کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆ عیسمەت شەریف وانلی، ئەو خەباتكارەى لە نەتەوەكەى نامۆیە

Saturday, 07/08/2010, 12:00


بۆ عیسمەت شەریف وانلی، ئەو خەباتكارەى لە نەتەوەكەى نامۆیە

داود باغستانی
سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل كورد

ژمارەیەكی زۆر لە نیشتمان پەروەرانی كورد كە هەموو تەمەنی خۆیان بۆ خزمەتكردن بە دۆزی رەوای نەتەوەكەیان تەرخان كردوە و تا ئێستاش وەك پێویست باسیان نەكراوە. دیاری لە مێژووی هاوچەرخی كورد دا، كەس ناتۆانی ڕۆڵی عیسمەت شەریف وانلی لە دروستكردنی پەیوەندی كورد بە جیهانی دەروە لە بیر بكات، خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی عیسمەت شەریف وانلی لە زۆر لایەنەوە جی تێرامان و لێوردبوونەوەیە لەو سەردەمەدا كە كورد لە هەموو لایەكەوە لە ژێر هێرش و پەلاماری وڵاتانی داگیركەردابوو.
عیسمەت شەریف وانلی، ئەو كەسایەتییە ئەدەبی، رۆشنبیری و سیاسییەیە بۆ كورد و مێژووەكەى هەوڵێكی زۆری دا و كەوتە بەر چەندان ئازار و ژیانی ناخۆش، بەڵام خەریكە وەك بەشێكی زۆر لە كەسایەتییەكانی تری سوودمەند بۆ گەلی كورد لە بیری نەوەكانی دەچێتەوە.
وانلی، بەڕۆژنامەنووسییەوە دەستی پێكرد و لە رێگەی پڕچەكبوون بە رۆشنبیری گەیشتەوە خانەی سیاسەت و ئەو شانازییەی پێ بڕا بەردێك بخاتە سەر ماڵی كورد و جوو. لە ناوەڕاستەكانی سەدەى رابردوو (1960 تا 69) كە عەرەبەكان و دنیا دژی نەتەوەی كورد خەریكی پیلانگێڕی بوون بەرامبەر ئەو نەتەوە چەوساوە و هەر دەنگێكی نەشاز دەهاتە بڕین، عیسمەت شەریف وانیلی قامكی خستە سەر پرسێكی گرینگ و مەترسیدار لە روانگەى نەیاران، ئەویش ئاشناكردنەوەى دووبارەى كورد و جوو بوو.
ئەو هەوڵی دا بەنووسین، وتار و وەرگێڕان لە ئازاری هاوبەشی دوو نەتەوە، موژدەى حەسانەوە بدات و بیسەلمێنێ كە بۆ گەیشتن بەئاسوودەیی دەبێ قەڵەمی بوێرت هەبێ. ئەو نەیشاردەوە كە كورد و جوو دەبێ یەكدەنگ بن بۆ ئەوەى بمێنن و چیتر نەتوێنەوە، ئەو پڕ بەدەنگی نووسین هاواری كرد كە ئەگەر گوێیان لە دەنگت نەگرت دەبێ پەنا بۆ هاواری قەڵەم ببەیت و چارەیەكی ترت نییە.
تایبەتمەندیی عیسمەت شەریف وانلی تەنیا نووسین نەبوو، ئەو پرسی كوردی خستە ناو میدیای رۆژئاوایی و بەپێی سەرچاوە رەسمییەكان یەكێك لەو كەسانە بوو كە رۆژنامەنووسانی خۆرئاوایی بەشاخ و كێوەكانی كوردستان ئاشنا كرد، یەكێك بوو لەوانەی دەنگی تەقەى پێشمەرگەى كوردی گەیاندە پاریس و رێگەى میدیای كوردی بەرەو ئەوروپا كردەوە.
وانلی، وەرگێڕێكی كوردی دەستپاك، نووسەرێكی رۆحپاك، نەتەوەیییەكی پاك و بێگەرد بوو كە ئامادە بوو بۆ سەرخستنی نەتەوە ژێردەستەكەى هەموو تۆمەتێك بەگیان وەربگرێ. چونكە لە میدیای فارسدا عیسمەت شەریف وانلی بە "كوردە شۆڤینییەكە" ناسراوە، ئەو نازناوەى شانازییەكەى بەهەموو كەس ناگات و وانلی هەر دەسبەجێ پێی خەڵات كرا.

كاتێك لە بۆچوونی تورك، فارس و عەرەبەكان بەرامبەر عیسمەت شەریف وانلی ورد دەبییەوە، هەست بەوە دەكەى ئەو كەسایەتییە چەند بووەتە مایەى نیگەرانیی نەیارانی كورد و هەڵگری بابەتێكی گرینگە، بەشێوەیەك كە دوژمنانی نەتەوەكەى هەراسان كردووە، ئەویش هەوڵەكانی بۆ لكاندنی رەوای كورد و جوو بووە.

رێزگرتن لە كەسایەتییەكی هاوشێوەى عیسمەت شەریف وانلی ئەركی هەموو ئەو كەس و لایەنە كوردانەیە كە ئەمڕۆ دەتوانن بنووسن و بوونیان هەبێ، هەموو ئەوانەی رۆژانێك مایەى ئومێدی وانلی بوون، سەرجەم ئەوانەی ئەگەر ئێستە وانلی شانازییان پێ دەكات.

هەڵوێستی كەناڵەكانی راگەیاندنی كوردی بەرامبەر كەسانێكی وەك عیسمەت شەریف وانلی لە ئاستی خۆیدا نییە، رۆژانە باسی نووسەرانی دوو دێڕ و چەند پیتێكی ئەوروپایی، ئەمەریكایی، فارسی و عەرەبی دەكرێ، بەڵام رستەیەكی رێزگرتن لەسەر وانلی نایەتە نووسین. گۆرانبێژی عەرەب، فارس، تورك و رۆژئاوایی نەماوەى وێنەكەى نەگەیشتبێتە سەر لاپەڕەى رۆژنامە و گۆڤارەكانی هەرێم یاخۆ لە رادیۆكانی دەنگی نەهاتبێ، بەڵام بەدڵنیایییەوە ئەگەر ئێستەى خودی عیسمەت شەریف وانلی بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكەى بێتە هەرێمی كوردستان كەس نازانێ هەگبەى ئەو كەسە چی تێدایە و چی بووە و لەوانەیە ناوەكەشی بەهەڵە بنووسن.

ئەگەر هۆكارەكەى بۆ ئاگەدارنەبوون لە گرینگیی و بەهای كەسێتیی عیسمەت شەریف وانلی بگەڕێتەوە زیاتر شیاوە تا ئەوەى بەمەبەست و بەئەنقەست هەوڵی پشت گوێخستنی ئەو كەسایەتییە بدرێ كە دڕكی ناوچاوی دوژمنە گرژ و كڕی نەتەوەكەمان بووە.
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی كوردستان پێویستە بەدەنگ مێژووە پڕبەهاكەى عیسمەت شەریف وانلییەوە بچێ و ئەگەر لە هەر كۆنفرانس و فێستیڤاڵی كە رۆژانە لەژێر ناوی جیاجیا بەڕێوە دەچێ و هەموویان مایەى پێشكەوتنی كولتووریی كوردن، تەنیا 30 خوولەك بۆ وانلی پاشەكەوت بكەن دەتوانن رێزلێنانێكی باشی بۆ رێك بخەن.
عیسمەت شەریف وانلی كە ئەركە نەتەوەیی و رۆشنبیرییەكەى خۆی گەیاندە جێ، ئێستە بەرامبەر نەساخییەكی دژوار وەستاوە، وانلی كە بەنیاز بوو لە خاكی خۆی بحەسێتەوە ئێستە بەناچار لە ئەوروپایە و وانلی كە ئاواتی ئەوە بوو سەربەخۆییی كورد و وڵاتەكەى ببینێ ئێستە چاوەڕێی ئەمەكدارییەك لەو دوو هاوخوێنەی دەكات، ئەویش مافی خۆیەتی.
من ماوی 40 ساڵە كە عیسمەت شەریف وانلی دەناسم و دەزانم كە تا ئێستاش هەر لە پێناو نەتەوەكەی خزمەتی گەلی كوردی كردوە،لێرەوە دوا لە هەموو نووسەر و سیاسەتمدار و رۆژنامەنووسان دەكەم كە رێگە نەدەن كە مێژووییەك لە خەبات و بەرخۆدانی كەسانی وەك عیسمەت شەریف وانلی لە پێناو دۆزی رەوای گەلی كورد لە هەر چوارپارچەی فەرامووش بكرێت،لێرەدا پەیوەیستە كە سوپاسی سەرۆكی سەندیكای رۆژنامەنووسان فەرهاد عەونی بكەم،كە لە یەكەم هەنگاودا توانیویەتی لە نزیكەوە سەردانی وانلی بكات و لەسەر ژیان و خەباتی و مێژووی ئەو كەسە چاوپێكەوتنی لەگەل ئەنجام بدات.
عیسمەت شەریف وانلی هیچ كات لە خزمەتی دووژمنانی كورد دانەبووەو هەردەم لە پێناوی نەتەوەی كورد لە باشوور و باكوور و رۆژهەلات خەباتی كردوە. كەس ناتۆانی ئینكاری ئەو هەموو خزمەتی وانلی بۆ نەتەوەكەی بكات و دەستی خەیانەتی بۆ درێژ بكات، چۆن تەواویی ئەرشیڤی وانلی لە لای ئێمە پارێزراوە.
سەرۆكی دەزگای ئیسرائیل كورد

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە