کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


حیزبەکەی حەمەی حاجی مەحمود بەرەو هەڵوەشاندنەوە دەچێت

Saturday, 09/11/2013, 12:00


پەیامنیری کوردستانپۆست/  سلێمانی
بە گوێرەی وتەی محەمەد دۆڵاشی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیستی کوردستان کە دەم پەیامنیری کوردستانپۆست کەوتووە رایدەگەیەنێت، کەوا حیزبەکەیان کێشەی گەورەی تێکەوتووە، ئەویش بەهۆی هەڵسوکەوتی حەمەی حاجی مەحمود، کە حیزبەکەی کردووە بە حیزبی بنەماڵە و لەلایەن خۆی و عەبدوڵڵای برایەوە دەستی بەسەردا گیراوە، جگە لەوەیش حەمەی حاجی موحمود خۆی بە پارتیی و بنەماڵەی بارزانی فرۆشتووە بەبێ ئەوەی هیچ کام لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئاگادار بن و بزانن لەبەرامبەر چییدا ئەمەی کردووە.
ئەو چوار ئەندامەی سەرکردایەتی، کە ناوەکانیان هاتووە و لە حەمەی حاجی مەحمود هەڵگەڕاونەتەوە بریتین لە (محەمەد دۆڵاشی، حسێن خەلیفە، خەلیل سەعید، فاتح رەئوف) هەر چواریان وشیارییان داوە بە حەمەی حاجی مەحمود، کە دەبێت دەست لەکار بکێشێتەوە و هەڕەشەی ئەوەیان لێکردووە بەپێچەوانەوە هەرچی نهێنیی و کارێکی ناشەرعی کاکە حەمە هەیە بۆ راگەیاندنەکانی ئاشکرا دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە.
ئەوان تا ئیستا قسەیان لەسەر گەندەڵیی و دزییەکانی حەمەی حاجی مەحمود نەکردووە، بەڵام پەیامنێری کوردستانپۆست توانی  یەکێک لەوانە بدوێنێت و لە زاریەوە هەندێک لەو نهێنییانەمان بۆ ئاشکرا بکات:

١) حەمەی حاجی مەحمود مانگانە پێنسەد هەزار دوڵار (نیو ملیۆن دۆلار) لە پارتیی وەردەگرێت، ئەمیش بۆ ئەو خزمەتەی، کە لە ناوچەی سلێمانی و شارباژێر بۆ پارتی ئەنجام دەدات و پارتی لەو ناوچانەدا دەستکراوە کردووە بۆ پرۆپاگەندەکردن و  ئەنجامدانی هەر چالاکییەک بیەوێت بیکات.

٢) لە کاتی پرۆپاگەندەکردنی هەڵبژاردنەکاندا، کاکە حەمە لە خودی مەسعود بارزانی هەزار ملیۆن دیناری وەرگرتووە تا پرۆپاگەندە بۆ پارتیی بکات.

٣) حەمەی حاجی مەحمود نزیکەی دوو ملیۆن دۆلاری داوە بە گەورەترین ریستۆران لە بەریتانیا لە شاری لەندەن شەقامی ئەدواردرۆد، ئەم رێستۆرانە ناوی ریستۆرانی سلێمانییە بۆ (کامەران)ی میردی کچەکەی کڕیوە.

٤) عەبدوڵڵای برای حەمەی حاجی مەحمود چەند کۆمپانیایەکی سێبەری دروست کردووە، لەگەل یاسین شێخ ئەبوبەکر وەزیری کارەبا رێککەوتوون، کە هەرچی تەندەرەکانی ئەو وەزارەتە هەیە، بەو کۆمپانیایە بدات، وەزیری کارەبا سەر بە حیزبەکەی خۆیانە.

سەرچاوەکە وتی حەمەی حاجی مەحمود و عەبدوڵڵای حاجی مەحمودی بەتەواویی خۆیان تەسلیم بە پارتیی کردووە، هیچ پەیوەندییەکیان بە سۆشیالیستەوە نەماوە.

شایانی باسە هەر ئەو کەسەی نێو ئەو سەرکردایەتییە، کە نەیویست لە حاڵی حازردا ناوەکەی ئاشکرا بکرێت وتی: لە کۆبوونەوەی دوێنێماندا ٨-١١-٢٠٠١٣ رووبەڕووی چەند داواکارییەکی حەمەی حاجی مەحمود بووینەتەوە، گوایە ئەگەر ئەو داوایانەی بۆ جێبەجی بکەن، ئەوا دەست لەکار دەکێشێتەوە. هەرجەندە ئیستا حەمەی حاجی مەحمود لە ئەڵمانیایە، بەڵام چەند مەرجیکی خستۆتە بەردەممان، یەکێک لەوانە:
١-  دەبێت لە شوێنی ئەو عەبدوڵلای برای دابنرێت.
٢- دەبێت لە بودجەی حیزب مانگانە ١٢٥ ملیۆن دیناری پێبدرێت، ئەویش بۆ بەڕیوەبردنی کاروباری خۆی و بنەماڵەکەی و مەسرەفاتی دیوەخانەکەی.

سەرچاوەکە وتی ئەو چوار کەسەی ناویان هاتووە پێکەوە ئەم ئێوارەیە کۆبوونەوەیان کردووە تا پێکەوە بڕیار و هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە بنەماڵەی حەمەی حاجی مەحمود دەربخەن و حیزبەکە لە دەستیان دەربهێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە