نامه‌یه‌ک بۆ گردی سه‌یوان
Saturday, 24/12/2011, 12:00
من کە خاوه‌نی بستۆکه‌یه‌ک زه‌وی نه‌بم، ئەگەر لاشه‌که‌م هاته‌وه لات سلێمانی، چه‌نت ده‌وێ بۆ کرێی گۆڕه‌که‌م؟
مسافیرێکم، به‌ئاواره‌یی و بە ئازارەوە له دایک بووم، کەسێک گوێی له ئازارم نەگرت، پاسه‌وانه‌کانی سنوریش منیان بە ئاوارەیی گلدایەوە؟ ئه‌و مرۆڤانه‌ی به‌ده‌م ڕێگاوه کۆچیان کردووه، ده‌روێشه حا ڵ لێهاتوه‌کانی حه‌قیقه‌ت ، یان زرگ و شمشێری غه‌رق بوو له ناو ئاره‌ق و خوێنی مه‌یوبەدەستەکان ، کێ گوێ له‌کێ ده‌گرێ کێ ، لەناو ئەم ژاوە ژاوەی ژیاندا ، لەناو تۆفانی ئەم هەموو نەهامەتیەدا ؟
هاوڕێم
وێنه‌که‌ت که ناردوته بۆم، ته‌نها چرکه‌ساتێک له ژیانت نمایش ده‌کات و هیچی ترم بۆ باس ناکات، من لێره‌م له‌م غه‌ریبیه لەم مەنفای سەهۆڵبەندانەدا ، که‌چی هیچ جیاوازییه‌ک نابینم، له نێوان ئەو هاوڕێیەم کە کۆمۆ‌نیسته و به‌زۆر ئێخه‌ی داهاتووی گرتووه ، له‌گه‌ڵ دراوسێ دینییه ئه‌ڤغانییەکه‌مدا، که ژیانی له ئه‌به‌دییەته‌وه ده‌ست پێکردووه و چاوەڕوانە دوای مردن لەبەهەشت دەست بکات بەخواردنەوەی شەراب و خۆی غەرق کات لەناو شەهوەتدا . هه‌موو جارێک ڕوو له ئاسمان ده‌که‌م و ده‌ڵێم: خودایه بۆ کامیان بگریم؟ کامیانم خۆش بووێت و باوه‌ڕ به‌کامیان بکه‌م؟
هاوڕێم
ئه‌مڕۆ بۆ قه‌راغی شار ڕۆیشتم، بینیم ڕووباره‌کان تێده‌په‌ڕن، گوڵه‌کان شکۆفه ده‌که‌ن، باڵندە‌کان ده‌خوێنن، که‌چی ئێمه، ئێمه‌ی مرۆڤ گوێمان نییەبۆ بیستن ،بۆن ناکەین و چاومان نابینێت، هیچمان نەماوە هەستیی پێبکەین ، دەڵێ مردووین و ڕێدەکەین.
هاوڕێم
هه‌میشه ! ڕوخساری هیلاکی ڕێبواره‌کان چاو لێک ده‌که‌م، که دێن و ده‌چن، شه‌پۆلی ده‌ریاکان ده‌بینم، ئارام خۆیان بەیەکتردا ده‌کێشن، ئه‌و ده‌ریایه، ئه‌و سه‌ری دیار نییه، له سه‌رمادا هه‌ڵده‌رزێ و ئه‌م ئێواره‌یه ده‌ڵێ: له پرسه‌دایه ڕه‌نگی قه‌ترانی پۆشیووه، به پیاسه‌کردن ده‌گه‌ڕێمه‌وه به‌ره‌و ماڵ،یان چاکترە بڵێم بۆ ناو تابوته‌که‌م، ئیتر به‌ره‌و گۆڕستانه گه‌وره‌که‌ی شار هه‌نگاو ده‌نێم ، گۆڕستانەکەی لەلای ڕاستی ماڵەکەم ، ئه‌و جێگه‌یه‌ی به‌دڵ حه‌ز ده‌که‌م ببمه زێوان لێی، گۆڕستانێکه هێنده هێمنه، هێنده بێده‌نگه ده‌ڵێی گۆڕستانی ناو هۆنراوه‌یه‌که . که‌چی ده‌بینم، بێده‌نگیه‌کی ئاوس له گۆڕستانه‌که‌دایه، له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌ڵێم ماسییەکان بۆچی گله‌یی له ته‌ڕبوونیان ده‌که‌ن، خۆمنیش هەمیشە چاوم وشک نابێت؟! کزه‌بایه‌کی ساردی هه‌یه، مۆمه داگیرساوه‌کان سەرگۆڕەکان له‌سه‌رمادا هه‌ڵده‌له‌رزن، تلیسانه‌وه‌ی مۆمه‌کان ،له فرمێسکی داپیره‌ی مێژوومان ده‌چێ، ئه‌و داپیره‌یه چاوانی قه‌ت ووشک نه‌ده‌بووهەردەگریا نەشی دەزانی بۆچی دەگری ؟ هه‌ر ئه‌وه‌شیان به‌میرات بۆ ئێمه جێ هێشت، ئیتر له به‌ر خۆمه‌وه ده‌ڵێم له کوێیه ماڵێ هاوڕێکه‌م . له‌کوێیه؟
سه‌رم بۆ ئاسمان به‌رز ده‌که‌مه‌وه له‌و ئاسمانه شینه‌دا، له باوه‌شی ئه‌و دنیا سه‌وزه‌دا ماڵی هاوڕێکه‌م لەوێ دەدۆزمەوە ، ئەو بەر لەماوەیەک کۆچی کرد بۆ ئەوێ .
هاوڕێم
من لێره‌م، ته‌نها ویستم له‌وێ نه‌بم، من لێره‌م تا له‌کاتی هاتنی سه‌رۆکدا له‌به‌ری هه‌ڵنەستم، من لێره‌م تاجارێکی تر، بۆ ئەوەی مه‌رگی کانییه‌ک نەبینم، گوێم له گریانی د ار به ڕوویه‌ک نه‌بێ له‌کاتێکدا ئاگر له‌جه‌سته‌ی به‌ر ده‌ده‌ن، من لێره‌م هاوڕێم، چونکه نه‌م توانی بڕیار له‌سه‌ر ژیانم بده‌م، هاوڕێم دڵنیابه هه‌موو شتێکم له‌وێیه ، بەچرکە بێئاگانیم لێیان .
ئاخ هاوڕێ کۆچکردۆکەم
من ده‌زانم گه‌له‌که‌م ڕاهاتووه شکست بە دوای شکست له ناو هزریدا قبوڵ ده‌کات و خۆی قبوڵ نەکات، کارەساتە شکستی خۆت قبوڵ کەیت، لێ خۆت قبوڵ نەکەیت! ئاخ کوردستانم، خۆزگه ده‌م زانی که‌ی لای تۆ خۆر هه‌ڵدێت ؟
لێره‌م چاوه ته‌ڵخه‌کانم بڕیوه‌ته باران، هزرم پڕ بووه له خه‌یاڵی به‌خته‌وه‌ریی، که ده‌شبینم سه‌رده‌می تێکشکان به‌ڕێوه‌یه، به‌فره باریوه‌که ڕووپۆشێکی خۆڵه‌مێشی له‌به‌ر ده‌کات و پێم ده‌ڵێ: تا له ئاسمانین ئێمه پاکین، له‌سه‌ر زه‌وی تێکه‌ڵ به ناپاکی ده‌بین ، ماشێنەکانی دەستی ئێوەی مرۆڤ چڵکنمان دەکەن .
بێوه‌ستان، به‌ره‌و به‌سه‌رهاته‌کانی ده‌ریا به‌ڕێ ده‌که‌وم، نامه‌وێ هاوڕێم چاوه لێوڕێژه‌کانتان له ترس و نزیک بوونه‌وه له نه‌فره‌ته‌کانی ژیان و نیگایه‌ک له بێ ده‌نگی نیشتمانمان لێبکاته تراویلکه و هەرەسم پێبێنێت .
نامەوێت وەک نیگار کێشێکی کوێربوو، یان مۆسیک ژەنێکی دەستبڕاو ژیان بکەم .
ئیتر هەر بۆیە ، به‌دوای سه‌فه‌رێکدا ده‌ڕۆم که ژیانم بگۆڕێت (بودا) هاوسه‌فه‌رم بێت، هه‌ردووکمان له جامولکه‌یه‌ک زیاتر له‌گه‌ڵ خۆماندا هه‌ڵناگرین، ده‌ڵێ بەڕاستی مسافیرێکم هه‌ر بۆ ئاواره‌ی له‌دایک بووم، چاوه‌کانی (بودا)ی هاوڕێم پڕێتی له‌عیرفان و ده‌رکه‌وته‌یه‌که له جوانی و پێم ده‌ڵێ ماڵه‌کانی خوا په‌رسگاکان جێگه‌یه‌که بۆ دیدار، بودا ده‌ستم ده‌گرێ بۆ یه‌کێک له په‌رسگاکان، پێم ده‌ڵێ: هاو سه‌فه‌رم، دڵنیابه هه‌موو شتێک خه‌ونه، ده‌ته‌وێ لێکدانه‌وه‌ی چی بۆ بکه‌یت؟
تا نه‌که‌وتوینه‌ته ناو جه‌نگه‌ڵه‌کانی گوناحه‌کانه‌وه با دووربکه‌وینه‌وه، (بودا) ڕوو له خوا ده‌کات و ده‌ڵێ: (مه‌عبه‌د و مزگه‌وت و که‌نیسه) خودایه ئه‌م هه‌موو ماڵه‌ت بۆ چێیه؟
من له ترسی ئازایه‌تی (بودا) له به‌ر پرسیاره جه‌هه‌نه‌مییەکانی (بودا) مه‌نفا ده‌بێته پێناسه‌م، ئیتر مێژووی پیاوه‌کانی موسیبه‌ت و تاغود ده‌خوێنمه‌وه، تواناکانم لاواز ده‌بن وه‌ک چاوه‌کانم، ئومێده‌کانم ورد و خاش ده‌بن له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌ڵێم، خۆزگه سه‌رده‌می ئه‌م غه‌ریبی و مه‌نفایه وه‌ک عومری دوژمن کورت ده‌بوو.
سه‌ری کاسم له سه‌ر ئه‌ژنۆکانم ده‌نێم و چاوه‌کانم وه‌ک له‌شی ماسی ته‌ڕ ده‌بنه‌وه، ئاواره‌یی له دنیایه‌کی مۆدێرن هەر وا دەبێت ، چاوەڕوانی زیاترم نی یە لێی.
هاوڕێم
ده‌شزانم کاتێک پێکه‌نین به‌ڕێوه‌یه، فرمێسکه‌کان دوورنین لێمان، نه‌سیمێکی ناسک دێت ئه‌وکاته هه‌موو شتێک بێده‌نگه وەک شەوی پایز ،
ئه‌وه (بودا)یه، جارێکی تر له ده‌رگا ته‌خته‌که‌ی تابوته‌که‌م ده‌دات پێم ده‌ڵێ: جامولکه‌که‌ت هه‌ڵگره با له سه‌فه‌ر دوا نه‌که‌وین واڕۆژ دەبێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست