نێچیرڤان بارزانی چیکرد بۆ ئەردۆغان و کۆچ
Wednesday, 28/05/2014, 12:00
2139 بینراوە
و/ ڕێبوار هەمەوەندی
ئەردۆغان و بنەماڵەی کۆچ چۆن ئاشتبونەوە ؟ ، بنەماڵەی کۆچ یەکێکن لە هەرە دەوڵەمەندەکانی تورکیا ، بەگوێرەی ئەوەی باس کراوە وەهبی کۆچ لەسەر داخوازی عیسمەت ئینینو بووە بە ئەندامی پارتی گەلی کۆماری (جهپ) بەڵام کە چەرخی فەلەک بە جۆرێکی تر سوڕایەوە لە تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٥٠ پارتی دیموکرات دەبێت بە دەسەڵات و باڵادەستانی ئەو پارتە هێرشدەکەنە سەر بنەماڵەی کۆچ ، بەم شێوەیە کۆنتڕۆڵکردن و چاودێریکردن و سزای زەریبە بەسەر کەمپانیەکانی بنەماڵەی کۆچ زیادی کرد ، وەهبی کۆچ ناچار بوو کە واز لە ئەندام بوونی لە پارتی گەلی کۆماری بهێنێت ، ئەو سەردەمە وەهبی کۆچ وەسیەتێک بۆ منداڵەکانی دەکات کە وەک گوارەیەک لە گوێی بکەن پێیان دەڵێت (خۆتان لە سیاسەت مەگلێنن) بەڵام مرۆڤ لەوکاتەی چاوی بە دونیادا هەڵدێت خۆی لەناو دەریای سیاسەتدا دەبینێتەوە ، بنەماڵەکەی کۆچیش بەهەمان شێوەیە ، وەهبی کۆچ کەسێکە پاشەڕۆژی سیاسی خۆیان بەباشی درک کردووە و ناوبراو کەسێکە لە تورکیا وەک لقێکی نەمامی سیستەمی کەپیتالیزم گەورە کراوە ، لە ئاکامدا وەهبی کۆچ دوای کودەتای سەربازی لە تورکیا کە لە ساڵی ١٩٦٠ ئەنجامدرا بوو بە کەسێک کە وەک دەروێش بوو بە لایەنگری سلێمان دێمرال و پارتی داد ، تورگوت ئۆزال ڕاستەوڕاست پیاوی ڕەحمی کۆچ بوو ، ڕەحمی کۆچ سپۆنسەری پارتی دایکی وەتەنەکەی تورگۆت ئۆزال بوو ، سێیەمین نەوەی بنەماڵەی کۆچ مستەفا کۆچ پشتگیری لە پارتەکەی ئەردۆغان دەکرد ، مستەفا کۆچ بۆئەوەی کار و قازانجەکانیان نەداتە دەم بای شانسەوە فەتحوللە گولانی پشتگوێ نەکرد ، سەردانی گولانی دەکرد لە پەنسیلڤانیا لە ئەمەریکا ، جارناجارێک بۆئەوەی حەسرەتی یەکتر نەبن گولان تەزبیحی موبارەکی بۆ مستەنا کۆچ ڕەوانە دەکرد ، کاتێک ڕەوشی سیاسی ئەردۆغان لە تێکچوندا بوو ئەردۆغان هەستی بە پەیوەندی نێوانیانی دەکرد ، لەکاتی ئاڵۆزی و ڕوداوەکانی پارکی گەزی لە ئیستەنبوڵ بە فەرمانی مستەفا کۆچ دەرگای ئوتێکی دیوان لە ڕووی چالاکوانەکانی ئەو چالاکیانەی پارکی گەزی خستە پشت ، ئەم کردارەی مستەفا کۆچ بووە هۆی ئەوەی کە ئەردۆغان توڕە و نیگەران بکات ، ئەردۆغان بنەماڵەی کۆچی بەوە تۆمەتبار دەکرد کە باوەڕ پێنەکراون و شەریکی کودەتاکەی فەتحوللە گولانن ، ئەردۆغان دەیهێنێتە زمان کە بنەماڵەکەی کۆچ لەگەڵ جەماعەتی گولاندا دژ بە دەسەڵاتەکەی خۆی لە خەباتدان هەربۆیە دەشیووت کە دژ بەوان هەموو ڕێگایەکی لێپرسینەوە دەگرنە بەر ، لە ئاکامدا پۆلیس کوتایە سەر کەمپانیاکانی بنەماڵەی کۆچ کە پێکهاتبوون لە (تۆپراش .. ئۆپیت و ئایگۆز) ئەمەش لە ٢٥ ی تەموزی ٢٠١٣ هاتەئاراوە ، ئەو تیمانەی بە ناوی لێکۆڵینەوەی زەریبەوە هاتبوون کوتایانە سەر هەموو شەریکەکانی بنەماڵەی کۆچ بەناوی سەختەکاری لە نەدانی زەریبەو لەم بارەیەشەوە لێدوانی فەرمیان بۆڕایگشتی هێنایە زمان ، لە ئاکامی ئەم بەخۆسەردانانەدا بنەماڵەی کۆچ بەتۆمەتی خۆدزینەوە لە زەریبەنەدان ملیۆنەها دۆلاریان زەرەر کرد و دەست بەسەر کەمپانیایەکی زۆریان گیراو گەلێک لە فەرمانبەرانیان خرانە ژێر چاودێریەوە و مۆڵەتی کاری گەلێک لە کەمپانیاکانیان لێسەنرایەوە ، لەئاکامی هەموو ئەمانەدا حسەی دراوی بنەماڵەی کۆچ لە بورسەی تورکیادا لە ماوەی ٢ ڕۆژدا ٤ و نیو ملیاری لیرەی تورکی زەرەریانکرد ، بنەماڵەی کۆچ دوای ئەو هەموو زیانانەیان ئەوەیان ڕاگەیاند کە بێ تاوانن لە هەموو ئەو تۆمەتانە و هەوڵیاندەدا کە قەناعەت بە ئەردۆغان بکەن کە دژایەتی دەسەڵاتی ئەویان نەکردووە ، سەرەرای هەموو تەقەلایەکیان مستەفا کۆچ بۆئەوەی خۆی بگەهێنێتە ئەردۆغان و ئاشتەواییەک بەدەست بخات بەڵام سودی نەبوو ، لەئاکامدا بیری لە یەکێک کردەوە کە دۆستی هەردولایان بوو هەردوکیانیش ناتوانن دەستبەرداری ئەو دۆستە ببن بێگومان ئەویش نێچیرڤان بارزانی بوو ، بنەماڵەی کۆچ لەگەڵ حکومەتی باشوی کوردستان دۆستایەتی و پەیوەندیەکی بازرگانی مەزنی هەیە ، بنەماڵەی کۆچ لە هەولێر خاوەن ئوتێلی دیوان و کەمپانیای گەشتوگوزاری بەناو سیتور و کەمپانیای ئاڤیسە بۆ بەکرێدانی ماشێنن ، هۆڵدینگی کۆچ دەیەوێت باشوری کوردستان بکەن بە مەڵبەندی کەمپانیای ئۆپیت چونکە دەیەوێت ئەم کەمپانیایە بۆ دۆزینەوەی نەوت و بەکارهێنان و پاڵاوتن و گواستنەوە بەکار بهێنێت بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا پرۆژەی زۆر گرنگیان ئامادە کردووە ، مستەفا کۆچ لە ئاخافتنێکیدا لەگەڵ وەهاب مونیار دەڵێت (ئەوەندە بەینم خۆشە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا بەیەکتری دەڵێین برای خۆشەویستم و نێچیر تەکلیفی لێکردووم کە لە هەرێمەکەیاندا بانق بکەمەوە ، هەربۆیە بەنیازم کە لقێکی بانقی یاپیکرێدی لەوێ بکەمەوە) .
شەریکایەتی نێچیر و مستەفا کۆچ لە باشوردا لە چوارچێوەی بەرهەمهێنانی نەوت و پێشخستنی ووزەی کارەبایە ، بۆئەوەی نەوتی باشور ڕەوانەی تورکیا بکەن ئەوە ماوەی ٢ ساڵە سەرقاڵی ئەوەن کە حکومەتی عێراق رازی بکەن کە بەسەر تورکیاوە نەوت هەناردەی دەرەوە بکەن ، سەرەرای ئەوەی حکومەتی عێراق بەمە ڕازی نەبووە بەڵام ئەوان کۆڵیان لەکاری خۆیان نەداوە ، بۆ ئەم مەبەستە بۆ ئاشتبونەوەیان نێچیرڤان بارزانی لە ١٢ ی شوباتی ٢٠١٤ گەیشتە ئەنقەرە و چاوی بە ئەردۆغان کەوت ، دوای ئەوەی نێچیرڤان بە ئەردۆغانی ووتبوو کە مەسەلەی نەوتمان لەگەڵ هۆڵدینگی کۆچ دەڕوات بەڕێوە لە چوارچێوەی عێراقدا ، ئەوەشی هێنابووە زمان کە بنەماڵەی کۆچ دەیانەوێت چاویان بە ئەردۆغان بکەوێت بەڵام ئەردۆغان لەو بارەیەوە هیچ وەڵامێکی نێچیرڤانی نەدابۆوە ، لەسەرخواستێکی تورکیا نێچیرڤان بارزانی شانبەشانی ئەحمەد داودئۆغڵو لە ١٤ ی ئاداری ٢٠١٤ لەسەردانێکی بۆ شاری وان دەربارەی مەسەلەی نەوت و خواستەکەی دیداری مستەفا کۆچ لەگەڵ ئەردۆغاندا دوپاتکردبۆوە ، بۆ ڕۆژی دوایش نێچیرڤان داخوازی مستەفا کۆچی بۆ ئەردۆغان دووبارە کردبۆوە ، جارێکی تر نێچیرڤان بارزانی لەمبارەیەوە وەڵامێکی نیگەتیفی لە ئەردۆغانەوە وەرنەگرت ، نێچیرڤان بارزانی لەسەر خواستی تایبەتی مستەفا کۆچ لە ١٦ ی نیسانی ٢٠١٤ جارێکی تر هاتەوە بۆ ئەنقەرە ، نێچیرڤان و ئەردۆغان کۆبونەوەیەکی داخراویان ئەنجامدا ، لەم کۆبونەوەیەدا نێچێرڤان داخوازی لە ئەردۆغان کردبوو کەلەگەڵ بنەماڵەی کۆچ ئاشبێتەوە و دیداریان لەگەڵ ئەنجام بدات هەروەها نێچیرڤان بە ئەردۆغان دەڵێت ئەگەر ئەم ئاشتەوانییەی نێوانیان پێکنەهێنرێت ئەوا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا دەکەوێتە مەترسییەوە و پرۆژەکانی ووزەی کارەبا ئەنجام نادرێت ، لەئاکامدا لەو کۆبونەوە ڕۆژنامەوانیەی ئەردۆغان ئەنجامیدا ووتی (تورکیا سوورە لەبارەی پەرەپێدان و هاوکاری پرۆژەی ووزەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا ئەمەشمان بە ئاشکرا بە حکومەتی عێراق بەرپرسیارانی ئەمەریکاش ووتووە) ئەم لێدوانەی ئەردۆغان ئەوەی نیشاندا کە کۆتایی بەو بارگژیەی نێوانیان هاتووە لەگەڵ بنەماڵەی کۆچ کە بەهۆی ڕوداوەکانی پارکی گەزی هاتبووە ئاراوە ، چونکە کەسی دەمڕاستی هەناردەکردنی نەوت و پرۆژەکانی ووزەی کارەبا لە هەرێمەکەدا خودی نێچیرڤان بارزانی و مستەفا کۆچە ، دەرەنجامی ئەم گۆڕانکاریانە لە ٢١ ی مایس ٢٠١٤ لە کردنەوەی کارگەی ماشێنی فۆردی ئەمەریکی کە بنەماڵەی کۆچ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین نوێنەرایەتی دەکات خودی ئەردۆغان لەم ئاهەنگی کردنەوەیەدا بەشداری کردوو ئاخافتنیشی کرد ، دەزگا راگەیاندنەکانی تورکیا ئەم روداوەیان کرد بە مانشێتی خۆیان کە دەیانووت (ماشێنی فۆرد ئەردۆغان و مستەفا کۆچی ئاشتکردەوە) بەڵام ئەمە ڕاست نییە ، دەبێت دەزگا ڕاگەیاندەکان ئەم مانشێتە بەکار بهێنن (دوای هەوڵدانێکی زۆر نێچیرڤان بارزانی توانی ئەردۆغان و مستەفا کۆچ ئاشتبکاتەوە) .