کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەموو عێراق قەرزارباری ئەم کابرایەن

Wednesday, 12/10/2011, 12:00







ئەوکاتەی سەرۆکی فیدڕاڵی عێراق چوو بۆشاری نێۆرك و بەشداری کرد لە کۆبونەوەی ساڵانەی گەلانی جیهان، ئەوەبوو سەبارەت بەو ٢ ملێۆن دۆلارەی بۆ سەفەرەکەی تەرخان کرابوو ، مقۆ مقۆی لای زۆرکەس دروست کرد،تا وای لێهات سەرۆکی عێراقی دیموکرات و تەئاخی خۆی هاتە سەرخەت و بەوپەڕی شەفافانە ووردەکاری ئەو بودجەی بۆ ڕوون کردینەوەو وەك دەرکەوت دواتر، نیو ملیۆنی بۆ بودجەی خەڵکی عێراق گەڕاندەوە و شادی و بزەی خستەوە سەر لێوی هەموان.

هەروەك چۆن لە ووتارێکی پێشووم سەبارەت بەم باسە لەژێر ناونیشانی(ئینجا ٢ ملیۆن دۆلار چیەو بەشی چی ئەکا) کەهەر لەم سایتە بوێرو ئازادەدا بڵاو کرایەوە، باسم لە شەفافیەت و چۆنێتی خەرجکردنی ئەو بڕە پارە کەمە کردبوو، بەڕاستی پێشبینیەکەم هاتە دی و سەرۆکی بەزۆرینەی هەڵبژێردراو دوور لەهیچ سیاسەتێکی تەوافووقی و سازان ، ڕاستی و درووستی تێچوون و سەرفکردنی ئەو پارەیەی باسکرد و زیاتریش بەووردی کەچۆن تێچوونی فڕۆکەکەی تەنها یەك ملیۆن بوو، کەئەمەش لای هەندێ سەیرە و وا هەست کرا زۆری تێچووە. بەڵام لەڕاستیدا وا نیوەو زۆرکەمیان لێ وەرگرتوە، چونکە سەرۆك مام جەلالی شێخ حوسامەدین پێش ئەوەی گەیشتبێتە ئەمریکاو شاری نییۆرك بۆ پێشکەش کردنی ووتارە مێژووییەکەی، هەروا بەسەر پێییەوە و بۆماوەی ١٠ خولەکێك سەردانی هەموو ئەو ووڵاتانەی کردبوو وەداوای لەسەرۆك و پادشا و سەرۆك وەزیران کردبوو کەبێن و گوێ لەقسەو ووتارەکەی بگرن، ئەمە جگە لەوەی ئەو هێڵی پانی بەکارهێناوبوو لەجیاتی هێڵی درێژ بۆ فڕینی بەسەر ئاسمانی ئەو ووڵاتانەدا تا کەمتری تێبچێ.

ئەم ووتارە هەوڵی ئەوەدا ئەدا تیشك بخاتە سەر ئەو نیو ملێۆنەی کە چۆن توانرا بگەڕێنرێتەوە بۆ سەر بودجەی گشتی ، ئەگەر چی خەڵکی وا ئەزانن کە ئەوە خودی سەرۆکی کۆماری عێراقی فیدڕاڵ بوە کەئەم کارەی کردوە، لێ لەڕاستیدا وانیەو ئەوە لێهاتوویی و زانایی ئەو کەسەیە کەوەك ڕاوێژکاری ئیداری و مالی و سەرۆکی نوێی دەزگای نەزاهەی دیوانی کۆماریە، ئەویش کاك (عومەر فەتاح)ە.

کاك عومەر ئەگەرچی زۆر لایان وابوو کەئەم کاتی خۆی لەئیدارە محەلی سلێمانی ئەندازیارێکی کارا نەبوەو لە حساباتدا گەلێ کۆڵ بوەو ، ڕەنگە جەدۆلی زەربیشی لەبەرنەبوبێ، نەك هەرئەمە، وەك مامۆستای بایۆلۆجیەکشی گێڕابویەوە کە زۆرکات نەیتوانیبوو جیاوازی لەنێوان (ئەمیبا و ئەنبیا) بەباشی بکاو دوو ساڵی وویستبوو تا بەتەواوی فێری پیتی(w) ببێ و لەجیاتی ئەوەی بڵێ دەبل یو ، ئەی ووت دەبل ووی، بەڵام ئەمانە هیچ کاریگەری وای لای ئەم کابرا بلیمەتە دروست نەکردوو ، بەڵکە توانی لەکاتی خەباتی شاخی ، کەخوا هەڵناگرێ ئەگەر چی لەهیچ شەڕێکدا بەشداری نەکردبو وە لەژیانیدا فیشەکێکی لەبەرەکاندا نەتەقاندبوو(بەحوکمی ئەوەی کەئەم شۆڕشگێڕان بوو)، کەچی توانی زۆرترین بودجەو پارە بۆ شۆڕش کۆبکاتەوەو ساڵانی هەشتاکان ئەو دەمەی ئەو لەسەر مەرزەکان بوو، زۆرجار(بەهەڵەو بەدەم خەوەوە) سەرانەی لەپێشمەرگەش وەرئەگرت تا برەو بەشۆڕشی نوێی گەلەکەمان بدات و نەهێڵێ دوژمن لەکاتی ئەنفالدا خەڵکی گوندو لادێکان ئازاریان پێبگا و خوێن لەلوتیان بێت. بیرمە ئەو کاتەی لە دێی کونجرین بوو چەند فەردە پارەی ٢٥ دیناری سویسری لابوو، کەوەك بوختیان بۆ کرد نیوەی بۆ خۆی گل دابۆوە .

زۆربەی چاودێران لای وابوو کاك عومەر بەسیفەتی حزبی لەتەك سەرۆکی عێراقی فیدڕاڵدا دانیشوەو مایکرۆفۆنی لەگوێ کردوە، لەڕاستیدا ئەوەی خەڵکی نایزانی ئەوەیە،کەئێستا کاك عومەر جگە لەپۆستەکانی لە ئیدارەی سەوز، لە بەغداش پۆستی چاودێری مالی و ئیداری دیوانی سەرۆکایەتیان بەزۆر دراوەتێ و لەبەر کارایی و شارازەیی کەتوانی بڕی ئەو نیو ملیۆنەی سەفەرەکەی تاڵەبانی بۆ بودجەی گشتی بگەڕێنێتەوە، دوور نیە بکرێتە سەرۆکی دەستەی نەزاهەی هەموو عێراقی فیدڕاڵ. جا بۆنا، گە خوا بکا کاك عومەر ئەو پۆستە قبوڵ بکا، ئەوە هەم خێری بۆ گەلانی عێراق هەیەو هەم نوێنەرێکی بەدیقەت و پڕ سەلیقەمان ڕەوانەی بەغدا ئەکەین و دوور نیە بڕیاری ١٤٠ پێشکەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێ.

ئەگەر چی کاك عومەر لەسلێمانی هەندێ جار بەکلکە دەمانچە ناوچەوان و سەری ئەم و ئەو وەك دەغیلە ئەکوتێتەوە، بەڵام دڵنیانم لەوەی ئەوە لەخۆشەویستیەوە خێری پێیەوەیو، ئەوە نیە خۆی ئەڵێ(ئەوەی کاتی خۆی مام جەلال گۆچانێکی تێسرەوانبێ، ئەوا ئەمڕۆ ملیاردێرە) کێ ئەڵێ ، لەوانەیە ئەوانەی بەدەست و پلانی کاك عومەر تێهەڵدرابن یەك دوو ڕۆژی تر ئەوانیش ببنە خاوەن ڤێلاو پارەی نووستوو.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە