پەیامى توركیا بۆ كۆبانێ چیە؟
Sunday, 19/10/2014, 12:00
كۆبانێ بۆ كورد ڕەمزى بەرخودان و مقاوەمەتە، شوناسی زیندوێتى ئەو دۆزە ڕەوایەیە كە ساڵەهای ساڵە بۆ گەیشتن بەئازادی و سەربەخۆیی و بەدیهێنانى مافە ڕەواكانى، خەباتى لەپێناودا دەكات.
كۆبانێ شارێكى كوردی ڕۆژئاوایە و بەسەر سنووری توركیاوەیە.. لەماوەى كەمتر لەمانگێك دژ بەداعش داستانێكى ئەوەندە نەمری تۆمار كرد، سەرنجی هەموو دنیای بەلای خۆی ڕاكێشاوە لەكاتێكدا سەرەڕای ئەو هەموو هێرش و پەلامارەى داعش بۆ داگیركردنى ئەو شارە گرتیە بەر، شەرڤانانى یەپەگە جوامێرانە سەنگەریان بەرنەدا و لەشەڕی كۆڵان بەكۆڵاندا چ جای كەمى تفاق و ئازووخە و پشتیوانى، ئەوجا نەیانهێشت خەونە گڵاوەكانى داعش بێنە دی، هەر ئەو بەرگریە بێوێنەیە وایكرد هەموو دونیا بەبایەخەوە باس لەو شارە و شەرڤانان بكەن تا كار بەوە گەیشت توركیا ڕەزامەندی نیشان بدات كە جگە لە كوردانى سوریا ڕێ بەهیچ كوردی پارچەیەكى دیكە نەدات تا بچنە كۆبانێ تا شان بەشانى شەرڤانان دژ بە داعش بجەنگن.
توركیا لەو كارەساتە گەورەیەى كۆبانێدا سوپایەكى زۆری بەتانك و زریپۆش هێناوەتە سەر سنوور و بەدووربین تەماشای ئەو شەڕە دەكەن، كەچی ئامادەنین هیچ بكەن و ڕێگەیش بەكەس نادەن بچنە ئەو شارە، تێڕوانینى توركیا بۆ كۆبانێ خۆی لەچەند خاڵێك دەدۆزێتەوە:
1- كۆبانێ چەند زەرەرمەندبێ و بكەوێ و بڕووخێ و لەكوردان شەهید بكرێ، توركیا پێی دڵشاد دەبێ لەوەى ئەگەر هەر بەجارێ شارەكە كاول ببێت، ئەوە ئەو شوێنە بۆ توركیا وەكو سنوورەكەى دەبێتە شوێنێكى ئارام، خۆ ئەگەر هەر نەكەت هەمدیس بەناچاریشبێ مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان و ئەو كوردانە دەكات كە لەو شوێنە دەمێننەوە.
2- ئەگەر كۆبانێ كەوت و داعش دەستى بەسەر ناوچەكە داگرت ئەوە توركیا وەكو چۆن ژێر بەژێر پەیوەندی هەیە، لەو كاتەدا زیاتر پەرە بەپەیوەندیەكانیان دەدەن، كە بۆ توركیا مامەڵەكردنی لەگەڵ داعش پێ لە كورد باشترە و هەرگیز ئاسوودەنابێت بەشوێنێ كوردی تێدابێت و كوردەكانى سەربەخۆبن، لەوەشدا چونكە لەوڵاتەكەیدا كورد هەیە ئەوەش هەمیشە ئەو ئاستەنگ و ناڕەحتیەیە بەردەوام بەرنامەى بۆ دادەڕێژێ و حیسابی بۆ دەكات.
3- لەهەر هەڕەشەیەكى ئێران بۆ توركیا بتوانێ داعش لەڕێی ئەو سنوورەوە دژ بەئێران بەكاربێنێت.
4- پەكەكە كە بۆ توركیا دوژمنە سەرسەختەكەیەتى و هەڵگری بیری سۆسیالیستین، ئەمەش بۆ توركیا دەبێتە پاروویەكى چەور تا داعشیان بەگژدا بێنێت و لەجیاتى توركیا شەڕی پەكەكەیان پێ بكات.
5-توركیا لەو چاوەڕوانى گۆڕانكاریەكاندایە و بەوردی تەماشای ڕووداوەكان دەكات ئاخۆ بە چ ئاقارێك دەكەوێت تاوەكو بۆ ئەو كاتە بەپێی بارودۆخەكە ڕەفتار بكات.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست