بۆ بەڕێز مستەفای سەید قادر
Monday, 14/07/2014, 12:00
بە پاڵپشتی بزووتنەوەی گۆڕان تۆ ئێستا وەزیری پێشمەرگەی، دیارە وەک باستان دەکرد، کە نابێت لە وەزیرەکەی پێشتر بچیت، واتە وەزیرەکەی پێش تۆ بە فەرمانی حیزب کاری کردوە و لەبەر خزمایەتیی و پەیوەندی شێخایەتی خۆی چاوپۆشی لە خائینەکانی سەردەمی بەعس کردووە، تۆ دەبێت ئەوە تێپەڕێنیت بەپێی ئەو بەڵێنانەی کە بزووتنەوەی گۆڕان بەخەڵکی دابوو لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، دەبێت هەموو شتێک بگۆڕیت! ئەو وێنەیەی سەرەوە وێنەی نەهرۆی کوڕی شێخ محەمەدی شێخ عەولکەریمی کەسنەزانی سەرەک جاشە لەگەڵ تەیب ڕەجەب ئەردۆغانی سەرەک وەزیرانی دەوڵەتی تورکیای دوژمنی سەرسەختی نەتەوەی کورد گرتووە، هەر بۆ خۆی ئەو وێنەیە زۆر مانای هەیە! هەر هیچ نەگەیەنێت ئەوە دەگەنێت کە خیانەت لە هەناوی دەچۆڕێت! نەهرۆ لەسەردەمی بەعسدا ئەندامی بەناو ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق بوو ئێستا لەووڵاتی ئوردون نیشتەجێیە و هەرکاتێکیش بیەوێت بە بێ ترس دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و لە ماڵی شێخ محمەدی باوکی لە باخی بەختیاری کە ناویان ناوە (تەکیەی کەسنەزان) دەمێنێتەوە، تەکیەکەی باوکیشی لە بینای وەزارەتەکەی تۆوە زۆر دوور نییە گەر بەئەرکی خۆت هەڵبسیت و بتەوێت لە وەزیرەکەی پێش خۆت نەچیت. ئێوە ئەگەر بە راستی بۆ ئەوە هاتوون، کە دەبێت بیگۆڕن، دەبێت خاڵێک دابنێیت کە لەوێوە دەست پێ بکەیت، نەک لێکچونێک لەوانەی پێشووترتان کە دەسەڵاتەکەتان تەنها بۆ دانیشتن بێت، فەرمو ئەمە ئەرز و ئەوە گەز!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست