سهردەشت بەو خەندە جوانەوە لە بەرامبەر خاچێکی ئامادە کراو ڕاوەستاوە
Wednesday, 19/05/2010, 12:00
سهردەشت بەو خەندە جوانەوە لە بەرامبەر خاچێکی ئامادە کراو ڕاوەستاوە بۆ کۆچێک کە هەموو ئەو سنورانە ببرێت کە زۆرداران ئەهریمەنەکان دێوو درنجە خۆسەپێنو تۆقێنەرەکان شورەیان کردووە، پاسپۆرتەکەی ئاوێستایەو پرپرە لە ووشەی خۆشەویستی خاکو ئاوو ئاگر، هاواری ناخی خوداوەندە و بێزاریە لە نا بەرامبەری سەر رووی زەمین ، تا لە میانەی کۆچەکەیدا بگات بە ڕوحی خوداو دوای پشوویەکی کورت بە گلێنەی چاوی خودا بە ووردی تەماشاکاتو هەموو نهێنیەکانی پۆستاڵی ڕەشی ئینزیباتە کڵاو سوورەکان (ببوورن جامانه سوورهکان) لە ناو ئاپۆرەی هاوڕێکانیدا بە ڕێو ڕەسمێکی شایستە پەردەی ڕەشی چەند توێ کراویان لە سەر تاوان دوای تاوان هەڵماڵێت، ئەوسا بە دەستوپەنجەی ئاهۆرامەزدا ووشە بە ووشەی ئاوێستا دوای ئەو شمشێرەی قەڵەمەکەی سەردەشتی شکاند خاڵێک دانێ و دێڕێکی تازە دەست پێکات. کهچی پێغهمبهره تازه بارزانی یهکان قامچی خوداوەندیان پێیەو هیچ خودایەکی خێر ناتوانێ ڕێ ی ئههریمهنانهیان لێبگرێ.
پاراستن مەشکەدڕە و پینەچیشە
مەشکەدڕ ئەو جۆرەی شێرە کوللەیە کە دوای ڕاماڵینو لووشکردنی سەوزایی و دارو درەخت پاشان هەڵدەکوتێتە سەر جۆرە بێ دەسەڵاتەکانی چینی خۆی و جانەوەرانی تر. پاشان بەوەشەوە ناوەستێ پەلاماری خۆی ئاراستەی مەشکەکانی دایکە دەست و پێ قڵیشاوەکانو خوشکە چەوساوەکانی گوندو لادێ ئاوڕلێنەدراوەکانمان دەکات .
پینەچیش ئەو خاڵۆ پهککهوتهکهیە کە، خۆی و درەوشەکەی لەسەر کەرتە بلۆکێک لە قوژبنێکی شارۆچکەیەکی نیمچە وێرانی ئەم وڵاتە خاپوورە هەڵتۆقیوهو لە سپێدەوە تا درەنگان چاوەڕێیە پیرێژنێک مەشکەیەکی دڕاوی بۆ لابەرێتو بە کرێکەی بژێوی مناڵە داماوەکانی پێدابین بکات، ئیتر خاڵەی پیر دنیای لا بەهەشتەو بیر لە هیچ کینەو مەرامێک ناکاتەوە جگە لەوەی شوکرانەی خوا دەکات چونکە نانی ئێوارەی پەیدا کردووەو دڵی ڕۆڵەکانی پێخۆش دەکات.
پاراستنیش ئەو کۆمەڵە جڕووجانهوهرهیه هەر کە تینوویان بوو پەرداخەکانیان پڕدەکەن لە خوێنو مەزەکەشیان ڕوح و کڕۆکی مرۆڤە، هەر کە برسیشیان بوو ئەو شمشێرەی لە قوڕەیش لەکالان هاتەدەرو، لە دەشتی مەرگە دهست و ملی شێرە کوڕەکانی کوردی یان پێ پەڕاند ئێستا لای ئەوانەو هەرگیز نەیان هێشتووە دڵۆپی خوێنی لێببرێ و، به گورجی دەیخەنە کار و گەردنی چەندین مرۆڤی پێدەبڕنو مۆخی چەند گەنجێک و دەستو پەنجەی چەند نووسەرو خوێندکارێک سەرئاگر دەنێن و لچو لێوی چەند کیژۆڵەیەکی تێدەگوشن و شۆرباوی سەروپێ هەڵدەقوڕێنن. ئەوان ئەو ڕێوی یە کوللانەن نەک شێرەکوللە کە هێندە چاوچنۆک و برسین نەک بە هەڵلووشینی گەڵاو گوڵ و سەوزایی و دڕینی مەشکە بگرە ئەوان هەر چرکەیەو لە شوێنێک دڵێکی کورد کون کون دەکەن خوێنەکەشی بۆ ناو ئەو مەشکە زەبەلاحەی خۆیان کە لەوەتای شمشێرەکەشیان وەرگرتووە خوێنی لاوانی کوردی تیا دەژەنن. هەموو هێزی چنگ و ددانە تیژەکانیشیان دەخەنە ناو، و گەر تەنها بۆ پاراستنی مەشکە زەبەلاحەکەی خۆیان و دڕاندنی هەموو مەشکەکانی ئەو دایکە بەش مەینەتیانەی کە ئاخۆ چەند نزای کردبێت تا مەڕدارێک لەگوندەکەیان یان درواوسێ ی دێ کەیان مەڕێک بکات بە خێر و ئەویش لە سایەی ئەوخێرەوە کەوڵە مەڕێکی دەستبکەوێت و بیکات بە مەشکە. ئەگەر پیرە مانگاکەیان چۆڕە ماستێکی بوو تیابژەنێتو بەپەلە بیباتە شار بێفرۆشێتو دەستگیرۆییەکی ڕۆڵەکەی بکات بە ئومێدی ئەوەی زانکۆ تەواو بکات، بەڵام ئەوان چۆن چاویان بەرای دێت خاڵەی چهماوه بە پینەچێتی نان پەیداکات و دایە پیرهش بە مەشکە ژەندن ، داو و درەوشە لەدەستی خاڵەی پیر دەستێننو مەشکەی دایکە داماوەکەش دە دڕێننو بەوەشەوە ناوەستن دڵی ڕۆڵەکەشی کون کون دەکەن لەولاشەوە خۆیان بە باشترین پینەچی نیشان دەدەن و وەهای پینە دەکەن کە چاوی دڵە ساویلکەکان تەقەلەکەشی نابینن، بەڵام ئەوەی خەڵکی وڵاتەکەی من ئەتوانێت بیبینێت ئەو جیاوازیەیە لە نێوان پاراستنو ئەو خاڵۆ پهککهوتهیهی سەر کەرتە بلۆکەکه، کە لە سپێدەوە تا ئێوارێ چاوەڕێی دوو تەقەڵی پینەیەکە تەنها لەرێی نان. مامەی پهککهوته خوداپهرستێکی دڵسافەو چاوەڕێی بەیانی یەکی ئارام ئارامه. ئەوانیش شهیتانێکی چنگ بە خوێنن چاوەرێی ئێوارە خوانێکی ترن تا چەند پەرداخێکی تری خوێن (ببوورن مهشکهی خوێن) هەڵقوڕێننو بە دیار مەنجەڵە سەروپێکەوە قاقا...پێبکەنن بەو گەمژانەی کە بە پەنجە خستنە ناو شوشەیەک مەرەکەب تەختی شەیتانێتیان پێ بەخشین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست