تەنها دزى لە فەرمانبەران نەكراوە بەڵكو یەكێتى دزییەكى بێ ویژدانانەى لە پێشمەرگە دێرنەكان دەكات
Sunday, 30/01/2011, 12:00
سەربارى ئەو هەموو ماندوو بوون و ناخۆشیەى كە پێشمەرگە لە ڕۆژانى سەختى خەبات كردن دژى ڕژێمى داگیركەر و نۆكەرانى بەعس كردوویەتى بەبێ مووچە و بێ هیچ پاداشتێك تاكە هیوایان ڕزگارى نەتەوەى كورد بوو لە دەستى داگیركەران و بەدى هێنانى مافە ڕواكانى گەلەكەمان بوو تەمەنى گەنجیەتى خۆیان لەو پێناوە دا بە سەربرد , كاتى واهەبووە كە نە پارە لە باخەڵیان هەبووە تەنانەت ئەوانەشیان كە جگەرە خۆر بوون بەچەند كەسێكیان كیسەیەك تووتن و سیغاریان پێ بووە ئەم شتانە هیچ كاریگەرى نەكردووەتە سەربیرو باوەڕ و خەبات كردنیان .
لە پاش ڕاپەڕینە مەزنەكەى گەلى كورد لە بەهاری 1991 پاش و ڕاماڵینى دەسەڵاتى بەعس و لە زۆربەى ناوچەكانى كوردستان و دواتر دامەزراندنى حكومەتى هەرێم و پەرلەمان هەموو گەلى كورد بە گەورە و بچووكەوە پێان وابوو زۆربەى خەونەكانیان بەدى هات , دایكى شەهیدان فرمێسكى خۆشیان دەڕشت و كراسى ڕەشى چەندین ساڵەیان گۆڕی پێیان وابوو خوێنی جگەر گۆشەكانیان بە فیڕۆ نەچووە و ئیتر لە سایەى حوكمى خۆماڵى كوردا بە ئاسودەی ژیان بەسەر ئەبەن ئەو پێشمەرگانەش كە لە هەموو تەمەنى پێشمەگایەتیان دانەبڕا بوون و لە پاش كارەساتى بەدناوى ئەنفال درێژەیان بە خەبات كردن دا پێیان وابوو ئیتر لەمەودوا لە سایەى حكومەتى هەرێم دەحەسێنەوە و ڕۆژانی ڕابردوویان لە بیرئەچێتەوە و لە لایەن حیزب و حكومەتەوە پاداشت ئەكرێن و وەك هەر تاكێكى كۆمەڵگەى كوردى ژیان بە سەرئەبەن بەبێ جیاوازى بەڵام بەهۆی هەڵگیرسانى شەڕی ناوخۆوە هیچ كام لە ئاواتەكانیان بەدى نەهات بگرە هەندێكیان بوونە قوربانى ئەو شەڕە , لە پاش ئەوەى كە لە ساڵی 2003 لەلایەن ئەمریكا وهاوپەیمانەكانی یەوە دەسەڵاتى حكومەتى عێراق لە ناو برا و حكومەتی هەمە لایەنى لە هەموو نەتەوەكانى عێراق هاتەكایەوە .
بەپێى بڕیارێكى حكومەتى نوێی عێراق هۆبەى جەنگاوەرانى عێراق (محاربین) دامەزرا بۆ هەریەك لەو پارتانەى كە دژى دەسەڵاتى بەعس جەنگاون مووچەى مانگانە دەدرێت بە پێشمەرگەكانیان بە پێی ئەو بڕیارە یەكێتى مووچە بۆ (3000) پێشمەرگە لە حكومەتى ناوەند وەردەگرێت كە مووچەى هەر پێشمەرگەیەك بڕی یەك ملیۆن و پێنج سەد هەزاردیناری عێراقی یە لە دانیشتنێكى كۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەكانى یەكێتى لە گەڵ دكتۆر بەرهەم كە ئەوكات جێگری سەرۆكى حكومەتى عێراق بوو دانى بە ڕاستى ئەو مووچەیەدا نابوو كە لە لایەن حكومەتى عێراقەوە دەدرێت بە پارتەكان هەروەها لە كۆبوونەوەیەكى كۆمەڵەى پێشمەرگەدێرینەكان بۆ سەرجەم ئەندامانى كۆمەڵەكە باسى ئەو بڕە پارە كرا كە لە ساڵی 2003 لە لایەن حكومەتى عێراقەوە وەك پاداشت تەرخان كراوە بۆ پێشمەرگە و یەكێتى وەرى ئەگرێت و نادرێت بە پێشمەرگە كە لە ماوەى حەوت ساڵ بڕى پارەى وەرگیراو بۆ هەرپێشمەرگەیەك دەكاتە (126000000) سەدوو بیست و شەش ملیۆن دینار بۆیە لێرەدا دەڵێم یەكێتى لە كوڕانى ڕۆژنى سەختى شاخ ئەو دزیە بكات دەبێت چاوەڕوانى چى لێبكرێت بۆ گەلى كوردى بكات .ئەمە چ ویژدانێكە دزى لە میلەت كوڕانى ڕۆژى تەنگانەى نەتەوەكەت بكەیت دزى لە منداڵی پێشمەرگە بكەیت و كوڕ و منداڵى بەرپرسەكان هەرشەوەى لە باڕ و دیسكۆیەك دا كات بەسەر بەرن ............
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست