کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كێ راستگۆیە ؟

Sunday, 01/06/2014, 12:00





لەبەر ئەوەی وتم، پێش ئەوەی بە هەڵبژاردن و ئاكامەكانی دڵخۆشبین، پێویستمان بە شۆرشێكی رۆشنبیری هەمەلایەن هەیە لە كوردستاندا، رەخنەیەكی توندیان لێ گرتم، وتیان دەكرێت دیموكراسی لەم زەمینەشدا پیادە بكرێت .
بۆ شیكردنەوەی باوەربونم بەو بۆچونە،لەوەڵامدا دەڵێم: كات و چونێتی مومارەسەكردن و پاڵپشتی و ویستی راستگۆیانە و پێداگری لە سەر بنەما و بناغە و ئالیەتی دیموكراسی، فاكتەرگەلێكن كە بە بێ راهێنانێكی سەخت و قورس، مومكین نیە بمانگەیەننە قۆناغی دیموكراسی راستەقینە . هەڵبژاردنی نوێنەری گەل ئەوە ناگەیەنێت كە پێگەكانی دیموكراسی تەواو بون و پێویستمان بە هیچ نەماوە، بەڵكو،ئەوەی راست بێت هەڵبژاردن تاكە ئالیەتێكی بچوكە لە نێو چەمكی فراوانی دیموكراسی راستەقینەدا، تەنها لە پێناو دیاریكردنی شێوازی سیستمی حوكمداری جێبەجێ دەكرێت . بەڵگەش لەوەدا روندەبێتەوە كە ئەمە چەندین جارە پرۆسەی هەڵبژاردن لە كوردستان جێبەجێ دەكرێت و هیچ هەنگاوێك پێش نەكەوتوین، تەنانەت دەستاودەستكردنی دەسەلاتێكمان نەبینیوە كەسەرەتای جێبەجێكردنی چەمكی دیموكراسی راستەقینەیە لە هەمو دونیادا، بەڵام ئەوەی دەسەڵاتدارە لە كوردستاندا بە هەر شێوەیەك بێت بەردەوامە لە حوكمرانیدا و، زۆرینەیەكی درۆزنانە دەستەبەر دەكات بە هەر رێگەیەك بۆی بلوێت . بۆیە واراستترە، لەم بوارەدا، خۆمان لەسەر رێگەیەك رابێنین كە بۆ هەموان روون بێت .
هەمومان دەزانین بە بێ كۆمەڵگەیەكی رۆشنبیر كە مومارەسەی ژیانی كۆمەلایەتی و، رەوتی سیاسی و فكری و تەنانەت ئەخلاقی تاكیش فەراهەم بكات، نابێت بە ئالیەتێكی تەسكی دیموكراسی لە نمونمەی پرۆسەی هەڵبژاردن دلخۆشبین، كە لایەنەكان وەك مۆدێلێك و بە روكەشی لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا جێبەجێی بكەن و، تەنها بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە لە دەسەلات بمێننەوە، نەك وەك ئامرازێك لە پێناو جەوهەری دیموكراسی راستەقینەدا كە خۆی لە بەرجەستەكردنی ئازادی و عەدالەت و یەكسانی هەلی باشی ژیان و خوشگوزەرانی بۆ هەموان و ئاسایشی تاك و كۆمەڵگە و رێز لە ماڵ و موڵكی گشتی و فەراهەمكردنی بەهای راستگۆیی لەگەڵ خەڵك و ئەمانەت و پێكەوەژیان و ئاشتەواییدا دەبینێتەوە، لێی بروانن، كە دەتوانین ئەمانەش لە ئەرك و مافەكانی تاك و دامودەزگاكاندا كورتی بكەینەوە .
بەبێ دابینكردنی ئەو فاكتەرانە و بەرقەراربونی زەمینەیەكی دروستی رۆشنبیری لەهەمو لایەكەوە، دەكرێت لایەنە سیاسیەكان یاری بە دیموكراسیەوە بكەن، نەك باوەریان بە پیادەكردنی دیموكراسی راستەقینە بێـت . ئایا دیموكراسی تەنها لە هەڵبژاردندا قەتیس بكەین بێ ئەوەی ئالیەتی كاری دامودەزگاكان هیچ جیاوازیەكی لەگەڵ حوكمی دیكتاتۆریەتدا هەبێت ولە بنەرەتدا یاسای حوكمی دامودەزگەییمان نەبێت ،لەوێدا تاك و كۆمەڵگە چ قازانجێك لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەكات .
بۆیە، پێش ئەوەی لە دەرئەنجامی پیادەكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن وەك ئالیەتێكی دیموكراسی ، لە خۆشیدا گەشكە بكەین، پێویستە لەم قۆناغەدا و بۆ ماوەیەكی دورودرێژ هەوڵی دیموكراسیبونی كۆمەڵگە بدەین لەهەموو رویەكەوە و، لە سەرجەم بوارەكاندا پەنجەرەیەكی كراوە بدۆزینەوە بۆ ئەوەی رۆشنبیری دیموكراسی هەر لە تەمەنی منداڵیەوە فێری نەوەی نوێ بكەین، ئەوجا دەشێت بە هەڵبژاردنەكان دڵخۆش بین، ئەم ئامانجە گەورە و پیرۆزە بە راهێنان وهەوڵ و تەقەلای هەمو لایەك دەبێت كە دەكرێت بە شۆرشێكی رۆشنبیری هەمەچەشن بێتەدی و،سەرەتاش دەبێت لە رێگەی چەندین مومارەسەی راستەقینە و فێربون و دیموكراسیەتی كۆمەلایەتیەوە دەست پێبكەین ، كە بەدیهێنانی ئاواتە هەمەجۆرەكان و ئەم ئامانجەش پێویستی بە قۆڵهەڵماڵینی سەرجەم بژاردەكان هەیە، لە هەمو لایەكەوە .ئەوسا بە پرۆسەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و ئازادی گشتیدا دەگەینە بەشێك لە ئامانجە راستەقینەكەی دیموكراسی . بۆ گەیشتن بەو قۆناغە پێویستمان بە چەندین تاقیكردنەوە و راهێنان و كاری سەخت و بەردەوامی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان بەم چەمكەوە دەبێت، ئەمەش لە سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەتەوە بگرە تا رێكخراوە مەدەنیەكان و رۆشنبیران و ئەدیب و شاعیر و هونەرمەند و نوسەران بەگشتی و، لە ماڵەوە بۆ جادە و قوتابخانە و شوێنە گشتیەكانیشدا .




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە