هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەنوسان بۆ ؟
Thursday, 08/09/2011, 12:00
هێرش کردنە سەر ڕۆژنامە نوس و ڕۆشنبیران لە ئێستادا بوە بە دیاردە !
دیاردەیەک کە تا دێت دوونیای ئازادی ڕادەربڕین بەرەو پوکانەوە ئەبات ، ڕۆژ بە ڕۆژ دەزگا ئەمنی و حیزبیکان زیاتر ئەکەونە ژێر پرسیارەوە ، کە ئایا لە دیدی دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە ئەمەیە کەش و هەوای دیموکراسیەت ؟ هونەری فەلاقەکردن و داپڵوسین و تۆمەت و ڕاپێچکردن لە چ فەرهەنگێکی وڵاتە دیموکراسیەکانی دوونیادا هەیە ؟ بەرامبەر بە ڕۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ و ڕوناکبیران ، کە هەمیشە کاریان وشیار کردنەوەی خەڵکە و کۆمەڵگا پێویستی بەو جۆرە کەسایەتیانە هەیە ، لەڕوی بوێریەوە لە ڕووی هەڵماڵینی پەردە لەسەر ڕاستیەکان و نیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی بەرپرس و سەرکردەکان ، لە چەند ڕووداوێکی چاوەڕوانکراودا بینیمان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەوڵێکی نەزۆکانەدا هێرش کرایە سەر سەرنوسەری ڕۆژنامەی ئاوێنە (ئاسۆس هەردی) بە دڕندانە ترین شێوە پەلامار درا و سەری شکێنرا و جلوبەرگەکەی بە خوێن سور کرا ! هەر ئەمڕۆش (چوارشەممە) دیسان هێزە تەوقید کراوەکانی بە ناو ئاسایش دیسان هەڵیان کوتایەوە سەر سەرنوسەری گۆڤاری لڤین (ئەحمد میرە) وەک بینیمان لە شاشەیی تەلەفزێۆنەکانەوە بە دڕندانە ترین شێوە بەبێ ئەوەی پێشتر ئاگادار بکرێتەوە دەست بەسەر کرا بۆ ماوەیەک ! ،، بێگومان ئەکتەری ئەم ڕوداوانە سەر بە دەسەڵاتن و جگە لە سەرکردایەتی هەردوو پارتی دەسەڵاتدار هیچ کەس و هێزێکی تر لە پشت ئەم ڕوداوانەوە نیە ، دەنا ئەم دووکەسایەتیە و ئەوانەی تریش کە ئەشکەنجە دراون و تۆمەتیان بۆ دروست کراوە لە دڵی خەڵکا خۆشەویستن و ڕێبەرن ، شتێکی دیکە هەیە کە پێویستە هەموومان لێێ ئاگادار بین ، ئەویش ئەوەیە دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی هێشتا عەقڵیەتی شاخ لە مێشکیاندایە ، هەمیشە بە زەبری هێز ئەیانەوێت پەیامی خۆیان بگەیەنن ، لەبەر ئەوەی خۆیان تێوەگلاوی گەندەڵین و هیچ بەهانەیەکیان نیە بۆ دادگایی کردنی کەسێک کە ئەگەر وەک ئەوان ئەڵێن لە سنور لایدابێت ، یان مافی ئەوانی پێشێل کردبێت ، دەنا ئەوە دادگا ، داوایەکی یاسایی تۆمار دەکرێت و کەسی ناوبراو بانگهێشت دەکرێت ، بەڵام وەک وتم چونکە پەردە لەسەر گەندەڵیەکانیان هەڵئەماڵرێت بۆیە کێچ ئەکەوێتە گیانی بەرپرسە باڵاکان ، لە دوای ڕووداوەکانی ١٧ شوبات یەکەم کاری دەسەڵات ئەوە بوو چالاکوانەکان دەستگیر بکات و تۆمەتی نابەجێیان بۆ درووست بکات ، یان فەلاقەیان بکات یان لە گۆشەی زینداندا حەپسیان بکات ، بۆ ئەوەی تەوژمی ناڕەزایەتی کەم بکەنەوە ، لە کۆتاییدا ئەڵێم گەر ئەو کارە نامرۆڤایەتیانە لە وڵاتێکی وەک سوید ئەنجامبدرایە لایەنە بەرپرسەکان هیچ کات لە ئاستیا بێدەنگ نەدەبوون ، لە سوید یەکەم کاری دەزگا ئەمنیەکان و پۆلیس پاراستنی خەڵک و ڕۆشنبیرانە خاوەنی هەر ئایدیایەک بن خاوەنی هەر فکرێک بن ، بەڵام لە کوردستان بە ڕۆژی روناک دەزگاکانی ئاسایس هەڵئەکوتنە سەر ڕاگەیاندنی ئازاد و کەسایەتیە دیارەکان دەست بەسەر دەکەن ، بۆ ئەوەی خەڵکی چاوترسێن بکەن ، بێگومان هەوڵەکانیان نەزۆکە و هیچی لێ سەوز ناکەن چونکە ئەم سینارێۆیانە لە عەقڵیەتی مرۆڤی ژیردا ئێکس پایەر بووە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست