بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیارییە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچێتە دەرێ، چونکە پارتەکان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە


ئایا بەریتانیا دەستووری هەیە؟

Tuesday, 05/02/2013, 12:00






بەڵی بەریتانیا کۆنترین، بەهیزترین، دیمۆکراتیترین دەستووری هەیەو زۆربەی دەستووری نووسراویشە
بە پێی هەوالیکی هاولاتی بەرێز کاک نەوشیروان پێشنیازی کردوە کە هەموارکردنەوەی دەستوور بۆ خاتری پاراستنی یەکریزیی دوابخرێت و وەک بەڵگەیەک بۆ گرنگنەبوونی دەستوور دوونموونەی هێناوەتەوە: بەریتانیا وەک یەکەم دەولەتی دیمۆکراتی جیهان [دەستووری نییە] هەروەها شانشینی بنەماڵەیی سعودی.
دیارە ئەم هەواڵە دەبێ بناغەیەکی دروستی هەبێت، چونکە لە چاوپێکەوتنێکی KNN دا لەگەڵ د. مەریوان وریا قانع دا، کاک هوشیار عەبدوڵلا پرسیارێکی هەر بەو شێوە دەستپێکرد کە بەریتانیاو سعودیە دەستووریان نییە!!
پار لە کاتی خۆپیشاندانەکانی راپەرینی شوبات هەندێ برادەری زانکۆی سلێمانی هەمان شتیان دووبارەکردەوە کە بەریتانیا دەستووری نییە. وتم راست نییە، بەریتانیا باشترین و بەهێزترین و کۆنترین و دیمۆکراتیترین دەستووری هەیەو دەستووری نووسراویشی هەیە. داوایان لێکردم باسێک لە سەر ئەوە لە زانکۆی سلێمانی پێشکەش بکەم، زۆرم پێخۆش بوو، بەلام بەداخەوە نەیان توانی رازیبوونی زانکۆ و دابینکردنی هۆڵ جێبەجێ بکەن.
جێگای داخە کە هەرێمێک پەرلەمانی هەبێت و وەزیری هەبن و چەند زانکۆو دیارە دەبێ بەشی یاساو سیاسەت و مێژووشیان هەبێت کە هەر یەکێک لەوانە دەبێ زانیاری دروست دەربارەی سسیتمی حوکمرانی و دەستووری بەریتانیا بەدەستەوە بدات، ئاوا جەهالەت حوکمی بکات و کەس، تەنانەت ئەو هەموو پسپۆرو چاودیرە یاساییەش کە هەن، دەنگی لێوە نەیات و هێزیكی تازەی گوایە گۆڕانخوازی وەک گۆڕان ئاوا جاهیلانە جەهالەت بکاتە بیانووی نەگۆڕێن و مانەوەی زەلکاوی بۆگەنکردووی دەسەلاتی بنەمالەیی بی دەستوورو یاساو زانست و دیمۆکراسی و ئەخلاق.
ئەو قاوەی کە بەریتانیا دەستووری نییە ئەنجامی فەشەلێکی جاهیلانەیە لە زانینی ئەلفوبێی دەستوور یان پێناسەی سەرەتایی دەستوور.
دەستوور مەبەست ئەو تاکە پارچە کاغەزە نییە کەدەستووری ولاتێکی لە سەر نووسراوە. دیارە لە فەرهەنگی زماندا بەو مانایەش دێت، واتە ئەو تاکە دۆکیوـێنتەی دەستووری ولاتێک پێک دێنێت. بەلام مەبەست لە دەستوور هەموو ئەو بنەماو پرینسیپ و چوارچێوە یاسایی یە یە کە چۆنێتی فەرمانرەوایی لە ولاتێکدا رێک دەخات واتە چۆنێتی پێوەندی نێوان دەسەلات و خەڵک و ئەو کۆبەندە دەزگایی [موئەسساتی] یەی کە ژیر خانی سیاسیی دیمۆکراتی ئەو بنەماو پرینسیپانە پێک دێنن و بە یاسا بە رێوە دەچن و دەخرێنە کارو هیچ دەسەڵاتیكی تر لە دەرەوەو سەرەوەی ئەوان رێی پێنادرێ دەسەلاتی گەل خۆی نەبیت چونکە بەپێی دەستوور گەل دەبێتە سەرچاوەی دەسەلاتەکان و سەروەر.
ئەمە دەشێ لە یەک نووسراو دا بێت: وەک دەستووری ئەمریکا، یان لە زیاتر لە یەک بەلگەنامە وەک بەریتانیا، یان هەر نەشنوسرابێت لە یەک بەلگەنامەدا بەلام بەرجەستە بووبێت لە یاسا بنەرەتییەکان و رۆلی دادگاو ژێرخانی ستراکتوریی حوکم وەک نیوزیلاندا، ئیسرائیل و تارادەیەک کەنەداوادیسان بەریتانیاش
سعودیەش کە دەستووری نییە لە سەر ئەو بنەما دینییەیە کە وەک دەولەتی ئیسلامی و لانکەی ئیسلام، ئەو قورئان بە دەستووری نووسراوی خۆی دەزانێ و بنەماکانی حوکم و پێوەندی نێوان مرۆڤ و خودا لەو بنەمایە قورئانی و شەریعەتی ئیسلامەوە وەردەگرێت و مانای وا نییە بە بێ دەستوور و سسیتمی حوکم و دادگایی لەسەر بۆش بەرێوە دەچێت.
حیزب لە هەرێمی بەربەرستانی ئێمەدا یانی جەهالەت و حوکمی جاهیلان و بلاوکردنەوەی جەهالەت وەک زەمینەیەک بۆ گەندەلی، دزیی، داگیرکاریی، و داوێنپیسیی و هەمێشەییکردنی سیستمی مافیایی حیزبیی. بۆیە هەموو حیزبەکان هێندە بە بێباکیی و بێشەرمی باسی هیچی و ناپێویستی دەستوور دەکەن.
هۆی جەهالەتەکە جەهالەت نییە، هۆکەی قبوڵکردنی جەهالەتە وەک بنەمای حوکمرانی و سیاسەت و ژیان لەهەرێمی بەربەرستاندا و رەتکردنەوەی زانست وەک خواست، گەڕان، میتۆد، ئامانج، ئەنجام و پێویستی.
ئەگینا گەر جاران کوردستان ئەشکەوتیکی دابراو بوو بێ ئاگا لە زانستی جیهان، ئەمڕۆ بە مانای حەرفی زانست لە ئاسمانەوە دەبارێ . هەموو کون و کەلێنێکی ژیان پرە لە دوا مۆری پیشکەوتنی زانست و هەزاران بیروباوەری ئازادی جۆراوجۆر.
گەر عەقڵی زانستخوازیی و خولیای گەڕان بە دوای زانست و راستیی و یەقین دا هەبایە، ئەو برادەرانەو تەنانەت مامۆستای زانکۆش، پێش ئەوەی بلێن: بەریتانیا دەستووری نییە، ئایا نەیاندەتوانی ئەم پرسیارە لە کۆمپیوتەرەکەیان بکەن کە وەک جاران دەیانوت بەراستی: عەرش و قورشی تێدایە؟
من لە جیاتی ئەوان ئەم پرسیارەم بۆ گوگڵ نووسی: ئەرێ بەریتانیا دەستوری هەیە:
Does Britain have a Constitution?
لە یەک سانیەدا سەدان وەلام لە سەر شاشەکە دەرکەوتن: لێرەدا تەنیا پێنجی یەکەمیان دەنووسم:
١. وتاری ویکیپیدیا دەربارەی دەستووری بەریتانیا. بە ناوی دەستووری مەملەکەتی یەکرتوو
http://en.wikipedia.org/wiki/Constitution_of_the_United_Kingdom

٢. پوختەی گفتوگۆیەکی بی،بی.سی لە سەر دەستووری بەریتانیا
http://news.bbc.co.uk/1/hi/uk_politics/88136.stm

٣. سایتی مەملەکەتی یەکگرتوو لە ئەمریکا: وتارێکی سەرەکی بە ناوی: ئایا بەریتانیا دەستووری نووسراوی هەیە؟
http://ukinusa.fco.gov.uk/en/about-us/faqs/uk-government/written-constitution

٤. سایتی ئو.سی.ئیڵ چوارەم زانکۆی بەناوبانگی بەریتانیا بەشی سیاسەت کورتەوتارێک بە ناوی: دەستووری مەملکەتی یەکگرتوو چییە؟
http://ukinusa.fco.gov.uk/en/about-us/faqs/uk-government/written-constitution

٥. گفوگۆیەکی رۆژامەی سەربەخۆی ئینیپیندێنت کە یەکیکە لە ٥ رۆژنامە سەرەکییەکانی بەریتانیا بە ناوی: پرسیارە گەورەکە ؛ بۆچی بەریتانیا تاکەدەستورێکی نووسراوی نییە؟
http://www.independent.co.uk/news/uk/politics/the-big-question-why-doesnt-the-uk-have-a-written-constitution-and-does-it-matter-781975.html

٦. وتم لەم سەردەمەدا زانست بە هەموو شیوەیەک لە ئاسمان دەبارێ. هەر بە نووسین و خوێندنەوە نا، بە دەنگ و رەنگ وەک هەورەکان. ئەوە لە یو.تیوبێس چەندین ڤیدیۆی باس و سیمینار لە سەر دەستووری بەریتانیا هەیە. ئەمەی خوارەوە یەکێکە لە زنجیرە سیمینارێكی ئەکادیمی لەلایەن خەبیری دەستووریی بەریتانی جۆن بینگلی کە بریتییە لە حەوت بەش واتە گرتەی ڤیدیۆیی. من تەنیا بەشی یەکەم واتە پێشەکییەکەی لێرەدا دادەنێم و تەرجەمەشی دەکەم بۆ کوردیی تا خوێنەری کورد بەرکولێک دەربارەی دەستووری بەریتانی تام بکا.
http://www.youtube.com/watch?v=Xhcm4URR2dA

بەم زوانە زنجیرە لێکٶڵینەوەیەکی تێرو تەسەل لە سەر دەستوورو شیوەکانی حوکمرانی و سیستمی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی و کام دەستوور بۆ کوردستان؟ بلاو دەکەمەوە.
گەر هەر مامۆستایەکی زانکۆ، یان باسکارێک یان هەر خوێندەوارێک خولیای زانست و راستی و لێکۆڵینەوەی زاسنتی بەلگەداری هەبێت دەتوانێت بە نیو سەحات گەران لە سەر ئینتەرنێت. تەنیا گوگل، بەلای کەمەوە ٥٠٠ سەرچاوەو بەلگەنامەی سەرکەی بنەرەتی زانستی دەربارەی دەستووری بەریتانیا بۆ خۆی یان قوتابیەکانی دەستنیسان بکا هەر لە دۆکیومینت وبەلگە مێژوویی و هەنوکەییەکانی پەرلەمانی بەریتانیا خۆی تا بیرو ڕای گەورەترین خەبیری دەستووری تا سەدان دیراسەی ئەکادیمی زانکۆیە هەرە بە ناوبانگەکانی بەریتانیاو جیهان.
جگە لە گەرانەکانی گوگل و یاهوو- و سایتەکانی تر، ئەوە خۆ بە دەیان کتێىبخانەی سەر ئینتەرنێت هەن کە بە پارەیەکی کەم باسکار یان خوێندکار دەتوانێت بەشدارییان
تێدا بکات: من ئەم کتێبخانە سەرخەتییە [ئۆنلاین] ە بەکاردێنم>
www.questia.com

کە زیاتر لە ٨٠٠،٠٠٠ هەشتسەد هەزار کتێب و ملیۆنەها باسی زانکۆیی دەربارەی هەموو لکەکانی زانست بە سانیەیەک گەران دەخاتە بەر پچاوو پەنجەت جگە لەمەش خۆی شێوەو رێبازی باسکاریی زانستیت فێر دەکات و ئاسانکاری زۆرت بۆ دەکات بۆ نومونە: رێکخستنی ئۆتۆماتیکی سەڕچاوەکانت بە پێی ستانداردی زانکۆ جیهانییەکان، و جیاکردنەوەی کتێب و باسەکان بەپێی پرۆژەکەی خۆت. کرێی بەکار‌یهێنانی ئەو سایتە سالانە تەنیا ١٠٠ دۆلارە.

ئیدی بۆ فێر نابین چۆن فێر بین؟
تەرجەمەی ڤیدیۆکە:
ئایا بەریتانیا دەستووری هەیە؟
جۆن بینگلی، خەبیری دەستووری / یوتیوب



دەستوور دەبێ پێوەندی نێوان حوکمرانی و خەلکەکەی دیاری بکات. سنووران بۆ دەسەلات دابنێت، و ئەو زامنانە بدات بە خەلک کە بیانپارێزێت بەوەی ڕیبازی هەقراستکرنەوە قەرەبوویان بداتێت. ئێمە بە دڵنیاییەوە دەستوورمان هەیە و هەر ئەو ئەرکەش بەجێدەگەیەنێت. دەستووری ئێمە بە درێژایی چەندین سەدە پەڕەی گرتووە و زۆریشی لە یاسای نووسراو پێکهاتووە. لە نموونە هەرەباش زانراوەکانی [یاسای نووسراوی] ماگنا کارتای ساڵی ١٢١٥ و یاسانامەی مافەکانی ساڵی ١٦٨٨-٨٩. [وینەی هەردووکیان لە ڤیدیۆکلیپەکە هەیەو لێیان نووسراوە یاسای کار پێکراو]. حکومەت لە بەریتانیا بە پێی [حوکمەکانی یاسا] حوکمرانی دەکا. ئەو حوکمانەی لە دەستووری ئێمەدا هەن پێمان دەلێن چۆن خەلک دەبێ حوکمرانی بکرێن. بە شێوەی سەرەکی یاسای ولات حوکمەکانی یاسا بە تاکە رێگای حوکمی شەرعی دادەنێن و سنوور بۆ بەکارهێنانی دەسەلاتی تەنفیزی [ئەنجامدەر] دادەنێت. ئەو سنووردانانە [مافی پیرۆز]ی پادشاکانیان نەهێشت، هەروەها هێچ مافێکی پیرۆز بۆ سیاسییەکانیش نییە. بە کورتی دەستووری بەریتانی و حوکمەکانی یاسا چوارچێوەیەک بۆ حکومەتکردن دادەنێن بە دروستکردنی سنوورو قەید لە سەر پراکتیزەکردنی دەسەڵات. دەسەلاتی دیکتاتۆری تەنیا ئەو کاتە دروست دەبێ کە فەرمانرەوای ولات دەسەلاتی ئەوەی هەبێ کە هەر خۆی یاسا دابنێت و خۆشی بە زۆر جێبەجێی بکات. مۆسۆلینی و هیتلەرو ستالین هەموویان ئەو دەسەلاتە شمولییەیان بەدەست ‌هێنا کە ئەنجامەکەی خوینرێژییەکی سامناک بوو. دەستووری تاکوێنەی بەریتانی ئێمە رێگە لە خڕبوونەوەی دەسەلاتەکان دەگرێت. هەندی پرینسیپی زیندووی دەستوورەکەمان ئەمانەن: مافی [هاوڵاتی] کە لە لایەن دەستەی داوەری خەلکەوە [جوری] دادگایی بکرێت. مافی هایبیەس کۆرپس. مافی بە بێتاوان دانانی تاوانبار تا تاوانی لە سەر ساغ دەبێتەوە. مافی بێدەنگبوون [واتە مافی وەلامنەدانەوەی پرسیاری پۆلیس یان دادگا لە کاتی تاونبارکردندا] ، باجنەسەندن بە بێ مافی نوێنەرایەتی یاسایی، قەدەغەکردنی سزای دڵرەقانەو نائاسایی. ئەو پرینسیپانەو هی تر ناوکی دەستوورەکەمانن وجەوهەرین بۆ پاراستنی ئازادییەکانمان.جیاکرنەوەی دەسەلاتەکان [یاسادانان، جێبەجێکردن و دادگا] ئەو میکانیزمەیە کە زامنی ئەمە دەکات و بە تەواویی لە شێوازی ئیدارەی دەولەت لە ئەوروپا و ئەو دەستوورەی بۆ یەکیتی ئەوروپی پێشنیازکراوە جیاوازە.کە رێگای هیچ شتێک نادا کە یاسا رێی پێنەدات. دەستووری کۆنی ئێمە جەخت لە سەر ئەوە دەکات کە ئەرکی سیاسییەکانمان پاراستنی ئازادییەکانمانە. ئازادی ئاسا و نۆرمە لە بەریتانیا و تەنیا یاسا سنووری بۆ دادەنێت. ئێمە لە بەریتانیا ئازادی ئەوەمان هەیە هەر شتێ دەمانەوێت بیکەین ئەوانە نەبێت یاسا رێگایان نادات. دەستووری بەریتانی رێگەی لە زیادەرۆیی خراپی زۆرداری و ستەمگەری بۆ ماوەی چەندەها سەدە گرتووە. بۆچی ئێمە ئەمە بگۆڕین بۆ سیستمێک کە پشتگیری گرۆیەکی هەلنەبژێردراو، بو نەگۆڕ دەکات؟ بەرپرسیاری و لانەدراو دەکات؟ سەپاندنی دەستووری یەکێتی ئەوروپی مانای کۆتاییپێهێنانی دەستووری بەریتانییە. گەر ئیمە ئەوە قبوڵ بکەین هەموو ئەو مافانەمان دەرٶن کە سەدەهایە بۆمان پارێزراون و لەوانە مافی ئێمەو نەوەکانیشمان بۆ بریاردانی چارەنووسێی خۆیان.



لینک بۆ بەشەکانی تری سیمینارەکە لە یوتیوب دا
http://www.youtube.com/watch?v=kSvJlbv_LkU



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە