بەرزكردنەوەى ئاستى ئەكادیمى لە زانكۆكان لە پڕۆژەكەى وەزیرى خوێندنى باڵادا
Saturday, 01/05/2010, 12:00
بیر كردنەوە لە چارەسەركردنى كێشەكانى زانكۆكانى كوردستان رزگاردنى ئاستى زانست و پەروەردەى زانستى بە شێوەیەكى گشتى لە كوردستان ، ئەركى هەموو ئەكادیمیستان و رۆشنبیرانى كوردە ، لەبەر ئەوەى ئەمڕۆ زانكۆكانى كوردستان بە تایبەتى و ئاستى فیركردن لە كوردستان بە شێوەیەكى گشتى لە قەیرانێكى راستەقینەدایە . زانكۆكانى كوردستان نەك هەر نەیانتوانیوە كۆمەڵگاى كوردى بەرەو پێشەوە بەرن ، بەڵكو بوونەتە بارێكى قورسیش بەسەر كۆمەڵگاوەو ساَلانە لە رَیكاى زانكۆكانى كوردستان ملوێنان دینار لە قووتى گەلى كورد بەهەدەر دەدرێت !!! سەیر لەوەدایە كە بە شانازیەوە باس لەو بە فیڕۆدانەش دەكرێت و بە دەستكەوتى گەورە لە قەڵەم دەدرێت !!!
بۆیە هەر هەولێك بۆ چارەسەر كردنى ئەو بارە جێگاى رێز لێگرتن و دەست خۆشیە . بەڵام بەر لەوەى هەر كارێك بكرێت بۆ كۆڕانكارى و چاكسازى لە زانكۆ ، پێویستە چەند پرسیارێك ئاراستەى خۆمان بكەین ، كە سەرەتاینرینیان ئەوەیە كە ئێمە بۆ گۆڕانكارى دەكەین ، مەبەستمان لە چاكسازى چیە ، چى چاك دەكەینەوە ، چۆنى چاك دەكەینەوە ، بۆچى بەو شێوەیە چاكى دەكەینەوەو بە شێوەیەكى تر چاكى ناكەینەوە ، كام شت بەر لەوەى تر چاك دەكەینەوە ، سەرەتا لە كوێوە دەست پێدەكەین ، بۆچى خاڵێك دەخەینە سەرەتاو خاڵێكى تر دەخەینە كۆتایى ، یاخود رێزى پێشەوە دەدەینە بابەتێك و رێزى دواوە دەدەینە بابەتێكى تر ؟!
بەر لە هەموو شتێك گێڕانەوەى رێزو بەها بۆ زانكۆكانى كوردستان ، لە رێگاى روانگەیەكى فرەگیرەوە نابێت . دیاریكردنى كردنى خاڵەكانى دەست پێكردن و ریزبەەندیكردنى چارەسەركردنى كێشەكان ، پێویست بەوە دەكات چاكساز لە قوڵایى لە خودى كێشەكان گەیشتبێ ، لە ناویاندا ژیابێ و هەستیات پێبكات ! ئەگینا بە پێچەوانەوە هەر هەوڵێكى چاك كلردن ، رێگایەك دەبێت لە پێناو تێكدان و دواخستنى چارەسەریە راستەقینەكان ، بۆیە هەوڵە چاكسازیەكان لە كوردستان ، زیاتر لە هەوڵ و كردارى پڕوپاگەندەیى دەچن زیاتر لەوەى هەوڵى راستەقینە بن بۆ چارەسەرى !
بەر لە هەموو شتێك بۆ چاككردنى هەموو بارە دزێوەكانى ناو كۆمەڵگاى كوردى ، بە تایبەتیش ناو زانكۆ كە ئەم بابەتەى بۆ تەرخانكراوە ، دەبێت ئێمە راستگۆ بین لەگەڵ خۆمان و چارەسەركردنەكان بە مەبەستى پێشوەبردن دەست پێبكەین ، نەك بە مەبەستى سیاسى تر ، واتە ئیرادەى چاكبوونەوەمان هەبێت لە كوردستان ، بەڵام دیارە بە تەنها ئەو ئیرادەیەش بەس نیە ، بەڵكو تێگەیشتن لە كێشەكان وژیان لەتەك كێشەكان مەرجێكى سەرەكین بۆ چارەسەركردنى كێشەكان ، لەو حاڵەتەدا وەكو چاكسازێك خۆمان لە دەرەوەى كێشەكان نابینین ، بەڵكو وەك بەشێك لە كێشەكان و كە رەنگ بێت ئێمە خۆشمان بەر پڕۆسەى چاكسازیەكە بكەوین !!! تۆ چۆن دەتوانیت باس لە چاكسازى بكەین كە لەسەر بنەمایەك هاتبى ، كە ئەو بنەمایە خۆى پێویستى بە چاكسازى هەبێت، تۆ چون دەتوانى لە قووڵى كێشەیەك تێبگەیت ، كە خۆت لە ناویدا نەژیابى ؟! گێڕانەوەى بایەخ بۆ زانكۆ ، بە تەنها دڵنیاكردنەوەى قوتابى نیە ، بەڵكو دڵنیا كردنەوەى كۆمەڵكا و گەڕاندنەوەى رێزو بەهایە بۆ بڕوانامەكانى كوردستان ، ئەمەش لە رێگاى پڕۆژەیەكى رووكەش و سەر پێى ئەنجام نادرێت ، بەڵكو پێویستى بە كار لەسەر كردنێكى دڵسۆزانەو توێژینەوەیەكى واقعبینانە هەیە. هەڕپڕۆژەیەك كە بەو نەفەسە پێشكەش بكرێت ، لە برى چاككردنەوە ، شوێنەوارێكى مەترسیدارى لێدەكەوێتەوە ، دەر ئەنجامى كابینەى شەشەمیش لە سەر زانكۆ وەك دەر ئەنجامى ئەو گۆڕانكاریانە دەبێت كە لە گۆڕینى سەرۆك زانكۆكان روویدا ، بەم چەشنە زانكۆكان لە دواوە بۆ دواوەتر چوون ، بۆیە بارى ئێستاى زانكۆ چیتر بەرگەى ئەو جۆرە چاوشاركێیە ناگرێت و ئەوەندەى ماویشە لە دەست دەچێت !
ئەو چەند لاپەڕەى كە بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا وەكو پڕۆژەیەك بەسەر مامۆستاكان و زانكۆكانى دابەشكرد و بڕیاردرا كە كار پێبكرێت ، تێگەیشتنێكى زۆر رووكەشانەى بۆ كێشەكانى زانكۆ تیادا خراوەتە روو ، هێندەى كەوتۆتە ژێر كاریگەرى كەف و كوڵى سۆزێك بۆ نیشاندانى تواناكانى خۆى ، لایەنى ئەقلانیەتى لە دەستداوە ، هەر بۆیە لەو چەند لاپەڕەدا جەنابى وەزیر دەیەوێت وا نیشان بدات كە دارێكى ئە فسووناوى لە دەستدایەوە عەرەب گوتەنى بە كون فە یەكونێك هەمووشتەكان چارەسەر دەكات ، ئەمەش لەگەڵ واقعى ئەمڕۆى زانكۆكانى كوردستان یەكناگرێتەوە ، چونكە چارەسەر كردنى كێشەكان پێویستى بە هەڵوەستەكردن و وودبوونەوە هەیە لە یەكەیەكەى كێشەكان، زانكۆ جلێك نیە دوورابێ و تەنها جلێكى ترى ئامادەیى بۆ پەیدا بكەیت ، زانكۆكان لە چەند یەكەیەكى زۆر بچوكن و هەموو ئەو یەكانە دووچارى پەككەوتن هاتوون و پێویستیان بە چارەسەر كردن هەیە ، هەر هەوڵێكى واقعیانە بۆ چارەسەركردنى كێشەكانى زانكۆ ، پێویستى بە مامەڵەكردن هەیە لەگەڵ هەموو ئەو یەكانە بەتەنیاو بەجیاواز لەوانەى تر ، ناتوانرێت بە ئامڕازێكى كۆن و ژەنگاوى بەرهەمێكى نوێى و داهێنەر پێشكەش بە كۆمەڵگا بكەیت ، ئەو یەكانەى كە زانكۆكان و كایە ئەكادیمى وپەروەردەییەكانى لێ پێكهاتوە ژەنگاوى بوون و هەربۆیەیەكى تر بكرێن ئەویش ژەنگاوى دەكەن ، لەو نووسراوەى بەڕێز خوێندنى باڵا ، كە جلێكى نوێ ، كە لە راستیدا ئەو جلە لەنگەیەو نوێ نیە ، واتا ستایلێكەو زانكۆكانى رۆژئاوا پەیڕەوى دەكەن ، بخرێتە بەر ئەو هەموو یەكە ژەنگاوییەى زانكۆ بۆ ئەوەى رووێكى نوێ نیشان بدات ، كێشە چارەسەر ناكات ، وەكو مەسیح دەڵى جلێكى كۆن بە پەڕۆیەكى نوێ پینە بكەیت ، هەم جلە كۆنەكە سوودى نامێنێ و هەم پەڕۆ نوێیەكەش بە هەدەر دەڕوا ، جا ئەگەر ئەو ووتەیە دواى جێبەجێكردنى ئەو پڕۆژەیە لەسەر بارى زانكۆكان پراكتیزە بكەین ، ئەوسا بۆمان دەردەكەوێت كە چ عاجباتیەكى لێدەر دەچێت !!!
كەواتە دەبێ ئەوە بزانین هینانى ستایلێكى رۆژئاوا بۆ كوردستان ، ئەمە داهێنان نیە ، بەڵكو لاسایكردنەوەو كۆپیى كردنێكى كاڵە ، كە ئەمە لە لایەك هیچ بایەخێك بۆ ئەو توانا ئەقڵیانە ناهێڵێت كە لە زانكۆكانى كوردستان داهەن و لەبەر هەڵوێستى زانستیانەو كوردپەروەرانەى خۆیان لە لایەن دەسەڵاتەوە پشتگوێ خراون ، لە لایەكى تر زانكۆ دووچارى پاشا گەردانیەكى ترسناك دەكات .... ناتوانرێ هیچ هەوڵێكى چاكسازى بدرێ ئەكەر پێناسەیەك بۆ ئەو شتانە نەكەیت كە دەتەوێ گۆڕانكاریان بەسەر دابكەیت ، لەو پڕۆژەیەدا ئەوە هەست پێدەكرێت كە نەتوانراوە دەستەواژەكان لە شوێنى خۆیان بەكار بهێنێت ، رۆڵەكان بە شێوەیەك بەسەر پێكهاتەكانى زانكۆكان دابەشكراوە ، وەك ئەوەى ئەو پێكهاتانە خۆیان لاوازو پەككەوتە نەبووبن ، جا ئەگەر ئەو یەكانەى زانكۆ بەو شێوەیە كارامە بن و بتوان ئەو ئەركانە راپەڕێنن ، كە لەو نووسینەدا هاتوە ، هیچ پاساوێك بۆ خودى ئەو نووسینەى بەڕێز وەزیرى خوێندنى باڵا نامێنێت !
با بەشێوەیەكى تر بە وردى ئەو پڕۆژەیە شیبكەینەوە و لە چەند خاڵێكدا گفتوگۆى بكەین ، بۆ ئەوەى بتوانین زانستیانە تر مەبەستى ئەو نووسینەمان بخەینە روو :
1- بەڕێز جەنابى وەزیر باس لە دانانى لیژنەیەك دەكات كە پێویستە لە كۆلیژەكان دروست بكرێت بۆ سەرپەرشتیكردنى
پرۆژەى دڵنیایى جۆرى خوێندن ، لێرەدا خاڵەكە ئاساییە ، بەڵام ئەوەى نا ئاساییە ئایا جەنابیان شارەزاى كەلتورى دانانى لیژنەكانە لە زانكۆكانى كوردستان ،؟! ئایا شارەزاییان لە بەشەكان و شێوازى دانانى سەرۆك بەشەكان هەیە لە زانكۆ ، ئایا دەزانێ پلەى سەرۆك بەشەكان لە كوردستان بەشێكى زۆریان بە قۆنتەرات دراون و كۆنتراكتەكەشیان بە درێژایى هەموو تەمەنیانە !!! ئایا دەزانێت راگرەكان لەسەر چ بنەمایەك دانراون ، ئایا دەزانێ سەرۆكى زانكۆ لەسەر چ بنەمایەك دانراوە ، ئایا بەڕێزیان ئاگادارى ئەوەیە كە خۆى لەسەر چ بنەمایەك ئەو پۆستەى وەرگرتوە ، ئەمانە ئەو كەسانەن كە بەگوێرەى پڕۆژەكە لیژنەكان پێكدەهێنن ، بەرێزیان ئاگادارە زۆربەى ئەو مامۆستایانەى كە تواناى چاكسازی و ئیرادەى چاكسازیان هەیە ، تواناى ئەوەیان نەماوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دەم و چاوانە بكەن ؟! ئایا دەزانى ، هەمان ئەو قوتابیانە كە پڕۆژەكە دەیەوێ دڵیایان بكاتەوە ، حەز بە دیتنى ئەو روخسارە دزێو بوانە ناكەن ، بە گوێرەى ئەو پڕۆژەیە ئەوانەى بەگەندەڵ بوون نۆمەت بار دەكرێن ، خۆیان پرۆسەى چاكسازیان دەدرێتە دەست !!! ئەو لیژنانە بە شێوەیەكى سەرەكى بە هەمان شێوازو بە هەمان ئالیەت پێكدێن كە پلە ئیداریەكانى پێ لە زانكۆ دانراوە ، گرنگ نیە جەنابى وەزیر بە چ مەبەستێك و چۆنى داناوە ،ە گرنگ ئەوەیە ، ئەمەیە كە ، كەلتتورى دانانى لیژنە لە زانكۆكانى كوردستان، بە شێوەیەكى سەرەكى ئەو كەسانە دایدەنێن كە باڵا دەستن لە زانكۆ ، واتە ئەو كەسانەى لەرێگاى حیزبەكانەوە بەرۆكى زانكۆیان كرتوەو پەككیان خستوە ، مەبەستمان لێرە ئەوەیە ئەو لیژنانە هەمان ئەو كەسانە دەبن كە زانكۆكانیان پەكخستوەو خۆیان پێویستیان بە چارەسەر كردن هەیە! ،جا ئەوانە كە خۆیان هۆكارى گەندەڵى بن و بكرێنە ئەندامى لیژنەیەكیش بۆ چاكسازى كردن ، دیارى چ مەهزەلەیكى لێدەكەوێتەوە ! بۆ راستى ئەو بۆ چوونەشمان ، بەڕێزیان دەتوانن ئەو لیژنانە بەسەر بكەنەوە كە دواى ئەو پڕۆژەیە بۆ ئەو مەبەستە لە ناو كۆلیژەكان دانراون !
ئەمە بە روونى ئەوە دەخاتە روو كەوەك لیژنە داراییەكان ، لە لیژنە زانستیەكانیشداە دزو خاوەن ماڵ لەسەر یەك خوان كۆدەكرێنەوە ! واتە هەمدیس توانا راستەقینەكانى زانكۆ پشت گوێ دەخرێن ،
2- كاتێ كە باس لە مامۆستاى زانكۆ دەكرێت ، دەبێ ئەوە بزانرێت كە ئەو كەسانەى لە زانكۆكانى كوردستان ناوى مامۆستایان پێبەخشراوە ، تا چەند پێویستیەكانى مامۆستایەتیان تێدایە ، ئێمە دەزانین ململانێى نێوان یەكێتى و پارتى و دەست تێوەدردانى حیزب لە كارو بارى زانكۆكان ، سوپایەك لە نەخوێندەوارانیان هێناوەو جلى مامۆستاى زانكۆیان لەبەر كردوە ، جا تۆ چۆن دەتوانى بە ستاندەرێك مامەڵە لە گەڵ كەسانێك بكەى ، كە بەهۆى بارى گەندەڵى كوردستان ، سیفەتى مامۆستایەتیان وەرگرتوە ، بەڵام بەهۆى نزمى ئاستى مەعریفیان بێبەشن لە گیانى مامۆستایەتى ، واتە مامەڵەیەكى ناشارستانى لەگەڵ چەمكێكى شارستانى كراوەو ، شێوێندراوەو لە واتا راستەقینیەكەى پووچەڵ كراوەتەوە ، كەواتە بەشێكى زۆرى لەوانەى پڕۆژەكە مامەڵەى مامۆستایان لەگەڵ دەكات ، قاوغێكى بێ ناوەڕۆكن بەربەستێكى راستەقینەى بەردەم ئەو جۆرە پڕۆژانەن ، بۆیە لە لایەك تواناى جێبەجێكردنى ئەو پڕۆژەیان نیە ، لە لایەكى تر ئەگەر جێبەجێشى بكەن بە شێوازێكى واى جێبەجێدەكەن ، كە پڕۆژەكە لە ناوەڕۆك و مەبەستى خۆى پووچەڵ دەكەنەوە ...
2- بەرامبەر مامۆستا ، توێژێكى تر هەیە ، قوتابیە ، كە مەبەستى سەرەكى پڕۆژەكەیە ، قوتابى لە كوردستان ناكرێت بەراورد بكرێت لەگەڵ قوتابیانى رۆژئاوا ، بە هۆى بوونى ئەو جیاوازیە زۆرەى كە لە نێوان كوردستان و وڵاتانى ئەورپادا هەیە ، كە تەنانەت بوارى بەراوردكردنیشى تێدانیە ، قوتابى لە كوردستان ئەو كەسایەتیەیە وەكو مرۆڤى كورد بە شێوەیەكى گشتى ، كەسایەتیەكى تێكشكاوە ، نەك بە تەنیا باوەڕى بە زانكۆ نەماوە ، بەڵكو باوەڕى بەو ژینگە زانستیەش نەماوە كە لێى دەخوێنى ، كێشەى قوتابى لەوە گەورەترە كە بە شێوەیەكى روكەشانە سەیر بكرێت ، جگە لە لایەنە زانستیەكە ، پێویستە ئێمە بەها مرۆڤایەتیەكە بۆ قوتابیان بگێڕینەوە ، كە لە چەند رێگایەكەوە لێیان سەندراوەتەوە ، لە لایەن دەسەڵات و دەستێوەردانى حیزبەكان لە زانكۆ ، لە رووى ئەو ناعەدالەتیەى كە لە زانكۆدا هەیە ، لەرێگاى بەشێكى زۆر لەو مامۆستایانەى كە باسمان كردن ، چونكە ئەوانە بە شێوەیەكى راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ قوتابى دەكەن ، بۆیە كاریگەریان لە هەموو لایەنەكانى تر ترسناك ترە ، ئەوانە هۆكارى سەرەكین لە تێكشكاندنى كەسایەتى قوتابى ، شێوازى ناكامڵیان ئامڕازێكە لە تێكشكاندنى بە ها زانستى و مرۆییەكان لاى قوتابى ، ئەو مامۆستایانە بە شێوەیەكى گشتى دوو رێگا پیادە دەكەن لە ماممەڵەكردنیان لەگەڵ قوتابى ، مامەڵەیەك كە پڕیەتى لە توندو تیژى ، بە شێوەیەك زیاتر لە ماممەڵەیەكى پۆلیسى دەچێت ، شێوازێكى تر ، كە سنوورەكان دەبەزێنى و لە پێناو وانیشاندان كە مامۆستایەكى مۆدێرنە هەموو بەهاكانى زانست لا ى قوتابى پووچەڵ دەكاتەوە ، هەردوو لایەنیشیان مەبەستى سەرەكیان لەم رەقتارانە ، شاردنەوەى ئەو كەم و كوڕیە زانستیەیە كە بە دەستیەوە دەناڵێنن ، بۆیە كاتێك دێتە سەر دڵنیا كردنەوە قوتابیان لەو زانستەى كە لە زانكۆكان وەریدەگرن ، دەبێت تۆ قوتابیەكت هەبێت كە ئیرادەى قسە كردنى هەبێت ، بەڵام ئیرادەى قسەكردن و رادەربڕین بە شێوەیەكى گشتى لە قوتابیان سەندراوەتەوە، نا كامڵ یوونى ئەو دوو پێكهاتە سەرەكیەى زانكۆ ، هەموو دینامیكیەتەكانى ئەو جۆرە پڕۆژانە بێبایەخ دەكا ، چونكە ئەوانە ئەو ئامڕازو یەكانەن كە پرۆژەكە جێبەجێدەكەن وبە پلەى یەكەم پڕۆژەكەیان لە پێناو دانراوە !!!
3- دەربارەى دانانى كۆرسەكان ، وەكو دەق شتى جوانى تیا هاتوە ، كە پێویستە مامۆستا ملزمەى هەبێت ، بۆ وانەكانى و بیدا بە قوتابى ! مەسەلەى مەلزەمە یەكێكە لەو تراژیدیایانەى كە زانكۆكانى كوردستانى پەكخستوە ، ئەو پەڕاوەى بەڕیزیان باسى دەكات ، عورفیكى بەهێزە لە زانكۆكانى كوردستان ، هەندێك لەو پەڕاوانە تەمەنیان دەگاتە چارەگە سەدەیەك ،كەچى هەر كۆنیش نابن !ئەمە سەربارى ئەوەى بابەتەكان لە زانكۆكان ، تەنانەت لە خوێندنى باڵاشدا ، بە گوێرەى پێویستیە زانستیەكان دانەنراون ، بەڵكو بەگوێرەى بەرژەوەندى چەند كەسانێك داڕێژراوە بۆ ئەوەى زۆرترین وانەیان بەر بكەوێت ! هەرچۆنێك بێت ، ئەم بابەتە دەشێ لە دوو گۆشە نیگاوە خوێندنەوەى بۆ بكرێت ، یەكەمیان ، بە تەنیا دانانى مادەكە بەس نیە ، رەنگ بێت لە رێگاى ئەنتەرنێتەوە ، مامۆستا بتوانێت ، بابەتى نوێو باش دەست بخات ، بەڵام ئایا توانا و ئەداى ئەو مامۆستایە لە گەیاندنى وانەكەدا چۆن دەبێت ! مادەكان دەقێكى مردوون ، پێویستیان بەوە هەیە مامۆستاكان گیانیان وە بەردا بخەن ، بەڵام رێژەى ئەو مامۆستایانەى كە لە زانكۆكاندا هەن چەندن كە لەو ئاستەدا بن ؟ دیسان دەكەوێنەوە نێو بۆسەى هەمان كێشەى مامۆستا كە لە خاڵەكانى پێشوودا باسمان كرد. لایەنى دوەم باس لە كتێب دەكات ، كە لە سەرەتادا پێویستە بدرێتە قوتابى ، ئەگەر ئەوە بۆ بابەتە زانستیەكان لە بار بێت ، ئەوا بۆ ئەو بابەتانەى كە پەیوەندیان بە زانستە مرۆڤایەتیەكانەوە هەیە لە بار نین ، چونكە دەبێت ما مۆستا وا بكات قوتابى مامەڵە لەگەڵ زۆرترین ژمارەى كتێب بكات و ئاشنا بێت پێیان ، زانكۆ ئەركى ئەوەیە كە قوتابى فێرى ئەشقى خوێندنەوە بكات ، ئەم ئەركەش بە دانانى كتێبێك ئەنجام نادرێت ، بۆیە پڕۆژەكە لەمەشدا كۆگیرەو نە چۆتە ناو وردەكاریەكانەوە ، پێویستە لە مامەڵكردن لەگەڵ بابەتە زانستى و بابەتە مرۆڤایەتیەكاندا جیاوازى بكرابوایە . لە لایەكى تر ئایا ئەو كتێبانە هەن لە كوردستان ؟ ئەگەر هەن چۆن پەیدا دەبن و بە چ زمانێك نوسراون ؟! َ جەنابى وەزیر هیچ حیستبێكى بۆ كێشەى زمان نەكردوە لە زانكۆكانى كوردستان ، رەنگە كێشەى زمان لە كۆلیژە زانستیەكان كەمتر بێت ، بەڵام لە كۆلیژە مرۆڤایەتیەكان كێشەیەكى گەورەو بەرچاوە . دەربارەى بەكارهێنانى داتا شۆو پاوەر پۆینت ، ئەوانە بە شێوەیەك بەكار هێنراون بەكاار دەهێنرێن ، (لە هەندێك لە بەشە مرۆڤایەتیەكان) من دڵنیام داهێنەرەكانیان ئەگەر بیانزانیانە لە كوردستان ئاوا زانست بە داهێنانەكانى ئەوان سووك دەكرێ ، پەشیمان دەبوونەوە لەو داهێنانە گەورانەى كە كردوویانە!!!
4- دەربارەى بابەتى تاقیكردنەوەكان و نهێنى بوونى دەفتەرى تاقیكردنەوەكان ، ،، یەكێكە لەو ئامڕازانەى كە قوتابى پێ بە كۆیلە كراوە ، هەندێك لە مامۆستاكان ، بە تایبەتى لەو جۆرە مامۆستایانەى كە باسمان كردن ، نهێنى بوونى دەفتەرەكان زۆر بە خراپى بە كار دەهێنن ، لە لایەك وەكو ئامڕازێك بۆ تۆڵە كردنەوە لە قوتابیان ، لە لایەكى تر بە شێكیان هەر دەفتەرەكان ناخوێننەوە ! كاركردنمان لە لیژنەى تاقیكردنەوەى نمونەى زۆرى لەم جۆرە دەفتەرانەیان خستووینەتە بەرچاو! بەڵام دەبێ ئەوە بزانین كە قوتابى هەمیشە مافى ئەوەى هەبوە كە دەفتەرەكانى خۆى ببینێ ، بەڵام لە لایەك ئەو نەیزانیوە ، یاخود جورئەتى ئەوەى نەبوە كە چۆن ئەم مافەى خۆى بەكار بهێنى ، لە لایەكى تر ئیدارەى كۆلیژەكان هەمیشە رێگر بوە لەسەر بەكارهێنانى ئەو مافە و تەنانەت بە شێوەیەك لە شێوەكان ئەو مافە دیزە بە دەرخۆنە كراوە، بۆیە نیشاندانەوەى ئەو مافە بە قوتابیان شتێكى باشە ، بەڵام پێویستە رێكخستنێكى وردى بۆ بكرێت ، ئەگینا بە پێچەوانەوە گەڕە لاوژەیەكى سەیر دروست دەكات و دەبێتە هۆكارێك بۆ دروست بوونى فەوزایەكى ترسناك لە زانكۆ، خاڵێكە تر دانانى پرسیارى تاقیكردنەوەكانە ، كە واى داناوە دەبێ بۆ هەر كۆرسێك سێ كۆمەڵە پرسیار دابنرێت ، بۆ ئەوەى لە كۆتایى كۆرسەكە لیژنەى تاقیكردنەوەكان یەكێكیان هەڵبژێردرێت ، ئەمە وەك ئەوە وایە، وەكو مامۆستایەكى بەڕێز" گوتى گۆشت بخەیتە بەردەم گورگ" ، لەگەڵ رێزم بۆ لیژنەكان ، ژمارەیەكى زۆریان ئەو ئەمانەتەیان تیادا رەچاو ناكرێت و پرسیارەكان دزە دەكەنەوە دەرەوە ، لە كاتێكدا تۆ بە تەنیا یەك دانە پرسیار دەدەیتە دەست لیژنە !!! ئەمە سەربارى ئەوەى ئەو كارە لە بایەخى بوونى مامۆستا وەكو كەسایەتیەكى زانستى كەم دەكاتەوە ، نابێت ئێمە هەموو مامۆستاكان لە چاوى ئەو مامۆستایانەوە سەیر بكەین ، كە پارتى و یەكێتى دروستى كردوون ، چونكە دیارە زانكۆكانى كوردستاى مامۆستاى زۆر بەڕێزو تواناى زۆر دانسقەى تیادایە ، كە لا تەریك كراون ، بۆیە چۆن دەكرێت مافى هەڵبژاردن بدەیتە لیژنەیەك كە شارەزاییان وەكو مامۆستاكە نەبێت لە بابەتەكەدا ؟!
لە كۆتایدا ئەو پڕۆژەیە ناكرێت بەو شێوەیە جێبەجێبكرێت ،، ئەگینا زانكۆكانى كوردستان دووچارى داڕمانێكى ترسناك دەكات ، بەرەو ئاقارێكى دەبات ، كە زۆر خۆاپتر بێت لەو بارەى كە تیایدا كەوتوە . سەیر لەوەدایە ، جەنابى وەزیر لە كاتێكدا كار بۆ ئەوە دەكات كە وا نیشان بدا ئیش لەسەر بە دیموكراتیزە كردنى زانكۆ دەكات ، بە شێوەیەكى نادیموكراسیانە مامەڵە لەگەڵ هەستیارترین و پڕ مەترسیدارترین بابەتەكانى زانكۆ دەكات ، وا باشترە ئەو پڕۆژەیە سەرەتا وەكو پێشنیارێك و وەكو رەشنووسێك بێت ، بۆ ئەوەى زیاتر كارى لەسەر بكرێت ، نەك بەو شێوەیە یەكسەر تاكڕەوانە بڕیارى پراكتیزە كردنى بدرێت بە بێئەوەى راى توانا راستەقینەكانى زانكۆ وەر بگیرێت ، ناكرێت زانكۆكان كوردستان بەو شێوەیە بكرێنە كێڵگەى تاقیكردنەوەكان و هەركەسە بە ئارەزوى خۆى تاقیكردنەوەكانى خۆى لەسەر ئەنجام بدات ، پێویستیمان بە دانانى سترتیژیەتێكە كە بە وردى دابڕێژرێت بۆ جاكسازیكردن لە زانكۆكاندا ، نەك مامەڵە كردنێكى سەر پێییانە ....
21\2\2010
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست