دوو قسە بۆ 7.3.2010
Tuesday, 02/03/2010, 12:00
ئەوەی لەو چەند رۆژەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەدواداچونێکی سەرپێیانەشی بۆ ڕێوڕەسمی بانگەشەی هەڵبژاردن کردبێت ،تێدەگا ت کە ئەو خۆ هەڵکوتان و هات و هاوارەی هێزە زۆرانبازەکان چەند لە رەوشتی سیاسی ناو فەزای مەملەکەت و کۆمەڵگای دیموکرات دورە . تێناگەم بۆ ئەوەی دەنگی هاودەنگی هێزی دەسەڵات نەبێت قێزەوەنترین رابردوو مێژووی بۆ دروست دەکەن .تێناگەم ئەو هەموو شڵەژان وپەشێوی وهەراسانیەی بۆچیە کاتێک 7.3.2010 رۆژی دەرکەوتنی راستیەکان بێت. ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە ئەو وێنە مەترسیدارانەن کە لەتەماشاکردنیان نەک هیچ فێرنابین بەڵکو دەمانگێڕێتەوە بۆ سەردەمێک کت و مت لە دەورانی بەعس دەچێت، کاتێک ڕەفیق حزبیەکان خوێندکارو مامۆستاکانیان بۆ ڕێورەسم و بۆنە حزبیەکان بانگ دەکردن بەزۆر راپێچی سەر شۆستەو شەقامەکانیان دەکردن . کاتێک ئەو وێنانە دەبینم خەم و ئازارەکانی هاولاتیانی وڵاتەکانی ئەوڕوپای ڕۆژهەڵاتم وەبیر دێنەوە کاتێک حیزبی سەرکردەو باوک بە هەموو شادەمارەکانی ژیانیاندا شۆڕببوەو تەنانەت حزب لە شێوازی قسەکردن و جل و بەرگ پۆشین و خواردنی هاوڵاتیانیش دەبوا ئاگادار بوایە .
چ کارەساتێکە کرێنشین بە بیانوی پێدانی خانو بۆ بەردەمی بارەگای حیزب بانگهێشت بکرێت و لەوێش کاندیدی حیزب قسەی قەڵە و درۆی شاخداری بۆبکات و داوای دەنگ پێدانی لێبکات ، ئەوە جگە لە ئیفلاسی سیاسی بترازێت دەبێت چ وانەیەکمان فێربکات ،کاتێک لە فەرهەنگی حیزبدا ماکسی ودۆلکەو مەسینەو لاپتۆپ ودەمانچەی چواردە خۆر جێگای خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی پێویستی کۆمەڵگا دەگرنەوە ،دەبێ واتاو ماناکانی کۆمەلگایەکی مەدەنی و شارستانی چۆن لەو فەرهەنگەدا تەفسیر بکرێن یان شێوازی بیرکردنەوەی سۆسیال دیمۆکراتەکانی رۆژهەلات وایە و ئەمەش بەشێکە لە پرۆژەی بەدیموکراسی کردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە حیزبی کوردی بەنیازە ئەنجامی بدات ...... کاتێک ئێوە دەبینم لەسەر وێک نەچونی ڕەنگەکان ئازاری براکانتان دەدەن نازانم جیاوازی نێوان ئێوەو میلیشیاکانی کۆنگۆو سۆماڵ و باشوری لوبنان و وئەفغانستان چیە .
ئەدی ئەوە کارەسات نیە ...خزمێکمی نەخوێندەوارم هەیە تا ئێستاش بە وشەی عەرەبی فقگ دەڵێت فەتەق کەچی یارمەتی دیوەخانەکەی هێندەی پرۆفیسۆرێکی زانکۆیە . لە گەڵ ئەوەشدا هەر حیزب مەمنونیەتی نەوەکو سەنگەر بگوازێتەوەو لایەکەی ئەوبەر بیقۆزنەوە . یان خزمێکی ترم هەیە کە شەهادەی شەشی سەرەتایی نیەو دوەمین جارە دەبێتە ئەندامی پەرلەمان .
چ سەیرێکە کاتێک ئامادەنەبوی رەنگی حیزبی دەسەلات هەڵبگری هێزی دژە تیرۆر بێت و تیرۆرت بکات . ئەرێ زمانی گولە بەس نەبێت ئەرێ لە کوشت وبڕین تێر نەبوون یان ئەوە خوەو لەگەڵی ڕاهاتون و بۆتان تەرک ناکرێت . خۆ خوێنی ئەو هەزاران کەسە بەسە بۆئەوەی دەرسێکی لێوەربگرن کە لە دوای ڕاپەڕین ڕشتان و هیچ ئاکامێکی نەبوو، جگە لە ماڵوێرانی و هەتیوکردنی سەدان منداڵ و بە بێوەژن کردنی هەزارانی دیکە .
دەبێ ئەو بڕوایە لای هەمووان دروست بێت کە فەلسەفەی تەقڵەوفیل سەردەمێک بوو گوزەشت ، چونکە ئەمڕۆ ئێمە خاوەنی دونیای دوای 25.7 ین . دەبێ بزانین سەردەمی پیرۆزکردنی کاریزماکان گوزەشت و هێزی گەل بۆتە خاوەن کاریزما و دروشمی نا بۆ گەندەڵی و نایەکسانی ،ئەو جارە مێژو دوبارە نابێتەوە بەلکو خۆی نوێکردەوە .
چیتر وێنەکانی هەڵەبجەو هۆمەری خاوەر مەکەنە کەرەستەی سیاسەتی جوڵاندنی هەست ونەستی خەڵک لەبەر ئەوەی هەڵەبجەو ئەنفال و کیمیا باران مێژوی پڕتراژیدیای نەتەوەیەکە نەک بەتەنیا هی ئێوە. شەهیدە سەربەرزەکانمان (ئەوانەی لەسەنگەری دژی بەعس شەهید بوون) موڵکی نەتەوەن هەموو تاکێکی نیشتیمان پەروەری ئەو ولاتە مافی خۆیەتی شانازییان پێوە بکات نەک بەتەنیا ئێوە بۆ مەرامی جیا جیا .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست