ئەرێ مەلابەختیار باسی کام ویژدان دەکات ؟؟
Thursday, 05/09/2013, 12:00
1586 بینراوە
مەلا بەختیارەکەی یەکێتی گۆڕین بە گرنگ دەبینێت، دەڵێت با لە لیستی گرفانەوە بیکەین بەلیستی ویژدان، ئەمەش داننانی مەلابەختیارە بەوەی لیستی یەکێتی هەر وەک میللەت باسی دەکرد وڕەخنەی ئاراستەدەکرد کە هەمیشە لیستی گیرفان بووە.
ئەوەی نایزانم مەلا باسی کام ویژدان دەکات، ئەرێ هەستێکی جوان وکردارێکی مرۆڤایەتی و ویژدان ماوە یەکێتی وپارتی هاوپەیمانی لاقەیان نەکردبێت وڕسوا وپێشێلنەکرابێت؟ مەگەر هەموو شیو ودۆڵەکانی کوردستان بگەڕین بۆ ئەوەی بزانین هێشتا زیندووە وگیانی تێدا ماوە، لە کاملا بە برینداری ونیوە گیان وەکوو مرۆڤەکانی ئەم هەرێمە بێبەها، ڕەزیل وپشتگوێ خراوە.
ئەم قسانەی مەلا هەرکەسێکیتر لە سەرکردانی ئۆپۆزسیۆن بیکردایە یەکێتی دەستیدەکرد بەهەڕەشە وشانازیکردن بەتانک وچەک وجبەخانەکانەوە، بە ناحەز ودوژمن وپاڵپێوەنراو تۆمەتبار دەکران.
گەڕان بەدوای ویژدان وچارەسەری دەبێ هاوکاتبێت لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنانی شەڕی ناوخۆ کە بەدەستی پارتەکەی مەڵا وپارتی هاوپەیمانی کە لەگەل ویژداندا پێکەوە زیندە بەچاڵ وتیرۆر کراون. دەبێ بپرسین ئەرێ ویژدانیش وەکوو پاکیزە ئەنفالکراوەکانمان بە کێ ولەکوێ وبەچەند فرۆشراون؟
نازانم ئەمە ڕای مەلا بەتەنها خۆیەتی یان مەکتەب سییاسیش قەبووڵیەتی باس لە وجدانی وونبوو بکرێت، چونکە هەمیشە یەکێتی لیستی گیرفان بووە ووا بە ئاسانی کەس بۆی نییە بەتەنها دەستکاری سیاسەتی حزب بکات بە تایبەت لەدوای تاڵەبانیدا، ئەمە کاری کۆنفرانسە، چونکە زۆر جار کە یەکێکیان باسێک دەکات، خەبەرێک دەدرکێنێت یەکسەر مەکتەبسیاسی خۆی لەو باسە بە دووردەگرێت وبە ڕای تاکەکەس لەقەڵەمی دەدات.
یەکێتی، سەرکردەکانی یەکێتی هەمیشە قسەیەکدەکەن بەڵام بەڕەفتار وهەڵوێست ژێربەژێر بەعەکسەوە شتێکیتر بە ئەنجام دەگەیەنن، بەپارە هەموو شتێ قابیلی قەبووڵە، بۆیە ئەم قسانەی مەلا بەختیاریش وەکوو زۆر لە هاوڕێیانی دەچێتە خانەی تەنها بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ودرۆ وچەواشە، خانەی بێباوەڕی وگومانەوە.