شۆڕش لە نێوان شەرعیەت و ماف دا، کردار و قسەکردن
Saturday, 11/06/2011, 12:00
دەگوترێت "پێ لە ئەرز تووندکە" و بڵێ "نا". پیرەژنێکی سویدی بە نامەگۆڕینەوە دوو کوڕی هەیە کە خەڵکی سوریان. بە گوتەی خۆی ساڵانێکی زۆر لە ژیانیدا پیاو بوونی نەبووە و، ئەمە یەکەمجارە دوای پەیوەندی پەیداکردنی لەگەڵ ئەو دوو کوڕە گەنجە سوریەدا لە بەهای کوڕداری تێدەگات.
وەکو کوڕی خۆی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکات و کوڕەکانیش بە دایک ناوی دەبەن. پەیوەندییەکە هەموو لایەنە مرۆڤایەتیەکانی لەخۆ گرتووە. لە ڕۆژانی یەکەمی ڕاپەڕینەکەی سوریادا ئەم کوڕانە ڕۆژانە بەشداری چالاکیەکانی شۆڕشگێڕەکانیان دەکردوو.
لە وەڵامی ئەوەی ئایا ترسی نییە تیابچن و ببنە قوربانی ووتی: "مەترسی لەرسەر ژیانیان هەیە، بەڵام ئازادیش نرخی خۆی هەیە، ئەوەی دەیکەن پەیوەندی بە چاککردنی دواڕۆژی خۆیانەوە هەیە و پێداکوتانیانە لەسەر زەوی لە دژی ستەم. هەندێک گەنجیش دەبێت لەو پێناوەدا ببنە قوربانی".
پێداکوتان و بەرخۆدان لە دژی ستەم پێش تیۆریزەکردن هەر هەبووە، ناویشی نەبووبێت بە غەریزە هەر هەبووە.
کاتێک لە مێژوودا دەسەڵات دروست بوو و، لەلایەن دەسەڵاتدارەوە ستەم ئەنجامدرا و مافی خەڵکی و ئەندامەکانی کۆمەڵگە زەوتکرا، پێشێلکاریەکان لە لایەن دەسەڵاتەوە ناونران شەرعی! واتە کەسی دەسەڵاتدار بە پێی یاسا بەو کارانە هەستاوە. دەسەڵاتدار خۆی کرد بە نوێنەری خوداوەند و دەستبۆنەبراو!
بیرمەندەکان هاتن و لە چەند قۆناغێکدا ئەو یاسا و دەسەڵاتدارانەیان خستە ژێر پرسیارەوە. لە قۆناغێکدا شەرعیەتیان دا بە یاخیبوون واتە شەرعیەتیان لە دەسەڵات سەندەوە، لە قۆناغێکی تردا ئەو پەیوەندییەیان پچڕاند کە خوداوەندی بوو و، مرۆڤی دەسەڵاتداریان کردەوە بە مرۆڤە سادەکە لە گۆشت و خوێن و، پیشانیان دا کە دەسەڵاتداریش بۆی هەیە دەستبۆبراو بێت. پیرۆزیەکانیان لێسەندەوە کە خۆی یان لایەنگرانی دابوویان پێی!
سوڕی زەمانە و مێژوو گۆڕینەوەی دەسەڵاتی زۆر بە خۆیەوە دی. ئەوەی لە بەرانبەر ستەم پێی لە زەوی داکوتاو دواتر دەسەڵاتی بەزاند و چووە جێگەی، خۆشی کە بوو بە دەسەڵاتدار و زیادەڕەوی کرد و هەمان ستەمی بەرانبەر ئەوانی تر ئەنجامدا وتی یاسا ڕێگەی پێداوە بەو جۆرە بکات.
لەم بێنەوبەردەیەدا دیاردەیەک هاتە ئاراوە بە ناوی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی. شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەرپەرچدانەوەی ئەو گوتەیەیە کە دەسەڵات بەکاری دێنێت و دەڵێت شۆڕشگێڕان یان پێ لە ئەرزتوندکەرەکان ناشەرعین، واتا لە یاسا لایان داوە، بەو مانایەی دەبێت سزابدرێن و ڕەوایە هەرچی هەیە بەرانبەریان بکرێت. شۆڕشگێڕانیش لە وەڵامدا و بە پشتبەستن بە گوتە و بەڵگەکانی هەندێک لە بیرمەندەکان چالاکیەکانی خۆیان بە شەرعی دانا و، گوتیان بە پێی یاسای سروشتی شۆڕش شەرعیەتی هەیە. کەواتە ئەمان لەلای خۆیانەوە دەسەڵاتیان بە نایاسایی و ناشەرعی دانا.
ئەوانەی لەڕێگەی شۆڕشەوە هاتنە سەر کورسی دەسەڵات، بە تایبەتی لە سەدەی بیستدا کە سەدەی شۆڕشەکانە، دوای ئەوەی لە دەسەڵاتدا لەوەی پێشوو خراپتر بوون یان کورسییان کرد بە موڵكی خۆیان و دەستاودەستیان پێنەکرد، بێجگە لەوەی یاساکانی دەوڵەت و دادگاکانیان کرد بە داردەستی خۆیان، شەرعیەتێکی تریشیان دا بە خۆیان، ئەویشیان ناونا شەرعیەتی شۆڕشگێڕی. ئەمە بێماناترین و بێ شەرمانەترین گوتەزایە لە مێژوودا کرابێت و دەمانخاتە بەردەم پرسیارێک کە ئایا شۆڕش مافە یان یاسایە؟
گومان لەوەدا نییە کە هەموو کەس و گروپ و میللەتێک مافیان هەیە داکۆکی لە خۆیان بکەن و لە بەرانبەر ستەمدا پێ لە ئەرز داکوتن بەڵام بە هەمان شێوە دەبێت ئەو مافە بە خەڵکان و مرۆڤەکانی تریش ڕەوا ببینن! ئەو کردەیەی خۆیان کە دەیانباتە سەر کورسی دەسەڵات نابێت بکەن بە بیانووی لێدان و چەوساندەنەوەی ئەوانی تر و بڵێن بە پێی یاسا ئەوە دەکەن، واتە شەرعیەت یان پاڵپشتی یاسایان هەیە، لە کاتێکدا کە یاسا ئەو حەقەیان ناداتێ پەنا دەبەنە بەر ئەوەی تر کە نییە، ئەویش شەرعیەتی شۆڕشگێڕییە.
ماویهتی..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست