بەهۆى هەوڵدانى بۆ نەهێشتنى گەندەڵى لە بوارى هونەر گرووپى بەگژداچوونەوەى گەندەڵى رزگار چوچانى خەڵات دەكات
Wednesday, 29/04/2009, 12:00
-هەولێر
لە رێگاى بەدواداچوونەكانى و هەوڵەكانى بۆ ئاشكراكردنى گەندەڵى لە بوارى هونەر، گروپى بەگژداچوونەوەى گەندەڵى رۆژنامەنووس و سەرنووسەرى ماڵپەڕى هۆرەكورد رزگار رەزا چوچانى وەك تەنیا رۆژنامەنووس لە ساڵیادى 111ساڵەى رۆژنامەگەرى كوردى لە كوردستان رێز لێگرت.
پاش ئەوەى لە ژمارە (312)ى رۆژنامەى (میدیا) رزگار چوچانى سەرنووسەرى ماڵپەڕى هونەرى هۆرەكورد لە نووسینێكدا گەندەڵییەكانى فیلمى (كەواتە چاوەڕێبە)ى ئاشكرا كرد و لە ژمارە (315)ى هەمان رۆژنامە لە راگەیاندنێكى فەرمانگەى داواكارى گشتى لە هەولێر فیلمى ناوبراوى ئاراستەى دادگاى لێكۆڵینەوەى هەولێر كرد، كە تاوەكو ئێستا دۆسیەكە بە كراوەیى ماوەتەوە و هەر لە رێگاى بەدواداچوونەكانى و ئاشكرا كردنى چەندین گەندەڵى و بڵاوكردنەوەى لە ماڵپەڕ و رۆژنامەكان، گروپى بەگژداچوونەوەى گەندەڵى لە گەرمیان خەڵاتى رێزلێنانى 111ساڵەى رۆژنامەگەرى كوردى لەم ساڵدا بۆ یەكەم جار بەو رۆژنامەنووسە بەخشى، لەم بارەیەوە عەدنان قوربانى دەستەى سەرپەرشتیارى گروپى ناوبراو سەبارەت بە هۆكارى دەستنیشانكردنى ئەو رۆژنامەنووسە بۆ ئەو رێزلێنانە گوتى "لەسەر ئەو بنەمایە بڕوانامەى رێزلێنانمان بەخشیوەتە رزگار چوچانى كە كارى بۆ دژایەتى و نەهێشتنى گەندەڵى لە بوارى هونەر كردووە و رووبەڕووى ئەو راستیانە بۆتەوە، ئێمە دواى بەدواداچوونەكانمان بۆمان دەركەوتووە ئەو رۆژنامەنووسە چالاكە لە هەولێر توانیویەتى لەگەڵ خۆى و هاوڕێكانى كار بۆدژایەتى كردنى گەندەڵى بكەن لە بوارى هونەر، تەنانەت بووەتە قوربانى ئەو بوارانەى تر و ئێستاش حاڵەتێك واى لێكردووە كوردستان بەجێ بهێڵێت و مەترسى بكەوێتە سەر ژیانى و لە دەرەوەى وڵات بژیت، بۆیە ئەمە بە ئەركى خۆمان و هەقى ئەو رۆژنامەنووسە دەزانین".
دەستەى سەرپەرشتیارى گروپى بەگژداچوونەوەى گەندەڵى ئاماژەى بەوە كرد لە رۆژى جیهانى لاوان لە 12/8/2009 كۆمەڵێك رۆژنامەنووس كە لە بوارى بەگژداچوونەوەى گەندەڵى كاریان كردووە خەڵات دەكرێن و لەوێ خەڵاتێكى تایبەتى ناوبراو دەكەن و گوتیشى "هیوادارین دامودەزگاكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان بەو چەشنە مامەڵە لەگەڵ گەنجێك نەكەن كە دێت دژایەتى گەندەڵى بكات ئەوانیش دژایەتى بكەن و لەو وڵاتە بەدەرى بنێن یان بە شێوەیەك لە شێوەكان دژایەتى بكەن، بەڵكو كار لەگەڵ ئەو شێوە رۆژنامەنووسانە بكات، بۆیە ئێمە لە ساڵیادى 111ى رۆژنامەگەرى كوردى لە سەرانسەرى كوردستان تەنیا رێزلێنانمان بە رزگار بەخشى".
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست