کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


"خەڵك'' لە هاوكێشەی حیزبی گۆڕاندا

Sunday, 16/03/2014, 12:00






نەوشیروان مستەفا لە دواهەمین دیداریدا ئەڵێ: گەر ڕێگەی هەڵبژاردن شکستی خوارد، خەڵك بیر لەدۆزینەوەی ڕێگای تر ئەکاتەوە.
پێش ئەوەی جێگاو سەنگی خەڵك لە ئەوڕۆی سیاسەتی کوردستانی باشووردا هەڵبسەنگێنین، پێوستە جۆرەکانی خەڵك لە تێڕوانینی ئۆپۆزیسیۆنەوە بناسین. وە بزانین کەئایا مەبەستی کام لە"خەڵك"ه و ئەو ڕێگایانە چین کە تاقی نەکرابێتەوە بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری لە باشووری کوردستاندا.
لای نەوشیروان مستەفا هێشتا ،،هەڵبژاردن،، شکستی نەخواردوەو بەردەوام داوا لە"خەڵك" ئەکا کەبەشداری گەرم و گوڕانە بکەن. بەبڕوای ئەم هەڵبژاردن ئامانج و ئاکامەکانی خۆی بەباشی پێکاوەو ئەم هەڵبژاردنەی دێ تەواوکەری ئەوانی ترەو سەرکەوتنی گەورەتر دروست ئەکا. دیارە، ئێمە جارێکی دی باسی هەڵبژاردن ناکەین و ئەزانین کەوا لەساڵی 1992 وە تا هەنووکە پرۆسەی هەڵبژاردن نەیتوانیوە نەخشەی سیاسی و فەرمانڕەوایەتی بگۆڕێ. هەر لەو کاتەوە پارتی و یەکێتی بێ گوێدانە دەنگدان و ژمارەی دەنگدەرانیان، پلەو پۆستەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کردوە. هەڵبژاردن ،کردنی و نەکردنی هیچ گۆڕانکاری و دەسەڵاتی لە پارتی و یەکێتیدا نەکردوە. ئەوەتا لەڕێگای هەڵبژاردنەوە؛گۆڕان؛ زۆرینەی شارێکی وەك سلێمانیە و لێ ناتوانێ کاریگەری ئیداری هەبێ. ناتوانێ پارێزگار و باژێروان بگۆڕێ و هی خۆیان دابنێ. لەمەوە بۆمان دەرئەکەوێ کەوا ئەوە هەڵبژاردن نیە کەوا گۆڕانکاری ئەکا، بەڵکە شتی ترە. بۆیە ئەبوو نەوشیروان مستەفا باش بیزانیایە کەوا لەمێژە پرۆسەی هەڵبژاردن شکستی گەورەی خواردوە.
نەوشیروان مستەفا ئەبوو لەباتی ئەو ڕستەیەی سەرەوە بەم شیوەی تر دایبڕشتایە:(مادامەکی هەڵبژاردن شکستی خواردوە، کاتی ئەوە هاتوە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن و لەپێش هەمویانەوە حزبی گۆڕان جگە لەبایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی لە کوردستانی باشوور و بەشداری پێنەکردنی لە کابینەی 8 و گەڕانەوەی ئەندام پەرلەمانەکانی لەهەولێر .پێوست بە خۆئامادەکردن بۆ ڕاپەڕینی چەکداریانەی سەراپا دژی ئەم دوو بنەماڵەیە، تاکە هەڵبژاردەی ئەم سەردەمەیە).
لای نەوشیروان مستەفا هێشتا کەباب بە عانەیەکە. ئەو وا ئەزانێ دەوری بەردەو ئاگاداری ئەو هەموو پێشێلکاری و فرت و فێڵ و تەزوویرەی هەڵبژاردنەکان نیە. ئەو لای وایە خەڵکی کوردستان وەك ئەو بیرئەکەنەوە. ئەو نازانێ کەوا خەڵکی نەك هەر دەسەڵاتی ڕەتکردۆتەوە، بەڵکە ئۆپۆزیسیۆنیشی تێپەڕاندوە. خۆپیشاندانەکانی شارۆچکەی سەی سایەق وەك نمونە.
نەوشیروان مستەفا وەك ڕابەر خۆی نمایش ناکا، دەنا ئەبوو لەجیاتی ئەوەی بڵێ: (خەڵك) بیر لەڕێگای تر ئەکەنەوە. بیوتایە، ئێمە ڕابەرایەتی و پیشەنگایەتی نەك هەر خەڵك ،بەڵکە شەقامیش ئەکەین و ئامادەین لەخۆمانەوە دەست پێبکەین. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، بۆچی نەوشیروان مستەفا ئەیەوێ پەتەکە بکاتە ملی خەڵکی و لەملی خۆی و هاوڕێکانی و هاو حزبیەکانی بکاتەوە. لەهەموو دونیادا وا باوە کەوا ئەوە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنە ڕابەرایەتی ناڕەزایی خەڵك و شەقام ڕێك ئەخا و خۆیان پێشیان ئەکەون.
جاران کە مناڵ بووین گەر شەڕێکمان بکردایە لەگەڵ یەکێکی تر کەبمان زانیایە پێی ناوێرین، ئەمان ووت(ڕاوەستە ئێستا ئەچم براکەم وەیان کەسێکی تر بانگ ئەکەم) ئەمەی نەوشیروان مستەفاش وەك ئەو شەڕەی مناڵی ئێمەیە. خۆی باوەڕی بەخۆی و تاقمەکەی گردەکە نیە و ئەزانێ ئەوان هەمووی سکراپ و خانەنشینی یەکێتین و ناتوانن واز لە بەرژەوەندیە ماددیەکانیان بهێنن، بۆیە ئەیەوێ گالیسکەکە بەخەڵکی تر پاڵ پێوە بنێ.
ئێستا ڕووی دەممان ئەکەینە گردەکەو پرسیار ئەکەین کەوا ئایا مەبەستان لە (خەڵك) کێیە؟ ئایا ئەو خەڵکانەی کە لە 17 شوباتی 2011 پێتان ئەووت،ئاژوەچی و تێکدەر. وەیان ئەو خەڵکەی کەوا بە 6 پاکێژەکەتان مەست و ووڕ کردوو هیچیان جێبەجێ نەکران. وەیان ئەو خەڵکەی کەلەسەر ئێوە نانبڕاو کران و هەندێکیان تا هەنووکە نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانی خۆیان. وەیان ئەو خەڵکەی لەدهۆك و هەولێر لەژێر ڕەحمی پارتی و پاراستن ئۆقرەیان لێبڕاوەو ناتوانن بەتەواوەتی هەناسە بەن. وەیان ئەو خەڵکەی هەموو جارێ بەرەو سندوقەکانی هەڵبژاردن ئەیان بەیتەوە و رەوایەتی بەم دەسەڵاتە ئەدەنەوە. یان ئەو خەڵکەی وەك عەمیدە خانەنشین کراوەکان لەگردەکە شتیك ئەڵێن و لەشەقام شتێکی تر، یان ئەو خەڵکەی کەوا خۆتان لەکاتی خۆپیشاندان و ڕاپەڕیندا خاویان ئەکەنەوە و بە نووسەرە ماڵی کراوەکانتان بەرەو ماڵەوە ئەیان نێرنەوە.
من دڵنیات ئەکەم کەوا (خەڵك) چەند لای یەکیتی و پارتی حسابی بۆ ئەکرێ، هەر ئەمەندەش لای ئێوەو هاوپەیمانەکانتان حسابی بۆ ئەکەن. چەند مەسعود و جەلال بەتەنگ خەڵکی کوردستانەوەن،ئێوەش هەر ئەوەندە. لەبەرئەوە دڵنیاین کەوا خەڵکی بەفیکەی ئێوە نایەنە سەر شەقامەکان و گوییان ووشەی ئێوە نابیستێ.
ئەوە (خەڵك) خۆیەتی لەکات و شوێنی دیاریکراو گونجاودا لافاوی توڕەیی و ناڕەزایی بەسەر ئەم جووت مافیا و ئەم ئۆپۆزیسیۆنە ساختەچی و ترسنۆکە دێنێت. ئەوە خەڵك خۆی بڕیاری چارەنووساز ئەدا و گوێ تەنها لەشەقام و لاوانی ئەگرێ. ئەوە شەقامە خۆی خۆی ڕێك ئەخاو لەناکاودا ئەم دەسەڵاتە نەزان و لووت بەرزو کوردکوژە ژێرەو ژێر پێ ئەکاو ئێوەش چارەنووستان لەگەك ئەم دەسەڵاتە نغرۆ ئەبێ و ئەبنە مایەپووچ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە