بەڕەنگاربونەوەی ئیسلامی یەکان:لەهەر کات و لەهەر شوێنێ
Monday, 16/12/2013, 12:00
لەهەر کات و لە هەر شوێنێ ئیسلامی یەکان هێرشیان کردبێتە سەر مافو ئازادی کانی جەماوەر، یان هێرشیان کردبێت بۆ سەر هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و کەلتوری و شارستانی کە هێمایەک بو بێت بۆ خۆشەویستی و جوانی و بۆنی سکولاریزمو مۆدیرنیزمی لێهاتبێت ئەوە جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان بەڕەنگاریان بونەتەوە.ئەمە ئیتر کێشەو ململانی یەکی واقعی لانی کەمی دوو دەیەی کوردستانە لەگەڵ ئەم دەستەوتاقمە دواکەوتوانەی گۆشکراو بە بیرو باوەرو کەلتوری سەدەکانی ناوەراست.جا ئەم هێرشانە کە کردویانە لە چەند ساڵی ڕابردوو لە پاڵ دەسەڵاتی قەومی و خێڵەکی پارتی و یەکێتی بو بێت ، کە خاڵە هاوبەشەکانیان زۆر زیاترە لە خاڵە جیاوازەکان ، یاخود ئەوەی کە لەم چەند ساڵە بەناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە کردویانە و زیاتر بە هاوکاری بزوتنەوەی گۆڕانەوە بوبێت.
بە تایبەتی لە سەروبەندی دەسپێکردنی کەمپەینی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەمجارە لە چەند مانگی ڕابردوو وە تا ئیستا و هەروەها دەنگۆ و داواکاری ئاڵوگۆڕ لە دەستوری پیشنیارکراوی هەرێم، کە هەر لە بنەرەتدا پرۆژەکە کۆنەپەرستانەیە و زۆربەی برگەو مادەکانی تەنانەت لەگەڵ جارنامەی مافە جیهانی یەکانی مرۆڤیشدا نایاتەوە.لە کاتیکدا بەرەی موعارەزە دەزانن کە جەماوەری ئازادیخواز دژی زۆریک لە بەندەکانی ئەو پرۆژە دەستورەن کەچی ئالەم کاتەدا بەهۆی ئەوەی گۆران وەک هیزی یەکەمی موعارەزە لە یەک بەرەدان و لە زۆربەی سیاسەتەکان لەگەڵیان هاوهەڵویستە بە تایبەتی کە بە ئاشکرا بانگشەی ئەوە دەکەن کە دژی هەر یاساو بریاریك دەبن کەلەگەڵ سەوابتەکانی ئیسلامدا نەیەتەوەو دژی دەوەستێتەوە.وە هەر لێرەشەوەیە کە لەم ماوەیەدا دەیان هیرشی جۆراوجۆریان کردۆتە سەر هەر شتێک کە بۆنی سکولاریزمو مۆدیرنیزم و جوانی و خۆشەویستی لێ بیت.
لەوانە هەر لە تێکدانی کێلی گۆڕی شێرکۆ بێکەسی شاعیری ئازدیخوازەوە بگرە تا دەگاتە ڕووخانی پەیکەری خۆشەویستی و پاشان سوکایەتی و هەوڵی بە دادگا گەیاندنی ئەو ژن و پیاوەی کە وەک ناڕەزایەتی دەڕبرین لە شوێنی پەیکەرەکە ماچی خۆشەویستی یان گۆڕیوە تا هەوڵی ئامجارەیان بۆ گۆڕینی ناوی مزگەوتی ئازادی لە شاری کۆیە بۆ ناوی مەدینە و چەندانی تر ئەمانە هەموی نمونەی زیندوو بەرچاوەکانی ئەم هێرشانەن لەم چەند مانگەدا.
دیارە ئەوەی گومانی تیا نی یە ئەوەیە کە ئەو مافو ئازادی یەی کە جەماوەری ئازادیخوازو یەکسانیخواز بە دەستیان هێناوە لە ڕێگای خەبات و تیکۆشانی سەختی چەندین ساڵەیان ئەوە ئەم ئیسلامی یانە،و هەر لایەنێک کە دژی ئەو مافو ئازادی و سیمبولی جوانی و مۆدیرنانە بیت، وا ئاسان ناتوانن لە خەڵکی وەرگرنەوە بەڵکو هەمیشە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی و جۆرەها بەڕەنگاری بونەتەوەو دەبنەوە.
ئەوەی ئێستاش کە دەیانەوێ ناو و ووشەی ئازادی لەو مزگەوتە بکەنەوەو بیگۆڕن بە ناو و ووشەی مەدینە ئەمە هەنگاوێکی ترە بۆ زیاتر هیڕش بردن بۆ سەر مافو ئازادی یەکانی خەڵکی ئەو شارەو هەروەها بۆ هەر دیاردەیەک کە بۆنی جوانی و خۆشەویستی و مۆدیرنیزمی لێبیت.جا ئەگەر ئەمرۆ ئەو کارەیان بۆ بچێتەسەر ئەوە لە ئاییندەی نزیکدا دەس دەبەن بۆ ڕووخانی پەیکەری هەمو ئەو هونەرمەندو شاعیر و کەسایەتی یانەو هەوڵ دەدەن بۆ گۆڕینی ناوی هەر شتێک و لە جیگای ئەوان سمبولەکانی خۆیان دادەنێن و ناو لێ دەنێن.یان هەروەک چۆن تائیستا ناوی وەک خالد بنی وەلید و قەعقاع و ئوسامەو کە دەستیان سورە بە خوێنی خەلکی لە جەنگەکانی سەردەمی فتوحاتی ئیسلامی و ناوی منالەکانی خۆیان بەو ناوانەوە دەنێن گەر بۆتان بکری ئەوە هەرچی ناوی ئازاد وسەربەست ورزگار و ئەڤین و شەیداو..هتد بە زۆر دەیگۆرن و ناوی ئسیلامی دەسەپێنن بەسەر خەڵکیدا.
جا بە جیا لەوەی کە چەندە ووشەو چەمکی ئازادی لەگەڵ ناو و ناوەڕۆکی مزگەوت و ئەو جۆرە شۆێنە ئایینیانە دێتەوەو ناکۆکن لەگەڵ یەکتر بەڵام ئامانجی ئەم ئیسلامی یانە بە تەنها گۆڕینی ناوێک نی یەو بەس بەڵکو سەرەتا لە گۆرینی ناوەوە دەست پێ دەکەن و پاشان کار لەسەر گۆڕینی نەک هەر ناوەکان دەکەن بەڵکو لەسەر هەرچی شتێک کە بۆنی ئازادی و پێشکەوتنخوازی لێ بێت دەکەن.
لە ڕوو یەکی تریشەوە ئەوەی کە خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ئارەزویانە ناوی ئازادی لە مزگەوتیش بنێن لە دەیان ساڵی ڕابردودا ئەوە نیشانەی تامەزرۆیی و تینوێتی ئەو خەڵکەیە بۆ ئازادی بۆ پێشکەوتنخوازی کە لە لایەن دەسەڵاتە قەومی ئیسلامی یەکانی چەند دەیەی عیراقەوە تا گەیشتە ڕژیمی فاشی بەعس لێیان زەوتکرابوو.
بێگومان خەڵکی ئازادیخواز بە شێوازی جۆراوجۆر بەڕەنگاری ئەم هەوڵ و هێرشانەی ئیسلامی یانە بونەتەوەو ئێستاش لەبەرامبەر ئەم هەوڵەیان بۆ گۆڕینی ناوی ئەو مزگەوتە کەمپەینێک بەڕێخراوە .بەڵام خەڵک دەبێت ئەوە باش بزانن کە تا ئەو جێگایەی ئەم ئیسلامی یانە هەبن جا چ لە پاڵ دەسەڵات بن یاخود لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنێکی وەک گۆران بن و خۆیان بە دۆست و هاوکاری یان بزانن ئەوە ئەوان زیاتر پێ درێژ دەکەن و هەنگاو دەنێن بۆ زیاتر هێرش کردن و بەرتەسک کردنەوەی مافو ئازادی یە مەدەنی و فەردی یەکان.بۆیە لەم بارەیەوە دەبێت خەڵکی ئازادیخواز و هەر لایەنێک کە خۆی لەبەرەی ئازادیخوازی جەماوەردا دەبینێتەوە فشار بێنن هەم بۆ دەسەڵات و هەم بۆ ئۆپۆزیسیۆنی گۆران تا دەسبەرداری هاوکاری ئەم ئیسلامی یانە بن کە هەڵگری دواکەوتوترین سیاسەت وئایدیاو کەلتوری کۆمەڵایەتین.
لە راستیدا شەڕی تەواوی خەڵک لەگەڵ ئەم ئیسلامی یانەو خودی گۆڕانیش زیاتر توند دەبێتەوە کە لەسبەی ڕۆژدا کە دەچنە دەسەڵاتەوە بەوەی بەڵینیان داوە کە دژی هەر پرۆژە بریارێک بن کە دژی سەوابتە دینی یەکان بن.یانی لە سبەی ڕۆژدا ئەمانە دێن و هەرچی ناو و ووشەیەک کە بۆنی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و پیشکەوتنخوازی لێ بێت نەک هەر لە مزگەوتەکان بەڵکو لە قوتابخانەو زانکۆ و شەقام و گەرەک و..هتد بە زەبری یاسا و بڕیار دەیگۆڕن .
بۆیە پێویستە خەڵک لە دژی ئەمانە هەمیشە لە سەنگەری بەڕەنگاربونەوەدا بێت بە ئاسۆیەکی ئازادیخوازانەوە لە هەر کاتو لەهەر شوێنێک.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست