كوردستان لێوان لێوه له‌هێزی موحافهزهكارو سیاسی موحافیزكارو هێزی چهقبهستووو پیر
Monday, 27/07/2009, 12:00
رێبین هه‌ردی نووسه‌ر و رۆشنپیر بۆ هاوڵاتی
دیداری: هه‌رێم عوسمان
رۆشنبیر‌و نووسه‌ری دیاری كورد، رێبین هه‌ردی ئاماژه به‌وه ده‌كات كه هه‌میشه هێزه ناوخۆییه‌كان ده‌توانن گۆڕان دروست بكه‌ن، نه‌ك هێزه ده‌ره‌كییه‌كان‌و ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه ئۆپۆزسیۆن یانی قسه‌كردن، هه‌ڵوێستوه‌رگرتن، بهرانگاربونهوه، نوێنه‌رایه‌تیكردنی ناڕه‌زایی، ره‌خنه‌گرتن به‌ده‌نگی به‌رزو جورئه‌تی سیاسی‌و ده‌ڵێت ئه‌مانه‌ش ئه‌و شتانه‌ن كه ئیسلامییه‌كان نهكردویانهو نهپێشدهچێت بتوانن بیكه‌ن.
هاوڵاتی: هه‌ندێك له رۆشنبیران پێیانوایه گۆڕان په‌یوه‌سته بهئۆپۆزسیۆنهوهو كاتێك ده‌بێته واقیع كه خاوه‌نی ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز بین، تۆ له‌مباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێیت؟رێبین هه‌ردی: وشه‌ی په‌یوه‌ستبوون راست نییه، چونكه ته‌نیا ئۆپۆزسیۆن بۆ گۆڕان به‌س نییه. گۆڕان زیاد له‌هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و زیاد له‌بوارێكی ده‌وێت بۆئه‌وه‌ی بتوانێت له‌ئامانجه‌كانی نزیكبێته‌وه. یه‌كێك له‌و مه‌ترسییانه‌ی هه‌میشه روبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه ئه‌وه‌یه وابزانین ته‌نیا به ئۆپۆزسیۆنی سیاسی ده‌كرێت گۆڕانكاری بكرێت. واته ئه‌و بۆچوونه راست نییه، وابزانین گه‌ر ئۆپۆزسیۆنێك ههبێتو سبه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له‌هێزه‌كانی دی وه‌رگرت، ئیدی به‌مه گۆڕان دروست ده‌بێت. ره‌نگه شۆڕشه‌كه‌ی جه‌مال عه‌بدولناسرو ئه‌فسه‌رانی ئازاد، باشترین نمونه‌ی ئه‌م دۆخه بێت. عه‌بدولناسر سیستمی سیاسی وڵاتی گۆڕی..كۆتایی به سیستمی مه‌لیكی هێناو سیستمی كۆماری دامه‌زراند، گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌ڵبژاردن‌و ژیانی په‌رله‌مانتاری دروستكرد، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌م جوڵه‌یه هاوكاتی تازهبوونهوهیهكی كلتووری‌و عهقڵانیو رۆشنگه‌ری نه‌بوو، له‌نیوه رێدا وه‌ستاو دواجار سیستمه‌كه‌ی عه‌بدولناسر له دیكتاتۆرییه‌ت نزیك بووه‌وه. تا ئه‌م كاته‌و له‌سه‌رده‌می حوسنی موباره‌كدا، شێوه‌یه‌ك له شێوازه تازه‌كانی گه‌ڕانه‌وه دامه‌زراوه بۆ سیستمی مه‌لیكی، كه تیاییدا سه‌رۆك تا مردن، هه‌ر به سه‌رۆكی ده‌مێنێته‌وه. سیاسه‌ت بوارێكی یه‌كجار گرنگه كه بێ گۆڕانی ئه‌سته‌مه شتێكی راسته‌قینه بكرێت، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه وابزاین تاكه بوارێكه كه ده‌بێت بگۆڕێت‌و تازه بكرێته‌وه.
لێره‌وه هه‌ستده‌كه‌م ئه‌م داڕشتنه ده‌بێت بگۆڕیت‌و دابڕێژرێته‌وه..له‌بری ئه‌وه‌ی باسی ئه‌وه بكه‌ین گۆڕان په‌یوه‌سته به ئۆپۆزسیۆنه‌وه، وا باشتره بڵێن هیچ گۆڕانێكی كلتووری‌و یا كۆمه‌ڵایه‌تی به بێ ئه‌وه‌ی ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌ژیانی سیاسی‌دا هه‌بێت، كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نابێت. ئۆپۆزسیۆن ده‌بێت ره‌نگدانه‌وه‌ی خواستێكی به‌رفراوانی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت‌و شانی دادابێته سه‌ر زیاد له‌هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت ده‌ستكاری بواری سیاسی بكات، شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات بگۆڕێت، هه‌ندێك نه‌ریتی سیاسی تازه دامه‌زرێنێت كه بێگومان به‌بێ بوونی ئه‌مانه هه‌موو پرسێكی گۆڕان زه‌حمه‌ت ده‌بێت، به‌ڵام بواری سیاسی تاكه شتێك نییه گۆڕان دروستبكات. سیاسه‌ت ناتوانێت عهقڵییهتو كلتوور‌و ئه‌و چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌یه بگۆڕێت، كه كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌رێگه‌یه‌وه ته‌ماشای خۆی‌و دنیا ده‌كات، ناتوانێت عاداته‌كانی بیستن‌و بینین‌و بیركردنه‌وه بگۆڕێت، ناتوانێت ده‌ستكاری ئه‌و بنه‌ما كلتوورییه بنج به‌ستوانه بكات، كه رێگه له تازهبونهوهو گۆڕان ده‌گرن. سیاسه‌ت توانای گۆڕانی به‌ربه‌سته سیاسییهكانو ئه‌و گرێ سیاسیانه‌ی هه‌یه كه ده‌شێت له‌لایه‌ن هێزی سیاسییه‌وه، بۆ ئه‌زمونێكی سیاسی دروستكرابن، به‌ڵام توانای گۆڕانی كلتوور‌و شێوازی بیركردنه‌و ئه‌و دابونهریتانهی نییه كه دژی تازهبونهوهو گۆڕانن. بۆ گۆڕانی هه‌موو ئه‌مانه چالاكی‌و كاركردنی چه‌ندان هێزی جیاواز له ئۆپۆزسیۆن پێویسته.
خاڵی گرنگ كه ده‌مه‌وێت بیڵێم ئه‌وه‌یه به‌ربه‌سته‌كانی گۆڕان ته‌نیا له‌بواری سیاسی‌دا نین‌و به‌ڵكو له زیاد له‌جێگه‌و بوارێكدا ههنو بۆ روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م بوار‌و جێگایانه‌ش هێزی جیاواز له ئۆپۆزسیۆن پێویسته.
هاوڵاتی: ئایا هێزی ئۆپۆزسیۆن له كوردستاندا ده‌بینرێت؟ ئه‌دی له‌ستراتیژی حیزبه ئیسلامییه‌كاندا تاچه‌ند ده‌سه‌ڵاتی ئۆپۆزسیۆن ده‌بینرێت؟ ئه‌گه‌ر بنه‌مایه‌كی ئابووری به‌هێزیان هه‌بوایه ده‌سه‌ڵاتیان فراوان نه‌ده‌كرد تا ببنه هێزێكی ئۆپۆزسیۆنی كاریگه‌ر؟رێبین هه‌ردی: له‌م دۆخه‌دا كه ئێستا تێیدا ده‌ژین، ده‌توانین بۆ یه‌كه‌مجار هه‌ست به له‌دایكبوونی ئۆپۆزسیۆن بكه‌ین. به‌رله‌م دۆخه هێزه‌كانی كوردستان به‌یه‌ك لیست‌و له‌پاش رێككه‌وتن له‌نێوانیاندا ده‌چوونه هه‌ڵبژاردنه‌وه، په‌رله‌مانێك هه‌بوو ته‌نانه‌ت له‌پرسێكی گرنگی وه‌ك ده‌ستووردا، به‌فه‌رمان ده‌ستیان به‌رزده‌كرده‌وه، بهفهرمانیش بۆیان نه‌بوو وتوێژی له‌سه‌ر بكه‌ن. له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا ئه‌م یه‌ك لیستیهو ئه‌م رێككه‌وتنه كۆتایی پێهات. دروستبوونی هاوپه‌یمانی چوارحیزبهكهو دروستبوونی لیستی گۆڕان وه‌ك بههێزترینو جه‌ماوه‌ریترین هێزی ركابه‌ر، له‌به‌رامه‌ر لیستی به‌هێزی یهكێتیو پارتیدا، دۆخێكی تازه‌ی سیاسی دروستكردووه كه تیاییدا هێزه‌كان له‌ململانێی هه‌ڵبژاردنێكی توندان. یه‌كه‌مجاره له‌كوردستاندا به‌ڕاستی ململانێی راسته‌قینه‌و پڕوپاگه‌نده‌ی جیاواز ده‌بینن. ئه‌مه‌ی ئێستا روو ده‌دات گه‌ر به‌رپرسیارانه ره‌فتار بكرێت‌و به توندوتیژی نه‌گات، ده‌بێته هۆی دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنی راسته‌قینه.
سه‌باره‌ت به ئیسلامییه‌كان ئه‌وا به‌راشكاوی بڵێین، ساڵانێكی زۆر ئه‌م هێزانه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌یانتوانی ببنه ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، نه توانیان ره‌خنه‌یه‌كی جیدی بگرن‌و نه له خه‌ڵكییه‌وه نزیك بن‌و بگره به‌شداری هه‌موو ئه‌و بڕیار‌و هه‌نگاوه خراپانه‌یان كرد كه یهكێتیو پارتی كردیان. هه‌نگاوی گرنك بۆ جیابوونه‌وه‌و خۆده‌ربازكردن له‌م بێده‌نگییه، له‌و به‌یانه‌وه ده‌ستیپێكرد كه‌دوو حیزبه ئیسلامییه‌كه به‌هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ دوو حیزبی عه‌لمانیدا سه‌باره‌ت به‌هه‌لومه‌رجی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌ریانكرد. ئه‌م به‌یانه ئه‌گه‌رچی زۆر دواكه‌وتو شتێكی تێدا نه‌بوو كه پێشتر رۆشنبیرانی كوردستان نه‌یان وتبێت، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار بوو چه‌ند هێزێكی سیاسی، به‌راشكاوی ههڵیدهگرنو بۆ رای گشتی ئاشكرا ده‌كه‌ن. ئه‌م به‌یانه سه‌ره‌تای دروستبوونی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌تییه بوو كه وای كرد هه‌رچوار حیزبه‌كه پێكه‌وه به‌یه‌ك لیست به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردندا بكه‌ن. راگه‌یاندنی ئه‌م هاوپهیمانێتیهو كۆبوونه‌وه‌یان له یه‌ك لیسته‌دا، دڵخۆشی كردین به‌وه‌ی جۆرێك لهعهقڵییهتی تازه‌و جۆرێك جورئه‌تی تازه دروستبووه، كه ده‌توانێت له‌و بێدهنگیو رۆحی ته‌سلیمبونه خۆی ده‌رباز بكات، كه ساڵانێكه ئه‌م حیزبانه له‌به‌رده‌م یه‌ك لیستی پارتی‌و یه‌كێتیدا گرتویانه‌ته به‌ر. به‌ڵام هه‌ڵوێستی چوار حیزبه‌كه‌و به‌تایبه‌تی باڵی ئیسلامی ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه، ئه‌و گومانه‌ی دروستكرد ئه‌م هێزانه زۆر بچوكتر بن له‌وه‌ی بتوانن رۆڵی ئۆپۆزسیۆن ببینن. ئه‌وان به‌فشار بێت یان به ئیغرا، ده‌ستیان بۆ ده‌ستوورێك به‌رزكرده‌وه كه شێوازی داڕشتنه‌كه‌ی نادیموكراتییه، شێوازی بڕیار لێدانه‌كه‌ی نادیموكراتییهو ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی پڕه له ته‌ڵه‌ی ترسناك بۆ دروستكردنی دیكتاتۆر. ئه‌م هه‌ڵوێسته نا به‌رپرسیارانه‌یه لای خودی خۆم، نائومێدیه‌كی گه‌وره‌ی دروستكردووه له‌وه‌ی ئه‌م هێزانه بتوانن ده‌وری ئۆپۆزسیۆن ببینن. به‌داخه‌وه پێده‌چێت ئه‌م هێزانه ته‌نیا وه‌ك ئه‌زمونه ناشرینه‌كانی ناوچه‌كه، ده‌وری ئه‌و هێزه بچوك‌و بێدهنگو فه‌قیرانه ببینن، كه ته‌نیا شه‌رعییه‌ت بۆ كار‌و بڕیاره‌كانی هێزه باڵاده‌سته‌كانی كوردستان دروستده‌كات. هێزگه‌لێك بێ جورئه‌تی سیاسی، بێ رۆحی به‌ره‌نگاریی‌و له‌ناو پێستی خۆیاندا، كه توانایان نییه له‌به‌رده‌م بچوكترین فشاری جدیدا خۆیان بگرن.
ئۆپۆزسیۆن به‌بێ بوونی جورئه‌تی سیاسی، به‌بێ ئه‌وه‌ی بتوانێت نوێنه‌رایه‌تی ناڕه‌زایه‌تی به‌شێكی خه‌ڵكی ئێمه بكات، مانای نییه. ئه‌وه‌ی ناوێرێت قسه بكات، ئه‌وه‌ی رازی ده‌بێت به‌ڵگه‌یه‌كی گرنگی وه‌ك ده‌ستوور به‌م شێوازه ناشرینه ده‌نگی بۆ بدرێت، رازی بێت به‌وه‌ی په‌رله‌مان كارتۆنی بێت‌و بۆی نه‌بێت تێبنی له‌سه‌ر ماده‌كانی ده‌ستووره‌كه ده‌ربڕێت، زۆر بچوكتره له‌وه‌ی بتوانێت ده‌وری ئۆپۆزسیۆن ببینێت. لێتان ناشارمه‌وه له‌دوای ئه‌م هه‌ڵوێسته‌وه هیچ ئومێدێكم به‌م هێزانه نییه‌و بڕواش ناكه‌م له‌ئاینده‌ی نزیكدا هیچ شتێكی گرنگیان لێ ببیستین.
ئه‌و هێزه‌ی فێربوو مل بدات، فێر بوو تهسلیمبێتو بێده‌نگ بێت، فێربوو بیرنهكاتهوهو بهسیقهی براده‌ران رای خۆی له‌گه‌ڵیاندا یه‌ك بخات، جێگه‌ی هیچ ئومێدێك نییه. ئه‌مه ده‌ردی كوشه‌نده‌ی ئه‌و هێزانه‌یه كه به‌زاراوه ناوی خۆیان ناوه چه‌پ. ئه‌وانیش به‌م سازشكاریو بێدهنگیو گوێڕایه‌ڵیان، رۆژ به رۆژ جه‌ماوه‌رو خه‌ڵك ده‌دۆڕێنن‌و كه‌س به خۆیانه‌وه ناهێڵنه‌وه. پێموایه دۆخێكی هاوشێوه‌ی هێزه‌كانی چه‌پ، روبه‌روی ئیسلامیه‌كانیش ده‌بێته‌وه. ئه‌م سیاسه‌ته‌ی گرتویانه‌ته به‌ر هیچ ناكات، جگه له‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر بدۆڕێننو وه‌ك هێزێكی كاریگه‌ر له مه‌یدانه‌كه‌دا نه‌مێننه‌وه.
ئۆپۆزسیۆن یانی قسه‌كردن، هه‌ڵوێست وه‌رگرتن، بهرانگاربونهوه، نوێنه‌رایه‌تیكردنی ناڕه‌زایی، ره‌خنه‌گرتن به‌ده‌نگی به‌رزو جورئه‌تی سیاسی. ئه‌مانه‌ش ئه‌و شتانه‌ن كه ئیسلامییه‌كان نه كردویانه‌و نه پێشده‌چێت بتوانن بیكه‌ن.
هاوڵاتی: پێتوایه ترادیسیۆن له‌كوردستاندا په‌یوه‌ندی به‌چییه‌وه هه‌یه. ئایا په‌یوه‌ندی به‌ده‌سه‌ڵاته‌وه هه‌یه یان ئایین، یان په‌روه‌رده یان میدیا یان چی؟ پێتوایه كامه‌یان به‌شدارییه‌كی باشتر ده‌كات له‌گۆڕینی ترادیسیۆن‌و نه‌ریته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستاندا؟رێبین هه‌ردی: ئێمه یه‌ك نه‌ریتمان نییه، به‌ڵكو نه‌ریته‌كانمان هه‌ن. هه‌ر بواره‌و نه‌ریتی تایبه‌تی خۆی هه‌یه كه هێزی تایبه‌تی خۆشی بۆ گۆڕانیان هه‌یه. هه‌ر بواره‌و ته‌نانه‌ت زانسته‌كانیش كۆمه‌ڵێك نه‌ریتی دیاریكراوی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، كه گۆڕینیان پێویستی به‌و هێزه ناوه‌كییانه هه‌یه كه له‌و بواره‌دا كار ده‌كه‌ن.
گه‌ڕان به‌دوای دوا پنتدا كه ببێته هۆی گۆڕینی سه‌رجه‌م شته‌كان، هه‌ڵه‌یه. دوا پنت بوونی نییه، به‌ڵكو ئێمه له‌به‌رده‌م زیاد لهپنتو خاڵێكداین، كه ده‌بێت گۆڕانی تیا بكرێت‌و یه‌ك هێزیش بۆ گۆڕانكاری نییه، به‌ڵكو زیاد له هێزێك له زیاد له‌بوارێكدا پێوسته چالاك بێت بۆ گۆڕانكاری.
دیاره ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌ورێكی گرنگی هه‌یه‌و ده‌توانێت ئاسانكارییه‌كی گه‌وره، یان رێگرێكی گه‌وره بۆ ئه‌و گۆڕانكارییانه دروستبكات. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به ئازادكردنو په‌یڕه‌وكردنی بنه‌ماكانی دیموكراسییه‌ت‌و ئازادكردنی بیڕوڕاو پارێزگاریی لێكردنی له‌رووی یاساییه‌وه، ده‌توانێت رێ بۆ هێزه گۆڕانكاریخوازهكان خۆش بكات، ده‌ستیان بكاته‌وه، له‌رووی یاساییه‌وه پارێزگاری‌یان لێبكات، فه‌زایه‌كی ئازاد دروستبكات كه گۆڕانكاری تیاییدا كارێكی ئه‌سته‌م نهبێتو به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌توانێت رێگرێكی گه‌وره‌ی ئه‌م گۆڕانكارییانه بێت، به‌یاسا قه‌ده‌غه‌یان بكات، هێز بۆ سه‌ركوتكردن‌و میدیاش بۆ دژایه‌تیكردنی بخاته گه‌ڕ. هه‌موو ئه‌مانه راستن. به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ئه‌م قسانه‌ش راسته. واته ره‌نگه ئه‌وه فشاری گۆڕین له بواره‌كانی تردا بێت، پرسیاری گۆڕان بخاته ناو بواری سیاسیشه‌وه. ده‌شێت هه‌ڵه‌كانی گۆڕانكاریی له‌بواره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سیاسه‌ت ده‌ست پێبكهنو پاشان ئه‌م فشارانه ره‌نگدانه‌وه‌یان له‌ناو هێزه سیاسیه‌كاندا هه‌بێت.
راستت بوێت من هه‌ستده‌كه‌م، ره‌نگه هه‌رگیز وردبین نه‌بین كاتێك پنتێكی دیاریكراو بۆ گۆڕانكاری ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین. هه‌موو گۆڕانێك ده‌رئه‌نجامی فشاری زیاد له پنت‌و زیاد لههێزو جوڵه‌یه‌كه.
هاوڵاتی: پێتوایه هێزێك هه‌بێت له‌كوردستاندا موحافیز كار بێت؟ ئایا هێزه كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كان رێگرن له‌به‌رده‌م گۆڕاندا؟ رێبین هه‌ردی: كوردستان لێوان لێوه له هێزی موحافه‌زه‌كار. لیوان لێوه له‌هێزی چهقبهستووو پیر، كه سورن له‌سه‌رئه‌وه‌ی وه‌ك گه‌نج خۆیان پیشانبده‌ن. پڕه له‌سیاسی موحافیزكار، ئاینپهروهری موحافیزكار، هونه‌رمه‌ندو نوسه‌رو ژن‌و ته‌نانه‌ت گه‌نجی موحافیزكار. كۆنزهڤاتیڤهكان له‌هه‌موو شوێنێكدا هه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌ناو قه‌ڵه‌می شه‌یتاناوی ئه‌و كه‌سانه‌شدا كه بهدهمامكی گۆڕان خوازییه‌وه دێن. هه‌رچ هێزێك به‌رگری له‌دۆخی هه‌بوو بكات‌و بیر له‌گۆڕان نه‌كاته‌وه، كۆنزه‌رڤاتیڤه. هه‌ر هێزێك بڵێت ئه‌مه‌ی هه‌یه باشه‌و ده‌بێت به‌رده‌وام بین له‌سه‌ری كۆنزه‌رڤاتیڤه. كۆنزه‌رڤاتیڤ ته‌نیا به‌رگری نییه له بیرێكی كۆن، به‌ڵكو له‌هه‌مانكاتدا بریتیه له سووربون له‌سه‌ر درێژه‌دان به ره‌فتارو سیستمێكی كاركردن كه دژ به رۆحی گۆڕانكاریی‌و تازهبونهوهیه. له‌كوێ درێژهدانو سوربوون له‌سه‌ر شێوازێكی ژیان، حوكمڕانی، كه‌لتور، دابونه‌ریت هه‌بوو، هه‌رله‌وێش كۆنزه‌رڤاتیڤ هه‌یه.
به‌ڵام ئه‌مه هه‌موو لایه‌نه‌كانی كۆنزه‌رڤاتیڤ نییه. جۆرێكی دی له كۆنزهرڤاتیڤیش هه‌یه، كه دژی ئێستایه‌و گۆڕانكاریی ده‌وێت، به‌ڵام نه‌ك به‌ئاڕاسته‌ی تێپهڕاندنو دروستكردنی جیهانێكی باشتر‌و مرۆڤانهترو دادپه‌روه‌رانه‌تر، به‌ڵكو به ئاڕاسته‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دۆخێكی نامرۆڤانه‌تر و داخراوتر. ره‌خنه‌یه‌ك له ئێستا هه‌یه كه پڕه له رق، پڕه له بوغز‌و كینه‌و نه‌خۆشی ده‌رونی...ره‌خنه‌یه‌ك كه فاشییانهیهو ته‌نیاش هێزی فاشییانه دروستده‌كات. ئه‌مڕۆ قه‌ڵه‌مه فاشییه‌كانیش به‌ناوی گۆڕانكارییه‌وه قسه‌ده‌كه‌ن. ئه‌و قه‌ڵه‌مه فاشییانه‌ی كه ئێستا هیچ نین‌و هیچ ده‌سه‌ڵاتێك‌و مهوقعێكیان نییه، وه‌ك جاسوس كه‌وتونه‌ته نامه نوسین بۆ ئه‌م سه‌ركرده‌و ئه‌و سه‌ركرده، بۆئه‌وه‌ی رێگه له نوسین‌و قه‌ڵه‌می هه‌ندێك نوسه‌ر بگرن كه ئه‌وانه بۆیان هه‌زم نابێت. داخۆ ده‌بێت ئه‌و جیهانه‌ی به‌ناوی گۆڕانه‌وه ده‌یانه‌وێت دروستیبكهن، چه‌ند فاشیانه‌و داخراو‌و پڕ له ناشرینی بێت. هه‌رگیز مه‌رج نییه ئه‌وه‌ی به‌گژ ئێستادا ده‌چێته‌وه‌و ده‌یه‌وێت بیگۆڕێت، پێشكهوتخوزاو گۆڕانخواز بێت، به‌ڵكو ده‌شێت هێزێكی زۆر فاشیانه‌و كۆنه‌په‌رست‌و داخراو بێت، كه ده‌یه‌وێت به‌ناوی گۆڕانه‌وه ناشرینترینو دێرینترین ئه‌زمونه به‌دناوه‌كانی دنیا به‌ناوی گۆڕانه‌وه دروستبكاته‌وه.
كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كان له‌هه‌موو شوێنێكه‌وه دێن. له‌وانه‌وه كه ده‌یانه‌وێت ئێستا به‌رده‌وام بێت، له‌وانه‌شه‌وه كه به‌ناوی گۆڕانه‌وه ده‌یانه‌وێت جیهانێكی فاشی پڕ له رق‌و كینه‌و نه‌خۆشی ده‌رونی دروستبكه‌ن. بۆئه‌وه‌ی هێزێك گۆڕانخوازی راسته‌قینه بێت، كۆنزه‌رڤاتیڤ نهبێتو روی له‌ئاینده‌یه‌كی باشتر بێت، ده‌بێت ئاراسته‌ی رهخنهیهكانی دیار‌و ئاشكار بن. ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی مرۆڤ دۆستانه بێت، كه كار بۆ دامه‌زراندنی سیستمێكی لێبوردووو كراوه‌و پڕ له جیاوازی ده‌كات، كه تیاییدا رێز‌و به‌های مرۆڤه‌كان له‌سه‌رو هه‌موو شتێكه‌وه بێت. ئاراسته‌یه‌ك به‌دوای جیهانێكدا ده‌گه‌ڕێت پڕه له‌جیاوازی، نه‌ك دوژمنایه‌تی، پڕه له داد، نه‌ك رق‌و كینه. بۆ پێكه‌وه ژیانی ئاشتییانه هاتووه، نه‌ك بۆ دروستكردنی به‌ره‌كانی جه‌نگ. بڕوای به ئازادی راده‌ربڕین هه‌یه، نه‌ك راپۆرتی پڕ له درۆ به‌دزیه‌وه بۆ ئه‌م سه‌ركرده‌و ئه‌و سه‌ركرده بنێرێت‌و داوای راگرتنی بیروبۆچونی نوسه‌ران بكات.
له‌به‌رئه‌وه بێگومان نابێت ههڵخهڵهتێنو به‌هه‌ر كه‌سێك كه دژی ئێستا قسه‌ی كرد‌و ره‌خنه‌ی له هه‌لومه‌رجی ئێستا هه‌بوو، وابزانین له‌به‌رده‌م هێزی گۆڕانخواز‌و پێشكهوتوخوازداین. ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی شانی دانهداوهته سه‌ر دیموكراسی زیاتر، پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی زیاتر، لێبوردنی زیاتر، دادپه‌روه‌ری زیاتر، ره‌خنه‌یه‌كی كۆنزهرڤاتیڤهو بۆ وێرانكردن‌و گێڕانه‌وه‌ی فاشییهتو سته‌مكاری هاتووه.
به‌كورتی دوو به‌ره‌ی ترسناك هه‌یه كۆنزه‌رڤاتیڤه‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن: ئه‌وانه‌ی پارێزگاری له‌دۆخی هه‌بوو دهكهنو ناهێڵن بگۆڕێت‌و تاقیكردنه‌وه‌ی باشتر بێته ئاراوه، ئه‌وانه‌ش كه به‌ناوی ره‌خنه‌ی ئێستاوه ده‌یانه‌وێت ئه‌زمونێكی كۆنترو ستهمكارانهترو دزێوتر بهێننه ئاراوه. هه‌ر دوو ئه‌م به‌ره‌یه‌ش رێگری سه‌ره‌كین، له‌به‌رده‌م هه‌ر هه‌نگاوێكی راسته‌قینه‌دا بۆ جیهانێكی باشتر. بێ شكست پێهێنانو شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو ئه‌م به‌ره‌یه‌دا، ئه‌سته‌مه هیچ گۆڕانێكی گرنگ به‌ئاراسته‌ی جیهانێكی باشتر بكرێت.
هاوڵاتی: پێتوایه هێزی گۆڕانكار كێیه له كوردستاندا؟ هه‌یه یان نییه یان لهدروستبوندایه؟رێبین هه‌ردی: ته‌ماشاكه! یه‌كێك له‌و بۆچوونانه‌ی به‌درێژایی ساڵانی پێشووو ئێستاش به‌رگری لێده‌كه‌م (كه هه‌ندێك كه‌س بڕیاریانداوه نهیبیننو گوێی لێنه‌گرن) ئه‌وه‌یه گۆڕانكاریی، په‌یوه‌ست نییه به‌هێزێكی سیاسی دیاریكراوه‌وه.ره‌نگه ده‌یانجار ئه‌و رسته‌یه‌م نوسیبێتو گوتبێت هه‌ر هێزێك له‌كوردستاندا له‌راسته‌وه بۆ چه‌پ، حوكمڕانی كوردستان بكات، هێزێكی ستهمكارو داخراوی لێده‌رده‌چێت. له‌فه‌زایه‌كی سیاسی وه‌ك كوردستاندا كه سیاسه‌ت ده‌زگای چاودێری به‌سه‌ره‌وه نه‌بوو، سیستمێكی په‌رله‌مانی به‌هێزی تیا نه‌بوو، دادگایه‌كی سه‌ربه‌خۆی تیا نه‌بوو، هێزێكی سه‌ربازی بێلایهنو ناحیزبی تیا نه‌بوو، هێزێكی سیاسی چه‌ند له‌سه‌ر په‌ڕه‌و كاغه‌ز به‌رنامه‌و گفتی باشی هه‌بێت، هه‌ركاتێك به‌ته‌نیا حوكمڕانیكرد، هێزێكی ستهمكاو نادیموكراتی لێده‌رده‌چێت.
ئه‌وه‌ی له‌كوردستاندا به‌درێژایی ئه‌م ماوه‌یه‌ی پێشوو هه‌بوو، حوكمڕانی یه‌ك لیست بوو كه بههاپهیمانی نێوانیان، هیچ مانایه‌كی راسته‌قینه‌یان نه بۆ پهرلهمانو نه بۆ دادگا‌و نه بۆ هێزی سه‌ربه‌خۆی چه‌كداری هێشتبووه‌وه. ئه‌م یه‌ك لیستییه، وڵاتی كردبووه حوكمڕانی ژوره داخراوه‌كان، كه جگه له ژماره‌یه‌كی كه‌م نه‌بێت، كه‌س ئاگاداری بڕیار‌و شێوازی داڕشتنی ستراتیژی كار نییه. په‌رله‌مانێكی مردوو هه‌یه كه نه‌ك هه‌ر چاودێری پێناكرێت، به‌ڵكو له‌پرسێكی گرنگی وه‌ك ده‌ستووریشدا، ئه‌و ده‌وره شهرمهزاریهیان بینی كه هه‌مومانی حه‌په‌سان. حوكمڕانی یه‌ك لیستی وڵاتی كردووه‌ته وڵاتێكی نابه‌رپرسیار، دور له لێپرسینه‌وه‌و چاودێری، پڕ له گهندهڵیو پێشێلكاریی. تا ئه‌م دۆخه‌ش به‌رده‌وام بێت، هیچ ئومێدێك بۆ گۆڕانكاریی نییه.
سیاسه‌ت بۆئه‌وه‌ی له‌م هه‌لومه‌رجه ناله‌باره رزگاری بێت، ده‌بێت حوكمڕانی یه‌ك لیست كۆتایی پێبێت‌و روحی ململانێی سیاسی بۆ ژیانی سیاسی كوردستان بگه‌ڕێته‌وه. ئه‌وه‌ی دینامیكیهتێك به سیاسه‌ت دهداتو رێگه به زیادهڕهویو پێشێلكاریی ناكات، ئه‌و رۆحی ركابهرایهتییهیه كه ململانێی سیاسی دروستیده‌كات. گه‌ر ده‌مانه‌وێت گۆڕان رووبدات، ده‌بێت داكۆكی له فه‌زایه‌ك بكه‌ین كه ململانێی سیاسی تیایه، په‌رله‌مانێكی پره له جیاوازی، كه ئه‌ندامه‌كانی به ئه‌مری سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان به‌یه‌كه‌وه ده‌ست بۆ بڕیاره‌كان به‌رز ناكه‌نه‌وه (شه‌رمه‌زارییه 96 كه‌س له 98 ئه‌ندامی ئاماده‌بووی كۆبونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌نگ بۆ ئه‌و ده‌ستووره نادیموكراتییه بده‌ن كه ته‌نانه‌ت مافه وتوێژكردنی به‌ندێكیان نه‌بوو). ئه‌مه‌ش ئه‌و دۆخه‌یه كه به پله‌ی یه‌كه‌م به‌هۆی راگه‌یاندنی لیستی گۆڕان‌و به پله‌ی دوهه‌م به‌هۆی راگه‌یاندنی لیستی چوار حیزبه‌كه‌وه لهدروستبوندایه. ئه‌وه‌ی ئێستا روو ده‌دات، گێڕانه‌وه‌ی ململانێیه بۆ بواری سیاسی. ئه‌وه‌ی گۆڕان دروستده‌كات ئه‌و چاودێرییه‌یه كه ركابه‌رانی بواری سیاسی بۆ بردنه‌وه‌ی گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵات، به‌سه‌ر یه‌كدا پیاده‌ی ده‌كه‌ن. بێگومان ئه‌و هێزه‌ش كه ئه‌م ته‌وقی یه‌ك لیستییه ده‌شكێنێت‌و جۆرێك له ململانێ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ بواری سیاسی، له‌پێش هه‌موو هێزه‌كانی دیه‌وه ده‌بێت، بۆئه‌وه‌ی ئافه‌رین بكرێت كه له‌م دۆخه‌دا بێگومان لیستی گۆڕانه. ئافه‌رین بكرێت نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی وه‌ك هێزێكی فریشته‌و پاك دێت كه وڵات ده‌كاته به‌هه‌شت، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی رۆحی ململانێ‌و ركابه‌رایه‌تی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ بواری سیاسی.
ته‌ماشای ئه‌م هه‌ڵبژاردنه بكه! چ كه‌سێك هه‌یه بڵێت ئه‌م هه‌ڵبژاردنه وه‌ك ئه‌وانی دییه! چ كه‌سێك ئه‌وه نابینێت كه هێزه‌كان ناچارن بۆ بردنه‌وه‌ی گه‌مه‌كه له‌یه‌كدی، به‌ڵێنی باش‌و مژده‌ی باش‌و ره‌خنه‌ی یه‌كدی بكه‌ن. چ كه‌سێك ئه‌وه نابینێت له‌مێژه سیاسه‌ت له‌كوردستاندا، رۆحی ره‌خنه‌گرتن له‌یه‌كدی كوشتووه‌و هه‌نوكه بۆی گه‌ڕاوه‌ته‌وه. مێژووی سیاسه‌ت له‌كوردستاندا هه‌رگیز هێنده‌ی ئێستا پڕ ره‌خنه‌و ره‌خنه‌كاری نه‌بووه له‌یه‌كدی. جاران ره‌خنه ته‌نیا لهنوسینو په‌ڕه‌ی رۆشنبیراندا بوو، هه‌نوكه بووه به فاكته‌ری سه‌ره‌كی له‌نێوان هێزه ركابه‌ره‌كاندا. گێرانه‌وه‌ی ئه‌م دیده رهخنهیییه بۆ بواری سیاسیی‌و له‌نێوان هێزه‌كاندا، خۆی له‌خۆیدا گۆڕانێكی گرنگه‌و ده‌بێت داكۆكی لێبكه‌ین. به‌ڵام بێگومان به‌و هوشیاریو رۆحه‌وه كه به‌هیچ شێوه‌یك ئه‌م رۆحی رهخنهكارییه نه‌گاته راده‌ی ئیسقان شكاندن‌و توندوتیژی لێبكه‌وێته‌وه. ده‌بێ له‌و هه‌ڵبژاردنه جهههنهمییه رزگار بین، یان هه‌موو وه‌ك یه‌ك بیرده‌كه‌ینه‌وه، یان كه جیابوینه‌وه ده‌بین به دوژمن‌و شه‌ڕ ده‌كه‌ین. ئێمه ده‌بێت به‌توندی داكۆكی له‌وه‌بكه‌ین ده‌كرێت وڵات پڕ بێت له‌هێزی جیاواز‌و ره‌خنه‌گر بۆ یه‌كدی، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بتوانێت ده‌ستدرێژی بكاته ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه ئاشتیانه‌ی له‌نێوان هێزه‌كاندا هه‌یه. داكۆكی لهجیاوازبوونو له‌هه‌مانكاتدا دژایه‌تی شه‌ڕ ئه‌و دوو شته‌ن كه ده‌بێت به‌رگری لێبكه‌ین.
به‌كورتی ئه‌وه‌ی گۆڕان دروستده‌كات فه‌زایه‌كی سیاسییه، كه تیاییدا زیاد له‌هێزێكی سیاسی به بیروبۆچونو دیدی جیاوازه‌وه، ده‌كه‌ونه ململانێوه له‌گه‌ڵ یه‌كدی. ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌یه كه ئه‌مڕۆ روودهداتو هه‌مومانی خۆشحاڵكردووه. دیاره به‌و مه‌ترسییو دڵه‌ڕاوكێ هه‌میشه‌ییه‌وه، كه ئه‌م پرۆسه‌یه به‌هێمنی‌و دیموكراتیانه بڕوات‌و به‌شه‌ڕو پێكدادان نه‌گات.
هاوڵاتی: پێتوایه له‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كان، هه‌وڵی جدی هه‌یه بۆ گۆڕان؟ دیاره مه‌به‌ستم نوخهبی رۆشنبیره. توانیویانه گۆڕان له‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا دروستبكه‌ن؟ ئایا رۆشنبیر له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌توانێت كاربكات بۆ گۆڕان؟ یان به پێچه‌وانه‌وه له‌نێو ده‌سه‌ڵاتدا زه‌مینه‌یه‌كی له‌بارتر هه‌یه بۆ گۆڕان؟رێبین هه‌ردی: هه‌ر ته‌نیا رۆشنبیران نین به‌شداری گۆڕان ده‌كه‌ن. زیاد له‌هێزێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌كان كاریان بۆ گۆڕان كردووه. گه‌نجان، ژنان، خوێندكاران‌و رۆژنامهنوسانو ته‌نانه‌ت گروپه پیشه‌ییه‌كان، هه‌ر هه‌مویان به‌شێوه‌ی جیاواز كاریان بۆ گۆڕان كردووه. ساڵانێكی زۆره خۆپیشاندان‌و مانگرتنی گهنجانو خوێندكاران‌و ژنان‌و پیشه جیاوازه‌كان، به‌رده‌وام درزدهكهنه ئه‌م بارودۆخه ناله‌باره‌ی كوردستان‌و بێده‌نگ نهبوونو قوربانی گه‌وره‌یان داوه. هێشتا بكوژه‌كانی شه‌هید سۆران نه‌دۆزراونه‌ته‌وه كه گیانی خۆی له‌پێناوی وشه‌و ئازادی بیروڕادا به‌ختكرد.
بێگومان رۆشنبیران به‌شێكی گرنگ له‌م هاوكێشه‌یه پێكده‌هێنن. به‌ڵام رۆشنبیران گروپی جیاوازن‌و هه‌مویان به‌یه‌ك ئاراسته‌و مه‌به‌ست كار ناكه‌ن. رۆشنبیران وه‌ك هه‌ر توێژێكی تر چونییه‌ك نین‌و یه‌ك ئامانجیشیان نییه. رۆشنبیرمان هه‌یه فاشییهو لهقهڵهمو قسهكانیشیهوه ته‌نیا فاشییه‌ت دێته ده‌رێ، رق‌و كینه‌و دوژمنایهتیو بوغز دێته ده‌رێ، هه‌شمانه بهتوندیو كوێرانه ده‌بێته داكۆكیكار له دزێوترینو ناشرینترین هێزه‌كان. به‌عس هێزێكی سیاسی بوو كه خاوه‌نی چه‌ندان رۆشنبیر‌و تیورهسازو رۆژنامه‌نوس بوو، كه كاریان بۆ ده‌كرد. بگره به‌عس له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌رهه‌می ئه‌و قه‌ڵه‌مه فاشییانه بوو كه سه‌ره‌تا تیورییه‌كانی ناسێۆنالیزمی توندڕه‌وی عه‌ره‌بیان داڕشت. زه‌مینه‌ی خودی فاشییه‌ت ئه‌و قه‌ڵه‌مه بوغزاویو پڕ رقانه دروستیانكرد كه مرۆڤ سوكدهكهنو هوشیارییه‌كی هێنده سهتحیو بێ ناوهڕۆك دروستده‌كه‌ن، كه پڕه لهرقو كینه‌یه‌كی كوێر‌و خۆ بهراستزان.
له‌لایه‌كی دییه‌وه رۆشنبیرانێكمان هه‌ن، هه‌میشه داكۆكی له‌دۆخی هه‌بوو دهكهنو هه‌میشه ئه‌وه‌ی كه هه‌یه وه‌ك باشترین‌و جوانترن شت پیشانده‌ده‌ن. هیچ ده‌سه‌ڵاتێك چه‌ند ناشرین‌و دزێۆ بێت، به‌بێ له‌شكرێك له رۆشنبیر‌و رۆژنامه‌نوس ناتوانێت به‌رده‌وام بێت.
لێره‌وه بۆ رێگه‌گرتن له تێكه‌ڵكردنی شته‌كان، ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ستنیشانی بكه‌م چ رۆشنبیرێك لای من ده‌توانێت ده‌وری له گۆڕانكاریدا هه‌بێت: من هه‌ستده‌كه‌م گرنگترین شتێك رۆشنبیران بیكه‌ن، ئه‌وه‌یه داكۆكی له‌چوارچێوه‌یه‌كی گشتی بكه‌ن، كه تیاییدا هێزو گروپه جیاوازه‌كان به‌ئاشتی پێكه‌وه دهژینو كه‌س سته‌م له‌وی دی ناكات. ئه‌م چوارچێوه گشتییه كه وێنه‌یه‌كی زیهنییه، ئه‌و خاڵی دهرچونهیه كه رۆشنبیر له‌رێگه‌یه‌وه ته‌ماشای دنیای خۆی دهكاتو ره‌خنه‌ی ده‌كات. ئه‌و له‌هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌دا ده‌بێت بوونی هه‌بێت كه سته‌مكاری لههێزێك یان گروپێك ده‌كرێت، به‌ده‌ر له‌وه‌ی ئه‌و هێزه هه‌ڵگری چ بیروڕایه‌كه.
له‌لایه‌كی تره‌وه رۆشنبیران به‌شیكردنه‌وه‌و نوسین‌و گه‌یاندنی زانیاری‌و تیشك خستنه سه‌ر جێگه شاراوه‌كان، ده‌ورێكی گه‌وره‌یان له‌دروستكردنی هوشیاریه‌كی تازه‌دا هه‌یه كه به‌چاوی ره‌خنه‌وه ته‌ماشای دنیای خۆی ده‌كات. كاری سه‌ره‌كی رۆشنبیر به‌رهه‌مهێنانی جیاوازییه لهلایهكو داكۆكیركردنیش له‌و جیاوازییه له لایه‌كی دیه‌وه. ئه‌ركی رۆشنبیره كار بۆ دنیایه‌كی لێبوردووو دادپهروهرو ئازادبكات. كار بۆ فهزاهیك بكات ده‌نگی كه‌سی تیا سه‌ركوت نهكرێتو ئۆمێد به‌زیندووی بهێڵێته‌وه. هه‌ڵوێسته‌كانیشی نابێت ته‌نیا داكۆكی‌و دژایه‌تی بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه ئه‌و داكۆكی‌و دژایه‌تییه به ئه‌رگۆمێنت بسهلمێنێتو وتوێژێكی عه‌قڵانی بكات، دور لهرقو كینه‌و بوغز. كاری رۆشنبیره ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانكاریی، به‌ربه‌سته‌كانی شیبكاتهوهو هه‌ڵوێستی كورت نه‌بێت بۆ رهفزكردنێكی كوێرانه كه پشتی به‌رق‌و بوغز‌و شه‌ڕانگێزی به‌ستووه. پێموایه ئه‌م شتانه‌یه كه ده‌بێت رۆشنبیر بیكات‌و هه‌ر ئێستاش له‌كوردستاندا ده‌یان قه‌ڵه‌می رۆشنبیر به‌درێژای ئه‌م ماوه‌یه ئه‌م كاره‌یان كردووه.
له‌م ئاراسته‌یه‌شدا گرنگ نییه بۆ من رۆشنبیر له‌كوێدا راوه‌ستاوه. ئایا حیزبیه یان ناحیزبی، لایه‌نگری لایه‌ك ده‌كات یان نا، به‌ڵكو گرنگ ئه‌وه‌یه به‌پێی ئه‌و به‌هاو بیروڕایانه‌ی بڕوای پێیه‌تی داكۆكی له‌هه‌ڵوێسته‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی عه‌قڵانی بكات. كاری رۆشنبیر دروستكردنی فه‌زایه‌كی وتوێژه كه كه‌س تیاییدا مافی قسهكردنو راده‌ربڕین نه‌دۆڕێنێت. هه‌رچی زیاتر گه‌وره‌كردنی فه‌زای وتوێژی عهقڵانیو هه‌رچی زیاتر ته‌سككردنه‌وه‌ی روبه‌ری بێده‌نگی...ئا ئه‌مه‌یه ئه‌ركی سه‌ره‌كی رۆشنبیر.
هاوڵاتی: ئایا هێزه ده‌ره‌كییه‌كان (ده‌وڵه‌ته زلهێزهكانو وڵاتانی دراوسێ) هاوكاربوون بۆ گۆڕان؟ یان به‌پێچه‌وانه‌وه رێگربوون له‌به‌رده‌م گۆڕاندا؟رێبین هه‌ردی: له‌و كه‌سانه‌م هه‌میشه بڕوام به‌وه هه‌بووه، ئه‌وه‌ی ته‌حه‌كوم به ژیانی كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه ده‌كات، هاوكێشه ناوخۆكانێتی. ئه‌وه ئێمه‌ین بڕیارده‌ده‌ین، چۆن بژین‌و چ سیستمێكی حوكمڕانی داده‌مه‌زرێنین، نه‌ك هێزه‌كانی ده‌ره‌وه. ئه‌وه‌ی ده‌ڵێت هێزی ده‌ره‌كی هه‌یه رێگه به گۆڕان نادات، راست ناكات. له‌م ناوچه‌یه‌دا هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك هێنده‌ی ئیسرائیلییه‌كان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وروبه‌ریاندا نین، بگره ده‌توانین بڵێن ئیسرائیل هه‌میشه وه‌ك ئه‌وه وایه له‌دۆخی جه‌نگێكی به‌رده‌وامدا بن، به‌ڵام هیچ یه‌ك له‌مانه رێگر نه‌بووه له‌وه‌ی له‌ناوخۆدا سیستمێكی دیموكرات‌و كراوه دروستبكه‌ن.
ئه‌وه‌ی ژیانی كۆمه‌ڵگایه‌ك، شێوازی حوكمڕانی‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی ناوخۆی ده‌ستنیشان ده‌كات، هێزو گروپ‌و چالاكوانه‌كانی ناو ئه‌و كۆمهڵگایهنو هێزه دهرهكهیهكانیش ناتوانن هیچ رێگری له كۆمه‌ڵگایه‌ك بكه‌ن، كه خۆی ده‌یه‌وێت گۆڕان بكات.
دیاره دروستبوونی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی راسته‌قینه‌ی فیعلی له‌ده‌ره‌وه، ده‌توانێت بۆ ماوه‌یه‌ك شته‌كان له‌كار بخات. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه گه‌ر دۆخی جه‌نگ له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌دا دروستبێت، ئه‌وا ته‌نیا له‌م دۆخه‌دایه كه پرسی گۆڕان بۆ ماوه‌یه‌ك دوا ده‌كه‌وێت، به‌ڵام راناوه‌ستێت. كۆمه‌ڵگاكان خۆیانن بڕیار له چاره‌نوسی خۆیان دهدهنو هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ش كه هێزی ده‌ره‌كی ده‌كات به بیانوی نه‌گۆڕان، راست ناكهنو ته‌نیا ده‌یه‌وێت بارودۆخێك بپارێزێت، كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیه‌تی.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست