجدار، یان سنوردار،.
دەبێت هەمو جوڵەی کۆمەڵگە بە تایبەت ژنان بە قەید و شەرتەوە بێت، هونەرمەندان و موسیقاران و سەماکەران و، مەیخانەکان و نوسەرانی ئازاد دەبێت لە کونجی زیندانەکان دا و یان بکەونە ژێر ڕەحمەتی شمشێری مەلاکان و پیاوانی شەریعەت و جەلدەی دەستی مەلاکان ببێتە هێمای کۆمەڵگە، چونکە هەروەک مەلایەکی دەوروبەری شاری هەولێر پێش چەند هەفتەیەک فەتوای کوشتنی هەمو نوێژنەکەرانی دەرکرد و فەتوای لێسەندنەوەی ژنەکانیان و دابەش کردنیان بەسەر پیاوانی موسوڵمان و کوشتنی هەمو منداڵەکانیانی دەرکرد بەوەی کە زۆڵن و نەوەکانیان زۆڵن و منداڵەکانیان دەبێت بکوژرێن. یان فتوای مەلاکان لەسەر ژنان کە بۆیان نیە مۆڵەتی شۆفێریان هەبێت، وە لە ژنان دوو کەس بە بەرانبەر پیاوێک رادەگیرێت چ لە دادگاگان دا وەک شاهید یان میراتی، وە ژنان وەک ئینسانی کەم عەقڵ و وێنەی پەراسوو خوار، وە ڕشتنی تێزاب بە قاچی دەیان ژن و کچ دا، وە پێک هێنانی چەندین گوروپی وێنەی شێخ زا و پیاوەکانی، زۆر لەمە زیاتر، ئەمانە ئادابی گشتی ئیسلامن، ئەم ئادابە بە ئاداب و ئسوڵی کۆمەڵگای کوردی نامۆیە، ئەگەر یاسایەک بۆ پاراستنی ئادابی گشتی دابنرێت دەبێت ئازادی سیاسی، مافی ژنان، مافی چارەی خۆنوسین کە ئیسلامی سیاسی باوەڕی بە مەسەلەی میللی و جیایی نەتەوەکان لە دیاری کردنی چارەنوسی خۆیان دا نیە و جیایی مەزهەب لە سیاسەت و دەوڵەت لای ئەمان قابیلی قەبوڵ نیە، ئازادی ژنان و ئازادی بێ قەیدوشەرت و یەکسانی ژنان لە بەرانبەر پیاودا ئەمانە ئێستا لە سنوری ئادابی گشتی خەڵک دایە وە ئەمەش لای پان ئیسلامیستەکان هیچ کات قابیلی قەبوڵ و قسە لێکردن نیە.
لەسەر کارو کردەوەی ئەحزابی ئیسلامی سیاسی زۆر گوتراوە، بۆیە هەندێک لە ڕابەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەیانەوێت جۆرێکی تر لە ئیسلامی سیاسی بە ئێمە نیشان بدەن جیاواز لەوەی لە ئێران و ئەفغانستان و میسر و هەڵەبجە کە خەڵکی بۆ خۆی دەرسی هەیە لە بەرانبەریان دا.
ئەوەی بە ئێمە پەیوەستە خۆش خەیاڵی خەڵکی کوردستانە بەرانبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان کە لەم کاتەدا کە خۆی وەکو بەدیلێکی شەرعی خەڵکی کوردستان نیشان دەدات وە دەیەوێت لە ناو جومگەکانی دەسەڵات جێی خۆی بکاتەوە، ئەگەر جێ بونەوەی لە دەسەڵات دا لە خزمەت ئەم ئادابە گشتیە بێت کە ئێستا هەیە ئەوە مەسەلەیەکی ترە ئەگینا ئەمیش لەگەڵ یاکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵ و بزوتنەوەکان دا لە لایەنی ئایدیۆلۆژی و پراکتیکەوە هیچ جیاوازیەک نابینرێت.
سەرخانی فیکری و عەقیدەی جیهانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی زۆری بەسەردا هاتوە کەچی لای ئێمە تازە بە تازە دەگەڕێنەوە بۆ تێزهایەک کە هەزاران ساڵە ناتوانرێت بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی جارێکی تر بە پراکتیک بکرێت، چونکە ئەو تێزانە قۆناخ و سەردەمی خۆی تێپەڕاند. دەبوایە ئەم ڕابەرە نوێیانەی عەقیدەی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی بە دوای پاراستنی سومعە و شکۆی قورئان و سونەتەکانەوە بونایە لەدەرەوەی سیاسەت و دەوڵەت و دەسەڵات و کارێکی وایان بکردایە پیرۆزی ئاین تێکەڵ بە مەسائیلە سیاسیەکان نەکەن، هەروەک ڕابەرانی مەسیحیەت لە شۆڕشی ڕێنیسانس، لە مێژودا نەمریان بۆ خۆیان تۆمارکرد.
ئەگەر ڕابەران و ئازادیخوازانی ناو بزوتنەوەی گۆڕان بە دوای لە قاڵب دانی ئازادیەوەن وە بەدوای بەدیهێنانی ئازادی سیاسی وکۆمەڵایەتین بۆ ئینسانەکان با لەدەرەوەی عەقیدەی ئیسلامیەوە خۆیان بەسەر ئەرزی واقیع دا بسەپێنن چونکە ئەوەی ئەوان دروشمیانە ڕێک لە بەرانبەر ئازادی شەخسی و کۆمەڵایەتیەکان دا دەکەوێتە بەرانبەرکێ و شەڕی دەستەویەخە و جارێکی تر خەڵکانی ڕۆشنبیر و لاوان و ئازادیخوازان سەنگەری خۆیان لەبەرانبەر ئیسلامیستەکانی ناو گۆڕان دا قایم دەکەن، بەوەی هەمو خەونەکانیان زیندەبەچاڵ دەبێت
ئەساسنامەی دەوڵەتێکی عەلمانی پارێزەری سونەتە ئایینیەکان و مافی تاک بە تاکی کۆمەڵە لە مومارەسە کردنی سروتە ئاینیەکان دا و لەگەڵ ئەوەش دا پارێزەری تاکەکانی کۆمەڵە لەوەی هەر ئاینێکیان هەبێت یان بێ ئاین بن. واتە ئاین دار و بێ ئاین وەک یەک ئازادن لە مافەکانیان دا.
چونکە دەوڵەتێکی عەلمانی ڕینمایی خەڵک ناکات بەوەی چی حەڵاڵە و چی حەرامە، ڕێنمایی بێ ئاینانیش ناکات لەوەی بێ ئاینی زیان بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت.
لە سایەی قانون و یاسای ئیسلامی دا هەمو کاتێک ئاشوب وشەڕ و پێک دادان قابیلی ڕودانە بەوەی ئاینێک باڵادەستی ئاینەکانی ترە، وە هیچ کاتێک لە نێوان ئاینەکان دا تەبایی فیکری نیە، جگە لە کێشەی سیاسی و فیکری و سەربازی و فتوای قەتڵ و عامی یەکتر، بەڵام لە بەردەم یاسایەکی دیموکرات و ئازاد دا کەس ناتوانێت هەیمەنەی سیاسی و فیکری و مەزهەبی خۆی فەرز کات.
ئایا گۆڕان لە کام لەم پارکانەدا قەراری گرتوە ؟ بەرەو کام ئاستەنگی سیاسی خەبات دەکات ؟ ئەوە وەڵامەکەی لای یەکێک لە ڕابەرەکانیەتی کە دەڵێت (من موسوڵمانم و نەتەوەو گەلەکەشم موسوڵمانە بۆیە بە هیچ شێوەیەک دژایەتی کردنی ئاینی نەتەوەکەم ناکەم، وەک چۆن دژایەتی هیچ ئاینێکی تر و بیروباوەڕێکی تری جیاواز لە ئاینی ئیسلام ناکەم.)
یان لە جێگایەکی تردا دەڵێت، (شەڕی ئێمە شەڕی تاک بە تاکی خەڵکی ئەم کوردستانەیە نەک شەڕی ئایدیۆلۆژیەکان وەک چەند خەیاڵ پڵاوێک وا بیریان لێ کردۆتەوە، دوا جار بە پێی دەستوری عێراقی یاساکانی هەرێم نابێ هیچ پرۆژە یاسایەک لە پەرلەمانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت ئەگەر دژ بێت بە بنەما ئاینیەکانی ئیسلام و ئاینە جیاوازەکانی تر.)

یان دەڵێت (گۆڕان گۆڕانی هەموانە بە بێ جیاوازی ڕەنگ و بیرو بۆچونەکانیانەوە).
ئەمانە و هەندێکی تر لە بۆچونەکانی کاک ڕابون مەعروف کە ئەندامی تازە دەرچوی گۆڕانە لە پەرلەمانی کوردستان کە ڕەخنەگرانی ئاین بە بێزەنتی و ناڕەسەن پێناسە دەکات، وە ئاینی ئیسلام وەک بەرگریکاری سەرسەخت لە مەسەلە شەخسی یەکان و مەسەلەی ژنان پێناس دەکات، پێم وابێت ئەمە جۆرێکە لە تەحریف کردنی قورئان، چونکە ئاینی ئیسلام بە درێژایی مێژوو زەوت کەری هەمو مافە شەخسییەکانی تاکەکەنی کۆمەڵ و بە تایبەت پرسی ژنان بوە، ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەک بۆ هەمو چین و توێژەکانی کۆمەڵ بێت بە جیاوازی ئایدیۆلۆژیەوە، ئەوە تەفسیرێکی سەرو چینایەتی و میتافیزیکیە بەوەی کە بێ دینێک و دیندارێک لە ناو یەک سەنگەردا بن، کرێکارێک و سەرمایەدار و بازرگانێک لەیەک شانەدا بن کە ئەمانە دوو چینی دژ بەیەکن، یەکەم فرۆشیاری هێزی کار و خاوەنی هیچ نیە و دوەم کڕیار کە خاوەنی دەوڵەت و سوپاو پۆلیسە، بەڵام لای کاک ڕابون ئەم دوانە کێشەی ئایدیۆلۆژیان نیە، سەیرە، موسوڵمانێکی وەک ڕابون ژنانی سفور بخاتە ناو سەنگەری موسوڵمانێکەوە، ئەمە جۆرێکە لە تازەگەری و لادانە لە سورەتەکانی قورئان و فەرمودەکانی پەیامبەر، ژنێکی قۆڵ و باسک و لاق ڕوت چۆن لەگەڵ ئیماندارێک دا لە سەر یەک مێزی دانیشتن و یەک سەنگەر لە خەباتدا دەبن ؟
یان مەیخۆرێک و ئیماندارێک، موسوڵمانێک و کۆمۆنیستێک چۆن دەتوانن یەک بەرنامە کاری سیاسیان هەبێت ؟ کەسی سکولاریست بە پێی یاسایەکی مەدەنی ڕێز لە ئیماندارێک دەگرێت بەڵام لە سایەی یاسایەکی ئیلاهیدا هیچ کات ئیماندارێک قبوڵی مەیخۆرێک یان بێ حیجابێک ناکات، موسوڵمانێک قبوڵی ئاتەئیستێک یان کافرێک ناکات، بەڵام ئاتەئیستێک قبوڵی موسوڵمانێک دەکات تا ئەو کاتەی ئازادی بیرکردنەوە پارێزراو بێت، گونجاندنی ئایدیۆلۆژیەکان لای کاک ڕابون تەنها خۆڵ کردنە چاوی خەڵک و شێواندی ئەسڵی دەقە پیرۆزەکانە لە پێناوی مەرامە سیاسەکان دا.
چونکە مەیخۆرێک سزاکەی لێدانیەتی بە جەڵدەو قامچی و شمشێر، بەڵام ئیماندارێک سزای لەسەر نیە بەوەی کە دیندارە، ئیتر لەپای چیدا لە لای کاک ڕابون چۆن موسوڵمانێک تەنازول لە فیکری خۆی دەکات ؟
زینای ژنێک تا ئێستە تەنها بەردە بەردباران کردن و کوشتن و جەڵدە لێدان بوەە بەڵام لای کاک ڕابون گوڵ باران دەکرێت ؟ تاوانی کچێکی قاچ ڕوت و بێ حیجاب تا ئێستە تێزاب ڕشتن بوە بە پێستی ڕوتیا ئایا لای کاک ڕابون سزاکەی چیە ؟ یان ژنان ئازادن لە پۆشینی جل و بەگ دا ؟ کە ئەمە لەگەڵ مەنتیقی دەق زۆر ناتەبا و دژ بەیەکن، چونکە چەندین ئایەت لە قورئان دا باس لە پۆشینی جل و بەرگ دەکات، تەنانەت ڕەنگەکانیش سنوردارە، یان ئیبن تەیمیە باس لە پۆشینی جلوبەرگی ئاڵاو واڵا دەکات بەوەی لاسایی کردنەوەی کافرانە، یان باڵادەستی پیاوان بەسەر ژنان دا، بونی چوار ژوری نوستن لە یەک کاتدا بۆ پیاوان، لە لای کاک ڕابون دیارە ئەم ئایەتانە نەسخ کراوەتەوە ' یان موفەسیرانی ئیسلام و فتوادەرانی ترادیسیۆنی ئیسلام باش حاڵی نەبون ؟، ئەم جۆرە تێکەڵە لای بەڕێز کاک ڕابون تەفسیرێکی تر هەڵدەگرێت، ئەم ترادیسیۆنە کۆنەی سەردەمی بەر لە هەزاران ساڵ قۆناغی خۆی تێپەڕاند و ئەو قۆناغە داوای جۆرە ترادیسیۆنێکی تر دەکات کە گوزارشت بێت لە حاڵی حازر، وە ئەرکی حیزبی سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەبێت وەڵام دەرەوەی پێویستیەکانی سەردەم بن، نەک گەڕانەوە بۆ کلتورێکت بەر لە هازاران ساڵ، چونکە ڕێگیری کردن لە ڕەوتی بەرەو پێش چونی مێژوو هەمیشە خەونی زاڵمان و چەوسێنەران بووە.
ژیان و بۆچونی هەرکەس زادەی سەردەمەکەیەتی، هەر چالاکیەکی مرۆڤ زادەی قۆناغ و سەردەمی خۆیەتی، بۆیە سەپاندنی ئادابی ئیسلامی بە سەر تاکەکانی کۆمەڵ دا گوزارشێک نیە لە سەدەی بیست، وە سیستەمی ئابوری لە دنیای ئەمڕۆدا سیستەمێکی سەرمایەداریە، بازاڕێک هەیە کرێکاران هێزی کاری خۆیان تیایدا هەرزان فرۆش دەکەن بۆ دابین کردنی بژێوی خۆیان و لەولاشەوە توێژێک یان چینێکی سەرمایەدار هەیە کە لە ڕێگەی بەگەڕ خستنی سەرمایەکانیانەوە بەدوای زیادکردنی سەرمایەو بەدەست هێنانی زێدەباییەکن، ئەم چینەش خاوەنی لەشکر و پۆلیس و ئاسایش و دەزگاکانی سەرکوتە ئیتر چۆن کاک ڕابون دەتوانێت تاکەکانی ئەم دو چینە بە بێ جیاوازی ئایدیۆلۆژی لە یاک شانەدا کۆبکاتەوە ؟

یان کاک ڕابون کاتێک لەسەر ڕەخنەگرانی مەزهەب دێتە وەڵام، بە بێزەنتی و ناڕەسەن پێناسیان دەکات و بەوەی کە ڕخنەگران لە تێزەکانی ئاینی ئیسلام شارەزا نین و تەنها لە ناو بازنەی ئیستیلاحات و بێکەڵک دا دەخولێنەوە وەک دەنوسێت، (بێزەنتی - چونکە موناقەشەیەکی بێکەڵک و بێ بەرە و خولانەوەیە لە بازنەی ئیستیلاحات (زاراوە - ترمینۆلۆجی) دا.
دەربارەی ناڕەسەن (چونکە هیچ پەیوەندیەکی بە ژیان و مافەکانی چین و توێژەکانی گەلەکەمانەوە نی یە)
(بەو هۆیەوە کە سەرچاوەی باسەکان کەسانێکن کە زەبتێکی ڕون و سەلیمیان نی یە.)
کاک ڕابون وەکو فەندەمەنتالیستێکی سیاسی تەنانەت ئامادەی ئەوەش نیە گوێ لە ڕەخنەگرانی مەزهەبیش بگرێت، بەڵام ئێمەی سکولاریست دەبێت گوێ بیستی بۆچونەکانی ئەو بین، بەڵام لای کەسێکی سکولاریست هەرکەسێک بە هەر دید و بۆچونێکەوە بێتە مەیدان ئەوا پێویستە گوێبیست و بەرگریکاریش بێت لێی بەوەی بە ئازادی ڕایەکانی بخرێنە سەر کاغەز و بەیان و نوسینیش بخرێتە ڕوو، وە هیچ سکولاریستێک ڕێگە بە خۆی نادات ئیهانە بە بۆچونی خەڵکانی تر بکات، یان بە ناڕەسەن و بیزەنتی ناو ببات، وە دانانی سزای یاسایی بۆ هەرکەسێک کە لەژێر هەر ناو نیشان و بەڵگەیەک دا ئیهانە بە فیکری بەرانبەر بکات، یان ناو و ناتۆرە لە مەسائیلە مەزهەبیەکان بدات یان ڕێگیری بکات لە بەردەم هەر مەسائیلێکی دینیدا، وە هەروەها بە پێچەوانەوە. وە هیچ کەس بۆی نیە ڕای خۆی بەسەر تاکەکانی کۆمەڵ دا فەرز بکات، یان دەرکردنی هەر جۆرە فتوا و بڕیارێک لەدەرەوەی دادگای تایبەت بەدەستور، ئەگینا ڕوبەڕوی سزای یاسایی دەبێتەوە. یان کاک ڕابون پێمان دەڵێت هیچ کێشەیەکی ئایدیۆلۆژی بونی نیە، من وای بۆ دەچم سەرجەم ڕیزەکانی دۆستان و ئەندامانی ڕێکخراوی بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت ببنە موسوڵمان و قورئان لەبەر بکەن و بە ببنە کەسانی ئسۆڵی و بە دەستی دەستنوێژەوە بەرەو گردەکە بچن، ئەگینا چۆن دەلاقەی گەورەی جیاوازی بیروباوەڕ پەردەپۆش دەکرێت ؟ یەک بۆچونی میتافیزیکی و سەروچیانیەتیە، یان حاشا کردنێکی تەواوە لە کێشەی چینایەتی و ڕەوتی بەرەو پێش چونی کۆمەڵیش، چونکە حەقیقەتێکی ماتەریالیزمی مێژوی بخەینەوە یادی خۆمان، کە هەر گەشەو پەرەسەندنێکی کۆمەڵگە دەرەنجامی کێشەکانە، چ فیکری یان چینایەتی کە ئەم دوانە یەک هاوکێشەن، چونکە هەمو ئالوگۆڕە چینایەتیەکان ئاڵوگۆڕە فیکریەکانیش بەدوای خۆیدا دێنێت.
کاک ڕابون کێشەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەخاتە دەرەوەی کێشەی ئایدیۆلۆژیەکان، نوسەر کێشەی گۆڕان و دەسەڵات و کێشەی ناو ڕێکخراو ناخاتە چوارچێوەی کێشە چینایەتیەکان و ئەوە نازانێت کە لەم سیستەمەدا سەرجەم مەینەتیەکانی کۆمەڵگە لە هەناوی کێشەی کار و سەرمایەوە سەرچاوە دەگرێت، هەرچی جیاوازی فیکری و ناتەبایی و ناعەدالەتیەکانە دەرەنجامی بونی سیستەمی سەرمایەداریە، کە کاک ڕابون ناتوانێت ئەم سیستەمە وەک ئەوەی هەیە بیخوێنێتەوە..
کاک ڕابون پێناسی بزوتنەوەی گۆڕان وەها دەکات کە بزوتنەوەیەکی سەرو چینایەتیە و بە بێ جیاوازی ڕەنگ و بیر و بۆچونەوە پەرچەمی خەباتیان بەرزکردۆتەوە، ئەمە ڕێک دەرکێکی میتافیزیکیانەی دژ بە چینی کرێکارە کە وەک هەمیشە چینی کرێکار ببێتە سوتەمەنی تەماعی ڕێکخراوێکی ناسیونالیستی - مەزهەبگەرایی، هیچ کاتێک قابیلی قەبوڵ نیە کە دوو ئایدیۆلۆژیای دژ بەیەک لەیەک سەنگەر و بۆ یەک ئامانج خەبات بکەن.
ئێمەی کورد ئومێدی خۆمان داوەتە دەستی ئەم جۆرە کەسانە تا ژیانمان بەرەو باشتر ببەن و کەمێک لەو ئازادیەی هەیە بەرەو باشتر بیبەن، بەڵام کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی ژنان توشی شۆک بون بەم جۆرە تەرزە فیکریەی بزوتنەوەی گۆڕان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە